كتێبی رەفسەنجانی لە نێو بیست و شەشەمین پێشەنگای كتێبی تاراندا كۆ كرایەوە

كتێبی رەفسەنجانی لە نێو بیست و شەشەمین پێشەنگای كتێبی تاراندا كۆ كرایەوە
رۆژی پێنج شەممە لە تاران بە بەشداری ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە بەرپرسانی ئێران و دەزگاكانی چاپ و بڵاو كردنەوەی كتێب بیست و شەشەمین پێشەنگای نێونەتەوەیی تاران بۆ كتێب كرایەوە و سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران و سەرۆكی ئەنجومەنی دەستنیشان كردنی بەرەژوەندییەكانی شۆڕشی ئێران هاشمی رەفسەنجانیش بە چەند كتێبێكی خۆی بەشداری لەم پێشەنگایەی كردووە.

لەم بارەیەوە ماڵپەڕی تابناك رایگەیاند كە دوای دوو رۆژ لە دەست پێكردنی پێشەنگای كتێب، بە فەرمانی بەرپرسانی باڵای كۆماری ئێران بەرێوەبەری بیست و شەشەمین پێشەنگای كتێبی ئێران عەلی ئیسماعیلی دەستی بە كۆ كردنەوەی كتێبەكانی هاشمی رەفسەنجانی لەم پێشەنگایەدا كردووە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە یەكێك لەو كتێبانەی هاشمی كە كۆ كراونەتەوە كتێبێكە بە ناوی سەراحەت نامە.

سەرچاوەكە لە سەر زاری بەرپرسی بیست و شەشەمین پێشەنگای كتێبی تاران ئاماژەی بە هۆكاری كۆ كردنەوەی كتێبەكانی هاشمی كردووە و گوتوویەتی: هاشمی لەم كتێبەی خۆیدا باسی چەندین مەسەلە سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1388ی ئێرانی كردووە و بڵاو كردنەوەی ئەم كتێبە لە پێشەنگادا پێویستی بەوە هەیە كە بزانین ئایا ئەو شتانەی كە هاشمی ئاماژەی پێداون راستن یا نا؟

ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەو كاتەی كە راستی و دروستی بابەتەكانی نێو كتێبەكە بۆیان روون نەبنەوە بە هیچ شێوەیەك مۆڵەتی بڵاو كردنەوە و پیشاندانی پێ نادەن.
Top