ئەمریکا هەڕەشەیەکی توند لە عێراق دەکات؛ هەموو عێراق دەسووتێنین
وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەڕەشەیەکی توند لە عێراق دەکات و باس لە سووتاندنی خاکی عێراق دەکات.
دوای کەوتنە خوارەوەی دوو گوللە هاوەن لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا، مارک ئیسپەر،و ەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە عادل عەبدولمەهدی، ەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-9-2019، میدیا عێراقییەکان ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیان بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا مارک ئیسپەر بە عەبدولمەهدی راگەیاندووە، ئەگەر حکوومەتی عێراق میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رانەگرێت، ئەوا ئەمریکا ”سیاسەتی سووتاندنی خاک“ لە عێراق دەگرێتە بەر.
رۆژی 25-9-2019، گرووپێکی چەکدار هەڕەشەی بە بارمتەگرتنی هاووڵاتییانی ئەمریکی کردبوو.
رۆژی پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداریی دا هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە عێراق و رایگەیاند، پێویستە لەسەریان زیاتر ئاگاداری خۆیان بن.
درەنگانی شەوی دووشەممە 23-9-2019، دوو گوللە هاوەن لە نزیک باڵیۆخانەی ئەمریکا لەناو ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتنە خوارەوە و دواتر دەنگی تەقینەوە لە ناوچەکە بیسترا.
ئەگەرچی هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووە، بەڵام میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەردەوام باس لە دژایەتی و بە ئامانجگرتنی ئەمریکییەکان دەکەنەوە.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.
چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز