محەمەد عەلی بیراند رۆژنامەنووسی گەورەی تورك و دۆستی كورد كۆچی دوایی كرد

محەمەد عەلی بیراند رۆژنامەنووسی گەورەی تورك و دۆستی كورد كۆچی دوایی كرد
17ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- كەمێك بەر لە ئێستا، رۆژنامەی میللییەتی توركی، هەواڵی كۆچی دوایی محەمەد عەلی بیراند، نووسەری گەورەی توركیا و دۆستی كوردی بڵاو كردەوە.

دوای ئەوەی هەواڵی مردنی بیراند لە چەند ماڵپەڕێكی توركی و جیهانی بڵاو بوویەوە، عومەر عەلی بیراند، كوڕی رۆژنامەنووسی ناوبراو، لەسەر كەناڵی تایبەتی بیراند لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی كردەوە كە بەهۆی گرژی باری تەندروستی باوكی، نێردراوەتە نەخۆشخانەی ئەمریكی لە ئیستانبوڵ و سوپاسی ئەو كەسانەی كردووە كە لە هەواڵیان پرسیوە.

رۆژنامەی میللییەتی توركی كەمێك بەر لە ئێستا لە وێبسایتەكەیان هەواڵی مردنی محەمەد عەلی بیراند-ی بڵاو كردەوە و، ئەو هەواڵانەی پشتڕاست كردەوە كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17/1/2013 لە ناو نەخۆشخانەی ئەمریكی لە ئەستەنبوڵ كۆچی دوایی كردووە.

شایانی باسە محەمەد عەلی بیراند، گەورە رۆژنامەنووسی تورك و دۆستی كورد، لەو رۆژنامەنووسە هەرێمی و جیهانیانەیە كە بەردەوام گۆڤاری گوڵان بۆ پرسی جیاجیای ناوچەكە لێدوانی تایبەتی لێ وەرگرتووە و بڵاو كراوەتەوە.
دوایین دیمانەی لەم مانگەدا لە گۆڤاری گوڵان بڵاو كراوەتەوە، ئەمەش لینكەكەیەتی:
http://www.gulan-media.com/t_detail.php?section=2&id=204


بەناوی سەرنووسەر و ستافی گۆڤاری گوڵان، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی ئەو نووسەرە هەقبێژە دەكەین و داوا لە یەزدانی مەزن و دلۆڤان دەكەین بە بەهەشتی شاد بكات.
Top