جۆرێكی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڤێتنام سەری هەڵدا

جۆرێكی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڤێتنام سەری هەڵدا
دوای ئەوەی حكومەتی ڤێتنام لە پێگەی ئەلیكترۆنی خۆی لە ئینتەرنێت هەواڵی تەشەنەكردنی جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە وڵاتەكەی راگەیاند، دەستەی پاراستنی مافەكانی بەكاربەر لە رووسیا رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ زانیارییەكان لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نوێیە دەكات.

لەم بارەیەوە نووسینگەی میدیایی لە دەستەی ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە، لێكۆڵینەوە لە زنجیرە گەردە پرۆتینەكانی بوهێڵەكانی "جیناتی" ئەو ڤایرۆسە نوێیە دەكات، كە لە شاری دا نانگی ڤێتنام بڵاو بووەتەوە.

لای خۆیەوە ئەلێكساندەر گۆریلۆڤ، جێگری بەڕێوەبەری كاری زانستی لە پەیمانگەی ناوەندی بۆ توێژینەوەی زانستی پەتاكان لە "روس پۆتریبنادزۆر" گوتی: تا ئێستا هیچ هۆكارێك نییە بۆ ئەوەی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نیگەران بن و وەك ئاماژەی پێدا، دەكرێت بە ئاسانی زانیاری لەبارەی ئەو ڤایرۆسە بەدەست بهێنرێت، چونكە بە گوتەی ئەو، ئەگەر هەمان ڤایرۆسی پێشووی كۆرۆنا بێت و گۆڕانێكی بەسەردا هاتبێت یانیش جۆرێكی نوێی ڤایرۆس بێت، دەتوانرێت بە ئاسانی لە رێگەی زنجیرەی بوهێڵەكانەوە بزانرێت.

هەروەها گوتی: پرۆسەی ئاشكراكردنی ئەو جۆرە ڤایرۆسە كارێكی سەخت نییە و كاتێكی زۆری ناوێت.

پێشتر حكومەتی ڤێتنام لە پێگەی ئەلیكترۆنی خۆی لە ئینتەرنێت بڵاوی كردەوە، جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی تاجی لە شاری دا نانگی كەناراوی وڵاتەكەیان و ناوچەكانی دەوروبەر بڵاو بووەتەوە، كە بۆ یەكەم جارە ئەو جۆرە ڤایرۆسە لە وڵاتەكەیان بدۆزرێتەوە.

وەك ئاماژەشی پێدا، دەسەڵاتدارانی ڤێتنام 80 هەزار گەشتیاریان لە شاری دا نانگ گواستووەتەوە، كە لە ناوچەكانی دیكەی وڵات بۆ بەسەربردنی كات روویان لەو شارە كردبوو.













K24
Top