سیمینارێك سەبارەت بە(رەشنووسی پرۆژەی یاسای بەڕێوەبردنی ئاوو پاراستنی لە هەرێمی كوردستان)

سیمینارێك سەبارەت بە(رەشنووسی پرۆژەی یاسای بەڕێوەبردنی ئاوو پاراستنی لە هەرێمی كوردستان)
13 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- لە روانگەی ئەو گرنگییەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كەرتی ئاوی دەدات بۆ وەدیهێنانی ئاساییشی ئاو و پەیوەندی بە ژیانی خەڵك و كاریگەریی بۆ سەر واقعی سیاسی لە كۆمەڵگەدا،بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر سیروان بابان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆو پسپۆڕانی بواری ئاوو و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت و راوێژكاران.

د.ئەنوەر عومەر قادر بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوونی وەزارەت سیمینارێكی تایبەت بە ( رەشنووسی پرۆژەی یاسای بەڕێوەبردنی ئاوو پاراستنی لە هەرێمی كوردستان/عیراق) پێشكەش كرد،سەرەتا پوختەیەكی دەربارەی ناوەڕۆكی توێژینەوەیەك دەربارەی پاراستنی یاساییانەی ئاوی وەك لێكۆڵینەوەیەكی بەراوردكار خستەڕوو، لەم بوارەدا ئاماژەی بە پاراستنی ئەو سامانە نیشتمانی و نەتەوەییە كرد كە پەیوەست بە دەستوەگرتن بە ئاوو بە فیڕۆنەدانی و ئاویش موڵكی گشتییە و نابێت كەس یان لایەنێك بۆخۆی قۆرخی بكات ،دواتر بە بەڵگە هاتەسەر پاراستنی ئەم سامانە لە هەندێ‌ یاسای نێودەوڵەتی و نموونەی چەند دەوڵەتێكی بۆ ئەم مەبەستە هێنایەوە،لە رووی پاراستنی ئاویشەوە روونی كردەوە كە لە یاساكانی نێودەوڵەتیدا ئەم هەنگاوە بریتییە لە پاراستنی مەدەنی و ئیداری و رێكاریی تاوانكاری.

هەر لە میانی سیمینارەكەدا د .ئەنوەر عومەر قادر یەكەیەكە ماددەكانی ئەم رەشنووسە یاسایەی خوێندەوە كە خۆی لە 37 ماددەدا دەبینێتەوە كە ماددەیەكیان تایبەتە بە حوكمی سزادانی سەرپێچیكارو ماددەیەكیش دەربارەی ئەو رێنماییانەی كە وەزیر دەریان دەكات تایبەت بە هەڵكەندنی بیرو دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی و دانانی سزای ماددی لەسەر سەرپێچیكاران،ئەوەی زیاتر لەو سیمینارە جەختی لەسەركرایەوە دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاو لە هەرێم بوو كە بەسەرۆكایەتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و ئەندامێتی بریكارانی وەزیر و بەڕێوەبەرانی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو و بەنداو و كۆگاكانی ئاو، لە میانی سیمینارەكەدا لە لایەن وەزیرو میوانانی پسپۆڕ و ئامادەبووان چەندین تێبینی و سەرنجی زانستی و ئیداری سەبارەت بە رەشنووسی پرۆژەی یاسای بەڕێوەبردنی ئاوو پاراستنی لە هەرێمی كوردستان خرانەڕوو لە پێناو دەوڵەمەندكردنی تاكو پرۆژەكە شێوەیەكی تەواوی یاسایی خۆی وەربگرێت و بۆ لایەنی پەیوەندیدار رەوانەبكرێت ودواتر بكرێت بە یاسایەك و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
Top