داكۆكى له‌سه‌ر باشتركردنى به‌رنامه‌ى تواناسازى كرايه‌وه‌.

داكۆكى له‌سه‌ر باشتركردنى به‌رنامه‌ى تواناسازى كرايه‌وه‌.
13ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌ سه‌رۆكايه‌تيى نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى عيماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران، كۆبوونه‌وه‌ى ئاسايى ليژنه‌ى باڵاى به‌رنامه‌ى تواناسازى ساز كرا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ئه‌و كانديدانه‌ى كه‌ پێشتر ناويان له‌ به‌رنامه‌ى تواناسازى بۆ خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌رچووه‌ و تا ئێستا نه‌يانتوانيوه ده‌ست به‌ خوێندن بكه‌ن تاتوێ كرا و چۆنيه‌تيى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌يه‌ خرايه‌ به‌ر باس.
له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنيه‌تيى به‌ڕێوه‌چوونى كاروبارى كانديده‌كانى ئه‌م خوله‌ى به‌رنامه‌ى تواناسازى و باشتركردنى كاره‌كان كرا و داواش له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و پلاندانان كرا كه‌ به‌ زووترين كات كارى پێويست بۆ ڕاگه‌ياندنى خولى تازه‌ى به‌رنامه‌ى تواناسازى بكرێت، به‌ پێى ئه‌و مه‌رج و ڕێنماييانه‌ى كه‌ بۆ وه‌رگرتن ديارى كراون.
دوايين ته‌وه‌رى كۆبوونه‌وه‌ى ليژنه‌ى باڵاى به‌رنامه‌ى تواناسازى، گفتوگۆ و تاوتوێكردنى ئه‌و كه‌موكوڕيانه‌ بوو كه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌دا هه‌ن و داكۆكى له‌سه‌ر باشتركردنى به‌رنامه‌كه‌‌ له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و كه‌موكوڕييه‌كان كرايه‌وه‌، به‌ تايبه‌تيش له‌ بوارى ده‌ستنيشانكردن و وه‌رگرتنى كانديده‌كاندا كه‌ ده‌بێت به‌ پێى ڕێنمايى و پێداويستييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بێت و گرنگى به‌و بوارانه‌ى خوێندن بدرێت كه‌ بۆ ئه‌مڕۆ و داهاتووى كوردستان و زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان پێويستن.
Top