ئاوارەكانی كریستیان لە كوردستان هەست بە ئارامی دەكەن

ئاوارەكانی كریستیان لە كوردستان هەست بە ئارامی دەكەن
سەرجەم ئەو هاووڵاتییە كریستیانانەی بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە دەربەدەركران روویان لە هەرێمی كوردستان كردووەو لە ئێستادا سەرەڕای مەینەتییەكانی ئاوارەبوونیان، بەوە دڵخۆشن كە لەلایەن سەرۆكی كوردستان و خەڵكی كوردستانەوە پارێزگارییان لێكراوە، جەختیش لەوە دەكەنەوە كە ئەوان لە كوردستان هەست بەئارامی دەكەن. تیمێكی گۆڤاری گوڵان سەردانی عەنكاوەی كرد كە زۆرترین ئاوارەی كریستیان روویان لەم ناحیە كردووە و لەنزیكەوە گوێبستی بارودۆخی ژیانیان و داواكارییەكانیان بوو .



ئاوارەكانی عەنكاوە
سوپاسی خێرخوازانی هەولێر دەكەن
لەبەرامبەر كەنیسەی عەینكاوە ژمارەیەك لەو خێزانە كریستیانانەی كە لە ناو بینایەكی تەواونەكراودان، سەرنجی هەر بینەرێك بۆ لای خۆیان رادەكێشن، لەو بینایەدا زیاتر لە 96 خێزانی ئاوارەی شاری موسڵ و قەرەقوش و بەرتلەی تێدا نیشتەجێیە و لەبارودۆخێكی خراپدا دەژین. ماجید تۆما یەكێك بوو لەو هاووڵاتییانە و لە دەستپێكی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە هاتنی وەرزی زستان ئەوەندەی دی بارودۆخی ئەوانی خراپ كردووە، ئەمە سەرەڕای كەمبوونەوەی یارمەتی و هاوكارییەكانی رێكخراوە خێرخوازەكان. وەك باسیكرد ئەوان رۆژانە بۆ خواردن و پێداویستییەكانیان بەسوپاسەوە چاوەڕوانی ئەو كۆمەك و یارمەتییانەن كە لە خێرخوازانی خەڵكی هەولێرەوە بۆیان دێت، تۆما بە نیگەرانییەكی زۆرەوە گوتی: «حكومەتی عێراق بێویژدانانە ئێمەی پشتگوێخستووەو وەكو ئەوەی دوژمن بین و خەڵكی ئەم وڵاتە نەبین».
هەر لەناو ئەو بینایە تەواونەكراوەدا لەیلا مەنسور كە خەڵكی موسڵە بۆ گوڵان گوتی: «هەموو تەمەنم خزمەتی ئەم خاكە و موسڵم كردووە، كەچی زۆر بێ بەزەییانە و دڕندانە ماڵەكەمانیان تاڵان كردو ئاوارەیان كردین، حكومەتی عێراقیش مووچەیەكی شەهیدانەشمانی بڕیوە».
لەیلا لە درێژەی قسەكانیدا چاوەكانی پڕبوون لە فرمێسك و لە ناو هەنیسكی گریاندا گوتی «لەوێ داعشەكان دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵ كردین و داوای گۆڕینی ئایینەكەیان لێكردین، لێرەش لە بێ خزمەتگوزاری و بێ شوێنی بارودۆخمان باش نییە و هاوكاریی و یارمەتیمان كەم بۆتەوە و رۆژانە لە ژەمەكان چاوەڕوانی خێرخوازا نین خواردنمان بۆ بهێنن».
ئەمەل خدر یەكێك بوو لەو دەیان ئاوارە كریستیانانەی كە لەو بینا بێ دەرگە و پەنجەرەیەدا دەژیا، ئەویش سەبارەت بە هاتنی وەرزی زستان و نەبوونی سووتەمەنی بۆ خۆگەرمكردنەوە گوتی: «گرفتی خۆگەرمكردنەوە و ئاوی گەرممان هەیە بۆ 96 خێزان تەنیا دوو گیزەر دانراوە».
لەم شوێنانەدا لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا زۆرە، لەم رووەوە ئافرەتێكی مەسیحی بەناوی (بان) كە پێشتر فەرمانبەری تەندروستی بووە گوتی: «نەبوونی خزمەتگوزاریی گەرماوی و wc و ئاوی پاك و خاوێن و ساردیی شوێنەكە مەترسییەكی زۆری بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە بەتایبەتی لەناو منداڵەكانماندا».
لەدرێژەی بەسەركردنەوەی ئاوارە كریستیانەكان سەردانی كەنیسەی كوردزمانمان كرد كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی موسڵی تێدا نیشتەجێیە، ئەوان باسیان لەو مەرگەساتە كرد كە رووبەڕووی بوونەتەوە و ئەوەشیان دووپات كردەوە كە داعشەكان پێیان راگەیاندوون دەبێت ئایینەكەیان بگۆڕن و ببنە ئیسلام، بەڵام ئەوان رەتیان كردۆتەوە، نەوال وەردە كە خەڵكی موسڵە لەوبارەیەوە گوتی: «دوای ئەوەی نەبووینە ئیسلام دەستیان بەسەر ماڵەكەماندا گرت و رێگەیان پێنەداین هیچ كەلوپەل و جلوبەرگ و پێداویستیەك لەگەڵ خۆمان بهێنین، بەڵكو زۆر بێویژدانانە دەستیان بە تاڵانكردنی ماڵەكانمان كرد». هەروەها میسون جۆرج كە خەڵكی قەرەقوش بوو، دوای ئەوەی باسی نەهامەتییەكانی خۆیان و دڕندەییەكانی چەكدارانی داعشی كرد، گوتی: «ئێمە لە كوردستان هەست بە ئارامی دەكەین و رێزمان لێدەگیرێت، بەڵام شوێنی حەوانەوەمان زۆر خراپە و داواكارین هەندێك كابینەمان بۆ دابین بكرێت، تاوەكو لە سەرمای ئەم زستانە رزگارمان بێت».
Top