لە كۆتایی ئەم مانگەدا فیستیڤاڵی كوردستان كۆریا بۆ فیلم بەڕێوەدەچێت

لە كۆتایی ئەم مانگەدا فیستیڤاڵی كوردستان كۆریا بۆ فیلم بەڕێوەدەچێت
12 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- بەمەبەستی تیشك خستنە سەر بەرنامەی فیستیڤاڵی كوردستان كۆریا بۆ فیلم كە بڕیار وایە لە 26 ی ئەم مانگە لە هەولێر دەست پێبكات، ئەمڕۆ كیم یۆنگ كونسوڵی گشتی كۆریا لە هەرێم سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كردو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لێكرا.

كونسوڵی گشتی كۆریا پوختەیەكی لەسەر چالاكیەكانی كونسولگەری وڵاتەكەی لە هەرێم خستەڕوو، لەم بارەیەوە گووتی ئێمە خوازیاری پەیوەندیەكی تۆكمەین لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەم پەیوەندیانەش وەنەبێت تەنها پەیوەندی سیاسی و ئابووری بن، پەیوەندیە رۆشنبیری و كەلتوری و وەرزشی و زانكۆكانیش جێگەی بایەخی ئێمەن و لە هەرێمی كوردستان پەرەیان پێدەدەین.

بەڕێزیان گووتی بڕیارمان داوە لە 26 ی ئەم مانگە فیستیڤاڵی كوردستان كۆریا بۆ فیلم لە هەرێمی كوردستان سازبكەین. هیوادارین بەم هەنگاوە بتوانین هەردوو گەلی دۆست ئاشنای هونەرو كەلتووری یەكتر بكەین و زیاتر پەرە بە پەیوەندیە كەلتوری و رۆشنبیریەكان بدەین.


هەردوولا باسیان لە ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كۆریا كرد لەگەڵ بەردەوامی ئەو یارمەتیانەی ئاژانسی كۆیكای كۆری پێشكەشی هەرێمی كوردستانی دەكات.

فەلاح مستەفا وێڕای دەستخۆشی لەم هەنگاوە، پشتیوانی تەواوی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ سەرخستنی چالاكیە جۆراوجۆرەكانی كونسوڵگەری كۆریا لە هەرێم و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.
Top