نەخۆشخانەی نەخۆشیە دەروونییە درێژخایەنەكان :شوێنێكی نەشیاوو ئاوڕدانەوەیەكی كەم

نەخۆشخانەی نەخۆشیە دەروونییە درێژخایەنەكان :شوێنێكی نەشیاوو ئاوڕدانەوەیەكی كەم
لەڕابردوودا نەخۆشە دەروونییە درێژخایەنەكان، یان لە نەخۆشخانەی (رەشاد) ناسراو بە (شەماعیە) لەبەغدا چارەسەر دەكران، یانیش لەسەر شەقامەكان ژیانیان بەسەر دەبرد، لە سەرەتای ساڵانی 2000 بە بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ لە بەندیخانەی مەحەتە كۆكرانەوەو ماوەیەك لەوێ مانەوە، دوای ئەوە بۆ بنكەیەكی تەندروستی لە شارۆچكەی شاوێس گوازرانەوە، دواتر لەساڵی 2004 بۆ هۆڵی های سیتی گوازرانەوەو دواجار لە نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری و لە یەكەی نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنەكان گیرسانەوە. بەڵام ئەو نەخۆشخانەیە كەموكورتی زۆری هەیە كە بەشدار بووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر دەیخەنەڕوو.
وەزیری تەندروستی:
لەداهاتوویەكی نزیكدا نەخۆشخانەیەكی دەروونی تایبەت
بەم نەخۆشخانە دروستدەكرێت و بودجەشی بۆ تەرخانكراوە نەبوونی كادیری تەندروستیی و توێژەری كۆمەڵایەتی
بەڕێوەبەری یەكەی نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنەكان لە نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری (د.سامان هەڵەبجەیی)، جەخت لەوە دەكاتەوە كە كێشە و كەموكوڕیی زۆر لەو بەشەدا هەیە و دەڵێت «شوێنی ئێستای ئەم نەخۆشانەیە شیاو نییە و زۆر تەنگ و بچووكە و لە بەندیخانە دەچێت، چونكە ئەو نەخۆشانە پێویستییان بە باخچە و گۆڕەپان و شوێنی حەوانەوە هەیە، لە كاتێكدا نەخۆشانی دەروونی پێویستی زۆریان بەم خزمەتگوزارییانە هەیە، بەڵام لە هەموو ئەوانە بێبەش كراون».



هەڵەبجەیی سەبارەت بە جۆری خزمەتگوزاری لە یەكەكەیاندا ئاماژەی بەوە كرد، كەوا كێشەی سەرەكی ئەوان كەمیی كادیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە، گوتیشی «نزیكەی 60 نەخۆشمان هەیەو تەنیا سێ چاودێر بۆ بەیانییان و چاودێرێكیشمان بۆ شەوانە هەیە، ئەگەرچی نەخۆشانی دەروونی پێویستی زۆریان بە توێژەر هەیە، بەڵام لە یەكەی نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنەكان تەنیا یەك توێژەری كۆمەڵایەتیمان هەیە»، بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە چەند جارێك داوایان لە وەزارەتی تەندروستی كردووە، تاكو چەند توێژەرێكییان بۆ دابمەزرێنن، بەڵام بە هۆی سەختیی كاركردن لەم یەكەیەدا كەس ئامادە نییە كاری تێدا بكات، د. سامان جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو كارە پێویستی بە بڕیارێكی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم هەیە بۆ پێشكەشكردنی ئیمتیازاتی تایبەت بەم بەشە، گوتیشی «لە یەكەی نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنەكان تەنیا دەتوانین پیاوان وەربگرین و ئافرەتەكان رەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی سلێمانی دەكەین».ئەوەشی خستەڕوو كە وەزیری تەندروستی وتوویەتی: لە داهاتوویەكی نزیكدا نەخۆشخانەیەكی دەروونیی تایبەت بەم نەخۆشانە دروستدەكرێت و بوودجەشی بۆ تەرخانكراوە.
وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی گرنگیی بەم نەخۆشانە نەداوە
د. سامان هێمای بۆ ئەوەش كرد كە نەخۆشەكانیان مانگانە وەكو هەر كەمئەندامێك بڕی 150 هەزار دینار لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن، گوتیشی «لێرە هیچ رێگرییەك بۆ سەردانی كەسوكاری نەخۆش نییە و هەمیشە پێشوازییان لێدەكرێ، هەروەها كەسوكاری هەركات حەز بكات، بیباتەوە ماڵەوە، ئاساییە و دوایی دەیگەڕێنێتەوە». لە دوا قسەشیدا ئاماژەی بەوەدا كە گرنگیدان بەم توێژە كارێكی مرۆیی پیرۆزە و جێگەی دەستخۆشییە، چونكە ئەوانە لە كەسانی ئاسایی زیاتر پێویستییان بە ئاوڕلێدانەوەیە، تاوەكو ئێستاش راگەیاندنەكان مامەڵەیەكی دروستیان لەگەڵ ئەو كەیسە نەكردووە، بەداخەوە هەمیشە بە وێنەگرتنیان و نیشاندانیان لە تیڤییەكان سووكایەتییان بەم نەخۆشانە كردووە، ئەوەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە كەیسەكە زیاتر بڕواتە دواوە، جگە لەوەی راگەیاندنەكان وێنەیەكی زۆر ترسناكیان بە كۆمەڵگە داوە و بانگەشەی جیاكردنەوەو دوورخستنەوەیان لە كۆمەڵ دەكەن، بەپێچەوانەوە ئەوانە پێویستە لەناو كۆمەڵگەدا بژین، هەروەها وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵەیەتی گرنگی بەم نەخۆشانە نەداوە، هەمان حیسابی كەمئەندام و كورتەباڵاكان بگرە كەمتریشیان بۆ دەكات، تەنانەت وەزارەت بەلای ئێمەدا نایەت و بایەخ بەم نەخۆشانە نادەن.



هەر نەخۆشێكی شیزۆفرینیا وەك كەمئەندامان مافەكانی پارێزراوە
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی (دكتۆر عارف حیتۆ) نیگەرانیی خۆی لەمەڕ نەبوونی جێگەیەكی شیاو بۆ ئەو نەخۆشانە دەربڕی و لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەركی وەزارەتی تەندروستییە جێگەیان بۆ تەرخان بكات، گوتیشی «نەبوونی جێگە كێشەیەكی زۆر گەورەیە و ئەو گلەییە لە وەزارەتی تەندروستی دەكەین، ئێمە لە كابینەی پێنجەمەوە چەندین جار ئەو داوایەمان كردووە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ وەڵامێكیان نەبووە، بەڵكو ئەوان دەڵێن ئەوە ئیشێكی قورسە، بەڵام قورس بێت یان نا، ئەوە ئیشی خۆیانە و ئەوان بەرپرسی یەكەمن، لەم نێوەندەدا ئێمەش بارگرانیمان دەكەوێتە سەرشان و زۆرجار نەخۆشانی دەروونیی درێژخایەن روومان تێدەكەن لە كاتێكدا ئێمە جێگەو رێگەمان بۆ ئەوان نییە».
سەبارەت بەوەی كە گلەیی ئەوە دەكرێت كە وەزارەتی كار بەپێی پێویست هاوكاریی نەخۆشەكان ناكات، دكتۆر عارف گوتی «نەخۆشانی دەروونیی درێژخایەن ناسراو بە شیزۆفرینیا بەڕێگەی لیژنەی پزیشكی دەستنیشان دەكرێن، توێژەرانی كۆمەڵایەتیی ئێمە پزیشك نین، تاكو ئەو كارە بكەن، ئێمە تەنیا دەتوانین مووچەیان بۆ ببڕینەوە، لە كاتێكدا پێویستە وەزارەتی تەندروستی ئەو مووچەیەیان بۆ دابین بكات، نەك وەزارەتی كار»، گوتیشی «لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەر نەخۆشێكی شیزۆفرینیا وەك تەواوی كەمئەندامان مافەكانی پارێزراوە.
با حكومەت ئاوڕێك لەو نەخۆشانە بداتەوە
هەر لە ناو یەكەی نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنەكان لە نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری، دایكێك كە كوڕەكەی بۆ ژووری حەوانەوە دەبرد، ئامادە بوو باسی كێشە و ئاریشەكانی خۆی و نەخۆشخانەكە بۆ گوڵان بكات، ئەو كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە، دوور لە چاوی كوڕەكەی گوتی «خوا پاداشتی ئەم دكتۆرانە بداتەوە، شەو و ڕۆژ لە بەر منداڵی ئێمە بەخوای ئیسراحەتیان نییە، بەڵام شوێنێك نییە نەخۆشەكان تێیدا بحەوێنەوە، دەبوو حەوشەی گەورەی پڕ لە دار و گوڵ و باخیان هەبێت، چونكە ئەو منداڵانەی ئێمەمانان باری دەروونییان تەواو نییە، ئەوەش قسمەتی خوایە و هیچی لەگەڵ ناكرێت»، ئەو ئافرەتە چەند دڵۆپە فرمێسكێكی قەتیسماوی لە گۆشەی چاوی سڕییەوە و دوای دوعا و نزایەكی زۆر و سوپاسی كارمەندانی نەخۆشخانەكە گوتی «پێویستە حكومەت ئاوڕێك لەم نەخۆشانە بداتەوە، شوێنی یاری و حەوانەوە و پیاسەیان بۆ دروست بكات، نەك بیانخاتە شوێنێكی بچووكەوە، خۆ ئیرە سجنی محەتە نییە، تەنانەت سجنیش حەوشەی گەورەی هەیە».
Top