قوتابیانى ئێواران لە کرێى خوێندن دەبەخشرێن
لەو کۆنگرە رۆژنامەیەدا کە بەئامادەبوونى ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و راوێژکارانى وەزیرى خوێندنى باڵا بەرێوەچوو، وەزیرى خوێندنى باڵا راگەیاند: دوا بەدواى وەرگرتنى رەزامەندى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەفرمانى وەزارى بڕیاریدا کرێى ساڵانەى خوێندن لە خوێندکاران و قوتابیان ئێواران بۆ ساڵى نوێى خوێندن و ساڵانى دواتر وەرنەگرێت، بەوەش کێشەى خوێندکاران و قوتابیان بەشێوەیەکى بنەڕەتى چارەسەر کرا.
وەک وەزیرى خوێندنى باڵا ئاشکراى کرد بڕیارەکە سێ بڕگەى لە خۆگرتوە ئەوانیش بریتین لە:
1. بەخشینى سەرجەم ئەو قوتابی و خوێندکارانەى کە لە رێگەى ناوەندى وەرگرتنى قوتابیانەوە وەردەگیرێن لە زانکۆ و دەستە تەکنیەکیەکانى هەرێمى کورستان لە خوێندنى ( ئێواران) لە کرێى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (2012-2013) و بەدواوە.
2. قوتابیان و خوێندکارانى ئاماژە پێدراوى سەرەوە دەرماڵەى تایبەت بەقوتابى و خوێندکارانیان پێبدرێت.
3. ئەوانەش کە بەمەبەستى خوێندن ڕوو لە شارەکانى تر دەکەن لە بەشە ناوخۆییەکانى زانکۆ و پەیمانگەکانى کوردستان نیشتەجێ بکرێن.
4. ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکرێت لە رۆژى دەرچوونیەوە.
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەیەدا د.عەلى سەعید ئاماژەى بەوەشدا ئەو خوێندکارو قوتابیانەى کە ئێستا لە کۆلێژو پەیمانگەکانى ئێواران لەسەرانسەرى کوردستان دەخوێنن، ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە.
سەبارەت بەو خوێندکارو قوتابیانەى کە لە ساڵانى رابردوو کرێى خوێندنیان بەتەواوەتى نەداوە کە وەک لە زانکۆى سەڵاحەددین ساڵى پار لە هەندێک خوێندکارو قوتابى (250) هەزار دینار وەرگیراوەو لە بەشێکى دیکەشیان (450) هەزار دینار وەرگیراوە، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە وەڵامى پرسیارى پەیامنێراندا راگەیاند: \" بەپێیى رێنماییە داراییەکان پێویستە ئەو قوتابى و خوێندکارانە تەواوى پارەکە بدەن\"" واتا ئەوانەى کە (250) هەزار دیناریان داوە، دەبێت (200) هەزار دینارى دیکەش بدەن."