دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران لە ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنی قوتابیانی یەکەمی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان

دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران لە ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنی قوتابیانی یەکەمی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان
قوتابیانى خۆشه‌‌ویست، ئه‌‌م كاته‌‌تان باش و هه‌موو لایه‌‌كتان به‌‌خێر بێن؛ به‌‌سه‌‌ر چاو.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

مایه‌ى خۆشحاڵییه‌كى زۆره‌ ئه‌مڕۆ له‌ بۆنه‌یه‌كى به‌خته‌وه‌ردا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌شدارى ده‌‌كه‌‌ین بۆ ڕێزلێنان و خه‌ڵاتكردنى كۆمه‌ڵێك خوێندكارى زیره‌ك و لێها‌تووى كوردستان كه‌ یه‌‌كه‌‌مه‌‌كانى سه‌ر ئاستى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستانن له‌ خوێندنى ئاماده‌یى و له‌ به‌شه‌‌كانى زانستى، وێژه‌یى، پیشه‌یى و‌ هه‌‌روها په‌یمانگاكان.

سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ پڕ به‌دڵ پیرۆزبایى له‌و ئازیزانه‌ و كه‌سوكاریان بكه‌م بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌‌ و ئه‌و ئاست و پله‌به‌رزانه‌ى به‌ده‌ستیان هێناوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وپه‌ڕى ده‌ستخۆشى له‌ مامۆستاكانیان ده‌كه‌م كه‌ ئه‌ركیان كێشاوه‌ و له‌ فێركردن و له‌‌ پێگه‌یاندن و ها‌ندانیان بۆ ئه‌م سه‌‌ركه‌وتنه‌ گه‌‌وره‌‌یه‌‌، ها‌وكار و هانده‌ر و یارمه‌تیده‌ر بوون. هيواى سه‌ركه‌وتنى به‌‌رده‌‌وامتان بۆ ده‌‌خوازم و هيوادارم نموونه‌‌تان له‌‌ كوردستان ڕۆژ به‌‌ڕۆژ زیادتر و زیادتر بێت.

هه‌روه‌ها له‌ دڵه‌وه‌ ها‌وبه‌شیى خۆشى و كامه‌رانى و شانازیى دایكوباوك و كه‌سوكارى یه‌‌كه‌‌مه‌‌كان ده‌‌كه‌‌م كه‌ مافى خۆیانه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌وپه‌ڕى شانازى به‌ ڕۆڵه‌كانیانه‌وه‌ بكه‌ن و پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌م كه‌ بوونه‌ته‌ پشت و په‌ناى ڕۆڵه‌كانیان و كه‌شێكى ها‌نده‌ر و ئارامیان بۆ فه‌راهه‌‌م كردوون، بۆ ئه‌‌وه‌‌ى ئه‌‌م سه‌‌ركه‌‌وتنه‌‌ گه‌‌وره‌‌یه‌‌ به‌‌ده‌‌ست بێنن.

بێگومان یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانى پێشكه‌وتن و زیندوویى هه‌ر میلله‌ت و ووڵاتێك، به‌رزیى ئاستى خوێندن و په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌. بۆیه‌ هيچ ووڵاتێك به‌بێ هه‌بوونى سیسته‌‌مێكى په‌روه‌رده‌یى ڕێكوپێك و سه‌رده‌مانه‌ و پێشكه‌وتوو، نه‌ ده‌توانێت ببێته‌ ووڵاتێكى خاوه‌ن پێگه‌ى به‌هێز و گه‌شه‌سه‌ندوو، یاخود وه‌ك پێویست سوود له‌ خێر و ده‌‌وڵه‌‌مه‌‌ندییه‌‌كانى ووڵاته‌كه‌ى وه‌ربگرێت و بیانخاته‌ خزمه‌تى گۆڕانكاری و خۆشگوزه‌‌رانیى هاووڵاتیانه‌‌وه‌‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن بنه‌ماى یه‌كه‌م و سه‌ره‌كیى خۆگونجاندن و به‌هێزبوونى هه‌ر ووڵاتێكه‌ و نموونه‌ى ئه‌مه‌ش له‌ جیهاندا دیار و به‌رچاون.

كۆریای باشوور له‌و هه‌‌وڵانه‌‌یدا تا بڵێی سه‌ركه‌وتوو بوو. ئێستا ئه‌و ووڵاته‌ به‌رهه‌می ئه‌و هه‌وڵه‌یان له‌ گشت بوارێكدا ده‌بینن. له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و له‌گه‌ڵ ئابووریی ووڵاته‌‌ زلهێزه‌كاندا پێشبڕكێ ده‌كه‌ن. بێ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی سروشتیی دیاریان‌ هه‌بێت، زانا، ئه‌‌ندازیار، تایبه‌تمه‌ند و شاره‌زای كۆریای باشوور؛ خزمه‌تی ووڵاتی خۆیان و مرۆڤایه‌‌تی ده‌كه‌ن. له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ووڵاته‌كه‌یاندا دواى جه‌نگ و نه‌بوونی، ڕۆڵی سه‌‌ره‌‌كییان گێڕا تا گه‌یشته‌ ئاستی گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنی ئه‌مڕۆ.

له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌م ڕاستییه‌؛ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان گرنگییه‌كى تایبه‌تى به‌ بوارى په‌روه‌رده‌ و فێركردن داوه‌ و ده‌دات. هه‌روه‌ها هه‌‌میشه‌ به‌شێكى فراوانى له‌ بایه‌خ و گرنگیدانى خۆى بۆ ئه‌و بواره‌ ته‌رخان كردووه‌ و به‌رده‌وامیش كار له‌سه‌ر گۆڕین و نوێنكردنه‌وه‌‌ى سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ و خوێندن و فێركردن كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ سیسته‌‌مێكى مۆدرێن و ها‌وتاى ستاندارد و سیسته‌مى ووڵاتانى پێشكه‌وتووى جيها‌ن.

یه‌كێك له‌ ستوونه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى پێشخستنى هه‌ر سیسته‌مێكى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، پێشخستنى ئاستى ئه‌كادیمى و زانستى و پیشه‌یى مامۆستایانه‌، بۆیه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ بایه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌م خاڵه‌ ده‌ڕوانێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ هه‌و‌ڵى به‌‌رده‌‌وامدایه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ى كردنه‌وه‌ى خولى تایبه‌ته‌وه‌، به‌پێى ستاندارده‌ جیهانییه‌كان ئاستى زانستیى مامۆستایان به‌ره‌وپێش ببات و سوود له‌ تازه‌ترین و دوایین ڕێگه‌ و شێوازه‌كانى وانه‌گوتنه‌وه‌ و چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قوتابیان وه‌‌ربگرێت؛ كه‌‌ به‌‌ لاى ئێمه‌‌وه‌‌ بابه‌‌تێكى هه‌تا بڵێى گرنگه‌‌ كه‌‌ له‌‌ شێوه‌‌ى مامه‌‌ڵه‌‌كردن له‌‌گه‌‌ڵ قوتابیان بتوانین زیاتر فێر بین و له‌‌ جیها‌نى ده‌‌ره‌‌وه‌‌ فێرى ئه‌‌وه‌‌ ببین. هه‌ر له‌م چوارچێویه‌دا چوار په‌یمانگاى تازه‌‌ى مامۆستایان له‌هه‌رێمى كوردستان كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ پێى پێوه‌ره‌ هه‌ره‌ تازه‌كان؛ مامۆستایان ئاماده‌ ده‌كات بۆ ئه‌‌وه‌‌ى ئه‌‌ركى خۆیان به‌‌ باشى به‌‌جێ بگه‌‌یه‌‌نن.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

گه‌نجان ڕێژه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌ى دانیشتوانى هه‌رێمى كوردستان پێكده‌هێنن كه‌ له‌ زۆر بوارى جیاجیادا ده‌خوێنن و بڕوانامه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنن، به‌ڵام هێشتا له‌ زۆر بواردا، به‌‌تایبه‌‌تیش له‌ بوارى پیشه‌گه‌ریى زۆر ساده‌دا، پشت به‌ شاره‌زا و پسپۆڕى بیانى ده‌‌به‌‌ستین. بێگومان ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كى ته‌ندروست نیه‌ و واى كردووه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی هه‌زاران ده‌‌رفه‌‌تى كار له‌ هه‌رێمى كوردستان؛ ها‌نا به‌رین بۆ خه‌ڵكى به‌توانا و شاره‌زا له‌ ده‌ره‌وی هه‌رێمى كوردستانه‌‌وه‌‌. بۆیه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سێ كۆمه‌ڵگه‌ى پیشه‌سازیى زۆر سه‌‌رده‌‌میانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تیایاندا به‌ هه‌‌زاران گه‌نجى كوردستان كار و پیشه‌ى جیاجیا فێر ده‌‌بن و به‌شدارییه‌كى كارا له‌ بنیاتنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ووڵاته‌كه‌ییاندا ده‌‌كه‌ن.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى په‌ره‌پێدان و پێشخستنى بوارى په‌روه‌ده‌ و فێركردن، حكوومه‌تى هه‌رێم پرۆژه‌ى بنیاتنانى (500) قوتابخانه‌ و (250) باخچه‌ى ساوایان جێبه‌جێ ده‌كات، كه‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كى مۆدێرن و سه‌رده‌میانه‌ له‌خۆى ده‌‌گرێت و وه‌‌رچه‌‌رخانێكى گه‌وره‌ له‌ بوارى بیناسازیى قوتابخانه‌ و باخچه‌ى ساوایان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا ده‌كات. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كه‌ بودجه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌ى پێویسته‌، ئێستا له‌ ڕێگه‌ى وه‌‌زاره‌تى په‌روه‌ده‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تى دروستكردنى قوتابخانه‌ و باخچه‌ى ساوایان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا.

جێى خۆیه‌‌تى هه‌ر لێره‌‌وه‌‌ سوپاسێكى تایبه‌‌تى وه‌‌زیرى سامانه‌‌ سروشتییه‌‌كان به‌‌ڕێز د. ئاشتى هه‌ورامى و تیمى خۆى له‌‌ وه‌‌زاره‌‌ت بكه‌‌م بۆ ئه‌‌وه‌‌ى كه‌‌ ده‌‌سپێشخه‌‌رییان كرد‌ بۆ‌ ته‌‌رخانكردنى ئه‌‌م بودجه‌‌یه‌‌ بۆ ئاواكردنى ئه‌‌م قوتابخانانه‌‌. سوپاسیان ده‌‌كه‌‌ین.

به‌ڕێزان ئێستا ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای گه‌شتێكی نوێداین بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی كوردستان بۆ ماوه‌ی كورت و درێژخایه‌ن. په‌روه‌ده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێ به‌ شه‌و و ڕۆژێك ئه‌نجام نادرێت. حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌ك هه‌ر حكوومه‌تێكی دیكه‌، په‌روه‌رده‌ و فێركردن وه‌ك وه‌‌ربه‌‌رهێنان ده‌بینێت. مه‌سره‌ف و خه‌رجیی ئێستا؛ ئاراسته‌ و ئاستی گه‌شه‌ی ئاینده‌مان دیار ده‌كات. به‌رهه‌می هه‌وڵ و كۆششی هه‌‌نووكه‌ی ئێوه‌ ده‌بێته‌ به‌ردی بناغه‌ی گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌وه‌ی نوێمان.

په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌یه‌كی وه‌ك ئێوه‌ ئه‌مساڵ؛ واتا چاندنی تۆوی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری و ده‌روونیی كوردستان له‌ ئاینده‌یه‌‌كی نزیك و دووردا. من گه‌لێك گه‌‌شبینم به‌رامبه‌ر به‌‌ به‌شداریی ئێوه‌ و هاوڕێيانى ئێوه‌ بۆ چه‌سپاندنی جێی شیاوی كوردستان له‌ بواری خوێندن و گه‌یاندنی زانست و زانیاری به‌ خه‌ڵكی ئه‌م ووڵاته‌.

حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و ڕاستییه‌تان لێ نه‌شارمه‌وه‌ كه‌ یه‌ك دوو نه‌وه‌ پێش ئێوه‌؛ خواستی به‌‌رزیان هه‌بوو بۆ ئه‌‌وه‌‌ى خۆێندن ته‌واو بكه‌ن. ژیانێكی ئاسووده‌ بۆ خۆیان و خێزانه‌‌كانیان دابین بكه‌‌ن. به‌داخه‌وه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵكی كوردستان هه‌وڵيان ده‌دا منداڵه‌كانیان له‌ نه‌‌خۆشی، مردن، كوشتن و ئاواره‌یی ڕزگار بكه‌ن. شه‌ڕ و نه‌هامه‌‌تى، هه‌ڵاتن و پێشمه‌‌رگایه‌‌تی ڕێی نه‌دان خه‌ونیان به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌‌نن.

خۆشبه‌ختانه‌ گۆڕانكاریی ئیجابیی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دووایی؛ هه‌ڵومه‌رجی ژیانی خه‌ڵكی كوردستانی به‌ره‌‌و ئاسۆیه‌كی گه‌شتر بردووه‌‌. ئێمه‌ ده‌بینین دایكوباوكی نه‌وه‌ی نوێ جه‌خت له‌سه‌ر دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی باشتر و گه‌شتر ده‌كه‌ن بۆ منداڵه‌كانیان. ئێمه‌ ده‌ستخۆشییان لێ ده‌‌كه‌ین، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ پلان و بیركردنه‌وانه‌‌؛ له‌ قازانجی گه‌وه‌ری ئاینده‌ی ووڵاته‌‌كه‌‌ماندایه‌.

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هه‌موومان به‌ هه‌مان ئاراسته‌دا كار بكه‌ین و بۆ هه‌مان مه‌به‌ستی گشتی، ئه‌مڕۆ هه‌نگاوێكى بنیادنه‌رانه‌ ده‌نێین به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ هه‌موومان. سه‌ركه‌وتنی هه‌ر یه‌‌كێك له‌ ئێوه‌ له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و فێركردن و خوێندن، سه‌ركه‌وتنی هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌‌یه‌.

له‌ ‌كۆتایى قسه‌‌كانمدا ده‌‌مه‌‌وێ باس له‌‌وه‌‌ بكه‌‌م كه‌‌ ئه‌‌و به‌‌ڕێزه‌‌ى له‌‌ جیاتى قوتابیان قسه‌‌ى كرد، خۆشحاڵى كردم و‌ زۆرم پێ خۆش بوو به‌‌وه‌‌ى ئاماژه‌‌ى به‌‌ دوو شت دا، یه‌‌كه‌‌میان: باسى كوردانى ئاواره‌‌ى سووریاى كرد. هيوا‌دارین وه‌‌ك ئه‌‌وه‌‌ى ئه‌‌مڕۆ ده‌‌بینین هاتووین بۆ ڕێزگرتن له‌‌ قوتابیان، له‌‌ داهاتوویه‌‌كى نزیكدا ئه‌‌وه‌‌ش ببینین كه‌‌ ڕه‌‌وشى ئه‌‌و ووڵاته‌‌ به‌‌ شێوه‌‌یه‌‌كى وا بڕوات كه‌‌ بتوانن ده‌‌رفه‌‌تى باشى خوێندنیان بۆ بڕه‌‌خسیت. هه‌روه‌ها هيوادارم ئێمه‌‌ش له‌‌ كوردستان سنگمان فراوان بێت، چونكه‌‌ ئه‌‌مانه‌‌ كه‌‌س و برا و ئازیزى ئێمه‌‌ن و لێیان قه‌‌وماوه‌. له‌‌ هه‌ر شوێنێك هه‌‌ن؛ هیوادارم یارمه‌‌تییان بده‌‌ن و خزمه‌‌تیان بكه‌‌ن.

دووه‌‌م، له‌‌گه‌‌ڵ به‌‌ڕێزان عیماد ئه‌‌حمه‌‌د جێگرى سه‌‌رۆكى حكوومه‌‌ت و وه‌‌زیرى سامانه‌‌ سروشتییه‌‌كان باسم كرد، پشتگیرى له‌‌ داواكاریى قوتابیانى ئازیز ده‌‌كه‌‌م بۆ ئه‌‌وه‌‌ى بورسى خوێندن بۆ یه‌‌كه‌‌مه‌‌كان دابین بكه‌‌ین و بتاننێرینه‌‌ ده‌‌ره‌‌وه‌‌ بۆ ئه‌‌وه‌‌ى خوێندتان له‌‌ ده‌‌ره‌‌وه‌‌ ته‌‌واو بكه‌‌ن و بگه‌‌ڕێنه‌‌وه‌‌ و خزمه‌‌تێكى زۆرترى خه‌‌ڵكى كوردستان بكه‌‌ن. پیرۆزبایى له‌‌ ئێوه‌‌ و دایكوباوك و كه‌‌سوكارتان ده‌‌كه‌‌م.

به‌ هیوای پاشه‌ڕۆژێكی گه‌شتر بۆ ئێوه‌ و بۆ هه‌موو گه‌لی كوردستان. پیرۆزباییتان لێ ده‌‌كه‌‌م، به‌‌خێر بێن، به‌‌سه‌‌ر چاو. زۆر سوپاس.
Top