"ونبوون لە غوبار" لە پۆڵەندا نمایشدەکرێت

کورتەفیلمى "ونبوون لە غوبار"ـى دەرهێنەر سۆران ئیبراهیم، بە نوێنەرایەتى هەرێمى كوردستان لە فێستیڤاڵێكى سینەمایى نێونەتەوەیدا لە وڵاتى پۆڵەندا نمایشدەکرێت.
سۆران ئیبراهیم، دەرهێنەرى فیلمەكە، لەبارەى بەشداریكردنى فیلمەكە لەو فێستیڤاڵەدا بە ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند، "ونبوون لە غوبار" بە نوێنەرایەتىی هەرێمى كوردستان و وەك تاكە فیلمێكى كوردى لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی 9هەمین خولى فێستیڤاڵی فیلمی مێروولەخۆرەكاندا بەشداری دەكات.

گوتیشی: فێستیڤاڵەكە لە 20 نۆڤەمبەرى 2015 دەستپێدەكات و تا 26 هەمان مانگ بەردەوام دەبێ.

لەبارەى چیرۆكى فیلمەكەشەوە، سۆران ئیبراهیم گوتی: چیرۆكى فیلمەكە سەبارەت بە جینۆساید و ئەنفالى كوردە و لە رێگەى چیرۆكێكى ئەویندارییەوە تراژیدیاى ئەنفال و جینۆسایدى كورد دەگێڕێتەوە.

ستافى بەرهەمهێنانى ئەم فیلمە بریتین لە: سیناریۆ: هێمن حەیدەری، یاریدەدەری دەرهێنان: نەزیر میرزای، وێنەگرتن: حەمید قەوامی، یاریدەدەری وێنەگرتن: عەلی مورادی، دیزاینی لوكێشن: سۆران ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرهەم: ئەكبەر گوڵی، دەنگهەڵگر:محەمەد تۆریوەریان، فۆتۆگراف: قادر فەرەجی، بەڕێوەبەرى راگەیاندن: شۆڕش محەمەد، نواندن: سۆران ئیبراهیم، دیمەن زەندی، پەیام عەلەوی، مۆنتاژ: سۆران ئیبراهیم و تۆفیق ئەمانی.

پێشتریش ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵی سینەمایى نێونەتەوەیى هەولێر خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتى وەرگرت، هەروەها لە خولى 52هەمینى فێستیڤاڵى فیلمی ماڵتا خەڵاتى سوارچاكى زێڕینى بەدەستهێنا، لە 36هەمین خولی فێستیڤاڵى سینەمایى نێودەوڵەتى قاهیرە بەشدارى كردووە و لە چەندین فێستیڤاڵى سینەمایى جیهانى دیكەشدا بەشداربووە.

لە 15هەمین خولی فێستیڤاڵى نێونەتەوەیى فیلمى بەیروتدا كە لە وڵاتى لوبنان سازدەکرێت، "ونبوون لە غوبار" لە بەشى پێشبڕكێى سەرەكیدا بەشدارى دەكات و كێبڕكێى بردنەوەى خەڵات دەكات.
ساڵى 2014 لەلایەن دەزگاى روانگەوە خەڵاتى لاوى ساڵ وەك باشترین سینەماكار بەخشرا سۆران ئیبراهیم.
ئەم فیلمە لەلایەن تاهیر عەبدوڵڵا پشتگیری كراوە و بەرهەمهاتووە، تائێستا لە 27 فێستیڤاڵى نێونەتەوەییدا بەشداریكردووە.
Top