رەنگی زمان چی بە تەندروستیت دەڵێت!

رەنگی زمان چی بە تەندروستیت دەڵێت!
رەنگ و شێوە و قەبارەی زمان دەتوانێت زۆر شتی جیاواز لەبارەی تەندرووستی مرۆڤەوە بڵێت، تایبەتمەندی و شوێنی جیاواز هەیە لەسەر زمان کە دەکرێت پشکنینی بۆ بکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی باری تەندرووستی جەستە.

رەنگی زمانی ئاسایی پەمەییە، بەبێ هەبوونی هیچ جۆرە درزێک یان شەقبوون یان بەرزبوونەوەیەک یاخود خواروخێچییەک لە قەراغەکانیدا وەک شەپۆل.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (providr) هەبوونی زمانێکی سور و کاڵ نیشانەیە بۆ هەبوونی کەمی ڤیتامین، زمانی سوور دەکرێت بەهۆی کەمی ڤیتامین (ب١٢) یاخود ڤیتامین (ب٩)ەوە رووبدات، باشترین چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتە بریتییە لە خواردنی ئەو رووەکانەی گەڵاکانیان سەوزێکی تۆخە وەک سپێناخ.

ئەگەر زمانت هەڵئاوساوە یاخود شەپۆلی خواروخێچ لە قەراغی زمانتدا درووستبووە، ئەوا رەنگە تۆ کێشەیەکت لە رژێنی تایرۆید - کە هەڵدەستێت بە دەردانی هۆرمۆنی تایرۆید – هەبێت، پێویستە لەم حاڵەتەدا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت.

هەبوونی درز لە زماندا نیشانەیەکە بۆ هەبوونی بەرگری دژبەخۆ واتە هێرشکردنە سەر خانەکانی لەش لەلایەن سیستەمی بەرگری لەش خۆیەوە، زۆربەی جار شەقبوونی زمان یان درزی زمان کێشەیەکی تەندرووستی مەترسیدار نییە، بەڵام گەر دەتەوێت دڵنیابیتەوە لە نەبوونی مەترسی دەتوانیت سەردانی پزیشکی ددان بکەیت.

هەبوونی زمانێکی قاوەیی یاخود رەش نیشانەیەکە بۆ پاکنەبوونی زمان، زمانی قاوەیی و رەش هەندێکجاریش بەهۆی خواردنی هەندێک دژە بەکتریا (ئەنتیبایۆتیک)ی دیاریکراوەوە روودەدات.
باشترین چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتە بریتییە لە شتنی ناو دەم و ددانەکان بەشێوەیەکی بەردەوام.

هەبوونی زمانێکی سپی رەنگە بەهۆی گەشەی خۆمڕە یاخود گەشەی کەڕوو لەسەر زمانەوە بێت، لە کەسانی جگەرەکێشدا، زمانی سپی رەنگە نیشانەیەکی سەرەتایی بێت بۆ شێرپەنجە.

هەبوونی هەڵئاوسانی وردی بچکۆلەی زۆر لەسەر زمان دەکرێت بەهۆی فشاری دەروونی زۆرەوە دروستبێت، بۆیە واباشە گەر ئەم حاڵەتە لەسەر زمانت دەرکەوت، هەوڵبدەیت خۆت لە فشاری دەروونی بپارێزیت.


خەندان لایف –
Top