دكتۆر رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی بۆ گوڵان:سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی چاكسازی لە كەرتی تەندروستی دەكات بڕیارە سیستەمی تەندروستیی ئوردن جێبەجێ بكرێت
March 25, 2015
راپۆرتەکان
* قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان لە بواری تەندروستیدا دووجار زیانی بە كوردستان گەیاندووە، جارێك گرفتی كەمیی دەرمانی لێكەوتۆتەوە، جارێكیش پڕۆژەكانی چاكسازی و پێشخستنی كەرتی تەندروستی دواخستووە، لەمبارەوە راتان چییە؟
- لە سەرەتای ساڵی 2014 حكومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، دواتر شەڕی داعش و هاتنی ملیۆن و نیوێك ئاوارە و پەناهەندەی هاتە سەر، لەم شەڕەی تیرۆرستانی داعش زیاتر لە 1000 شەهید و سەدان برینداری لێكەوتەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم كارەساتە مرۆییە و ئەو شەڕە نەخوازراوەی بەسەر گەلی كوردستاندا هات، سەدان تۆن دەرمان و پێداویستی تەندروستیمان تەرخانكرد، ئەمە جگە لەو هەموو تیمە پزیشكییە، ئەوانەش لەكاتێكدان كە توانای دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان سنووردارە، لەگەڵ ئەمەشدا بە پاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران و هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك توانیمان لە فریاكەوتنی بارودۆخەكە سەركەوتوو بین، تەنانەت رێگەمان نەدا بە وەرزی گەرمی هاوین هیچ پەتا و نەخۆشییەك لە كوردستان بڵاو ببێتەوە، سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەش، كاتێك بارودۆخەكە بەمشێوەیە بێت و حكومەتی عێراقیش ئامادە نەبێت دەرمان و پێداویستی پزیشكی بنێرێت، ئەوا بێگومان كاریگەری دەبێت، بێگومان ئێمەش لە بەردەم گرفتێكی گەورەداین، راستە حكومەتی عێراق هەندێك دەرمان بۆ ئاوارەو پەنابەرەكان دەنێرێت، كە بە رێژەی 45%ی پێداویستی پزیشكی و داودەرمانە، یان رێكخراوی تەندروستی جیهانی كۆمەكیان كردووین، بەڵام هێشتا بارگرانییەكی زۆر لەسەر شانی وەزارەتی تەندروستی و حكومەتی هەرێم و هاووڵاتیانی كوردستانە، لە كاتێكدا كە حكومەتی هەرێم بە دژوارترین قەیرانی دارایی تێپەڕ دەبێت، هەر بۆیە كاریگەریی خراپی لەسەر رەوشی كەرتی تەندروستی و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانمان هەبووە.
*هەرێمی كوردستان پێویستی بە سیستەمێكی تەندروستی رێكوپێك هەیە، بۆچی ئەو دەستپێشخەرییە ناكەن و كەرتی گشتی و تایبەت رێكبخەنەوە؟
- من لە ساڵی 1997ـەوە پزیشكم و 17 ساڵیشە وەكو بەڕێوەبەر و سەرۆكی پزیشكە موقیمەكان و بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆكی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە كارم كردووە، هەربۆیە لەمەدا وەكو پسپۆڕ و شارەزایەك وەڵامی پرسیارەكەتان دەدەمەوە و پێموایە كێشەی كەرتی تەندروستی لەم هەرێمە لە چەند خاڵێكی جەوهەری خۆی دەبینێتەوە:
1- تێكەڵبوونی كەرتی تەندروستی گشتی و تایبەتی، كاتێك لە كۆتایی مانگی رابردوو سەردانی وڵاتی ئوردنم كرد، تێبینی بوونی كەرتێكی تەندروستی سەركەوتووم كرد، ئەویش جیاكردنەوەی كەرتی گشتی تەندروستی لە كەرتی تایبەتی تەندروستی، بگرە كەرتی تەندروستی سەربازیش لەكەرتی زانكۆ جیایە، واتا وڵاتی ئوردن خاوەنی چوار كەرتی تەندروستییە، ژمارەی دانیشتووان و باری ئابووریشی لە هەرێمی كوردستانەوە نزیكە، هەر بۆیە دوای راوێژكردن لەگەڵ جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارمان دا وڵاتی ئوردن بكەینە نموونەیەك بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، واتا كلیلی چارەسەركردنی كێشەی كەرتی تەندروستی بەجیاكردنەوەی كەرتی گشتییە لە كەرتی تایبەت. دەبێت كەرتی تایبەت هەمان ئەو رێنماییانەیان بەسەردا جێبەجێ بكرێت كە بەسەر كەرتی گشتی تەندروستی دەیسەپێنین، من پێموایە بەتەنیا سەندیكای پزیشكان ناتوانێت ئەو یاساو رێنماییانەی بۆ كەرتی تایبەت پێویستە جێبەجێی بكات. دەبێت گۆڕانێكی تەواو لە یاساو رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بكەین.
2- ئەو بودجەیەی بۆ كەرتی تەندروستی دابین دەكرێت لەئاست خواست و پێشكەوتنە زانستی و پزیشكی و پێداویستییە هەڵكشاوەكانی خەڵكدا نییە، هەربۆیە دەبێت یاسای بیمەی تەندروستی جێبەجێ بكەین، ئەو یاسایەی هاووڵاتیان لە مووچەی خۆیان، یا لە پارەی خۆیان بڕێكی كەم پارە بدەن بە بیمەی حكومەت لەبەرامبەردا خزمەتگوزاری تەندروستیان پێشكەش دەكرێت، ئێستا خەڵكی ئەو بیمە كەمە نادات، بەڵام لەناكاودا دووچاری نەخۆشییەك دەبێت، دەچێتە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی و زیاتر لە 3 ملیۆن دینار خەرج دەكات، ئەمەش بارگرانی و زەحمەتییەكی زۆرە.
3- دەسەڵات لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و سەندیكاكانی پزیشكیدا تێكەڵاوییەكی زۆری تێدایە، هەربۆیە ئەنجومەنێك، یا دامەزراوەیەك نییە داكۆكی و بەرگری لە مافی نەخۆش بكات، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەش ئێستا رەشنووسی پڕۆژەیەكی تایبەتمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، ئەوانیش سەرقاڵی گفتوگۆكردن و تاوتوێكردنی رەشنووسی ئەو پڕۆژە گرنگەن بە تەواوبوونی دەنێردرێتە پەرلەمانی كوردستان. ئەم ئەنجومەنە بەرپرسە لە ئیشپێكردنی پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی بواری تەندروستی و بەدواداچوونی كاری دەزگاكانی حكومەت و كەرتی تایبەت، ئەمە جگە لە گرتنەبەری رێوشوێنی كۆنتڕۆڵكردن و كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەزگاكان و چۆنیەتی كاركردنیان، هەر بۆیە بە دامەزراندنی ئەنجومەنی پزیشكی مافی نەخۆش پارێزراو دەبێت، هەروەكو چۆن ئیشپێكردنی سیستەمی پزیشكی رێكدەخات. كەواتە مەرجی سەرەكی پاراستنی مافی نەخۆش لە هەردوو كەرتی تەندروستی گشتی و تایبەت بە دامەزراندنی ئەنجومەنی پزیشكی دەبێت.
*باسی سیستمی تەندروستیی وڵاتی ئوردنتان كرد، ئەو وڵاتە چ هاوكارییەكتان دەكات؟
- لەگەڵ وڵاتی ئوردن رێككەوتووین كە چەند شارەزا و پسپۆڕێكی پزیشكیمان بۆ بنێرن تاوەكو لە بوارەكانی خواردن و داودەرمان و پەرستیاری سوودیان لێ وەربگرین.
* یەكێك لەو ئەركە گرنگانەی كەوتۆتە سەرشانی وەزارەتی تەندروستی تیماركردن و فریاكەوتنی بریندارەكانی پێشمەرگەیە، ئایا بێ بوونی نەخۆشخانە و كەرتێكی تەندروستی سەربازی تاچەند توانیوتانە لەم ئەركەتاندا سەركەوتوو بن؟
- وەزارەتی تەندروستی لەهەموو میحوەر و بەرەكانی شەڕ تیمی تایبەت بە بواری تەندروستی و فریاكەوتنی خێرای هەیە، من لێرەوە سوپاسی ماندووبوون و سەركەوتنی ئەركی سەرشانی ئەو تیمانە دەكەم كە لە خزمەتی پێشمەرگە و نیشتمانەكەیاندان، ئێمە لە سەرجەم نەخۆشخانەكانی كوردستان پێشوازی لە بریندارەكانی پێشمەرگە دەكەین، ئەگەر چارەسەر لای ئێمە نەبوو، رەوانەی دەرەوەی وڵاتیان دەكەین، وەزارەتی پێشمەرگە بەو ئەركە هەڵدەستێت، پێشمەرگەمان لە وڵاتانی توركیا و ئوردن و ئەڵمانیا و دوبەی تیمار كردووە، نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی و ئیمرجنسی لە هەولێر تایبەتن بە بریندارەكانی هێزی پێشمەرگە، تەنیا كێشەمان لە شاری دهۆك هەیە كە یەك نەخۆشخانەی فریاكەوتن هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم نەخۆشخانەكانی شارەكان لە كاتی هەبوونی بریندارێكی پێشمەرگە زۆر بە باشی لە خزمەتیاندان، بڕیاریش دراوە نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخی پێشكەوتووی تایبەت بە وەزارەتی پێشمەرگە دروستبكرێت، بەڵام لە بەر نەبوونی بودجە و قەیرانی دارایی دروست كردنی ئەو نەخۆشخانەیە نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
* ئاماژەت بە كێشەكانی كەرتی تەندروستی كرد، بەڵام نەبوونی یا كەمی پزیشك و پسپۆڕایەتیەكان لەهەندێك بواردا گرفتێكی مەترسیدارە، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە بۆچی هەماهەنگیتان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا نییە؟
- لە كابینەی حەوتەمدا بەرنامەیەكی تۆكمە دانرا بۆ بونیاتنانەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی تەندروستی، ئەوە بوو بەردی بناغەی 2500 قەرەوێڵە دانرا و بڕی 1 ملیارو 200 ملیۆن دۆلار پڕۆژەی كەرتی تەندروستی لە ژێر ئەنجامداندان، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی زۆربەی پڕۆژەكان وەستاون، لەوانەش پڕۆژەی بینایەی وەزارەتی تەندروستی، نەخۆشخانە هەیە 290 قەرەوێڵەیە و هەیە 300 و 330 كە هەر هەمووی بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە، سەبارەت بە پزیشكیش لەكابینەی حەوتدا نزیكەی 2700 پزیشكمان دامەزراندووە، ئەمە جگە لەو هەموو فەرمانبەر و كارمەندە تەندروستییە كە دامانمەزراند، بۆ ئەو گرفتەی بەڕێزتان باسی دەكەن، هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە، گەرچی وەزارەتی خوێندنی باڵا گرفتی ئەوەی هەیە ناتوانێت هەموو نمرەیەك لە كۆلێژەكانی پزیشكی وەربگرێت، لەمەشدا پاساو و بیانووی خۆیان هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا لەم هەفتەیە چاوم بە بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكەوێت كە پاڵپشتی تەواوم دەكات بۆ چاكسازیی لەكەرتی تەندروستی، لەم هەفتەیەدا چەند شارەزایەكی پزیشكی لە وڵاتی ئوردنیش دەگەنە كوردستان و گفتوگۆ و راوێژیان پێ دەكەین، تاوەكو دەست بەجیاكردنەوەی هەردوو كەرتی تەندروستی گشتی و تایبەت و مەسەلەی یاسای بیمەی تەندروستی بكەین.
* ئەی سەبارەت بە پزیشكی خێزان ئەو پرۆسەیەی دەستتان پێكرد بە كوێ گەیشت؟
- سیستەمی پزیشكی فامڵی گرنگییەكی تایبەتی بۆ چارەسەركردنی تاكەكانی خێزان هەیە و هەر ئەویش بڕیار دەدات نەخۆش بنێرێتە لای چ پسپۆڕایەتیەك، ئێستا جێبەجێكردنی ئەم سیستەمە بەهۆی قەیرانی داراییەوە كەمێك دواكەوتووە، بەڵام لە بەرنامەدایە پزیشكی خێزان لەكوردستان زۆر بكەین و مووچەیان بۆ زیاد بكەین و هانبدرێن ئەو بەشە هەڵبژێرن.
* ئایا راستە هەندێك نەخۆشی و پەتا لەكوردستان بڵاوبۆتەوە وەكو نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە و بەراز یاخود رێژەی نەخۆشیی منداڵان لە كاتی لەدایكبوون لە زیادبووندایە بەتایبەتی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵ؟
- ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێك كەناڵی راگەیاندنەوە سەبارەت بە نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە و بەراز بڵاودەبێتەوە، دوورن لە راستیەوە، خۆزگەم ئەو كەناڵانە دەیانزانی لەم شەڕەدا بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی وا خراپ چ زیانێك لە هەرێمی كوردستان و خەڵك دەدەن، ئێمە خۆمان دوای نەخۆشی دەكەوین، قەڵاچۆی بكەین، نەك نەخۆشی بشارینەوە لە هاووڵاتیانی خۆمان، خۆ ئەگەر خوانەخواستە نەخۆشییەكی وا هەبێت، هەڵمەتی هۆشیاری دەست پێ دەكەین و وابزانم ژمارەی تەلەفۆنی وتەبێژ و خۆم بەردەوام كراوەیە، نازانم ئیتر بۆ هەوڵی وا خراپ بڵاودەكەنەوە، یەك دوو نەخۆشی هەبوو، گومانی لێدەكرا پشكنینی پێویستمان بۆ كردووە و هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە لە دەركەوتنی هەر نەخۆشییەك. سەبارەت بە دیاردەی منداڵی نەخۆش، یا نەخۆشیی ئیفلیجی منداڵ بەڵی لە كوردستاندا هەیە، بەڵام لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، هۆكارەكەشی زۆرە وەك بۆماوەیی لەكاتی دووگیانی دایك، لەكاتی لەدایكبوون، لەدوای لەدایكبوونیش، ئێستا ئەو دیاردەیە لە ژێر دیراسەتدایە، ئەوەی بەمن گەیشتووە رێژەكەی لە ستانداردی جیهانی تێپەڕی نەكردووە و كۆنتڕۆڵیش بە ئاراستەیەكی باش دەڕوات.
* ئایا لەم بارودۆخە بەتایبەتی لە فریاكەوتنی ئاوارەو پەناهەندەكان رێكخراوی تەندروستی جیهانی هاوكار و كۆمەكی ئێوەیان كردووە؟
- رێكخراوی تەندروستی جیهانی رۆڵێكی باش و زۆری هەبوو لە كەمكردنەوەی ئەو بارگرانی و قورساییەی لەساڵی رابردوو و ئەمساڵدا كەوتبووە سەرشانی وەزارەتی تەندروستی، بە رادەیەك لە دروستكردنی بنكەی تەندروستی و دابینكردنی دەرمان و هێنانی نەخۆشخانەی گەڕۆك رۆڵیان هەبووە.
*بۆچی بەهاوشێوەی سیستەمە پێشكەوتووەكانی تەندروستی جیهانی گرنگی بەهۆشیاری و سەلامەتی نادەن تاوەكو خەرجیەكانیشتان كەم بێتەوە؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە، بەڵام زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندن ئامادە نین خۆبەخشانە رێنماییەكانی هۆشیاریمان بۆ بڵاو بكەنەوە و داوای پارە دەكەن، ئەگینا هەڵمەتی هۆشیاری و بەهێزكردنی زانیاریی تەندروستی رۆڵی لە كەمبوونەوەی نەخۆشی هەیە، لە هەڵمەتی ئەم دواییەی ئەنفلۆنزا كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر پێشوازیكردن لە هەڵمەتەكە و سەركەوتنی.
* زۆر باسمان لە قەیرانی دارایی كرد و سوپاسی رۆڵی پزیشكەكانیشت كرد، ئەی بۆچی نرخی نۆرینگە و تاقیگە و خەرجییەكانی دیكەی تەندروستی كەم نەبۆتەوە، لەكاتێكدا مووچە دوادەكەوێت و هەژاری و بێكاری سەری هەڵداوە؟
- وەڵامی ئەو پرسیارە لای من نییە، ئەو پرسیارە لەسەندیكای پزیشكان بكەن، بزانن بۆچی نرخی نۆرینگە و تاقیگە هەرزان نەبووە لەم قەیرانەدا، منیش لەگەڵ ئەو پرسیارەی ئێوەدام و پێویستە لەم بارودۆخە چاوخشاندنەوە بە نرخەكان بكرێت، نرخی نۆرینگەكان ئیشی سەندیكای پزیشكانی كوردستانە، هەرچەندە زانیاریم هەیە كە سەندیكا سەرقاڵی داڕشتنەوەی نرخەكانە، ئێمەش رێنمایی پێویستمان بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگەكان دەركردووە، چیمان لەدەست بێت بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە درێخی ناكەین.
* هاووڵاتیان گلەیی و رەخنەی بەردەوامیان لە نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەكان و كۆنتڕۆڵنەكردنی دیاردەی دەرمانی خراپ و كوالێتی نزم لە دەرمانخانەكان دەكەن، ئایا لەم بوارەدا چیتان كردووە؟
- كاتێك پارە نەبێت، دەرمان بە چی بكڕین؟ لەساڵی 2012 زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دەرمانمان كڕیوە لە 2013 بەهەمانشێوە، بەڵام لە ساڵی 2014 نەمانتوانیوە بەپێی پێویست دەرمان بكڕین و ئێستا زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار قەرزاری بازاڕین، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتوانایدا نییە بودجە بۆ ئەو هەموو بوارانە تەرخان بكات، ئێستا دابینكردنی مووچە لە ریزبەندی كارەكانیدایە، چارەسەر هەر وەكو گوتم تەنیا بە جێبەجێكردنی بیمەی تەندروستی دەبێت. سەبارەت بە كۆنتڕۆڵكردنی دەرمان بڕیارە ئەمساڵ بە تەواوەتی بازاڕەكانی كوردستان لە دەرمانی خراپ و كوالێتی نزم پاك بكەینەوە، قاچاخچیی دەرمان و سەرپێچیكارانیش سزای توند دەدەین، هەروەكو چۆن 17 كۆمپانیامان سزا داوە و دراونەتە دادگا، هەروەها كوالێتی كۆنتڕۆڵمان رێكخستۆتەوە و بەشێوەیەكی باش پرۆسەی پشكنینی دەرمان دەستی پێكردووە و لە 90%ی دەرمانەكان خۆمان كاری پشكنینی بۆ دەكەین، لەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبین گەرچی كاتی دەوێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی تەواو بنبڕی دیاردەكە بكەین.
* ئایا بۆ 30 كەمپی ئاوارە و پەناهەندە كە زۆر پێویستیان بە كەرتی تەندروستی هەیە، چی كراوە؟
- ئێستا لەسەرجەم كەمپەكانی ئاوارەكان یەكەی تەندروستی و پزیشكی لێیە و لە زۆر كەمپ ئەمبۆڵانس دانراوە، تاوەكو هەر نەخۆشییەك چارەسەری لە كەمپەكە نەبوو، بە زووترین كات بگەیەندرێتە نەخۆشخانەكانی هەرێم.