یەكەمین زانكۆی كوردی لە دیاربەكر كرایەوە

یەكەمین زانكۆی كوردی لە دیاربەكر كرایەوە
1 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- دوای قەبوڵكردنی داواكاری دەستەی سەرۆكایەتی وەقفی میزوپوتامیا بۆ دامەزراندنی رەسمی ئەم وەقفە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی توركیاوە رۆژی هەینیش بە رەسمی یەكەمین زانكۆی كوردی لە دیاربەكر لە لایەن وەقفی ناوبراوەوە دامەزرا.

لەم بارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر بڵاوی كردۆەتەوە كە دوابەدوای بڵاو كردنەوەی دامەزراندنی وەقفی میزوپوتامیا لە رۆژنامەی رەسمی توركیادا، دەستەی دامەزرێنەری ئەم وەقفە دەستی بە كارەكانی دامەزراندنی یەكەمین زانكۆی كوردی لە دیاربەكر كرد و دوای هەوڵدانێكی زۆر رۆژی هەینی ئەم زانكۆیە بە رەسمی دەستی بە كارەكانی كرد.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم زانكۆیە یەكەمین زانكۆی كوردییە لە توركیا و هەر هەمووی قۆناغەكانی پەروەردە لەم زانكۆیەدا بە زمانی كوردی دەبێت.

بریارە ئەم زانكۆیە سەرەتا بە زمانی كوردی و دواتر بە زمانەكانی توركی، ئەرمەنی و سوریانیش قوتابییەكانی خۆی پەروەردە بكات.

لەم بارەیەوە سەرۆكی دەستەی دامەزرێنەر دكتور سەلیم ئولچەر باسی ئەوەی كردووە كە ناوی زانكۆکە ئامەدە و ژمارەی ئەندامانی دامەزرێنەری ئەم زانكۆیەش 200 كەسایەتی جیاجیای كوردن.
Top