بەریتانیا نزیکەی 2 ملیار دۆلار بۆ شوێنە کولتوورییەکان تەرخاندەکات

بەریتانیا نزیکەی 2 ملیار دۆلار بۆ شوێنە کولتوورییەکان تەرخاندەکات
حکومەتی بەریتانیا نزیکەی 2 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی شانۆ، مۆزەخانە، شوێنە کولتورییەکانی دیکە و شوێنی ئەنجامدانی کۆنسێرتە راستەوخۆکان تەرخاندەکات، بەڵام رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت زۆر درەنگ هەنگاوەکەی ناوە.

ئەو پارەیەی حکومەت تەرخانیدەکات 1.57 ملیار پاوەندە کە دەکاتە 1.96 ملیار دۆلار و بڕیارەکەش دوای ئەوە هات، هۆشداری تووند درا کە دەکرێت بەهۆی کاریگەرییەکانی کۆرۆناوە هەزاران کەس کارەکانیان لەدەستبدەن و چەندین ناوچەی شوێنەوارییش زیانی گەورەیان بەربکەوێت.

لە کۆتایی ئاداردا حکومەتی بەریتانیا قەدەخەی هاتووچۆی لە وڵاتەکەی راگەیاند و ماوەی چەند هەفتەیەکیش دەبێت رێکارەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای سوککردوون، لەوانە کردنەوەی فرۆشگە، سەرتاشخانە و مۆزەخانەکان، بەڵام چالاکی و نمایشە راستەوخۆکان قەدەخەکراون، ئەوەش بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە.

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە گرنگییەوە باسی لە شوێنە کولتوورییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی، ئەو پارەیە یارمەتیدەرێک دەبێت بۆئەوەی شوێنە گرنگەکانی ئەو بوارە "بۆ نەوەی داهاتوو پارێزراو بن و گرووپە هونەرییەکان و شوێنەکانی تایبەت بە چالاکییەکان تووشی کێشە و قەرزداری نەبن و بتوانن یارمەتی ستافەکانیان بدەن، ئەوەش کاتێک دەرگاکانیان داخراوە".

زانیارییە فەرمییەکانی وڵات ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی 700 هەزار کەس لە کەرتی کولتووریی بەریتانیادا کاردەکەن و هەنگاوەکەی حکومەتیش لە لایەن خەڵکێکی زۆرەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

ئەندرو وێبەر، کەسایەتیی دیاری بواری سینەما گوتی، "ئەم هەواڵە زۆر گرنگە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە دەکرێت داهاتوویەکی ناڕوون چاوەڕێی ژمارەیەکی زۆر هۆڵی شانۆ، ئۆرکێسترا و شوێنی ئەنجامدانی چالاکی هونەری راستەوخۆ بکات".

سیمۆن راتڵ، بەڕێوەبەری "ئۆرکێسترای سەمفۆنیای لەندەن" ئومێدی خواست بەزووترین کات پارەکە دابەشبکرێت.

هەفتەی رابردوو نزیکەی 1500 کەسایەتیی و گرووپی هونەری داوایان لە حکومەت کرد یارمەتیدەربێت بۆئەوەی رێگە لە داڕمانی پیشەسازیی میوزیکی راستەوخۆ بگیرێت. هاوکات لە چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک شوێنی دیکەی کولتووریی گرنگ هۆشدارییاندا لەوەی شوێنەکانیان بۆ هەمیشە دابخرێن، ئەگەربێتو یارمەتیان نەدرێت.

لە ماوەی رێکارەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا چەند کۆمپانیایەکی شانۆ کارمەندی خۆیان کەمکردوەتەوە و رەخنەگرانیش دەڵێن، حکومەت زۆر درەنگ بڕیارەکەی دا.

جەو ستیڤنس، گوتەبێژێکی پارتی کاری ئۆپۆزیسیۆنی وڵات گوتی، ئەو پارەیەی حکومەت تەرخانیدەکات زۆر پێویستە، بەڵام بڕیارەکە بۆ هەندێک شوێن زۆر دواکەوت.

زیاتر لە 285 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە بەریتانیا تۆمارکراون؛ لەو ژمارەیە زیاتر لە 44 هەزار کەس مردوون.







رووداو
Top