رەهەندە ونەكانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی پۆمپیۆ بۆ بارزانی

رەهەندە ونەكانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی پۆمپیۆ بۆ بارزانی
محەمەد حەسەنێن هەیكەل، بیرمەند و رۆژنامەنووسی بەناوبانگی میسری دەڵێت: «كاتێك وتووێژ لە نێوان میسر و ئەمریكا بۆ پرۆسەی ئاشتی لە نێوان میسر و ئیسڕائیل دەستی پێكرد، رۆژێكیان بە ئەنوەر ساداتی سەرۆكی میسرم گوت: بۆ لەگەڵ هینری كیسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتووێژ دەكەیت و داواناكەیت راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا بێت؟ سادات پێشنیارەكەی پەسەندكردم و داواكرا كە لە بری كیسنجەر راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا وتووێژ بكرێت، بەڵام كیسنجەر بەو شێوەیە وەڵامی داینەوە، مانای وەزیری دەرەوە لە ئەمریكا، واتە سەرۆكی دیپلۆماتیەتی ئەمریكا، بۆیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا هاوشانی سەرۆكی ئەمریكایە.»
ئەگەر بۆ هەفتاكانی سەدەی رابردوو بگەڕێینەوە كە ئەمریكا شانازی بە دامەزاروەییەوە دەكردو سەرۆك هەموو دەسەڵاتێكی لە دەستنیشانكردنی وەزیری دەرەوە نەبووبێت، ئەوجا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە وەڵامی سەرۆكی گەورەترین و كاریگەرترین وڵاتی عەرەبی بڵێت: من لە پەیوەندییە دیپلۆماتییەكاندا هاوشانی سەرۆكم، ئەوا بۆ ئێستای ئەمریكا كە دۆناڵد ترەمپ خۆی جێگەی هەموو دامەزراوەكانی ئەمریكای گرتۆتەوە و بە تویتێك تیلێرسۆن لادەبات و بە تویتێكیش پۆمپیۆ دادەنێت، ئایا لەم سیستمە تازەیەی ئیدارەی ئێستای ترەمپدا، بەبێ ئاگاداری و رەزامەندی سەرۆك ترەمپ، وەزیری دەرەوە دەتوانێت تەلەفۆن بۆ وەزیری دەرەوە، یان هیچ سەرۆك دەوڵەتێك بكات؟ بێگومان نەخێر..
پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە: ئایا لە نەریتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، پەیوەندیی راستەوخۆی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە نوێنەرایەتی سەرۆكی ئەمریكا دەكات، چ مانایەكی هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە نموونەی دیكە دەدەینەوە. دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی هەڵبژاردنەكانی بردەوە و هێشتا تەنیا سەرۆكی هەڵبژێردراو بوو، واتە نەچووبووە نێو كۆشكی سپی و هەر لە باڵەخانەكەی خۆیەوە تەلەفۆنێكی بۆ سەرۆكی تایوان كرد، سەرۆكی چین بە فەرمی ناڕەزایی دەربڕی و رایگەیاند ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە مانای ئەوەیە ئەمریكا بەنیازە دان بە تایواندا بنێت و لە چینی جیا بكاتەوە.
بەهەرحاڵ ئەگەر بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا بمابایە، ئەوا لەوانە بوو بڵێین، ئەمە شتێكی ئاساییە و وەك سەرۆكی تایوان و تەلەفۆن بۆ پۆستەكەی كراوە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا وەك واقیع بوونی هەیە، بارزانی هیچ پۆستێكی فەرمیی دەوڵەتی نییە، هەروەها خەریكی دامەزراندنەوەی بارەگای بارزانی-یە، واتە بێجگە لە ناوی بارزانی هیچ پلە و پایە و ناونیشانێكی دیكەی نییە، بۆیە ئەو پرسیارە دێتەئاراوە: ئایا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە چ سیفەتێك راستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ بارزانی كردووە؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە كە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە واتە دانپێدانانە بە پێگە و شكۆی بارزانی، نەك تەنیا لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان، یان عێراقدا، بەڵكو لە كۆی ئەو پرۆسە سیاسییەی كە ئەمریكا دەیەوێت لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێی بكات. كە دەكرێت بە چەند خاڵێك ئاماژەیان پێ بكەین:
1- ئەم تەلەفۆنەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مانای ئەوەیە بارزانی هەر پلەو پۆستێكی هەبێت، یان نەبێت، هەر «بارزانی»یەو بەبێ ئەو كێشەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە چارەسەر ناكرێت، وەك پڕۆفیسۆر كینس پۆلاكیش لە كاتی ناساندنی بارزانی لە كۆڕەكەیدا گوتی: «بۆ ئەوانەی بارزانی ناناسن، بارزانی پێشمەرگەیە و بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك پاریس وایە بۆ فەڕەنسا.»
2- ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی پۆمپیۆ وەك ئەو كۆمێنتە وایە كە باراك ئۆباما لە ساڵی 2014 لەسەر كتێبی لی كوان یۆی سەرۆكی پێشووی سەنگافورا بە ناونیشانی (بۆچوونی پیاوێك لەسەر جیهان) نووسیبووی، كە بەمجۆرە بوو: «تۆ ئەگەر لی كوان یۆی-ت خۆش بوێت، یان رقت لێ بێت، ناچاری ئەم كتێبە بخوێنێتەوە و سوود لە بۆچوونەكانی وەربگریت..» ئەو كاتەی ئۆباما ئەم دێرانەی لەسەر ئەو كتێبە نووسیبوو، لی كوان یۆ، دەمێك ساڵ بوو پۆستی سەرۆكی سەنگافورای بەجێهێشتبوو، بەڵام لۆژیكی لی كوان یۆ لە پرۆسەی دەوڵەتداری وایكرد كە دوای ئەوەی لە پۆستی سەرۆكیش نەما، جیهان هەر پێویستی بە فیكر و بۆچوونەكانی بێت، بۆیە لەم بازنەیەدا راستە بارزانی ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام بە بێ لۆژیك و سیاسەتەكانی بارزانی، پرۆسەی سیاسی لە ناوچەكە رادەوەستێت، هەر بۆ نموونە ئێستا لایەنی كوردستانی دەتوانێت هەر یەك لەو دوو میحوەرەی بە (ئێرانی و ئەمریكی) ناسراون، بە لایەكدا ساخ بكاتەوە، ئەوجا بەهەر لایەكدا بێت، ئەوا پارسەنگی سیاسەتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دەگۆڕێت و لەوانەیە كارەساتێك بە دوای خۆیدا بێنێت، بەڵام كاتێك لە ژێر سەرپەرشتیی لۆژیك و سیاسەتی بارزانی-دا، شاندی هاوبەشی كوردستانی بە یەك دووری لە هەردوو میحوەرەكە رادەوەستێت و لەمەش زیاتر هەتا ئەگەر پشتگیری میحوەرێكیش بكات، ئەوا لەسەر بنەمای بەرنامەی حكومەتەكە و بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان پشتگیری دەكات و، هەر كاتێك ئەم حكومەتە پشتی لە بەرنامەكانی خۆی كرد و خۆی بەلایەكدا ساخكردەوە، ئەوا لایەنی كوردستانی خۆی ناخاتە كێشەوە و لەو حكومەتە دەكشێتەوە و حكومەتەكەش بە ئاسانی دەڕووخێت، بۆیە ئەم باڵانسەی لۆژیك و سیاسەتی بارزانی خەریكە لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا دروستی دەكات، وایكردووە هەردوو میحوەرەكە بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ بارزانی و هەرێمی كوردستاندا بكەن.
3- لۆژیكی بارزانی وایكردووە، ئێستا لایەنەكانی عەرەبی سوننە وەك پێشتر تەنیا بیر لە پلە و پۆست نەكەنەوە و داوای بونیادنانەوەی كۆڵەگە سەرەكییەكانی دەوڵەت بكەن، بۆیە دروستبوونی ئەم قەناعەتە لای سیاسییەكانی عەرەبی سوننە وایكردووە دەستەبژێری سیاسیی شیعە لە هەردوو میحوەرەكە رووبەڕووی ئیحراجییەكی گەورە ببنەوە، ئەمەش گرنگترین بنەمایە بۆ رێگرتن لە شەڕی كورد و عەرەب، هەروەها رێگرتن لە شەڕی مەزهەبیی نێوان شیعە و سوننە، لەم حاڵەتەدا كە ئەمریكا مەبەستێتی لە تەنگژەی پرۆسەی سیاسیی عێراق رزگاری بێت و بەرژەوەندیی ئێرانیش لەوەدایە لەم كاتەدا سەقامگیرییەكی پتەو لە عێراقدا بێتەئاراوە، ئەوا بێجگە لەو نەخشەڕێگایەی لۆژیكی بارزانی دایڕشتووە، بەدیلێكی دیكە نییە.
ئەم ئەزموونە چەند مانگییەی بارزانی كە خۆی رێگەی نەدا زیاتر لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بمێنێتەوە، وەڵامێكی بەرزە بۆ ئەوانەی لێی تێدەگەن، هاوكات پێمان دەڵێت: بارزانی لە هەر كوێیەك بێت، هەموو رێگەكان دەچنەوە ئەوێ، هەروەك چۆن لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی داعشدا كە بارزانی لە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە بوو، سەنگەرەكانی پێشمەرگە ببوونە كۆشكی سەرۆكایەتی و كەس رووی لە كۆشكی سەرۆكایەتیی هەرێم نەدەكرد.
Top