"ونبوون له‌ غوبار" لە لوبنان کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمە

فیلمی "ونبوون له‌ غوبار"ـی ده‌رهێنه‌ر سۆران ئیبراهیم، به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شی پێشبڕكێی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی به‌یروت، به‌شداری ده‌كات.
ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ سۆران ئیبراهیم، بە پەیامنێر راگەیاند، له‌ خولی 15ـە‌مینی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی به‌یروت كه‌ له‌ وڵاتی لوبنان ئه‌نجام ده‌درێ‌، فیلمی "ونبوون له‌ غوبار" له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كیدا به‌شداری ده‌كات و كێبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات ده‌كات".
گوتیشی "فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ رۆژی 8ی ئۆكتۆبه‌ری 2015 له‌شاری به‌یروت ده‌ستپێده‌كات و هه‌تا 16ی هه‌مان مانگ به‌رده‌وام ده‌بێ‌".
له‌باره‌ی چیرۆكی فیلمه‌كه‌شه‌وه‌،ئیبراهیم گوتی "چیرۆكی فیلمه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ جینۆساید و ئه‌نفالی كورده‌ و له‌ رێگه‌ی چیرۆكێكی ئه‌ویندارییه‌وه‌ تراژیدیای ئه‌نفال و جینۆسایدی كورد ده‌گێڕێته‌وه‌".

ئەم فیلمە له‌لایه‌ن تاهیر عه‌بدوڵڵا پشتگیریكراوه‌ و به‌رهه‌م هاتووه‌. ستافی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیلمه‌ بریتین له‌: سیناریۆ: هێمن حه‌یده‌ری، یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنان: نه‌زیر میرزای، وێنه‌گرتن: حه‌مید قه‌وامی، یاریده‌ده‌ری وێنه‌گرتن: عه‌لی مورادی، دیزاینی لوكێشن: سۆران ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌م: ئه‌كبه‌ر گوڵی، ده‌نگهه‌ڵگر:محه‌مه‌د تۆریوه‌ریان، فۆتۆگراف: قادر فه‌ره‌جی، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن: شۆڕش محه‌مه‌د، نواندن: سۆران ئیبراهیم، دیمه‌ن زه‌ندی، په‌یام عه‌له‌وی، مۆنتاژ: سۆران ئیبراهیم، تۆفیق ئه‌مانی.
پێشتر ئه‌م فیلمه‌ له‌ فیستیڤاڵی سینه‌مایی هه‌ولێر خه‌ڵاتی باشترین فیلمی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرت و هه‌روه‌ها له‌ خولی 52هه‌مینی فێستیڤاڵی ماڵتا فیلم فیستیڤاڵ خه‌ڵاتی سوارچاكی زێڕینی به‌ده‌ستهێنا، هه‌روه‌ها له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كیدا له‌ خولی 36‌مینی فیستیڤاڵی سینه‌مایی نێوده‌وڵه‌تی قاهیره‌ به‌شداری كردووه‌ و له‌ چه‌ندین فییستیڤاڵی سینه‌مایی جیهانی دیكه‌ش به‌شدار بووه‌.
ساڵی 2014 له‌لایه‌ن ده‌زگای روانگه‌وه‌ خه‌ڵاتی لاوی ساڵ وه‌ك باشترین سینه‌ماكار درایه‌ ده‌رهێنه‌ر سۆران ئیبراهیم.
Top