ئایا بە ئیشی ناوماڵ کێشت دادەبەزێت؟

ئایا بە ئیشی ناوماڵ کێشت دادەبەزێت؟
لەگەڵ ئەوەی کە تەمەن، کێشی لەش، رەگەز رۆڵیان ھەیە لە سووتاندنی کالۆری و کۆنترۆلکردنی کێشی لەشدا، بەڵام دەکرێ کە تەنیا بە ئیشی ماڵەوە ١٠٠- ٣٠٠ کالۆری وزە لە کاتژمێرێکدا بسووتێنرێت. بۆ ئافرەتێک کە کێشی لەشی لە دەوری ٧٠ کیلۆگرام بێت، کۆی سەرفکردنی وزە بە ئیشەکانی ناو ماڵ Housework لە یەک کاتژمێردا بریتییە لە ٢١٥ کالۆری ئەگەر ئەم کاتژمێرە بەسەر ئیشی جیاوازی ناوماڵ دابەش بکەین، بۆ نموونە: گەسکی دەستی بۆ ماوەی ١٠ خولەک ٣٧ کالۆری، بەکارھێنانی گەسکی کارەبایی بۆ ماوەی ١٠ خولەک ٣٧ کالۆری، ئوتووکردن بۆ ماوەی ٢٠ خولەک ٥٠ کالۆری، سڕینەوە بۆ ماوەی ٢٠ خولەک ٤٢ کالۆری، رێکخستنی یاتاغی نووستن بۆ ماوەی ١٠ خولەک ٢٣ کالۆری، شووشتنی قاپ و قاچاغ بۆ ماوەی ١٠ خولەک ٢٦ کالۆری. دەکرێ ئیشی ماڵەوە وەکو جێگرەوە بۆ مەشقی وەرزشی سوودی لێوەربگرێت بەمەبەستی کۆنترۆلکردنی کێشی لەش و پاراستنی تەندروستی بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە ناتوانن لە دەرەوەی ماڵدا مەشقی وەرزشی ئەنجام بدەن، بۆ نموونە بە تێکڕایی ژنی ماڵەوە لە بەریتانیادا زیاتر لە ١٦ کاتژمێر لە ھەفتەیەکدا بە ئیشی ماڵەوە بەسەردەبات کە دەکاتە ٢ کاتژمێر و ٢٣ خولەک لە رۆژێکدا واتە سەرفکردنی وزە دەگاتە ٢٥٠- ٧٥٠ کالۆری. ئەمەش روونکراوەتەوە کە ئیشی ناوماڵ سوودی بۆ لایەنی دەروونی ئافرەت ھەیە، ئەمەش ھاندەرە بۆ کۆنترۆلکردنی کێشی لەش.


Top