پسپۆڕێکی بەرهەمهێنانانی ڤاکسین: لەوانەیە کۆرۆنا بۆ چەندین دەیە بمێنێتەوە

پسپۆڕێکی بەرهەمهێنانانی ڤاکسین: لەوانەیە کۆرۆنا بۆ چەندین دەیە بمێنێتەوە
کۆلێژی ئیمپڕیال لەگەڵ کۆمەڵە پزیشێک سەرقاڵی بەرهەمهێنای ڤاکسینی دژە کۆرۆنان، پسپۆڕێکی بەریتانی دەڵێت: لەوانەیە کۆرۆنا بۆ چەندین دەیە لەنێوماندا بمێنێتەوە. هەروەها ڤاکسینێکی نوێی تاقیکردووەتەوە و دەڵێت: ئەنجامەکەی ئەرێنی بووە.

دکتۆر رۆبن شاتۆک، پزیشکە پسپۆڕەکە ڤاکسینەکەی لەسەر 92 کەس تاقیکردووەتەوە و ئەنجامەکانی ئەرێنی بوون، باوەڕی وایە ساڵانە پێویست دەکات مرۆڤ ڤاکسین لە دژی کۆرۆنا بەکاربێنێت.

کۆلێژی ئیمپڕیال ئێستا پێی ناوەتە قۆناخی دووەم و تاقیکردنەوەی ڤاکسین لەسەر 200 کەسی دیکە دەکەن، ئەگەر سەلامەتبوون پێدەنێنە قۆناخی سێیەم وەکو دوا قۆناخ بەرلەوەی ڤاکسینەکەیان بەجیهاندا بڵاوبکەنەوە.

توێژینەوەکەی کۆلێژی ئیمپڕیال دوای پێشکەوتنێکی گەورەی زانکۆی ئۆکسفۆرد دێت کە تاقیکردنەوەکەیان پێشکەوتنی گەورەیان لە بواری بەرهەمهێنانی ڤاکسین ئەنجامداوە.

زانکۆی ئۆکسفۆرد لەسەر ئاستی جیهان نزیکترینە لە بەرهەمهێنانی ڤاکسین کە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای دەرمانسازی ئاسترازینیکا بەستووە، تاقیکردنەوەکان لە 23ی نیسان دەستیانپێکرد، ئێستا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی. کۆلێژی ئیمپڕیال، لە قۆناخی دووەمە و تاقیکردنەوەکانیان تاوەکو ئێستا ئەرێنین و زیانی لاوەکیان کەمە.

کۆمپانیای بایۆنتەکی ئەڵمانی کار لەسەر ژمارەیەک ڤاکسین دەکات، لە یەکی تەممووز سەرکەوتنی ڤاکسینەکەی لە قۆناخی یەکەم و دووەم راگەیاند، کۆمپانیاکە دەڵێت: ڤاکسینەکەیان توانای هەیە دژە تەن بەرهەمبێنێت ڤایرۆسی کۆرۆنا ناچالاک بکات.

هەروەها ڤالێنڤا کۆمپانیایەکی فەرەنسییە، هێشتا دەستی بەتاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەیان لەسەر مرۆڤ نەکردووە، ئێستا لە قۆناخی بەرلە تاقیکردنەوەی کلینیکەکانە، واتە لەسەر ئاژەڵ تاقیدەکرێتەوە، کۆمپانیاکە هیوادەخوازێت کۆتایی ساڵ دەست بە تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ بکەن.

کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی هەنگاوێکی گەورەی بڕیوە و یەکەم کۆمپانیای ئەمریکی بوو کە ڤاکسینی لەسەر مرۆڤ تاقیکردەوە، ئەویش تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەی لەسەر 45 خۆبەخش "بەسەرکەتوو" ناوبردووە.

کۆمپانیای کانسینۆی چینیش یەکەم تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ لەسەرەتای ئەمساڵ ئەنجامدا، ڤاکسینی لەسەر 108 کەس تاقیکردەوە، دەرکەوتووە ئەنجامەکەیان ئەرێنین.

کۆمپانیا جۆنسن و جۆنسن ئەمریکییە و ئەویش لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دوو مانگ بەرلەوەی ڤاکسین بە پەتایەکی جیهانی بناسێندرێت، دەستی بە تاقیکردنەوە کرد، ئەوانیش دەڵێن؛ زانیاری لەسەر ڤاکسینەکەیان لە کۆتایی ساڵ رادەگەیێنن.

کیورڤاک، کۆمپانیایەکی ئەڵمانیایە، مانگی رابردوو دەستیکرد بە تاقیکردنەوەی ڤاکسین، لە قۆناخی یەکەمدا 168 کەسی خۆبەخش تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 60 ساڵاندایە ڤاکسینەیان لەسەر تاقیدەکرێتەوە.

توێژینەوەیەک: کەسانی قەڵەو ئەگەری مردنیان بە کۆرۆنا سێ هێندە زیاترە

دەزگایەکی تەندروستیی بەریتانی بۆی دەرکەوتووە کەسانی قەڵەو ئەگەری مردنیا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا سێ هێندە زیاترە و ئەگەری پێویستیشیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد حەوت هێندە زیاترە لە کەسانی ئاسایی.

ئاژانسی تەندروستیی گشتیی بەریتانیا دەڵێت: توێژینەوەکەمان ئەوە ناگەیێنێت کە کەسانی قەڵەو ئاسانتر تووشی کۆرۆنا دەبن، بەڵام قەڵەوی گوشار لەسەر سیستەمی هەناسەدان دروستدەکات و ئەگەری هەیە کار لە شێوازی کارکردنی سیستەمی بەرگری لەش بکات.

پزیشکانی پسپۆر کە ئەم توێژینەوەیان ئەنجامداوە، دەڵێن کەسانی قەڵەو هەر کیلۆیەک لەدەستبدەن ئەگەری خەواندنی لە نەخۆشخانە کەمتردەبێتەوە دوای ئەوەی تووشی کۆرۆنا دەبێت.

ئەم توێژینەوەیە هاوکاتە لەگەڵ کامپەینێکی دژە قەڵەوی 10 ملیۆن پاوەندی کە بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاندووە، دوای ئەوەی خۆی کە کێشیی لەشی زۆرە، کە تووشی کۆرۆنابوو لەسەر مردن گەڕایەوە.

لە ژێر سێبەری ئەو کامپەینەدا هەموو رێستورانتەکان دەبێت ژمارەی کالۆرییەکان لەنێو خواردنەکانیان ئاشکرابکەن، زانیاری هاوشێوە دەبێت لەسەر بووتڵ و خواردنی نێو قتووەکانیش چەسپ بکرێت.

بۆریس جۆنسن دەیەوێت بەریتانییەکان ئەم هاوینە کێشی لەشیان لەدەستبدەن بۆ ئەوەی بۆ شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا ئامادەبن.

بەریتانیا نزیکەی 300 هەزار تووشبووی هەیە، زیاتر لە 45 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها ئێستا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهان 16 ملیۆن و 35 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، لەو ژمارەیە 644 هەزار و 409 کەس گیانیان لەدەستداوە و 9 ملیۆن و 802 هەزار و 994 کەسیش چاکبوونەتەوە.














رووداو
Top