ئەمیل نۆنامەترانی ئەساقفەی كلدانی پارێزگای نەینەوا بۆ گوڵان:ڤاتیكان گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت عێراق و دەوڵەتانی ناوچەكە لە كوردستانەوە فێری لێبوردەیی و پێكەوەژیان ببن

ئەمیل نۆنامەترانی ئەساقفەی كلدانی پارێزگای نەینەوا بۆ گوڵان:ڤاتیكان گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت عێراق و دەوڵەتانی ناوچەكە لە كوردستانەوە فێری لێبوردەیی و پێكەوەژیان ببن
ئەمیل نۆنا مەترانی ئەساقفەی كلدانی لە موسڵ، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، هەڵوێستی سەرۆكی كوردستان و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە پێشوازیكردنی ئاوارە كریستیانەكان بەرز دەنرخێنێت، ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە سەڕەرای قەیرانی ئابووری و بڕینی بودجە و مووچەی هاووڵاتیانی باشووری كوردستان لە لایەن حكومەتی ناوەندی عێراق و شەڕی داسەپێندراوی تیرۆریستانی داعش، خەڵك و حكومەت قوتابخانە و مزگەوت و تەنانەت خانووەكانیان بۆ رزگاركردنی خێزانە كریستیانەكان واڵاكرد، ئەوەش بە «كارێكی چاوەڕوانكراو» دەزانێت و رایوایە كورد خاوەنی پێگەیەكی بەرزی هۆشیاری و شارستانییە، سەرسامی خۆیشی بۆ بێهەڵوێستی بەرپرسانی حكومەتی ناوەندی بەغدا دەردەبڕێت بەوەی كە هاوكاری و كۆمەكی ئەو خێزانانەی عەرەبی سوننە و شیعە و كوردی ئێزیدی و كریستیان و توركمانەكانیان نەكردووە كە لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی بەغداوە دەربەدەربوون و لە بارودۆخێكی خراپدا روویان لە پارێزگاكانی كوردستان كردووە.
ئەمیل نۆنا مەترانی ئەساقفەی كلدانی لە موسڵ، لە ئاخافتنێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان، باسی ئەوەی كرد كە پەلامارەكەی داعش بۆ سەر خەڵكی سڤیل و ئایین و ئایینزاكانی موسڵ دەربەدەربوونی زیاتر لە 120 هەزار كریستیانی لێكەوتەوە، كە لە دۆخ و زەحمەتییەكی زۆرەوە دوای داگیركردنی خانوو كەلوپەلەكانیان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووەو زۆربەیان لە پارێزگای دهۆك و هەولێر نیشتەجێ بوون، ژمارەیەكیشیان روویان لە كەنیسەی سلێمانی ئەو پارێزگایە كردووە. گوتیشی: «گەیشتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی كریستیانی بۆ ئەم سێ پارێزگایە لەو روانگەیەوە هات كە سەرۆك مسعود بارزانی و خەڵكی كوردستان دەرگایان لە بەردەم لێقەوماوان واڵاكرد، هەرێمی كورستانیش پێگەیەكی گرنگە لە ناوچەكەدا و ناسراوە بە شوێنی پێكەوەژیانی هەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان، ئەمەش بۆ كەرەمی خەڵكەكەی و سەركردایەتییەكەی دەگەڕێتەوە، بە رادەیەك لە دهۆك خەڵكی موسڵمان هەبوو لە ماڵەكەی خۆیدا خێزانی كریستیانی نیشتەجێ كرد، ئەمە جگە لەوەی پیاوانی ئایینی مزگەوتەكانیشیان واڵاكرد لەبەردەم ئەو ژمارە زۆرەی خەڵكی دەربەدەر، لەكاتێكدا ئەوان بەهۆی گەمارۆی ئابووری بەغداوە دووچاری قەیرانێكی ئابووری سەخت بوون و لە توانایاندا نییە پێداویستییەكانی رۆژانەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانە دابین بكەن. لەمەش زیاتر ئێمە وەكو پیاوانی ئایینی كریستیان و مەتران و سەرۆكی ئەساقفییەكان لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی داعش و دەربەدەربوونی ئەو ژمارە زۆرەی كریستیانەكان سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانمان كردو لە نزیكەوە گوێبیستی پێشوازی و واڵاكردنی سنوورەكان بووین لەبەردەم ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە، لەو راستیەش تێدەگەین كە هەرێم بە دۆخێكی ناهەمواردا تێپەڕ دەبێت، بەڵام سەڕەرای ئەم بارودۆخە سەرۆكی هەرێم و سەركردایەتی سیاسی كوردستان و خەڵكی كەمتەرخەم نەبوون لە پێشوازیكردنمان و بۆ چوار مانگ دەچێت جگە لە سۆز و خۆشەویستی و كۆمەككردن هیچ هەڵوێستیكی نەرێنیمان نەبینیوە، بەپێچەوانەی حكومەتی ناوەندییەوە كە پێم سەیرە ئەو هەموو خەڵكەكەی لە عەرەبی سوننە و شیعە و كریستیان و توركمان و كوردی ئێزیدی كە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی ئەوەوە لە پارێزگاكانی موسڵ و ئەنبار و سەلاحەدین و دەروبەری كەركووك دەربەدەر بوون، كەچی هیچ هەڵوێستێكیان نییە و ئاوڕیان لێنەداوینەتەوە، ئەوە بەرپرسیارێتی حكومەتی ناوەندییە ئاوڕ لەو كەمپانە بداتەوە كە خەڵكەكەی تێیدا نیشتەجێن و لەم وەرزەی سەرماو سۆڵە خەڵكەكەی لە بارودۆخێكی خراپدان، هەرچەندە هەردوو رێكخراوی خێرخوازی بارزانی و روانگە بەشێوەیەكی باش و بەبەردەوام هاوكاری و كۆمەكمان دەكات، بەڵام كۆمەكی رێكخراوەكانی دیكە كەم و بۆماوەیەكی كاتی بوو».
مەتران ئەمیل نۆنا لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كرد كە چارەسەركردنی ئەم دۆخە چاوەڕوان نەدەكرا وا درێژە بكێشێت، گوتیشی: «تەنیا بەئازادكردنی موسڵ و ناوچە كریستیان نشینەكان رزگارمان نابێت، چونكە لەو ناوچانەدا بیروبۆچوونی تەكفیری و دەمارگیری و توندڕۆیی چاندراوە و هەڵكێشانی ئەو رق و كینە كە دژ بە پرەنسیپەكانی ئایینی و مرۆڤایەتییە هەر وا ئاسان نییە، ئەمە ئەركی زانایان و مامۆستایانی ئایینییە كار بۆ چەسپاندنی رێزگرتن لە یەكتر و بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی لێبووردەیی بكەن و بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ئەو فیكرە نامۆیانە بكەن كە لەناو ئایین و ئایینزاكانی ناوچەكەماندا بوونیان نەبووە، سەرجەم ئایینە ئاسمانیەكان كار بۆ ئاشتی و خزمەتكردنی مرۆڤایەتی دەكەن، ئەی بۆچی بەناوی ئایینەوە خەڵكی دەكوژرێت و ماڵ و خاكیان لێ زەوت دەكرێت و دەربەدەر دەكرێن و وەحشیگەرییانە تیرۆریان دەكەن؟ ئەمە پێش ئەوەی پیلان و مەرامێكی گرووپێكی لەپشت بێت، بۆ ئەو زەمینە لەبارە دەگەڕێتەوە كە چەند ساڵێكە لە موسڵ و دەوروبەری و ناوچەكانی تەشەنەی كردووە، كە بەناوی ئایینەوە خەڵكی بكوژن و دەستدرێژی بكەنە سەر نامووسی خەڵكی. لەبەرامبەردا بارودۆخەكە لەكوردستان بەپێچەوانەوەیە خەڵك و پیاوانی ئایینی و پارتە سیاسییەكان و سەركردایەتی ئەم هەرێمە رۆڵیان لە بڵاوكردنەوەی رۆحی پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە نێوان هەموو زمان و ئایین و ئایینزاكان هەبووە، هەربۆیە مافی خۆیانە شانازی بەو ئەخلاق و رۆشنبیرییە بكەن، ئەم بۆچوونە لەلای ڤاتیكان چەسپاوە كە لە هەرێمی كوردستان نەتەوەیەك دەژی خاوەنی شارستانی و هۆشیارین، هەربۆیە ڤاتیكان تێڕوانین و دیدگای روونی بەرامبەر هەرێمی كوردستان هەیە و پێیوایە عێراق و ناوچەكەش دەكرێت لە كوردستانەوە فێری كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی ببن. لەموسڵ ماڵی كریستیانی تاڵان دەكرێت و هیچ كریستیانێك جگە لەیەك دوو پیاوی بەتەمەن نەبێت لەو شارە نەماون، لەبەرامبەردا لەهەرێمی كوردستان شتێكی جیاواز دەبینین، بە رادەیەك لە دهۆك موسڵمانێك لە خانووەكەیدا خێزانێكی كریستیانی نیشتەجێ كردووە، داعشەكان پەلاماری كەنیسە و شوێنە پیرۆزەكانمانیان داوە و سەلیب و كەلوپەل و كتێب و كتێبخانەكانیان تێكداوە، ئەمە كارێكی وەحشیگەرییە و هیچ ئایینێك رێگە نادات سووكایەتی بە شوێنی خوداپەرستییەوە بكرێت.
كاتێك لە وڵات و ناوچەیەكدا متمانە بە خاك و ئەو دراوسێیە نەمێنێت كە بەدرێژایی مێژوو پێكەوەژیاون بۆی زەحمەت بووە، ناتوانین قەناعەت بە خەڵك بكەین بێ زەمانەتی نێودەوڵەتی بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان، هەربۆیە دوای ئازادكردنی ئەو ناوچانە پێویستە بیر لە زەمانەتی نێودەوڵەتی بكرێتەوە».
Top