لێکۆڵینەوەکانی گەڕان بەدوای پێکوتەی کۆرۆنا ئەنجامی سەرەتایی هیوابەخشیان هەیە

لێکۆڵینەوەکانی گەڕان بەدوای پێکوتەی کۆرۆنا ئەنجامی سەرەتایی هیوابەخشیان هەیە
لە ئەمریکا، بەریتانیا، رووسیا و چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان چەندین لێکۆڵینەوەی جیاواز بۆ دۆزینەوەی پێکوتە دژی کۆرۆنا ئەنجامدەدرێن، هەندێکیان ئەنجامی هیوابەخشیان هەبووە.

هەندێک لە پێکوتەکان کە لەسەر کۆمەڵێک خۆبەخش تاقیکراونەتەوە، وایانکردووە لەشیان دژی کۆرۆنا بەرگری دروستبکات بەبێ ئەوەی پێکوتەکە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر تەندروستییان هەبێت.

یەکێک لەو پێکوتانە پێکوتەی کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکییە کە پێش هەموو ئەوانی دیکە چووە قۆناخی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بۆ دوایین جار لەسەر 30 هەزار خۆبەخش تاقیبکرێتەوە.

د. ویلیام شافنەر، پسپۆڕی بواری ڤاکسین دەڵێت "دەبێت هۆشیاربین؛ نامانەوێت پێش زانست بکەوین. هەموومان دەزانین دروستکردنی پێکوتە کارێکی قورسە؛ بۆیە ئەگەر هەموو شتێک بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت، پێشبینی دەکەین سەرەتای ساڵی داهاتوو، واتە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا هەندێک ئەنجاممان دەستبکەوێت کە ئەوەش ناوازە دەبێت، بەڵام ئەمەش پێویستی بەوەیە کە هەموو شتێک بە دروستی و لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت".

یەکێکی دیکە لەو پێکوتانەی کە دوو قۆناخی بە سەرکەتوویی بڕیوە، پێکوتەی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانییە کە توانیوویەتی بەرگریی لەش بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێزبکات.

لە رووسیاش بە هاوکاریی وەزارەتی بەرگری، پێکوتەیەک دروستکراوە کە لەسەر 18 خۆبەخش تاقیکراوەتەوە، دوای 28 رۆژ دەرکەوتووە کە بەرگریی لەش بەهێزدەکات، هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیش ناکاتە سەر لەشی مرۆڤ.

وەزارەتی تەندروستیی رووسیاش بڕیاریداوە دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەی پێکوتەکە لە مانگی ئاب، لە مانگی ئەیلوول بڕێکی زۆری لێ بەرهەمبهێنێت.

سڤێتلانا ڤۆلچێکینا، پسپۆڕی بواری ڤاکسین دەڵێت "ئەمڕۆ رۆژێکی مەزنە بۆ ئێمە. یەکەم گرووپی خۆبەخشەکان لە دوو کۆمەڵە پێکدێت و هەریەکەیان پێکهاتەیەکی جیاوازی پێکوتەکەیان پێدرابوو، نەخۆشخانەیان بەجێهێشت، ئەوەش دوای 28 رۆژ لە وەرگرتنی پێکوتەکە. ئەوان شاد و دڵخۆشن و لەژێر چاودێریدا نەماون. بەرگریی لەشیان کاردەکات و دژەتەن بەرهەمدەهێنن و دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا پارێزراون".

ئێستا 140 پێکوتە لە سەرانسەری جیهان لە قۆناخە سەرەتاییەکانی تاقیکردنەوەدان، تەنها 23یان گەیشتوونەتە قۆناخی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ.

پسپۆڕانی پزیشکی دەڵێن، بۆئەوەی ئەنجامی پێکوتەکان زوو بەدەستبگات، پێویستە ئەو خۆبەخشانەی پێکوتەکانیان لێدەدرێت، تووشی ڤایرۆسەکە ببن بۆئەوەی زووتر بزانرێت کە تاچەند پێکوتەکان لە لەنێوبردنی ڤایرۆسەکە سەرکەوتوو دەبن. بۆ ئەو مەبەستەش رێکخراوی 1 Day Sooner زیاتر لە 30 هەزار خۆبەخشی لە 140 وڵات کۆکردووەتەوە تاوەکو پێکوتەکان لەسەریان تاقیبکرێنەوە.








رووداو
Top