بە تەواو بوونی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك هیڵی ئاسمانی دەبێتە بەدیلی هێڵی دەریایی

بە تەواو بوونی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك هیڵی ئاسمانی دەبێتە بەدیلی هێڵی دەریایی
گواستنەوەو گەیاندن بەدوو بواری گرنگی ئابووری هەرێمی كوردستان دادەنرێت و راستەوخۆ پێوەندییان بەژیان و بژێوی هاووڵاتیانەوە هەیە، رۆژ لەدوای رۆژ خواست و ویستی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەسەر پێشخستنی ئەم بوارانەو بەرزكردنەوەی ئاستی كوالێتی و داشكانی نرخەكان زیاتر دەبێت، پێش چەند ساڵێك لەمەوبەر هەرێمی كوردستان بەناوچەیەكی داخراو دادەنرا، بەڵام ئەمڕۆ كۆمەڵگای كوردستانی لەسایەی فرۆكەخانەكان و ئەنتەرنێت و هێڵەكانی تەلەفۆن و مۆبایلەوە بەرووی دەرەوە كراوەتەوە. وەنەبێت ئەم پێشەكی یە بۆ چوونە ناو بوارێكی وا گرنگ و ئاڵۆز بەو مانایە بێت كە بوارەكانی گواستنەوەو گەیاندن لەهەرێمی كوردستان بێ كەموكوڕی و گرفت نەبێت، لەقۆناغێكدا كە هێشتا ئاسمانی كوردستان لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندەو تەنانەت كارو پرۆژەكانی زۆر لەكۆمپانیاكانی گواستنەوەو گەیاندن بەمۆڵەت و رێنمایی ئەوانە ئەمە جگە لەوەی رێكخستنی ئەمبوارە كاری جیدی دەوێت، هەر ئەمەشە وایكردووە پرۆژەو كارەكان لەمبوارەدا هەنگاوی بۆ بنرێت، دەستكردن بەجێبەجێكردنی فرۆكەخانەی دهۆكی نێودەوڵەتی و دانانی بەرنامە بۆ دامەزرانی دەزگای فڕۆكەخانەكانی هەرێم و هەنگاونان بەرەو پرۆژەكانی ترام و رێكخستنەوەی كاری كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئەنتەرنێت لەم چوارچێوەیەدا دێت.سەبارەت بەم دوو بوارەی گواستنەوەو گەیاندن پرسیارمان لە جۆنسۆن سیاویش ئەیۆ وەزیری گواستنەوەو گەیاندن كرد، بەراشكاوانە وەڵامی پرسیارەكانیان داینەوە.فڕۆكەخانەی دهۆكی نێودەوڵەتیسەبارەت بە دروستكردن و كردنەوەی فڕۆكەخانەی دهۆكی نێودەوڵەتی كە دەكەوێتە نزیك ڕێگای سەرەكی نێوان قەزای سێمێل و زاخۆو چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لە لایەن ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕسمێكی شایستە بەردی بناغەی بۆ دانرا؛ جۆنسۆن سیاویش ئەیۆ وەزیری گواستنەوەو گەیاندن گوتی:( گرنگیەكەی ئەو فڕۆكەخانەیە كە بەئومێد و ئاسۆیەكی ڕوونەوە لەلایەن ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی بۆ دانراو چووە قۆناغی جێبەجێ كردنەوە. لەوەدایە كە ناوچەی بادینان سنوورێكی بەرفراوان و ستراتیژی هەیە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە فڕۆكەخانەی دهۆكی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆكارێكی بەهێز بۆ گەشەكردن و پێشخستنی بوارەكانی بازرگانی و ئابووری و گەشتیاری و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستاندا، لەلایەكی تر ئەم فڕۆكەخانەیەی دهۆك تەواوكاری فڕۆكەخانەكانی دیكەی كوردستانە و دەبێتە پاڵپشت بۆ فڕۆكەخانەكان و هێڵی ئاسمانی و شەمەندەفەر لە هەرێمی كوردستان بگرە دەبێتە بەدیلی ڕێگای دەریایی، هاوكات ئەگەر هاتوو لە دوا ڕۆژدا لە هەرێمی كوردستان هێڵی شەمەندەفەری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دروستكرا، ئەوە لە باكورەوە بە توركیا و ئەوروپا و لە ڕۆژهەڵات بە ئیران و لە خواروو بە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق و كەنداوی عەرەبی و ئوردن دەبەسترێتەوە، لەو كاتەدا هەرێمی كوردستان دەبێتە ناوچەو شوێنێكی ستراتیژی جیهانی لە نێوان زۆر لە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا، ئێمە وەكو وەزارەت زۆربەی كارو ئیشەكانی فڕۆكەخانەكانمان دواخستوو بۆ دوای دامەزراندنی دەزگای فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان و، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دامەزراندنی ئەو دەزگایە دەرچووە و بەدامەزراندن و دەستبەكاربوونی دەزگای فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانیش هەموو كارو بەرنامەكانمان لەبواری فڕۆكەخانەو هێڵی ئاسمانی ڕێك دەخرێتەوەو ئەو بوارە بەشێوەیەكی بەرچاو گەشە دەكات و بەرەو پێشەوە دەچێت، هاوكات هەر لەم سەردانەی ڕیزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سنووری پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند كە لە شاری زاخۆ ناوچەیەكی ئازاد دادەمەزرێت كە ئەمەش پڕۆژەیەكە لە دەستكەوتەكانی كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێم كە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە). پرۆژە گەورەو ستراتیژییەكانوەزیری گواستنەوەو گەیاندن سەبارەت بەو پرۆژانەی لەلایەن وەزارەتیانەوە لەم كابینەیەدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە گوتی: (وەزارەتەكەمان چەندین پرۆژەی گەورەو ستراتیژی لەبەرنامەیدایە لەوانە- پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەر كە پرۆژەیەكی قورس و فراوانەو بودجەیەكی زۆری دەوێت قۆناغی یەكەمی ئەوە پڕۆژەیە بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراق كاری لەسەر كراوە، ئەویش بۆ تەواوكردنی دیزاین و دیراسەی بەستنەوەی هەرێمی كوردستان بە چەند پارێزگایەكی عیراقی بە هێڵی شەمەندەفەر ئەو پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەرەش قۆناغی یەكەمی بەم جۆرەیە، هێڵی شەمەندەفەری نێوان كەركوك - سلێمانی و هێڵی نێوان كەركوك - هەولێر و هێڵی نێوان موسڵ - هەولێر و هێڵی نێوان هەولێر - موسڵ - دهۆك - زاخۆ – توركیا، ئەم پڕۆژەی هێڵەكانی نێوان ئەو شارانەی باسمانكرد پێش چەند ساڵێك كاری لەسەر كراو و دیزاینی هێڵی نێوان كەركوك – سلێمانی تەواو بووە، لەم پڕۆژەیەدا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێممان هەیە كە هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەی بەغدا بكەین بۆ ئەوەی ئەو هێڵی شەمەندەفەرانەی لە ناو چوارچێوەی پڕۆژەكەدایە دیراسەو دیزاینی بۆ بكرێت، چونكە ئەو هێڵی شەمەندەفەرانە و پڕۆژەكە تەنیا سوودی بۆ هەرێم نییە بەڵكو سوودی بۆ عیراقیشە. لە ڕێگای ئەو پڕۆژەوە هەرێمی كوردستان لە باشوورەوە بە كەنداوی عەرەبی و ئوردن و عیراقیش لە باكورەوە بە هەرێم و توركیا و ئەوروپا دەبەسترێتەوە. هاوكات لە قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر دەبێت بیرۆكەی بەستنەوەی قەزاو ناحیەو شارەكانی ناو هەرێم هەبێت و هەوڵی جێبەجێكردنی بدەین و بە تەواو بوونی هەر سێ قۆناغی ئەو پڕۆژەیەی هێڵی شەمەندەفەر ئەوە هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكانی ئابووری پیشەسازی و گەشتیاری و بازرگانی هەنگاوێكی زۆر گەش و پێشكەوتوو دەنێت . هەروەها پڕۆژەیەكی تری گواستنەوەمان بۆ شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی هەیە ئەویش پرۆژەی گواستنەوەی ترامە، ئەم پڕۆژەیەش بۆ شاری هەولێر دیزاینەكەی تەواو بووە و لە دهۆك هەندێ كێشە لەمبارەوە هاتە پێش بۆیە دواكەوت و لەسەرەتای ساڵی 2013دا دیزاینی دهۆك و سلێمانیش بە دڵنیایەوە تەواو دەبن. بۆ جێبەجیكردنیش چاوەڕوانی بڕیاری كۆتاین كە بە ڕێگای وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت یان بە ڕێگای بودجە و پشتگیری حكومەتی هەرێمی كوردستان جیبەجێ بكریت، جگە لەم پرۆژەیەش پرۆژەكانی دروستكردنی تەرمیناڵ لەشارە گەورەكان لەبەردەستدایە، لەم ماوەیەدا بۆ دروستكردنی تەڕمیناڵەكان ڕێنمایی دەردەچێت و لەپاشان بە هاوكاری و هەماهەنگی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار زەوی بۆ تەڕمیناڵەكان تەرخان دەكرێت و لەم پڕۆژەیەشدا ئێستاكە بۆ شاری هەولێر دوو تەڕمیناڵ چۆتە قۆناغی جێبەجێ كردنەوە). پۆست كۆد لە سلێمانی و دهۆكسەبارەت بەپرۆژەی پۆست كۆد لەهەرسێ پارێزگاكەی كوردستان وەزیری گواستنەوەو گەیاندن بە گوڵانی گووت: (وەكو قۆناغی یەكەم بۆ شاری دهۆك بەگشتی و بۆ 20گەڕەكی شاری سلێمانی دوو گرێبەستمان بۆ پۆست كۆد واژو كردووە، بۆ شاری هەولێریش دروستكردنی دیزاینەكەی ئێستا بە زانكۆیەكی ئەڵمانی دراوە و لە ساڵی داهاتوو لە هەولێریش دەست بە دانانی پۆست كۆد دەكرێت، ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە دانانی ژمارە لەسەر گەڕەك و هەر كۆڵان و ماڵێكیش ژمارەی تایبەتی خۆی دەبێت كە بەم سیستەمە هاتوچۆی پۆستە لە شێوە كۆن و كلاسیكییەكەوە رزگاری دەبێت و بە شێوەیەكی زۆر وردو هەستیار و دڵنیایەوە پۆستەكان هەر شێوەیەكی بێت بە ئاسانی و خێرایەكی بێ وێنە بە دەست هاووڵاتیان دەگات.هاوكات چەندین پڕۆژەی ترمان هەیە وەكو سیتی پاس كە ئەوەش گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ خزمەتكردن بە هاووڵاتیان و شارەكانمان و ئەم پڕۆژەیە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دەبێت و كاری ئێمە لەمبارەوە تەنیا سەرپەرشتی كردنە و یەكێك لەم كارە باشانەی لەم پڕۆژەیە دەكرێت گۆڕینی پاسە كۆنەكانە بە تازە، هەروەها بۆ سەركەوتنی سەرجەم پرۆژەكان ئێمە وەكو وەزارەت و حكومەتی هەرێم پێویستمان بە ماستەرپلانی گواستنەوەیە و بۆ ئەو پڕۆژەش بڕیار لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە و بڕیاربوو ئەو ساڵ ماستەرپلانی هاتوچۆی پایتەختی هەرێمی كوردستان دروست بكەین، بەڵام دوامانخست بۆ ئەوەی شارەكانی هەرێمی كوردستان لەیەكتر جیانەكرێنەوە). كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێت سەبارەت بەو رەخنەو گلەییانەی لەسەر كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێت هەیە وەزیری گواستنەوەو گەیاندن گوتی: (گلەیی و گازاندە لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەسەر كۆمپانیاكانی (فایبەر ئۆمپتیك) هەیە كە هۆكارەكەشی زیاتر بۆ نەبوونی كێبڕكێ دەگەڕێتەوە و هەر ئەمەش وەیكردووە كە قۆرخكاری لەمبوارەدا هەبێت و ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین قۆڕخكاری نەمێنێت و ئەو سێ كۆمپانیایەی كار لە مۆبایڵ دەكەن ئازادبن لە هەر كوێدا خزمەتگوزارییەكانیان بخەنە خزمەت هاووڵاتیانەوە و لەبواری ئینتەرنێتەوە ئێستا 28 كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان خزمەت دەكات و بۆ ڕیكخستنی ئیش و كارەكانی ئەو كۆمپانیانەی ئینتەرنێت ڕێنمای ئامادەكراوە تەنیا لەسەر پەسند كردنی ئەنجومەنی وەزیران ماوە و لە قەزاو ناحیەكان گلەیی لەسەر نەبوونی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت هەیە بۆیە بەپێی ئەو ڕێنمایانەی دەردەچێت دەبێت كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت تەنیا لەشارەكان كار نەكەن، بەڵكو دەبێت كارو ئیش و خزمەتگوزارییەكانیان بەبێ جیاوازی ببەنە هەموو قەزاو ناحیەیەك و ئێمە ڕێژەو ماوەی كاركردن لەسەر كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت بەپێی ڕێنمایەكان دادەنین و دەبێت بەپێی ئەو ماوەو ڕێژەیە كارەكانیان جێبەجێ بكەن و هەبوونی خزمەتگوزاری فایبەر ئۆپتیك بنەماو هۆكاری سەرەكی كاركردنی ئینتەرنێتە، بۆیە بە ئیجباری دەبێت كۆمپانیاكانی مۆبایل كارو خزمەتگوزارییەكانیان ببەنە هەموو قەزاو ناحیەو شوێنێك بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتیش وەكو شارەكان بە ناحیەو قەزاكان بگات و لەم كارو ڕێنمایانەی بۆ مۆبایل و ئینتەرنێت دانراوە زیاتر مەبەست خزمەتكردن و قازانج كردنی هاووڵاتیان و كۆمپانیاكانە، لەلایەكی تر ئێمە ناتوانین گرێبەست لەگەڵ هیچ كۆمپانیایەكی فایبەرئۆپتیك واژو بكەین، چونكە ئەوە پێویستی بە كۆدە و ئەو كۆدەش لە دەسەڵاتی حكومەتی عیراقە، چونكە عیراق لە یەكێتی گەیاندی جیهانی ئەندامە لەبەر ئەوەی دەوڵەتە ئەم یەكێتیەش سەر بە(UN)ە و سەرپەرشتی گەیاندنی هەموو وڵاتانی دنیا دەكات و ئەوان كۆد بەكۆمپانیاكانی مۆبایڵ دەدەن، لەلایەكی تر كۆمپانیاكانی مۆبایل لەمەودوا ناتوانن بەبێ ڕەزامەندی ئێمە بە ئارەزووی خۆیان كۆڵان و شەقامەكانی ناو شارەكان هەڵكەنن و ئێستاكە لەم جۆرە كارانە ڕاگیراون و بۆ هەر كارێكیان دەبێت داواكاری پێشكەش بكەن، هەروەها ئێمە پێش ئێستا لە وەزارەت چاودیری كۆمپانیاكان ئینتەرنێتمان نەبوو، بەڵام ئێستاكە ئالیەتێك لە وەزارەت دانراوە بۆ چاودێری و ڕێكخستنی كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت كە ئەمەش گۆڕانكاری باش لەمبوارەدا دێنێتەدی، هاوكات بۆ نەهێشتنی دیاردەی فرۆشتنی سیمكارتی كۆمپانیاكانی مۆبایل بەو شێوەی ئێستاكە كە لە بازاڕ هەیە بەبێ فۆڕم و ناوونووسین و بۆ نەهێشتنی ئەو گلەییانە ئاگاداری فەرمی ئەو كۆمپانیانە دەكەینەوە بۆ ئەوەی حاڵەتی فرۆشتنی سیمكارت بەم شێوەی ئێستا نامێنێت). تاوەرەكانی مۆبایل و رادیۆو تەلەفزیۆنەكانسەبارەت بەو گلەیی و رەخنانەش كە لەسەر دانانی تاوەرەكانی مۆبایل و رادیۆو تەلەفزیۆنەكان هەیە وەزیری گواستنەوەو گەیاندن گوتی:( ئێمە بۆ ئەو تاوەرانەو بۆ كۆمپانیاكانی مۆبایل دوو ئیجرائاتمان هەیە و لیژنەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران هەیە تایبەتە بە تاوەرەكانی مۆبایل و ئێمەش لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری لیژنەیەكی هاوبەشمان بۆ تاوەرەكانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەكان هەیە و چەند دانیشتنمان كردووە بۆ دانانی ئەو تاوەرانەی كە دادەنرین كە شوێنەكە دەبێت چۆن بێت و بەرزی تاوەرەكان چەند بێت و چەند لە یەكتر دووربن و چەند لە قوتابخانەو نەخۆشخانەو شوێنی گشتی دووربن و كاركردن لەم ڕووەشەوە زۆر ئاسان نییە و بۆ دواڕۆژیش بیرۆكەی ترمان هەیە، لەبارەی مەترسی و كاریگەری تاوەرەكان بەپێی زانیاری و لێكۆڵینەوەی زانستی تاوەرەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان نییە، بەڵكو ئەوەی هۆكارو مەترسین تاوەرەكانی رادیۆ و تەلەفزیۆنەكانە، چونكە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەكان پاوەریان زیاترە و كاریگەری نێگەتیڤیان لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە، بۆیە ئێمە بۆ رادیۆ و تەلەفزیۆنەكان پڕۆژەمان هەیە و بەدوو قۆناغ جێبەجی دەكەین.
Top