توێژینەوەیەکی ئیسرائیلی: کەمی ڤیتامین D مەترسیییەکانی کۆرۆنا زیاتردەکات

توێژینەوەیەکی ئیسرائیلی: کەمی ڤیتامین D مەترسیییەکانی کۆرۆنا زیاتردەکات
ڤیتامین D یەکێکە لەو ڤیتامینانەی کە هەمیشە وەک سەرچاوەیەکی گرنگی سیستەمی بەرگریی لەش دانراوە و چەندین توێژینەوەیش ئەوەیان سەلماندووە، توێژینەوەیەکی نوێش دەڵێت، کەمی ئەو ڤیتامینە لە لەشی کەسی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا، مەترسیییەکانی ڤایرۆسەکە زیاتر دەکات.

توێژینەوە نوێکە بە هاوبەشی دەزگای چاودێریی تەندروستی لومیتی ئیسرائیلی و کۆلێژی پزیشكی زانکۆی بارئیلان لە تەلئەڤیڤ ئەنجامدراوە. تێیدا هاتووە، "ئەنجامە زانستییەکان پێمان دەڵێن بەشی زۆری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کێشەی کەمی ڤیتامین Dـیان هەیە، ئەمەش بۆ هەموو گرووپە جیاوازەکانی تەمەن راستە".

هەروەها ئەو توێژینەوە دەریخستووە، زۆربەی ئەوانەی کە باری تەندروستییان بەهۆی کۆرۆناوە تێکچووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، هەمان کێشەی کەمی ئەو ڤیتامینەیان هەبووە. "مەترسی کەمی ڤیتامین D ئێستا بووەتە کێشەیەکی جیهانی و نزیکەی 70%ـی کەسانی پێگەیشتوو لە جیهاندا ئەو کێشەیەیان هەیە".

توێژینەوەکە پێشنیاز دەکات کە خەڵک گرنگییەکی زۆر بە بەدەستهێنانی ڤیتامین دی بدەن بۆ جەستەیان، یەکێک لە رێگەکانی زیادبوونی ئەو ڤیتامینەش ئەوەیە رۆژانە نزیکەی 30 خولەک مرۆڤ خۆی بداتە بەر تیشکی خۆر.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین توێژینەوە ئەنجامدراون و زۆربەیان ئاماژە بە گرنگی بەهێزیی سیستەمی بەرگریی لەش دەکەن لە بەرامبەر هەڕەشەی تووشبوون بە کۆرۆنا.












رووداو
Top