بەرپرسێکی کۆمەڵی ئیسلامی: زۆربەی نیشانە بچووکەکانی رۆژی دوایی دەرکەوتوون
شوان رابەری بانگخواز کە لە هەمانکاتدا ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانە، بە پشتبەستن بە ژمارەیەک فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام و بۆچوونی زانایانی ئیسلام، دەڵێت، زۆربەی نیشانە بچووکەکانی هاتنی رۆژی دوایی هاتوونەتەدی؛ بۆچوونێکیش هەیە دەڵێت، ساڵی 1500ی کۆچی نیشانەکانی رۆژی دوایی دێنەدی.
ئەو بانگخوازە ئاماژە بە چەندین نیشانە دەکات کە بە نیشانەی بچووکیان ناودەبات، لەوانەش مردنی پێغەمبەر، دەرکەوتنی خەڵکانێک کە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەکەن، نەمانی حوکمی ئیسلام و پەیدابوونی خەڵکانێک کە قامچییان پێیە.
گەردوونناس و زانایانی فیزیایی رای جیاوازیان هەیە لەسەر مژاری دروستبوونی زەوی و کۆتاییهاتنی دونیا.
حوسێن رابی، مامۆستای زانکۆ دەڵێت، تەمەنی زەوی بە نزیکەیی سێ بۆ چوار ملیار ساڵە، زەوی لە کۆمەڵەی خۆرە و خۆریش نزیکەی چوار ملیار ساڵێکی ماوە سووتەمەنییەکەی تەواو ببێت.
لە ئیسلامدا باوەڕبوون بە رۆژی دوایی یەکێکە لە پایەکانی ئیمان، لە چەندین شوێنی قورئاندا بە چەندین شێوە ناوی هاتووە، وەکو یەومولقیامە، یەومولئاخیرە، تامە و ساع و ناوی دیکە. چەندین جاری دیکەش کۆتاییهاتنی گەردوون بووەتە رۆژەڤ و لەوبارەیەوە زانایانی ئایینی و فیزیستەکان و گەردوونناسەکان رای جیاوازیان هەبووە.
رووداو