ئەکتەرێکی کورد لە فیستیڤاڵی فیلمی بڕاتیسلاوا خەڵاتی بەدەستھێنا

ئەکتەرێکی کورد لە فیستیڤاڵی فیلمی بڕاتیسلاوا خەڵاتی بەدەستھێنا
ئەکتەری کورد نەوید محەمەدزادە، بە رۆڵبینین لە فیلمی سینەمایی "ناھید"، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بڕاتیسلاوا پێبەخشرا.

فیلمی سینەمایی "ناھید" لە دەرھێنانی خاتوو ئایدا پەناھەندە و لە نووسینی ھاوبەشی ئەم خانمە سینەماکارە و ھەروەھا سینەماکاری کورد ئەرسەلان ئەمیری و لە بەرھەمھێنانی ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران بیژەن ئیمکانیان، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، بە نوێنەرایەتی سینەمای ئێران لە بەشی پێشبڕکێی حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بڕاتیسلاوا" لە شاری بڕاتیسلاوا لە وڵاتی کرواتیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە سینەماکاری ئیلامی نەوید محەمەدزادە بەخشرا، کە لەم فیلمەدا رۆڵێکی پێچاوپێچ و بە تەواوی باوەڕپێکراو پێشکەش دەکات.



ھەروەھا خەڵاتی باشترین دەرھێنانی ئەم فیستیڤاڵە بە خاتوو ئایدا پەناھەندە بەخشرا بە ھۆی ئەوەی کە وێنەیەکی زۆر کاریگەر لە قۆناغی پێچاوپێچی بنەماڵەی ئەم فیلمە بە بینەر نیشان دەدات.



حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بڕاتیسلاوا" بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆر لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٢٢ تا ٢٧ـی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ لە شاری بڕاتیسلاوا لە وڵاتی کرواتیا بەڕێوەچوو.



لە فیلمی سینەمایی "ناھید"دا چەندین ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران لەوانە: "سارە بەیات"، "پێژمان بازغی" و "نەوید محەمەدزادە" تێیدا رۆڵیانبینیوە.



ئەم فیلمە کە بەرھەمی ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای دیکۆمێنتاریی و ئەزموونی

ئێرانە و لە لایەن کۆمپانیای "نووری پیکچێرز"ی فەڕەنسی لە ئاستی دنیادا بڵاودەکرێتەوە لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ستافە سەرەکییەکانی فیلمەکە لە بەشی "جۆرێک ڕوانین" لە میانەی شەست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەوە خەڵاتی "داھاتووی روون" پێشکەشکرا بە خاتوو ئایدا پەناھەندە.



ئەم فیلمە لە درێژەی بەشدارییە جیھانییەکانی خۆیدا لە چەندین فیستیڤاڵی دیکە چووە سەر پەردەی سینەماکان، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی بیست و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئیستۆکھۆڵم" لە وڵاتی سوید، لە بەشی "روانینێک بە دنیای نوێی" تایبەت بە سینەمای نوێی ئێران لە میانەی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "زووریخ" لە وڵاتی سویسڕا، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "دەلاقەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بووسان" لە وڵاتی کۆریای باشوور، لە بەشی پێشبڕکێی "کالیدۆسکۆپ" لە میانەی بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ھامبوورگ" لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئەفرەتان" لە وڵاتی مەغریب، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پاسیۆن سینەما" لە وڵاتی فەڕەنسا، لە حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕیۆدۆژانیرۆ" لە وڵاتی بەڕازیل، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی "سینەمای جیھان" لە چل و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گێنت" لە وڵاتی بەڵژیکا و ھەروەھا چەندین فیستیڤاڵی دیکە.



فیلمی سینەمایی "ناھید" بە بەشداریی لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی فیلم چەندین خەڵاتی گرینگی بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی و پسپۆڕانەی وێنەگرانی "برایانی ماناکی" لە وڵاتی مەقدوونیا بە ناونیشانی "کامێڕای زیڕین" لە لایەن "موڕتەزا قەیدی" بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی ئەم فیلمە، خەڵاتی ڕەخنەگریی کۆچکردووی ئەمەریکی "راجێر ئیبێرت" لە بەشی پێشبڕکێی "دەرھێنەرە نوێیەکان" لە میانەی پەنجا و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "شیکاگۆ" لە وڵاتی ئەمەریکا و ھەروەھا خەڵاتی باشترین فیلمی سینەمای لە لایەن "ئەنجوومەنی ڕەخنەگرانی فیلمی فەڕەنسا" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سەربەخۆی "بۆردۆ" لە وڵاتی فەڕەنسا.



ئەم فیلمە لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی خانمە سینەماکاریی ئێرانی "ئایدا پەناھەندە" و ھاوسەرەکەی "ئەرسەلان ئەمیری" سینەماکاری سنەیی لە سێ سانسی جۆراوجۆردا لە بەشی پێشبڕکێی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "وایادۆلید" Valladolid لە ھۆڵی سینەمایی "تیئاتری کالدرۆن" و ھۆڵی سینەمایی "تیئاتری کاریۆن" لە ئیسپانیا نمایشکرا.



ئەم فیستیڤاڵە کە بە ناوی "سێمینسی" Seminci ناسراوە یەکێکە لە کۆنترین رووداوەکانی سینەمایی لە کیشوەریی ئەورووپا و شەستەمین خولی بە نمایشی کۆمەڵێک فیلمی بڵندیی سینەمایی و کورتە فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە رۆژانی ٢٤ تا ٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە شاری وایادۆلید لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو
Top