چەند رێگەیەک بۆ پاراستنی پێست لەکاتی بەستنی دەمامک

چەند رێگەیەک بۆ پاراستنی پێست لەکاتی بەستنی دەمامک
یەکێک لە رێگە کاریگەرەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەستنی دەمامکە، کە لەمدواییەدا رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێنمایی نوێی بڵاوکردەوە و باس لە کاریگەرییەکانی بەستنی دەمامک دەکات لە شوێنە گشتییەکان.

بەستنی دەمامک راستە مەترسیی تووشبوونمان بە کۆرۆنا کەمدەکاتەوە، بەڵام بێ گرفتیش نییە، بۆ بەشێکی خەڵکی بەتایبەت ئەوانەی ناچارن بۆماوەیەکی زۆر دەمامک ببەستن گرفتی پێست دروستدەکات.

ئادام فریدمەن، پرۆفیسۆرێکی نەخۆشییەکانی پێستە لە سکوڵی پزیشکی زانکۆی جۆرج واشنتۆن باس لە گرفتەکانی پێست بەهۆی بەستنی ماسک دەکات و دەڵێت، "کاتێک دەمامک دەبەستنین، هەڵمی هەناسەمان بەر پێستمان دەکەوێت و لەژێر ماسکەکەوە گەرمییەک دروستدەبێت ئەمەش وادەکات پێستەکە هەستیاربێت و تووشی هەندێک گرفتمان دەکات."

پرۆفیسۆرەکەی نەخۆشییەکانی پێست لەبارەی گرفتەکانی پێست بەهۆی ماسکەوە ئاماژە بە دروستبوونی زیپکە، هەوکردن و خورانی پێست دەکات و دەڵێت ئەمانە بەربڵاوترین کێشەکانی پێستن کە بەهۆی بەستنی ماسکەوە دروستدەبن.

چۆن رێگە لەم گرفتانەی پێست بەهۆی بەستنی دەمامکەوە بگرین؟

یەکەم
هەڵبژاردنی دەمامکێکی گونجاو زۆر گرنگە، لێرە مەبەست لە جۆری قوماشی ماسکەکەیە، ئەوانەی خۆیان لە ماڵەوە ماسک دروستدەکەن دەبێت قوماشێک هەڵبژێرن کە هەواگۆڕکێی تێدابێت و زۆر زبڕ نەبێت کە زیان بە پێست بگەیێنێت، ئەوەندە تەنکیش نەبێت کە لە کاریگەرییەکەی کەمببێتەوە، باشترین جۆری ماسک ئەوەیە لە لۆکە دروستکرابێت، سروشتی و نەرم بێت، نە گەوربێت بۆ روخسار نە بچووک، لەو دەمامکانەوە دووربە کە لە نایلۆن دروستکراون، چونکە ئارەقەکردن زیاتردەکەن و دەبنەهۆی زیانگەیاندن بە پێست.

دووەم
پێستت بە پاکی رابگڕە، هەوڵبدە بە ئاوێکی شلەتێن رۆژانە پێستی روخسارت بشۆیت، بەجۆرێک پێش و دوای بەستنی ماسکەکە پێستت پاکبکەرەوە، بەڵام دووربە لە بەکارهێنانی سابوون و ئەو ماددە پاککەرەوانەی پێست کە ماددەی کیمیایی بەهێزیان تێدایە. هەروەها بۆ خانمان زۆر گرنگە میکیاژ نەکەن، چونکە میکیاژکردن و دواتر بەستنی ماسک بەبێ ئەوەی میکیاژەکە لێبکەیتەوە، کونیلەکانی پێست دادەخات و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی زیپکە، بۆیە پێش بەستنی ماسک، میکیاژەکەت لێبکەرەوە.

سێیەم
کرێمی شێدارکەرەوە بەکاربهێنە، یەکێک لە رێگە هەرەکاریگەرەکان بۆ ئەوەی پێستت لەو زیانانەی دەمامک بپارێزیت ئەوەی بەدرێژایی رۆژ کرێمی شێدارکەرەوە بەکاربهێنیت، چونکە کاتێک پێستت ئارەقەدەکات، پێست وشکدەبێتەوە کە پێستیش وشکبوویەوە زیاتر لەبارە بۆ ئەوەی لەلایەن ماسکەوە زیانی پێبگات، هەروەها لەوانەیە پێست تووشی هەوکردن بێت. هەردوو کاژێر جارێک کرێمێکی شێدارکەرەوە بەکاربهێنە، ئەم رێنماییە بۆ ئەوانەش گرنگە کە بەردەوام دەستیان دەشۆن و تووشی وشکبوونی پێستی دەستەکانیان دەبن.

چوارەم
سەردانی پزیشکی پسپۆڕی پێست بکە، ئەگەر هەستت کرد گرفتەکەت زیاتربووە و بێزاری کردوویت سەردانی پزیشکی پسپۆڕی پێست بکە بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگریت، لەخۆتەوە هیچ دەرمان یان کرێمێک بۆ پێست بەکارمەهێنە چونکە ئەمە نەک تەنیا گرفتەکەت چارەسەرناکات بەڵکو خراپتری دەکات.







رووداو
Top