بەندکراوێکی کورد لە گرتووخانەی سنە لە سێدارە درا

بەندکراوێکی کورد لە گرتووخانەی سنە لە سێدارە درا


هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەوڵاوا کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە لە گرتووخانەی سنە لە سێدارە درا.

بە گوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی١ی٢٠٢١ بەندکراوێکی کورد بە ناوی فاتێح قادری تەمەن ٤٦ ساڵ کە ڕۆژی پێنجشەممە گوازرابووەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە لە سێدارە دراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕۆژی ڕابردوو بنەماڵەی ئەو بەندکراوە بۆ دوایەمین چاوپێکەوتن بانگ کرابوون.

فاتێح قادری خێزاندار و خەڵکی گوندی (دەل)ی سەر بە شاری سەوڵاوایە کە نزیکەی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەستی کەسێک بە ناوی "ناسیح" دەستبەسەر و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا لانیکەم سزای سێدارەی ١٣ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی سنه جێبەجێ کراوە.







باسنيوز
Top