كرێكار و كارمەندانی بیانی تاچەند لە ژێر چاودێری دەزگاكانی ئاسایش و تەندروستی كوردستاندان؟
September 10, 2015
راپۆرتەکان
عەمید یادگار ئەنوەر بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای هەولێر: پێویستە كۆمپانیا و هاووڵاتیان لە كاتی هێنانی كرێكار و كارمەندی بیانی پابەندی رێنماییەكانی ئیقامە بن
پشكنینی تەندروستی بۆ كارمەند و كرێكارە بیانییەكان
خاڵێكی تری گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە بیانییانەی دێنە هەرێمی كوردستان بۆ هەر مەبەستێكی تەندروستی، یا كاركردن و بیزنس بێت، دەبێت سەرەتا رەزامەندی دەزگاكانی ئاسایشی هەبێت، لە ژێر كۆنتڕۆڵی دەزگاكانی ئیقامە كارەكانیان بۆ ئەنجام بدرێت، دواتر پشكنینی تەندروستی بۆ بكرێت، لەم رووەوە بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای هەولێر وتی: «وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەڵساون بە پۆلێنكردنەوە و رێكخستنەوەی ئیش و كارەكانی ئەو خەڵكانەی كە دێنە هەرێمی كوردستان و داوای مانەوە دەكەن كە جگە لە كەفالەت و دیاریكردنی جێگە و شوێنیان لێكۆڵینەوە لەو مەبەستەش دەكرێت كە لە پێناویدا هاتووە، تاوەكو لە رووی ئەمنی و كۆنتڕۆڵكردنی دەزگاكانی ئیقامەدا بن و كەسێك نەبن كە تۆمەتی لەسەر بێت، هەروەها پشكنینی تەندروستیشیان لە تاقیگەی ناوەندی بۆ دەكرێت، تاوەكو بزانین ئەو كەسە لە رووی تەندروستییەوە كەسێكە ساخ و سەلامەتە و هەڵگری نەخۆشی گوازراوە نییە، لەمەشدا بۆ ئەو كرێكارە بیانییانەی كە لەمیوانخانە و چێشتخانەكاندا كاردەكەن، رێنمایی توند دەگرینەبەر، ئەو كات ئیقامەكەی پێ دەدەین. رۆژانە تووشی ئەو حاڵەتانە دەبین و خەڵكێكی زۆرمان ناردۆتەوە كە نەخۆشی ئایدز و جگەریان هەبووە. داواكاریشم هەر كۆمپانیا و كەسێك كە كەسێكی بیانی كاری لا دەكات، كەمتەرخەمی نەكات بەپێچەوانەوە هەر بیانییەك مامەڵە یاساییەكانی رەسمی نەبێت و كەموكورتی تێدا بێت، غەرامەی دەكەین یا دیپۆرتی دەكەینەوە، داواكاریشم كەس یارمەتی كەسانێك نەدات كە بە نایاسایی هاتوون، واتە لە ڕێگەی قاچاخ، ئێمە فەرمانگەكەمان بۆ ئەوە كراوە كە یارمەتی خەڵكی بكات و كارئاسانییان بۆ بكات، تەنانەت ئامادەییمان هەیە هەر كرێكارێكی بیانی گرفت و كێشەیان هەبێت، كارئاسانیان بۆ دەكەین، كێشە كۆمەڵایەتییەكانیش رووبەڕووی دادگای دەكەینەوە.
پێوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێر لەگەڵ پۆلیسی ئینتەرپۆلی نێودەوڵەتی
یەكێك لەو مەترسییانەی كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە لە واڵاكردنی سنوورەكانی هەرێمە بە رووی گەشتیاران و بازرگان و خەڵكی بیانییەوە كە هەندێكجار رەنگە كەسی داواكراو، یاخود تۆمەتبار رووبكەنە هەرێمی كوردستان، یا بە سنوورەكانماندا تێپەڕ بن، بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای هەولێر پێیوا بوو زەحمەتە بتوانرێت لە دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكاندا ئەو جۆرە كەسانە تێپەڕ بن لەمبارەیەوە وتی: «پێوەندییەكی توندوتۆڵ لە نێوان پۆلیسی ئینتەرپۆلی نێودەوڵەتی و دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیسی هەرێم هەیە، بە بەردەوامیش پۆلیسی ئینتەرپۆل ئاگادارمان دەكاتەوە لە ناوی ئەو كەسانەی داواكراون، یا تۆمەتبارن بە تۆمەتێكی دیاریكراو، هەر بۆیە زەحمەتە بتوانرێت لەدەروازە رەسمییەكانەوە ئەو جۆرە كەسانە تێپەڕ بن».
رێكخستنی كاروبارە یاساییەكانی كوردانی رۆژئاوا
كاتێك بە بڕیاری سەرۆك بارزانی هەرێمی كوردستان دەروازە سنوورییەكانی واڵاكرد لە بەردەم ئاوارە و پەناهەندەكانی كوردانی رۆژئاوا، لە ئاكامدا لێشاوێكی زۆری كوردانی رۆژئاوا روویان لە هەرێمی كوردستان كردو ژمارەیەكی زۆریان لە كەمپدا نیشتەجێ كران، لەم رووەوە بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای هەولێر باسی لە چۆنیەتی رێكخستنی كاروبارەكانی ئەو هاونیشتمانییانە كردو وتی: «لە سنووری پارێزگای هەولێر چوار كەمپی سەرەكی هەیە، ئەویش كەمپەكانی –كەورگۆسك، دارەشەكران، باسرمە و قوشتەپە-یە. ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتییەكەمان لە هەموو ئەو كەمپانە بنكەیەكمان كردووەتەوە و هەر لە هەمان شوێن وەكو كارئاسانییەك و بۆ زیاتر كۆنترۆڵكردنی كاروبارەكان كاری یاسایی بۆ هاونیشتمانیانی كوردانی رۆژئاوا ئەنجام دەدرێت، ئەو كەسانەی دەرامەتی ماددییان باشە و لەناو شار و شارۆچكەكان نیشتەجێن، دوای ئەوەی بنكەی ئاسایشی گەڕەكەكە ئاسانكارییان بۆ دەكات، ئێمە لەو بنكە تایبەتەی كە بۆ ئەو كوردانەی رۆژئاوامان كردوونەتەوە لەوێ كاروباری یاساییان بۆ دەكرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و یوئێن ئێكس ئار).
قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر هاتنی كرێكارە بیانییەكان هەبووە
لە دوای قەیرانی دارایی و ئابووری كە كاریگەری توندی لەسەر بازاڕ و ئابووری هەرێمی كوردستان هەبووە، ژمارەی ئەو كەسانەی داوای ئیقامەیان كردووە رووی لە كەمبوونەوە كردووە. لەم رووەوە بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای هەولێر وتی: «قەیرانی دارایی و بێبازاڕی كاریگەری توندی لەسەر كەمبوونەوەی ئەو كەسانە هەبوو كە داوای ئیقامە دەكەن، چونكە ژمارەی ئەو كۆمپانییانەی داوای كرێكاری بیانی دەكەن، ئێستا كەمی كردووە بەڵام لەم هەفتەیەی دواییدا تا رادەیەك كەمێك زیادی كردەوە، ئەمەش شتێكی ئاساییە لای هەمووان ئاشكرایە. سەقامگیری سیاسی و ئابووری و باشبوونی بارودۆخی داهاتی تاكەكەسی لەچەند ساڵی رابردوو وایكرد، ژمارەی ئەو كەسانەی داوای ئیقامەیان كردبوو زیاد بێت، بەڵام دوای گەمارۆی ئابووری بەغدا لەسەر هەرێمی كوردستان و كەمبوونەوەی سیولەی نەختینەیی كاری كۆمپانیاكانیش كەمی كرد، زۆربەی ئەو كرێكارە بیانییانەی كە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، پێوەندی بە كاری ئەو كۆمپانییانەوە هەیە كاتێك روو لە كزی بكات، ژمارەی كرێكارانیش كەم دەكات، تەنانەت ژمارەی خزمەتكارەكانی ناوماڵیش كەم دەكات، چونكە باروگوزەرانی خەڵك روو لە باشی نییە.