خه‌ڵاتی ئه‌دەبیی کوردی د. ئیبراهیم یوونسی

خه‌ڵاتی ئه‌دەبیی کوردی د. ئیبراهیم یوونسی
یەکەمین خەڵاتی ئەدەبی کتێبی کورد بە ناوی خەڵاتی ئەدەبی د. ئیبراهیم یوونسی دەستی بە کار کرد.

شۆڕای ئیسلامی شار و شارەوانی بانە، بڕیارە لە مانگی رێبەندانی ئەمساڵ دا، خەڵاتی کتێبی ئەدەبی کوردی (د. ئیبراهیم یونسی) بۆ ڕۆمان، چیرۆک، ڕەخنە و لێکۆڵینەوە، شێعری مودێڕن و وەرگێڕان بە رێوە ببات. بەو پێیە داواکارین بۆ بەشدار بوون، بە ڕەچاو کردنی مەرجەکانی خوارەوە، بەرهەمەکان بە ئادرەسی نووسینگە (دەبیرخانە) ی خەڵات، ڕەوانە بکرێن:



مەرجەکانی بەشدار بوون:

١. بەرهەمە بەشدار بووەکان، پێویستە بە شێوەزاری سۆرانی نووسرابن.

٢. نووسەران، شاعیران، وەرگێران، توێژەران و ناوەندەکانی چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێب، پێویستە بۆ بەشدار بوون، لە هەر کتێبێک چوار بەرگ بۆ نووسینگەی خەڵات بنێرن.

٣. بەرهەمە بەشدار بوەکان لە هەر بەشێکدا دەبێ هاوکاتی ڕەچاو کردنی بەشەکانی سەرەوە، مەرجە زمانییەکانی خوارەوەش لە بەر چاو بگرن:

* لە بەشی شێعر، چیرۆک و رۆمان، کتێبەکان بە زمانی کوردی و بە شێوەزاری سۆرانی نووسرابێتن.

* لە بەشی وەرگێڕان کە هاوکات بریتیە لە وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی و لە کوردیەوە بۆ سەر زمانی فارسی و زمانەکانی دیکە، پێویستە بەشدار بوان هاوپێچی ئەو چوار بەرگ کتێبەی دەینێرن، بەرگێکیش لە دەقی سەرچاوە، هەناردەی نووسینگەی خەڵات بکەن.

*لە بەشی لێکۆڵینەوەدا، ئەو لێکۆڵینەوانەی بە زمانی فارسی و کوردی نوسراون و بە مژاری ئەدەبی و فەرهەنگی کوردی و ناچە کوردیەکانەوە هاوپەیوەندن، دەتوانن بەشداری ئەم خەڵاتە بن.

٤. کتێبە بەشدار بوەکان دەبێ لە ماوەی ساڵەکانی ٩١ ی هەتاوی (٢٠١١ ی زایینی) تا کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ٩۴ ی هەتاوی (٢٠١۵ ی زایینی) چاپ و بڵاو بووبێتنەوە.

٥. دوا مۆڵەتی ناردنی بەرهەمەکان بۆ نووسینگەی خەڵات: ١٣٩۴/٩/١ ی هەتاوی (٢٠١۵/١١/٢٢ ی زایینی).



بەشی پاڵەکی:

١. خەڵاتێکی پاڵەکی بۆ هەڵبژاردەی وتار و لێکۆڵینەوە لە بواری ناساندن و خوێندنەوەی کتێبی کوردی تەرخان کراوە کە تێیدا دەبێ خاڵەکانی وتار نووسی ڕەچاو کرابێت و لە لایەن بڵاڤۆک یان دەزگایەکی فەرمی و هاوپەیوەندی ئەدەبی بڵاو کرابێتەوە.

٢. خەڵاتێکی تایبەت بۆ ناوەندەکانی چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێبی کوردی بە پێی بەشداری و ڕەچاو کردنی مەرجە ناوخۆییەکانی “خەڵات” تەرخان کراوە.


لێژنەی زانستی خەڵات:

نووسینگەی یەکەمین خەڵاتی ئەدەبی کتێبی کوردی د. ئیبراهیم یوونسی، لێرەوە لیستی لیژنەی زانستی خەڵات ڕادەگەیەنێت و بەم شێوە هەموو نووسەرانی کورد ئاگەدار دەکەینەوە کە دەستەی داوەرانی خەڵات بە هەوڵە زانستیەکانی ئەم لیژنە، هەڵدەبژێردرێن و لە ژێر چاوەدێرییان دا دەبن. هەر وەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە بە ڕێوبەرانی خەڵاتی د. یوونسی، وەکوو شارەوانی و شۆڕای شاری بانە، لە باری زانستی خەڵاتدا هیچ دەخالەتێک ناکەن و سەرەڕای بەڵێن لە باری بە ڕێوبردنی ئەم ئەرکەوە بەڵێنی ئەوەش بە نووسەرانی کورد دەدات کە لەمە بە دوا، لیژنەیەکی زانستی پێکهاتە لە خوددی نووسەران و شارەزایانی ئەدەبیات، بە بڕیاری ئوستادانەی خۆیان هەموو بەرنامە زانستییەکانی خەڵات چاودێری دەکەن و هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ڕاگرتنی باری لێهاتوویی و کارگەرێتی خەڵاتی ئەدەبی لە سەر ئەدەبیاتی سەردەمی کورد.

١. عەتا نەهایی

٢. حامید کۆنەپۆشی

٣. بەیان عەزیزی

٤. محەمەد مەحموودی (کۆزاد)

٥. ئەمجەد غوڵامی

٦. رەحیم عەبدولڕەحیم زادە

٧. فریا یونسی

سپاس بۆ ماندووێتی و هەوڵی هەموو ئەندامانی لیژنە و ئەو کەسانەی کە تا ئیستا بەردەوام یارمەتییان داوین.

بە ڕێوبەری یەکەمین خەڵاتی ئەدەبی کتێبی د. ئیبراهیم یوونسی:

شەوبۆ محمەدیانی

١٣٩۴/٨/٣
Top