نامەیەکی رەفیق حیلمی بۆ کچە کۆچکردووەکەی

نامەیەکی رەفیق حیلمی بۆ کچە کۆچکردووەکەی
رەفیق حیلمی جگە لەوەی سەرۆکی حیزبی هیوا بووە، یەکێکە لە رووناکبیرە هەرە دیارەکانی کورد لەسەردەمی خۆیدا. لە کۆتایی چلەکانی سەدەی رابردووداشدا رێگە دەداتە کچەکانی بە تەنیا سەفەری ئەوروپا و ئەمریکا بکەن و بخوێنن. ئەم دەستنووسەیشی نامەیەکە بۆ کچە کۆچکردووەکەی کە باس لە خەمی دووریی کچەکەی دەکات.

ئەم نووسینەی رەفیق حیلمی لە یەکێک لە رۆژژمێرەکانیدایە کە باس لە خەمی دووری و یادەوەریی مردنی کچێکی بەناوی "حافظه" دەکات. "هەستی باوکێک بۆ کچەکەی دەردەبڕێت لە سەردەمێکدا کە ژنان لەنێو کۆمەڵگەدا حيسابێکی وایان بۆ نەکراوە".

کاوە ئەمین کە چووەتە ماڵی دیلە رەفیق حیلمی، کچی رەفیق حیلمی و ئەو دەستنووسەی دەستکەوتووە، دەڵێت "رەنگە هیچ کوردێک لەو سەردەمەدا و دواتریش هێندەی رەفیق حیلمی بەتەنگ نووسینەوەی یادەوەریيەوە نەبووبێیت، هەر بۆیە یاداشتەکانی رەفیق حیلمی سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ تێگەیشتن لە سەردەمی شێخ مەحموود و رۆڵی ئینگلیز لە ناوچەکەدا".

کاوە ئەمین ئاماژە بەوە دەکات، ماوەی دوو ساڵێک دەبێت لە رێگەی ناسینی خاتوو (دیلە – ژیان) کچی مامۆستا رەفیق حیلمیيەوە، "شەرەفی ئەوەم پێ بڕاوە کە جار بەجار چاوێک بە کتێبخانەکەی ماڵی مامۆستا بخشێنم و هەندێکجار وێنەی چەند بەڵگەنامەیەک بگرم و کەڵکیان لێوەربگرم. مامۆستا رەفیق حیلمی لە چەند دەفتەرێکی بچووکدا زۆر یادەوەری خۆی تۆمارکردوون، بەتایبەتی ئەو کاتانە کە نەفیکراوە بۆ باشووری عێراق یان بەهۆی پیشەکەیەوە کە موفەتیشی مەعاریف بووە و جێگۆڕکێی کردووە".

دیلە رەفیق حیلمی لە بەرنامەی (پەنجەمۆر) دا کە لە داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە، دەڵێت: باوکم لە رادەبەدەر شێخ مەحموودی خۆشدەویست و هەرچەندە رەخنەشی لێگرتووە. "هەروەها بەشێوەیەک لە ماڵ باسی مەلا مستەفای بارزانی بۆ دەکردین کە ئەوکاتە لە رووسیا بوو، ئێمە واماندەزانی مەلا مستەفای بارزانی شتێکە کە نابینرێت و ئەفسانەیە". کە بارزانی ساڵی 1958 گەڕایەوە بۆ بەغدا، چەندین جار سەردانی ماڵ ئێمەی کرد و یەکێکبوو لەوانەی کە لە نەخۆشخانە پێش کۆچی دوایی باوکم، سەردانی کرد.

نووسینەکەی رەفیق حیلمی وەک خۆی کە بۆ (حافظه)ـی کچی نووسیوە.

حافظه رەفیق حیلمی

ئیستە بەیانی رۆژی یەکشەممەی (موافقی ٢٤\٤\١٩٣٨) بۆ تەفتیش لە مسعیدەم کە مەرکەزی ناحیەی تابع بە عمارەیە. لە دوای ئەوەی کە چای بیانیم لەگەڵ مدیری مکتبی ابتدائی محسن جاران (کە قوتابیەک بوو لەو قوتابیانەی لە (مجری کبیر) پیم خویندووە، خواردەوە، بۆ استفادە لە هوای فێنکی شەماڵی بەیانی بکەم هاتمە دەرەوە لە قەراغ شطي (فرعیکی کحلایە لە عمارە لە دجلە جوێ ئەبێتەوە) لە ژێر سیبەری دار بییە سەوزەکان بینێک پیاسەم کرد، سەیری ئافرەت و مناڵە عەرەبەکانم ئەکرد کە لەوبەری شەطەکەوە خەریکی گژوگیا و زراعەت بوون، انجا زەنگی مکتب قوتابیەکانی مەکتبی بانگی کوبوونەوە نشیدی بەیانی خویندنەوە کرد، منیش لە قەراغ شەطەکەوە گەرامەوە و هاتمە باغەکەی مەکتب کە جدآ جوان و گەورە و فرح بخش بوو، دووبارە لەژیر سیبەری دار نەبگەکاندا دەسم کرد بە پیاسە وەکو هەمو وەختەکم کەوتمە بیری خیاڵات، ئەوا لەبەردەمی لاولاوێکی منال و تەڕ و تازە کە بە قامیشیکا هەلچوە راوەستام و لە بدەنگی و سکوتی ئەم دەشتە کە بێجگە لە چریوە چریوی چۆلەکانی سەرداری نەگبەکەی لە ژیر سیبەری دا راوەستام شتێکی تری تێکەڵ نابێ تەماشای ئەو چەند گوڵە سپیەی کە تقریبا سعاتێک لەمەوپیش کردویەتەوە، لەولای ئەم لالاوەشەوە چەند بریک لە هەمیشە بەهار کە بەهةمو چاو پي ممکن نیە (حزنیک) ئەمگرێ و موچرکیکی گەرم بە لە شێمدا دیت. بە گوڵە زەردەکانیانەوە لە بەرانبەرمایە، لە ساڵی ٩٢٩ لە سلیمانی معلمی متوسطه بووم، حافظەی کچم ئەودەمە کە خوشەویسترین مناڵم بو لە هەمو مناڵەکانم بوو، بینیک بو کۆکە ڕەشەی گرتبو نهایەت لێ ی گۆڕی بو لە رەغمی تداوی دوختورەکانی پەرێشانی کردبو و لە باغچەی ماڵی خوماندا (لە خانوی کەریمی عصمت بوین)بە باوەشمەوە بو. وەکو ئەم دەقیقەیە لەبەرابەر همیشە بهارەکان وەستابوین دو گوڵی تازەیان کردبو. حافظه وتی (بابە گل). یەکێکم لە گولەکان بۆ کردەوە و دامە دەستی. تای لی هاتبو بە دەسە نەرم و گەرمەکانی گولەکانی پرواند و فری ی دا. چند روژیک لەپاش ئەوە خویشی وەکو او گولە زەردە لەبەر چاوم زەردەبەوە و چاوە جوانەکانی لیک نا و بە نا چاری بردم و خستمە ژیر خاکەوە. ئەو حافظه یە بی شبهە زوری تآثیر لەسەر حیاتم بو و یەکیک بو لەو سببانەی کە بە جوانی پیری کردم. اینجا ئەم بیانیەیش دوبارە هاتەوە بیرم و یەک دو قسەیەی پی نوسیم و بە چەند دلوپیک فرمیسکیش ئەم کاغزەی پی تەر کردم. آه حافظه اخو ایستە لە سلیمانی حالی قبرەکەت جون بی ؟ لەبیرت نەچیت کە باوکت ئیستەیش بە مناسبەتیکی وا لە دیاری غربتا فرمیسکت بو ئەریژیت. ئەوا ئەم هەوا وەرگتن و تماشای بیانیەشم بەم رەنگە بە تآثر دوای هات و بختی رەشم ئەمەندە رەحمەتتیشی پی روا نە بینیم. هیهات ژیان چەند ناخوش وتاڵە.

٢٤\٤\٩٣٨
مسعیدە









رووداو
Top