باوکی ئالان کوردی: لە دەرهێنانی فیلمی "ئالانی ساوا" پرس بە من نەکراوە

باوکی ئالان کوردی: لە دەرهێنانی فیلمی
باوکی ئالان کوردی رایدەگەیێنێت، دەرهێنەرێکی تورک سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمێکە لەسەر ئالان کوردی، چیرۆکەکانی لە دەمی خەڵکی دیکەوە وەرگرتووە و هیچ پرس و راوێژی پێنەکردووە.

عەبدوڵڵا کوردی، باوکی ئالان کوردی راگەیاند "دەرهێنەرە تورکەکە مەبەستی بەدەستهێنانی ناوبانگ و پارەیە، چیرۆکەکەی لە ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێتەوە وەرگرتووە، بەشێکی شێواندووە و هیچ پرسێکی بە من نەکردووە. ئەوەش سوکایەتیکردنە بە من و کەیسی ئالان".
ئالان کوردی ئەو منداڵە کوردە تەمەن سێ ساڵەبوو کە لە 2ـی سێپتێمبەری 2015 لە کەنارە ئاوییەکانی تورکیا تەرمەکەی بە خنکاوی دۆزرایەوە. بڵاوبوونەوەی وێنەکەشی بە خنکاوی جیهانی هەژاند و ئەو کات بوو بە مانشێتی زۆربەی میدیا جیهانی و ناوخۆییەکان. هاوکات بەدەنگەوەهاتنی بەرپرسانی باڵای وڵاتان ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران.

لەبارەی سکاڵاکردن لەسەر ئەو دەرهێنەرەش، عەبدوڵڵا کوردی رایگەیاند، "بڕیارە پێنج مانگی دیکە فیلمەکە لە سینەماکان پەخشبکرێت، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ رێگریکردن لەوە، پێویستم بە پارێزەرێکی بەنێوبانگ هەیە تاوەکو لەڕێگەیەوە کەیسەکە بجووڵێنم، تاوەکو ئێستا چەند پارێزەرێکی خۆبەخشیش ئامادەییان دەربڕیووە نووێنەرایەتیم بکەن لە دادگا".

لەبارەی داهاتی فیلمەکەش، عەبدوڵڵا کوردی گوتی، لەگەڵ دەرهێنەرەکە قسەی کردووە، تاوەکو نیوەی داهاتی فیلمەکە بۆ رێکخراوی خێرخوازیی ئالان کوردی بێت، بەشێکیشێ بۆ رێکخراوی یونسێف و بەشێکیشی بۆ دەرهێنەرەکە بێت، بەڵام ئەو دەرهێنەرە پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، عومەر ساریكەیا، دەرھێنەری فیلمی "ئالان بەبک" بە میدیای تورکی راگەیاندبوو، دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی فیلمەکە و لە هەرێمی موغڵە لە شاری بۆدروم، نزیکی ئەو شوێنەی ئالانی لێ خنکا، وێنەی دەگرێت.

عومەر ساریكەیا ئاماژەی بەوەشکردبوو، داهاتی فیلمەکە بۆ رێکخراوە خێرخوازییەکانە و ئەکتەرانی فیلمەکە هیچ پارەیەک وەرناگرن.

لە فیلمەکەدا ئەکتەرانی ئەمریکی، ستیڤن سیگڵ و مایک میشێڵ لەگەڵ خانمە ئەکتەری ئەڵمانی ویلا ئێلی لە فیلمەکەدا رۆڵ دەگێڕن.
باوکی ئالان کوردی ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری بەنێوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان گفتوگۆیان کردووە لەسەر بەرهەمهێنانی فیلمێک، بەڵام بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆببنەوە و رێوشوێنەکانی باسبکەن.

عەبدوڵڵا کوردی باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا رۆژانە بیر لە ئالان دەکاتەوە و بۆی دەگرێت، لەگەڵ بینینی دیمەنی خنکانی کۆچبەران لە ئاوەکاندا لە جیهان خۆی و ماڵباتەکەی بیردێتەوە. دڵگرانیشە کە هێشتا منداڵان لەڕێگەی کۆچبەری لە ئاودا دەخنکێن.

هاوکات پەیامێکیشی بۆ دەرهێنەرە تورکەکە نارد و رایگەیاند "ئەگەر من ئەو کارەم بەرامبەر تۆ بکردایە قبووڵت دەکرد؟"

رۆژی دووشەممەی داهاتوو ساڵیادی خنکانی ئالان ـە، باوکی دەڵێت، بڕیاریداوە لەو رۆژەدا بچێتە کەمپی گوێلان لە دهۆک و دیاری بەسەر منداڵانی کەمپەکەدا دابەش بکات.
Top