توركیا..پەروەردە بە زمانی زگماكی لە قۆتابخانە تایبەتییەكاندا سەربەستە

توركیا..پەروەردە بە زمانی زگماكی لە قۆتابخانە تایبەتییەكاندا سەربەستە
26 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- لە توركیا داواكاری گەلی كورد بۆ پەروەردە بە زمانی زگماكی رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە زیاد بوون كردبوو و بە تایبەتی لەگەڵ دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەریدا ئەم داواكارییانە پەرەیان سەندبوو و دەوڵەتیش ناچار بوو كە وەڵامی ئەم داواكارییانە بداتەوە.

لەم بارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر بڵاوی كردووەتەوە كە وەكو هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ پشتگیری كردن لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا، دەوڵەتی توركیا بریاری داوە كە لەمەو بەدواوە قۆتابخانە ئەهلی و تایبەتییەكان سەربەستن و دەتوانن دەست بە پەروەردە بە زمانی زگماكی بكەن.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە وەزیری پەروەردەی توركیا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەم هەنگاوە هەنگاوێكی سەرەتاییە و بەمجۆرە دەوڵەت دەیەوێ زەمینە بۆ دەست پێكردنی پەروەردە بە زمانی زگماكی لە نێو قۆتابخانە دەوڵەتییەكاندا خۆش بكات و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا لە قۆتابخانە دەوڵەتییەكانیشدا پەروەردە بە زمانی زگماكی بۆ زمانی كوردی، كەركەزی، عەرەبی و بوشناكی دەست پێ دەكات.
Top