لە 2008ـەوە ڕێژەی مامۆستایان لە ڕێژەی خوێندكاران زیاتر بووە

لە 2008ـەوە ڕێژەی مامۆستایان لە ڕێژەی خوێندكاران زیاتر بووە
1 ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)– لە شەش ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی مامۆستایان لە خوێندنی باڵا، لە ڕێژەی خوێندكاران زیاتر بووە. هاوكات بۆ (2012) حكوومەتی هەرێم بڕی (169) ملیار دیناری بۆ دروستكردنی زانكۆ تەرخان كردووە. لە لایەكی دیكەیشەوە، سەبارەت بە سێكتەری كشتوكاڵیش لە شەش ساڵی ڕابردوودا ڕووبەری زەویی بەراو لە (614) هەزار دۆنمەوە بووە بە (710) هەزار دۆنم.

سێكتەری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
لە هەرێمی كوردستاندا، خەرجیی بەكاربردنی سێكتەری خوێندنی باڵا بە ڕێژەی (171%) و خەرجیی وەبەرهێنانیش بە ڕێژەی (45%) زیادی كردووە. هاوكات حكوومەتی هەرێم بڕی (169) ملیار دیناری بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان و دروستكردنی زانكۆی نوێ تەرخان كردووە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە وێنەیەكی دەست “هەولێر” كەوتووە، ژمارەی زانكۆ حكوومییەكان بە ڕێژەی (100%) زیادی كردووە و ژمارەیان لە (5) زانكۆوە بووە بە (10) زانكۆ.

هاوكات ژمارەی بەشە زانستییەكان بە ڕێژەی (33%) زیادی كردووە، بەڵام ژمارەی كۆلێژەكان بە ڕێژەی (17%) كەمی كردووە. ئەوەیش بە قسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بۆ تێكەڵكردنی چەند كۆلێژ لەناو یەك فەكەڵتیدا، دەگەڕێتەوە.

لەگەڵ ئەوەیش ژمارەی پەیمانگەكانی هەرێم بە ڕێژەی (50%) زیادی كردووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئامارەكانی نێوان ساڵەكانی (2006) بۆ (2012) ئاشكرای دەكەن، كە ڕێژەی خوێندكارانی زانكۆ حكوومییەكان بە ڕێژەی (36%) زیادی كردووە، كەچی ڕێژەی مامۆستایان بە ڕێژەی (105%) زیاد بووە، ئەوەیش مانای زۆرتربوونی ڕێژەی مامۆستایان لە ڕێژەی خوێندكاران، دەگەیەنێت.

هاوكات بڕی (305) ملیۆن دۆلاریش بۆ كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی تەرخان كراوە، كە لە قۆناغی تەواوبووندایە، ئەمەیش وێڕای پڕۆژە بەردەوامەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە “هەولێر” و “گەرمیان” و “سۆران” و “ڕاپەڕین” و “هەڵەبجە”ـیە، كە ساڵانە بودجەی تەرخانكراوی ساڵانەیان پێویستە. لە لایەكی دیكەیشەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە (2012)تدا وەكوو قۆناغی یەكەم بڕی (200) ملیۆن دۆلاری تەرخان كردووە. پێویستە بگوترێت كە كەمپی زانكۆی سەڵاحەددین یەك ملیار دۆلاری پێویستە.

سێكتەری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
كەرتی كشتوكاڵ لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا گەشەی بەرچاوی بەخۆوە دیوە، خەرجیی وەبەرهێنان بە ڕێژەی (125%) زیادی كردووە، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێكردنی دەیان پڕۆژەی كشتوكاڵی و ئاودێری لە هەرێمی كوردستان و پێدانی خانووی پلاستیكی و دابەشكردنی تۆو و هەندێك پێداویستیی تری كشتوكاڵی، تەنیا لە ساڵی (2012)ـدا بڕی (202) ملیار دینار بۆ وەبەرهێنان لە سێكتەری كشتوكاڵدا تەرخان كراوە، بۆ نموونە: “بەرهەمی گەنم لە ساڵێكدا لە (300) هەزار تۆنەوە بووە بە (500) هەزار تۆن، بەرهەمی سەوزە لە ساڵێكدا لە (250) هەزار تۆنەوە بووە بە (408) هەزار تۆن، بەرهەمی پەتاتە لە ساڵێكدا لە یەك هەزار تۆنەوە بووە بە (63) هەزار تۆن و بەرهەمی میوە لە (55) هەزار تۆنەوە بووە (60) هەزار تۆن لە ساڵێكدا، بەرهەمی گۆشتی مریشك لە (26) هەزار تۆنەوە بووە بە (55) هەزار تۆن لەساڵێكدا و هاوكات بەرهەمی هێلكە لە (26) ملیۆنەوە بووە بە (430) ملیۆن هێلكە لە ساڵیكدا.”

هاوكات لە لایەكی دیكەیشەوە، لە نێوان ساڵەكانی (2008) بۆ (2012) ڕووبەری زەویی بەراو لە (614) هەزار دۆنمەوە بووە بە (710) هەزار دۆنم.

بـــه‌ كــورتــــی

ژ 2006 2012 ڕێژە

1 -ژمارەی زانكۆ حكوومییەكان 5 10 100
2ژمارەی كۆلێجەكانی زانكۆحكوومیی70 58 -17
3ژمارەی بەشە زانستیەكان لە زانك225 300 33
4 -ژمارەی پەیمانگەكان 16 24 50
5ژمارەی بەشە زانستیەكان لەپەیمانگەكان 103 174
Top