عەمید سەرحەد: دەیان جار توركمان و عەرەبمان لە دەست گرووپە تیرۆرستەكان ڕزگاركردووە

عەمید سەرحەد: دەیان جار توركمان و عەرەبمان لە دەست گرووپە تیرۆرستەكان ڕزگاركردووە
-تیرۆریستان ناتوانن پێكەوەژیانی كەركوك بشێوێنن
-تیرۆریستان پێیان بكرێت شەڕی ئیتنی و تائیفی لەم ناوچەیە هەڵدەگیرسێنن


كەركوك كراوەتە مۆڵگەو حەشارگەی دەیان گرووپ و تاقمی تیرۆریست، تا ئەمڕۆش پاشماوەكانی قاعیدەو تاقمی بەناو دەوڵەتی ئیسلام و ئەنسارولسوننەو جەیشی ئیسلام و موجاهیدین و ڕاشدین و نەقشبەندییەكان و كەتائیبی(ثورة العشرین) لەناو ئەم پارێزگایەدا بوونیان هەیەو، هەموو ئەو گرووپە تیرۆریزمیانە تەنیا یەك ئامانج كۆیان دەكاتەوە، ئەویش لە لایەكەوە ئامانجیان تێكدانی بارودۆخەكەو دروست كردنی تەنگژەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەو لە لایەكی دیكەشەوە نانەوەی بێ متمانەیی و دروست كردنی فیتنەیە، لە نێوان نەتەوە فرە ئیتنیەكانی ناو كەركوك و هەروەها بۆ كوشتن و تەرحیل پێكردنەوەی كوردەكان كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بەڕادەیەكی ترسناكی وا كە لەم چەند ساڵەی دواییدا تەنیا لە قەزایەكی وەك حەویجەدا زیاتر لە 1000 ماڵە كوردی سەر بەو قەزایە لە لایەن ئەو گرووپانەوە ڕووبەڕووی كوشتن و دەركردن بوونەتەوە، وێڕای ئەم هەوڵە تیرۆریستانە بەڵام بەهیمەتی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش نەیانتوانیوە ئەم خەونەیان بێتە دی.
بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسەی تایبەت بە تەناهی و ئەگەری خراپ تێكچوونەوەی بارودۆخەكە لەدوای وادەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكاوەو ئەو ئاستەنگە مەودا دوورانەی لەو كشانەوەیە دەكەونەوە، چەند پرسیارێكمان لە عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك كرد، لە دوو توێی ئەم راپۆرتەدا وەڵامەكانی دەخەینەڕوو.
بارودۆخی ئاسایش لەقەزاو ناحیەكانی كەركوك
سەبارەت بە بارودۆخی ئاسایشی دەوروبەری پارێزگای كەركوك وەك هێڵێكی سەرەكی تەماس لە نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك وتی: سنووری كارو بەرپرسیارییەتی 24 بنكەو یەكەی پۆلیس لە ئەستۆی ئێمەدایە، كە سنوورەكانی قەزای حەویجەو دبزو داقوق و 16ناحیەی سنووری پارێزگاكە دەگرێتەوە، پێكهاتەی ئیتنی ئەو سنوورانەش وەكو داقوق لە كوردو توركمان و عەرەب پێكهاتووەو ڕێژەی زۆری لە نەتەوەی كوردن، لە سنووری قەزای دبزیش بە هەمان شێوە كوردو توركمان و عەرەب و چەند ماڵێكی مەسیحیشی لێیەو، قەزای حەویجەو ناحیەكانی سنوورەكەی هەموویان عەرەبی سوننەن و لە پێش پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە زیاتر لە هەزار ماڵە كورد كە لە دێرزەمانەوە لەو سنوورەدا هەبوون، بەڵام گرووپە تیرۆرستیەكان هەڕەشەی كوشتن و تیرۆریان دەرهەق ئەو ماڵە كوردانە كردووەو چەندین كەسیان لێ شەهید و بریندارو ڕفاندون و بێ سەرو شوێن كردون، بۆیە ئەو ماڵانە زێدی خۆیان بەجێهێشت و بەرەو ناو شاری كەركوك كۆچیان كردووە. لەدوای پڕۆسەی ئازادكردنی عێراقەوە ئیشوكارەكانمان زۆر زەحمەت و قورس بووە، لەبەر ئەوەی سنوورەكە بەتایبەتیش قەزای حەویجە لە بارودۆخێكی خراپ و ناجێگیردا بوو، بۆ كەسێكی بە ڕەسەن كورد لەوێ ئاسان نەبوو كە كارو چالاكی و پشكنین ئەنجام بدات و تیرۆریستان بگرێت.
9 تاقمی تیرۆریستی بەناو ئیسلامی و كۆنەبەعسی بوونیان هەیە
لەكەركوك ژمارەیەك لە تاقم و گرووپی تیرۆریستی بوونیان هەیە و بە سەدان هاووڵاتییان شەهیدو برینداركردووە ؛ لەمبارەیەوە عەمید سەرحەد وتی: گرووپ و تاقمە تیرۆریستییەكانی (قاعیدەو دەوڵەتی ئیسلامی و ئەنساروسوننەو ئەنسارولئیسلام و جەیشی ئیسلامی و جەیشی موجاهیدین و گرووپی نەقشبەندییەكان و جەیشی ڕاشیدێن و گرووپی ((كتائب ثورة العشرین ))) لەپارێزگای كەركوك بوونیان هەیەو جۆرەها كردەوەی تیرۆریستیان ئەنجامداوە، بەپێی ئەو بەڵگەو دیكۆمێنتانەی بەردەستمان كەوتووە، كۆنە بەعسیەكان لەناو هەر هەموو ئەم تاقمە تیرۆریستانەدا ئەكتیڤانە بوونیان هەیە، یەكەمین كاری ئەوانە كۆكردنەوەی زانیاری بووە لەسەر بەرپرسی ئیداری و ئاسایش و نەتەوەكان و حزبیەكانی ناو كەركوك و سنوورەكە، بەڵام ئەوەی راستەوخۆ زیاتر كردەوەی خۆكوژی و ڕفاندن و كوشتنی بە دەمانچەی بێ دەنگ ئەنجامداوە گرووپەكانی تیرۆریستی نەقشبەندی و ئەنساروسوننەو قاعیدەیە.
هەروەها ماوەیەك پێش ئێستا بەپێی ئەو لیستانەی ناوی كۆنە بەعسی و عەرەبە شۆفینیەكان كە دەستیان هەبووە لە تێكدانی بارودۆخ و ئاسایشی عێراق، لیستەكان لە بەغداوە بۆ ئێمە هات، ئەوە توانیومانە 62 داواكراو لەسنووری پارێزگای كەركوك بگرین و بۆ سەرووی خۆمان ڕەوانەیان بكەین. پاش لێكۆڵینەوە بە بەڵگەوە لە بەغدا دەركەوتووە كە ئەمانە خۆیان بۆ چەندین كردەوەی تیرۆریستی ئامادەكردبوو.
پیلانی مەترسیداری ئەم تاقم و گرووپانە كە لەكەركوك گردبوونەتەوەو هاوئاهەنگی یەكترن، لەو واقیعەوە هاتووە هەر وەكو خۆیان وتویانە:( كەركوك ئەو شوێنەیە كە هەوڵ دەدەین شەڕی تایفی و نەتەوەیی تێدا بەرپابكەین..) بۆ ئەو مەرامەشیان چەندین تەقینەوەی قێزەوەنی تیرۆریستیان لە گەڕەك و شوێنی كورد و توركمانەكان ئەنجامداوە، تاوەكو ئەو نەتەوانە لەگەڵ یەكتریدا بكەونە ناكۆكی و سەرئەنجام ئاگری شەڕ لەنێوانیان بەرپابێت، لەلایەكی ترەوە بەپێی دەستكەوتنی زانیاری و بەڵگەنامەو دیكۆمێنت تیرۆرستان پێیان وایەو لەو بڕوایەدان گەربێتوو لە كەركوك شكست بە ئەمریكا بێنن، مانای وایە لە هەموو عێراق شكستیان بەهێزی ئەمریكاو هاوپەیمانان هێناوە. ئەو گرووپە تیرۆرستانە زۆر هەوڵیانداوە ڕەوشی هێمنی و ئاسایشی كەركوك و سنوورەكەی تێكبدەن، لە ساڵانی 2005 تا 2008 گرووپە تیرۆرستەكان لە قەزای حەویجەو چیای حەمرین و ناحیەی ڕەشاد و ڕیازو چەندین شوێنی تر تا ڕادەیەك زاڵبوون و بەبەردەوامی كردەوەی تیرۆرستیان تێدا ئەنجام دەدا، خەڵكی سیڤیلی سنوورەكەیان دەكوشتن و بارودۆخێكی وایان دروستكردبوو تەنانەت لە ماڵ هاتنەدەرەوەی ئافرەتیان قەدەغەكردبوو، ئەوەی قاعیدەو تاڵیبان لە ئەفغانستان دەیانكرد هەمان شت دەیانەویست لەم سنوورەشدا وابكەن. بەپێی پلان و بەرنامەیەكی داڕێژراوی وردو بە هاوكاری لایەنە خەمخۆرەكانی تری ناو كەركوك و هاووڵاتیان توانیمان بەسەریاندا سەركەوتوو بین و شەهید و بریندارێكی زۆریشمان لەو پێناوەدا بەخشی.
عەبوەی موگناتیسی لە وڵاتانی دراوسێوە دەهێنرێن
سەبارەت بەو چەك و تەقەمەنیانەی لە كردەوە تیرۆرستییەكان بەكاردێت بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك وتی: ئەو جۆرەی كە عەبوەی موگناتیسییە لە دووری چەند مەترێكەوە دەنرێت بە ئۆتۆمبێلەوە یا بە لێوار و سەر شۆستەی ڕێگاكانەوە دادەنرێن، بەپێی لێكوڵینەوەو زانیاری و بەدواداچوون ئەم جۆرە عەبووانە لە ناو عێراق دروست ناكرێن، بەڵكو لە یەكێك لە وڵاتانی دراوسێوە هاتووەنەتە ناو عیراقەوە، بەڵام سەبارەت بە دەمانچەی بێدەنگ هەندێكیان هەر پێشترخۆی هەبوون و ئێستاكەش لەناوخۆ لەلایەن هەندێ وەستای ئاسنگەرەوە دەتوانرێت هەندێ دەمانچە بەتایبەتی دەمانچەی(تاریق) كاتم واتە كپكردنی دەنگی بۆ دروست بكرێت، ئەو كەسانەی هەڵدەستن بە بەكارهێنانی دەمانچەی بێدەنگ، ئەوە خەڵكی ئاسایی نین و بەڵكو شارەزایی و ئەزموونیان هەیە.
ماددەی 140ی دەستوور
سەبارەت بە گرنگی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك وتی: جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 كە لە دەستووردا هاتووە كاریگەری سەرەكی لەسەر نائارامی بارودۆخەكەی پارێزگای كەركوك هەیە، لە كاتی خۆیدا لە پڕۆسەی تەعریبكردنی گەلی كوردا ژمارەیەكی زۆری عەرەب هێنراونەتە ناو پارێزگای كەركوك و ڕێژەیەكی زۆریش لە كوردەكان ئاوارە كراون بۆ شاری هەولێر و سلێمانی و شوێنانی تر، گەرچی ئێستاكە عەرەبە هاوردەكان بەتایبەتی ئەوانەی پێیان دەوترێت (عشرة الاف) هۆكاری سەرەكی چەندین كێشەو گرفتن، بەڵام لە نەتەوەكانی تریش كەسانی تیرۆرست بوونیان هەیە، كارو ئیشی ئێمە زیاتر ئەوەیە بەبێ جیاوازی بەرگری لە هەموو پێكهاتەكانی شاری كەركوك و سنوورەكەی دەكەین، بە بەڵگەی ئەوەی بە دەیان جار توركمان و عەرەبمان لە دەست گرووپە تیرۆرستەكان رزگاركردووە، سەرەڕای هەموو ئەمانە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور كارو پڕۆسەیەكی باشە بۆ گشت بوارو لایەنەكان و هێوركردنەوەی بارودۆخ و سەقامگیربوونی ئاسایش و سەروەری یاسا لە پارێزگای كەركوك. ئێمە وەكو بەرپرسیاریەتی سەر شانمان چۆن هێمنی ئاسایشی قەرەهەنجیر لەبەرچاو دەگرین، بەهەمان شێوە دەمانەوێت هێمنی و ئاسایش لە هەموو سنووری پارێزگای كەركوك وەكو یەك پارێزراو بێت.
153 شەهید و زیاتر لە 250بریندار
سەبارەت بەو شەهیدو بریندارانەی كە لەناو ڕیزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزاو ناحیەكان بوونەتە قوربانی پاراستنی ڕەوشی ئاسایشی كەركوك عەمید سەرحەد وتی: تەنیا لە هێزەكانی پۆلیسی قەزاو ناحیەكان 153 شەهیدو زیاتر لە250بریندارمان هەیەو لە ناو ئەم شەهیدانەشدا كورد و عەرەب و توركمان و هەموو نەتەوەو ئایین و ئاینزاكانی تێدایەو هەر لەو كەس و پۆلیسانەی لە من نزیكن برایەكی خۆم و چەند خزم و كەسی نزیك بە خانەوادەكەم لە ناو شەهیدەكاندا هەن، هەروەها لە هێزەكانی تری پارێزگای كەركوك و هاووڵاتیانی سیڤیل ژمارەیەكی زۆر شەهیدو بریندار هەن. تیرۆرستەكان ویژدان و بەزەییان لە مەزەنەدا نییەو جیاوازی لەنێوان نەتەوەو ئایین و ئاینزاكاندا ناكەن. بۆیە دەتوانم بڵێم هەموو خەڵكی كەركوك و سنوورەكە بەتایبەتی فەرمانگەو هێزە ئەمنیەكان ئامانجی گرووپە تیرۆرستییەكان بوون. تا ئێستاش لە بارودۆخێكی دەستەویەخەو لەشەڕێكی بەرانبەر و بەردەوامداین، دیاردەو حاڵەتی ڕفاندنی هاووڵاتیان هەرماوە. هەر ئەو حاڵەتانەی ڕفاندنە كە وایكردووە هەندێك لە خەڵكی ڕەسەنی شاری كەركوك بەرەو شارەكانی تری هەرێمی كوردستان و شوێنی تر كۆچ بكەن، لەمبارەیەوە توانیومانە لەو تاقم و كەسانەی كە كاری ڕفاندن و كوشتن ئەنجام دەدەن 12تاقم و تۆڕ بگرین، ئەوانەش هەندێكیان لەگرووپە تیرۆرستییەكانن كە ئەو كردەوانە دەكەن بۆ ئەوەی پارەیان دەست بكەوێت و بۆ مەرام و كردەوەی تیرۆرستیی خەرجی بكەن و هەندێكیشیان كە گیراون چەند كەسێك بوون بۆ مەرامی چەتەگەری و دزی ڕێككەوتوون.
لەگەڵ فیرقەی 12ی سوپای عێراقی كێشەمان هەبوو
سەبارەت بە پێوەندی و هەماهەنگی نێوان دەزگا و هێزە ئەمنییەكانی ناو شاری كەركوك و سنوورەكە بۆ پاراستنی بارودۆخەكە، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك وتی: وەكو پۆلیسی قەزاو ناحیەكان لەگەڵ هەموو هێزو دەزگاكانی ئەمنی شاری كەركوك هەماهەنگی و پێوەندی باشمان هەیە، هەروەها لەگەڵ لایەنەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە پێوەندیمان لەگەڵ ئاسایش و ئاژانسی پاراستن و زانیاری و هێزی دژە تیرۆر هەیەو بە بەردەوامی كۆبوونەوەو زانیاری گۆڕینەوە و ئەرك و چالاكی هاوبەشمان لەگەڵ یەكتردا هەیە، هاوكات لەگەڵ هێزو دەزگاو لایەنە ئەمنیەكانی بەغداش هەماهەنگی و هاوكاری و زانیاری گۆڕینەوەو چالاكی هاوبەش لە نێوانماندا هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2008 لەسەرەتای دامەزراندنی فیرقەی 12 هەندێ كێشەو گرفت لە نێوانمان پەیدا بوو، زۆرجار كێشەكان دەگەیشتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، چونكە ئەوانە هاتبوون تا زیاتر گرنگی خۆیان بە ناوچەكانی لەیلان و قەرەهەنجیرو پردێ بدەن، ئەمەش مەرامی سیاسی لەپشت بوو، چونكە ئەو ناوچانە هەر هەمووی كوردن و كەسوكاریشیان ئەنفالكراون، لەپاشان قسەمان لەگەڵ ئەو فیرقەیەو هێزەكانی ئەمریكییەكان كرد كە ئەو ناوچانە كوردن و ئاسایشی تێدا بەرقەرارەو كێشەی تیرۆریزمی لێ نییەو چوینە ناوچەی حەویجەو چیای حەمرین و چەندین شوێنی ترو پێمان وتن تیرۆرستان لەم شوێنانەدا هەن و لەم ناوچانەوە گرووپە تیرۆرستیەكان دێنە ناو شاری كەركوكەوە كردەوەی تیرۆرستی و ڕفاندن و كاری قێزەوەن ئەنجام دەدەن و پێویستە ئەو هێزو فیرقانە بۆ دەستگیركردنی تیرۆرستان بێنە ئێرە، نەك قەرەهەنجیرو پردێ كە شوێنێكی پارێزراو سەلامەت و گەشتوگوزارییە، لەڕاستیدا خەڵك بۆ سەیران دەچێتە قەرە هەنجیرو پردێ، كەچی بە هەڵە یان بۆ مەبەستی كە خۆیان دەیزانن فیرقەی 12ی جەیشی عێراقییان بۆ هێنابوو، لە ئەنجامدا وەزارەتی بەرگری و حكومەتی ناوەندی خۆیان گەیشتنە قەناعەت و ئەو كێشەو گرفتانەی لە نێوانمان هەبوو كۆتایی پێ هات و قائید فیرقەكەشیان گۆڕی، ئەوەی ئێستا هەماهەنگ و هاوكارە لەگەڵ هەموو لایەكمان و بەیەكەوە ئەرك و كۆبوونەوەو چالاكیمان هەیە.
ڕۆڵی ئاژانسی پاراستن لەئارامی و ئاسایشی كەركوك دا
سەبارەت بەهاوكاری و هەماهەنگی ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی تری ناو شاری كەركوك و سنوورەكەدا بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك وتی: لەدوای ئازادی عێراق ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان لە شاری كەركوك بوونیان هەیەو لەسەرەتادا بۆ پاراستنی ئاشتی و تەناهی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكادا كاریان دەكرد، لەپاشان لەنێوان ئێمەو ئەمریكییەكان و ئەو هێزو دەزگا ئەمنیانەی لەكەركوك هەبوون، بەرنامەیەكی تۆكمە دانرا و ئەو زانیاریانەی دەست دەكەوتن ڕاستەوخۆ دەدرانە ئەمریكیەكان و ئەوانیش دەیاندایەوە بە ئێمە بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە. ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان زانیاری و وردەكاری هەستیارو باشیان پێداوین و لەسەر ئەو زانیاریانەی ئەوان خەڵكان و كەسانی تیرۆرست و خراپمان بە بەڵگەوە دەستگیركردووە و داومانن بە دادگاو لەمانەش پاش لێكۆڵینەوەی دادوەری و بەپێی ئەحكامی یاسای عیراقی سزای خۆیان لە بەرانبەر تاوانە تیرۆریستیەكانی ئەنجامیان داون وەرگرتووەو حوكمیش دراون، ئەو دەزگاو هێزانەی لە كەركوك بوونیان هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكتردا كاردەكەین و یاسا و بڕیار بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان و شارەكە جێبەجێ دەكەین، تاوەكو هێمنی و ئاسایشی تێدا بەرقەرار بێت. بەڵام ئەو دەزگاو هێزو لایەنە ئەمنیانەی زیاتریش لە كەركوك دیارن و چالاكی و كاری بەردەوام بۆ بەرژەوەندی كەركوك و سنوورەكەی دەكەن، ئەوە هێزەكانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و پاراستن و زانیاری و دژە تیرۆرە و ئەوانەی سەر بە بەغداشن، بەهەمان شێوە بەرپرسیارن لە پاراستنی هێمنی و ئاسایشی شارەكە.
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا
سەبارەت بەوەی كە لە پاش پاشەكشێی هێزەكانی ئەمریكا ئەركەكانی پۆلیس و هێزو دەزگا ئەمنییەكان زۆرو قورستر دەبێت بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك وتی: دەتوانم بڵێم زیاتر لە 6مانگە ئێمە خۆمان راستەوخۆ وەكو پۆلیس و سوپاو دەزگا ئەمنییەكانی پارێزگای كەركوك پارێزگاری لە ئاسایشی شارو سنوورەكە دەكەین، لە كۆتایی ئەم ساڵیشدا هێزەكانی ئەمریكا دەكشێنەوەو ئێمە وەكو پۆلیس پێویستمان بە كۆمەڵێك كەلوپەل و تەكنیك و پێداویستی هەیە داوامان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق كردووەو لە سەرەتای كشانەوەی ئەمریكاش كارو ئیشەكانمان قورستر و زۆرتر دەبێت، بۆیە ئێمە بەهەموو تواناو هەوڵی خۆمانەوە كارو ئیش و چالاكی دەكەین بۆ ئەوەی نەهێڵین كەلێن و كێشەو گرفت لە بارودۆخی ئاسایشی پارێزگای كەركوك دروست بێت.
هاوكات پێشتر زانیاریمان هەبوو لەوەی بەعسیەكان بە لێشاو لەسوریاوە دەگەڕێنەوە، هەر لە مانگی 2ی ئەمساڵیشدا ئەو خۆپیشاندانانەی لە سنووری قەزای حەویجە كران و لە ئەنجامدا بنكەكانی پۆلیسی حەویجەو ئەنجومەنی قەزای حەویجەو فەرمانگەی وەقفی سوننە كە زیاتر لە 100قورئانی پیرۆزی تێدابوو سووتاندیان و ئاڵای گرووپی تیرۆرستی نەقشبەندی و كۆنە ئاڵای عێراقی ئەوسایان بەرزكردەوەو لەهەمان ڕۆژدا لە شێوەی نیمچە كودەتایەكدا هەستان بۆ خۆیان بەڕێوەبەری پۆلیس و قایمقام و سەرۆكی ئەنجومەنی قەزایان لەحەویجە داكوتاو لەوكاتەوە تا ئێستا زانیاریمان هەیە ئەو كۆنە بەعسیانەی لە سوریا و وڵاتانی تری دراوسێ بوون كە زۆربەیان دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەكانی گەل سوورە، ئەوە بۆ شاری كەركوك و سنوورەكە گەڕاونەتەوە لە پێناوی ئەوەی بارودۆخی ئاسایشی كەركوك تێكبدەن .
سەرۆك بارزانی بەڵێنی بەخەڵكی كەركوك دا پارێزگاری لەسەقامگیری كەركوك دەكات
سەبارەت بەگرنگی و كاریگەری سەردانەكەی ئەو دواییەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شاری كەركوك بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك وتی: سەردانەكەی ئەو جارەی جەنابی سەرۆك بارزانی كاریگەری باشی لەسەر بارودۆخ و ئارامی هاووڵاتیانی شاری كەركوك هەبوو، بە تایبەتی كاتێك كە لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی كەركوك و لایەن جیاوازەكان و هێزەكانی ئاسایش كۆبۆوەو ئەو خەڵكەی گلەیی و گازاندەو پێشنیاری هەبوو بە ڕاشكاوانە دەریانبڕی و بەڕێزیان هەموو داواكانی وەرگرتوو و بەڵێنیدا بە هەموو جۆرێك هاوكاری هێزو دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك بكات، هەروەها تەئكیدی لەسەر ئەوەش كردەوە لە كاتێكدا ئەمریكا لە عێراق كشایەوە ئەوە بە هەموو جۆرێك لە لایەن حكومەتی هەرێم و وەزارەتە پێوەندارەكانەوە پشتگیری و هاوكاری دەزگاو هێزە ئەمنییەكانی شاری كەركوك دەكرێت بۆ بەرژەوەندی هەموو پێكهاتەكان، پاراستن و سەقامگیری پارێزگای كەركوك و خەڵك و پێكهاتەكانی شاری كەركوك بە سەردانی جەنابی بارزانی دڵخۆشبوون و ئەمە دووبارە تەئكید كردنەوەیە لەسەر كوردستانیەتی كەركوك و مساوەمە نەكردن لەسەرئەو شارە، هەروەها لەلایەن هەموومان ئاشكرایەو مێژوو شایەدە كە لەسەر كورد و كوردستانیەتی كەركوك كوردو شۆڕشەكانی ڕزگاریخوازی كوردستان كۆشش و گیانفیدای و خۆبەختكردن و شەهیدێكی زۆریان داوەو چەندین جار شۆڕش بە قوربانی كەركوك كراوەو شۆڕشی مەزنی ئەیلول یەكێك بوو لەو شۆڕشە مەزنانەی كە بارزانی نەمر بە قوربانی شاری كەركوكی كرد.
Top