هەورامان.. پێویستی بەخزمەتگوزاری و پڕۆژەی زیاتر هەیە

هەورامان.. پێویستی بەخزمەتگوزاری و پڕۆژەی زیاتر هەیە
بیارە لە ساڵی 1975 بووەتە ناحیەو ئێستا شارەدێی تەوێڵەو 25 گوند لە سنووری قەڵەمڕەویدایە، دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم ناوچەیە كەوتبووە بەر شاڵاوی كیمیاباران و وێرانكردن و ببووە مەیدانی شەڕو تۆبپارانی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و ئێران، بە هۆیەوە سەرجەم سنوورەكەی بەتەواوەتی وێران كرابوو. لەساڵی 1991 وە سەنتەری ناحیەكەو تەوێڵەو 16 گوندی لێ ئاوەدان كراونەتەوە. سنووری ناحیەكە 71 هەزار دۆنمەو ژمارەی دانیشتووانی لەهاویندا 7000 كەسەو لە وەرزی زستانیشدا ئەم ژمارەیە كەم دەبێتەوە بۆ 6500 كەس، هۆكاری ئەمەش بۆ كارو پیشەی دانیشتووانەكەی دەگەڕێتەوە كە زیاتر سەرقاڵی كشتوكاڵ و وەرزێری ڕەزو باخ و وشوانكارەیین. بیارە ناوچەیەكی سەرسنوورییەو لە تەنیشت كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چەند خاڵێكی سنووری لەخۆ دەگرێت و پێكیانەوە دەبەستێتەوە، چیاو دارگوێزو قەزوان و كانیاوەكان سروشتێكی وای بۆ بیارە دروستكردووە كەتایبەتمەندییەكی جیاوازی پێبدات، دەكرێت جوانترین سەیرانگاو ناوچەی گەشتوگوزاری لێ دابمەزرێنرێت، بوونی خەڵكێكی ڕۆشنبیرو كراوەش كە بەشێوەزاری هەورامی قسە دەكەن ئەوەندەی تر ئومێد بەگەشتوگوزاری ئەم ناوچەیە دەبەخشێت.
گەرچی ماوەیەك بوونی جوندولئیسلام وئەنسارولئیسلام لەم ناوچەیەدا قۆناغێكی رەش و ساتەوەختانێكی پڕ ماڵوێرانی بوون بۆ هەورامییەكان، ئەو ساتانەش دەچنە پاڵ قۆناغە خراپەكانی ئەم دەڤەرەو ئەوەندەی تر بیارەو تەوێڵەو سنوورەكەی وێرانتر كردون، هەربۆیە نەتوانراوە بەپێی پێویست ئاوڕێكی جددی لەم ناوچە قەشەنگە بدرێتەوەو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی بەپێی پێویست تێدا ئەنجام بدرێت، دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیەش كەچی هێشتا بەتەواوەتی دەستی ئاوەدانكردنەوە نەگەیشتۆتە ناوچەكە، كە پێویستی بەپڕۆژەو كاری بەپەلەی خزمەتگوزاریی هەیە، چونكە تا 2003 ئەم ناوچەیە لە پڕۆژەو كاری خزمەتگوزاری دابڕاوبووە.. لەبەسەركردنەوەیەكی گۆڤاری گوڵان بۆ ناحیەی بیارەو شارەدێی تەوێڵەو سنوورەكەیدا بەگشتی، چەند دیدارێكمان لەگەڵ دانیشتووانەكەی ئەنجامدا، هەمووان گلەیی و گازندەیان هەبوو، بەتایبەتی لەبواری ئاوی خواردنەوەو قوتابخانەو بنكەی تەندروستی و نەبوونی پزیشكی ئافرەتان و تاپۆنەكردنی خانووەكانیان و چەندین بواری دیكەی بژێوی وگوزەرانی ڕۆژانەیان، هەربۆیە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی بیارە دوا وێستگەی سەردانەكەمان بوو، لەوێ لەدیدارێكدا چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی نوخشە ناسیح بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە كردو بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارو تێبینییەكانی گۆڤارەكەمانی دایەوە.
نوخشە ناسیح بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بۆ (گوڵان):
لە پێدانی پێشینەی خانووبەرەدا
ڕەچاوی تایبەتمەندێتی
هەورامان نەكراوە
ئەنسارولئیسلام .. حەرامكردنی كەلتوورو قەدەغەكردنی پۆشاكی كوردەواری ئافرەتان
نوخشە ناسیح بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە ئاماژەی بەهۆكاری ئەو وێرانیە كرد كە لەسەردەمە جیاجیاكانی رژێمی بەعس و ساتە شوومەكانی حوكمداری گرووپە تیرۆریستەكان ڕووبەڕووی بیارەو ناوچەكە بۆوەو زیانی گەورەی بە جموجوڵی بازرگانی و ئابووری و گەشتوگوزاری و ژیانی خەڵكەكە گەیاندبوو، لەمبارەیەوە وتی: لە دەڤەری هەورامان بەتایبەتی لەبیارەو تەوێڵە پێش ساڵی 2000 بەهۆی بارودۆخی سیاسی و كەوتنەوەی نائارامی كە لەلایەن گرووپی توندڕەوی ئەنسارولئیسلام هاتەدی، دوای ئەوەی ئەم گرووپە توندڕەوە هاتنە ناوچەكەمان و لەسەنتەری بیارەو ناوچەكە مۆڵیان خواردو مانەوە، كاریگەرییەكی زۆرخراپیان لەسەر خەڵكەكە دروست كردوو زیانی گەورەیان بە بواری خزمەتگوزاری و لایەنی دەروونی هاووڵاتیان گەیاند، بەڕادەیەك لە ماوەی مانەوەی ئەم گرووپە لەم ناوچەیە، تاكە پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لەسەرجەم دەڤەرەكە ئەنجام نەدرا، تەنانەت خەڵكی نەیاندەتوانی سەیران و گەشتی خێزانیش رێك بخەن، پۆشینی جلوبەرگی كوردەواری ئافرەتانیشیان قەدەغە كردبوو، بەگشتی جلوبەرگی كوردی ئافرەتانیان بەحەرام دانابوو، ئەمەئ وایكرد خەڵكی سنوورەكە زۆریان كۆچیان كردبوو بۆ شارو شارۆچكەكانی دوور لە دەسەڵاتی ئەم تاقمە، حاڵەتی زۆر ناخۆش ڕوویدا، بۆ نموونە باوك هەبوو لەسەر باغ و خانووەكەی مابۆوە، كەچی بەناچاری ماڵ و خێزان و منداڵەكانی لە شارو شارۆچكەیەكی تر ژیانیان بەسەر دەبرد، بەپێچەوانەشەوە هەبوو خێزان و منداڵی لەبیارە بوو كەچی باوكیان لەدەست گرووپی ئەنسارو لئیسلام رایانكردبوو، تەنانەت دەستی ڕەشی ئەنساران گەیشتە مەزارو شوێنە پیرۆزەكان، ئەمەو دەیان هەڵسوكەوتی نابەجێ و دوور لەمرۆڤایەتی، ئەم هۆكارانە پێكەوە وایانكرد نەك ناوچەكە ئاوەدان نەكرێتەوە، لەدوای ئەوەی ناوچەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەدەستی ئەو تاقمە تیرۆریستەی بە تەواوی پاككرانەوە، لەگەڵ گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری، هەنگاوەكانی ئاوەدانكردنەوەو ئەنجامدانی پرۆژەكان دەستی پێكرد، تەنانەت هێزەكانی هاوپەیمانان چەندین پرۆژەیان ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەمەشدا تا ئێستا ناوچەكە پێویستی بەكارو پرۆژەی زیاترو ئاوڕلێدانەوەی جددی هەیە..
بایەخ بەكارو پرۆژەی گەشتیاری نەدراوە
لەوەڵامی پرسیارێكی گوڵاندا كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەری ناحیەی بیارەمان كرد بەوەی بۆچی كاروپرۆژە كەم دەبینرێت لەم ناوچەیەو تەنانەت پرۆژەیەكی نەخۆشخانەو قوتابخانەیەكیش تا ئێستا تەواو نەبووەو لەبواری گەشتیاریشدا هیچ پرۆژەیەك نابینرێت كە لەم سنوورە ئەنجام درابێت؛ نوخشە ناسیح پێی وایە ناوچەی هەورامان بەگشتی و سنووری ناحیەی بیارە بەتایبەتی ناوچەیەكی گەشتیارییەو دەكرێت حكومەت لەم ناوچە دڵڕفێن و پاكوخاوێنە چەندین پرۆژەی گەشتیاری ئەنجام بدات، لەمباریەوە گلەیی لە حكومەتی هەرێم كرد كە تاكو ئێستا گرنگی بەكارو پرۆژەی گەشتیاری لە بیارەو تەوێڵە نەداوە، لەكاتێكدا جگە لەبوونی باخ و بێستان و دارستانی سروشتی و كانی و كارێز خەڵكی هەورامان ناسراون بە سەلیقە جوانی و ڕێزگرتن لەمیوانەكانیان، ئەمەش بەیەكێك لە بنەماكانی گەشەكردنی گەشتیاری دادەنرێت. هەربۆیە پێویستە حكومەت خۆی چەند پرۆژەیەك بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی گەشتیاری لە ناوچەكەدا ئەنجام بدات و تایبەتمەندێتی سنوورەكە ڕەچاو بكات و متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ وەبەرهێنەران. لەلایەكی ترەوە لەگەڵ ئەم باشییەی ناوچەكە، بەڕێوەبەری ناحیەكە ئاماژەی بەخاڵێكی گرنگ كرد كە بۆتە گرفت و كێشە لەبەردەم پڕۆژەكانیاندا ئەویش كەمی ڕووبەری زەوییە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەو هەروەها بەرزی تێچوونی ڕاستكردنەوەو ئامادەكردنی زەوییەكەیە، لەمبارەیەوە وتی: هەڵكەوتەی جوگرافی و بوونی چیای زۆر لەناوچەكەدا تایبەتمەندییەكی باشی بە بیارە داوە، لەلایەكی ترەوە ئەمەش گرفت و كێشەی زۆری بۆ ئێمە دروست كردووە كە جگە لەكەمی ڕووبەری زەوی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە، هاوكات تەخت كردنی ئەو خاكەی پرۆژەی لەسەر ئەنجام دەدەیت، كێشەیەكی ترەو ڕووبەڕووی ئێمەو تەنانەت دانیشتووانەكەش بۆتەوە، هەربۆیە پێویستە حكومەت لەكاتی تەرخانكردنی بودجەو خەرجی بۆ پرۆژەكان رەچاوی ئەم حاڵەتە بكات، بەداخەوە تاكو ئێستا زۆربەی وەزارەتەكان لەكاتی ئەنجامدانی پرۆژەكانیان ڕەچاوی تایبەتمەندێتی ناوچەكەو خەرجییەكانی ناكەن.
گرفتی ئاوی خواردنەوە
ئاوی خواردنەوە بەیەكێك لەو گرفتانە دادەنرێت كە زۆربەی قەزاو ناحیەكانی كوردستان بەڕێژەی جۆراوجۆر ئەم كێشەیەیان ڕووبەڕووبۆتەوە، ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی بیارە پێیان ڕاگەیاندین كەهەندێك گەڕەك لەدوو ڕۆژدا تەنیا چەند كاتژمێرێك ئاوی خواردنەوەیان دێتەوە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: تا ساڵی 2003 گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە هەبوو، ئەمەش بەهۆی بوونی ئەو تاقمە تیرۆریستەو ئەنجام نەدانی پرۆژە لە ناوچەكەدا، لەگەڵ دەركردنە دەرەوەی ئەم گرووپانە، راستەوخۆ دەستكراوە بەئەنجامدانی چەند پرۆژەیەك و دانانی كۆگای ئاوی خواردنەوە، هەربۆیە ئێستا خەڵكی بیارە كێشەی ئاوی خواردنەوەیان نییە، بەڵام سروشتی ناوچەكەو سەلیقەی جوانی خەڵكەكە بۆ بێستان و بەخێوكردنی ئاژەڵ و ئاودانی باخەكانیان، واقیعێكی وای خوڵقاندووە كە سوود لە ئاوی خواردنەوە وەردەگرن بۆ ئاودانی باخەكانیان، هەربۆیە لەزۆربەی شوێن و باخەكان بۆ ئاودانی دارودرەخت سوود لە ئاوی خواردنەوە وەردەگرن، كاتێك ئاوی خواردنەوە بۆ ئاودانی باغ و بێستانەكان دانرێت زیاد لە پێویست ئاوەكە سەرف دەكرێت و گرفتی ئاوی خواردنەوە دروست دەبێت لە ئێستادا لەبەرنامەدایە كۆگای تری ئاوی خواردنەوە بۆ ناحیەی بیارە دروست بكەین، دەمانەوێت 2 كۆگای گلدانەوەی ئاو لە ملەی چنارە دابین بكەین، سەبارەت بە شارەدێی تەوێڵەش پرۆژەی ئاوی خواردنەوەكەی لەساڵانی پەنجاكان دروستكراوە، توانیمان پرۆژەیەكی گەورەیان بۆ ئەنجام بدەین، بەشێوەیەك ئێستاكە لە تەوێڵە كۆگای ئاوی خواردنەوەی زیادمان هەیە، هاوكات هەڵساین بەگۆڕینی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی تەوێڵە كە زۆر كۆن بوو، ئەم گرفتە لەگوندەكان بەشێوەیەكی ترە، لەگەڵ گەورەبوونی گوندەكان و زیادبوونی دانیشتووانەكەی ئەو پرۆژانەی پێشتر بۆ دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە دانرابوون كە لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە ئەنجامداربوون، ئێستاكە بەشی پێداویستی هەموو هاووڵاتییەكان ناكات، هەندێك گوند هەیە وەك گوندی زەردەهاڵ پرۆژەی ئاومان بۆ ئەنجامداون، هەندێك گوندی تر هەیە وەكو گوندی بەڵخە لە بودجەی 2011دا بەرنامەی بۆ دانراوە تاوەكو پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی بۆ ئەنجام بدرێت، داواكارم لەحكومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە ڕەچاوی تایبەتمەندێتی ئەو كاولكاری و پێداویستییە زۆرەی هاووڵاتیانی سنوورەكەمان بكات و پرۆژەو كاری زیاتری بۆ ئەنجام بدات، چونكە ئەم ناوچەیە تا 2003 لەهەموو پرۆژەو كارێكی خزمەتگوزاری دابڕابوو.
گوندی باخە كۆن و گوڵپ كارەبای نیشتمانییان نییە
سەبارەت بەرەوشی كارەبا كە هەندێك گوندی بیارە هێشتا كارەبای نیشتمانیان نییە نوخشە ناسیح وتی : سەنتەری بیارەو تەوێڵە و زۆربەی گوندەكانمان كارەبای نیشتمانییان بۆ ڕاكێشراوە، لەگوندە ئاوەدانكراوەكان تەنیا هەردوو گوندی باخە كۆن و گوڵپ ماوە، ئەم دوو گوندەش كە ژمارەی ماڵەكانیان زۆر كەمە، بەڵام لەبەرنامەی 2011 دایە كارەبای نیشتمانیان بۆ ڕاكێشرێت، سەبارەت بەو گوندانەشی كە هێشتا ئاوەدان نەكراونەتەوە ئەوا ناكرێت ئێمە تا ئاوەدان نەكرێنەوە كارەبای نیشتمانییان بۆ رابكێشین، بۆیە ئێمە لەبواری كارەبادا كێشەیەكی گەورەمان نییە و لە كۆتایی 2011 ئومێدەوارین وەزارەتی كارەبا تۆڕی كارەبا بۆ ئەو دوو گوندەش ئەنجام بدات.
قوتابخانەیەكی بێ حەوش و بێ گۆڕەپانی تاتان
پرۆژە تەواونەكراوەكان یا ئەو پرۆژانەی بەتەواوەتی ئەنجام نەدراون، یەكێكە لەو كێشانەی زۆر باس دەكرێت و زۆرجار قسەو قسەڵۆكیشی بەدوادا دێت، هەرچۆنێك بێت پێویستە بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە پرۆژەیەكدا بكرێت كە تەواو نەبووە، تاوەكو گەر كەمتەرخەمی تێدا بێت سەرپەرشتیاری پرۆژەكە بخرێتە بەر لێپرسینەوەو ئەگەر دەرخستەو پلانیشی كەموكوڕی تێدا بێت ئەوا دەبێت ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر بەو دیزاینەرو نەخشەدانەرو جێبەجێكارەش هەبێت كە ئەركی تەواونەكردن یا كەموكورتی پرۆژەیەكی لە ئەستۆیە. قوتابخانەی بیارە كە نە حەوشەی هەیەو نە گۆڕەپانی تاتانی هەیە، یەكێكە لەوگرفتانەی پێویستی بەچارەسەركردنی خێرا هەیە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە وتی: قوتابخانەیەك لە بیارە دروستكراوە، ئامادە نیم وەریبگرم و داواكارم وەزارەتی پەروەردە و لایەنی پێوەندار بێت و چارەسەری گرفتەكەی بكات و بڕی 130 ملیۆن دیناری تری بۆ دابین بكرێت، چونكە ئەو قوتابخانەیە نە حەوشەی هەیە نە گۆڕەپانی تاتانی هەیەو رەنگە پروپاگەندەی راگەیاندنیشی لەسەر بكەوێتەوە. هۆكاری گرفتی قوتابخانەكەش بۆ كەمی بودجەی پێویست دەگەڕێتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی رەچاوی ئەو تایبەتمەندییەی ناوچەی هەورامان نەكراوە بۆ نموونە گەربێتوو لەشاری سلێمانی قوتابخانەیەك تێچووی دروستكردنی بڕی 700 ملیۆن دینار بێت، لەناوچەیەكی شاخاوی وەك هەورامان من دەڵێم 1 ملیارو نیو دینار تێچوونی دەبێت، لەلایەكی ترەوە پێویستە قوتابخانەیەكی 9 پۆلی بۆ بیارەو تەوێڵە دروست بكرێت، بڕیاریشە لە 2011 بۆ گوندەكانی نارنج و خارگێلان قوتابخانە دروست بكرێن.
لەڕووی پزیشك و ئامێرو كەرەستەی پزیشكییەوە كەموكورتیمان هەیە
سەبارەت بەبواری تەندروستی و نەبوونی نەخۆشخانەی شیاوو نەبوونی پزیشكی ئافرەتان و پسپۆرو كەموكورتی لە بواری ئامێری تەندروستی، بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: سەنتەری ناحیەی بیارە بنكەیەكی تەندروستی پلە 2ی هەیە كە زۆر بچوكەو پزیشكی پسپۆرو ئافرەتانی لێ نییە، هەروەها لە ڕووی ئامێرو پێداویستی پزیشكییەوە كەموكوڕی زۆرمان هەیە، چەندینجار داوامان لە حكومەت و لایەنی بەرپرس كردووە، نەخۆشخانەیەكی پلە A بۆ بیارە پێویستە، خۆشبەختانە لەكابینەی پێنجەمدا ڕەزامەندی بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە درابوو، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە هەڵساوە بەتەختكردنی ڕووبەری زەوییەك، نەخۆشخانەی بیارە كە لەكابینەی پێنجەمدا ڕەزامەندی لەسەردرا خراوەتە تەندەرەوەو لەچاوەڕوانیداین پڕۆژەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
تاپۆكردنی زەوییەكان و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك
سەبارەت بەماستەرپلان و تاپۆكردن و كوژانەوەی زەوی، بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: نەخشەی تەوێڵە تەواو بووەو ڕاگەیاندنیشی بۆ كراوەو بڕیارە بەم نزیكانە بیارەش تەواو بێت، دوای ئەوەی نەخشەكە ڕادەگەیەنرێت و پەسەند دەكرێت ئینجا زەوی و خانووەكان تاپۆ دەكرێن، هەمان شێوە بۆ باغەكانیش ئەنجام دەدرێت، كە ئێستا لەلایەنی كشتوكاڵییەوە لە تەوێڵەوە دەستی پێكراوەو وردە وردەش دێتە خوارەوە تا دەگاتە بیارەو دواتر هەموو سنوورەكە دەگرێتەوە، ئەمەش هەنگاوێكی باشە چونكە كێشەی سەرەكی ئێمە لەسنووری بیارە گرفتی تاپۆكردنە. لەلایەكی ترەوە گرفتی زبڵ و خاشاك و چۆنیەتی چارەسەركردنی بەیەكێك لەو مەسەلە گرنگانە دادەنرێت كە پێویستە بەپەلە كاری جددی بۆ بكرێت، ئەویش بەدانانی كارگەی ریسایكلین چارەسەر دەكرێت، نەك وەكو ئەوەی ئێستا پیادە دەكرێت كە لەشوێنێكدا زبڵ كۆدەكرێتەوەو دواتر دەسووتێنرێت و ژینگەكەمان پیس دەبێت و بە پلەی یەكەم زیانی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، تەنانەت لەكاتی سووتاندنی زبڵەكەش مەترسی ئاگركەوتنەوەی لێدەكرێت.
گونیەو دەبەی ئاو بۆ ئاگركووژانەوە دابین نەكراوە
لەكاتێكدا كە سەردانی بیارەمان كرد دیمەنی ئەو دارستانانەی لە قەدپاڵی چیاكەدایەو سووتاوە سەرنجی راكێشاین، هەر بۆیە ئەو پرسیارەمان لا دروست بوو كە لەكاتی ئاگركەوتنەوەی تردا تا چ رادەیەك ئامادەكاری وەرگیرا بێت؟ بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی لەكاتی خۆیدا داوای بلدۆزەرێكم كرد تا ئاگربڕ دروست بكەم، كاتێك داوامكرد گژوگیا سەوز بوو، كەچی بۆم دابین نەكرا، ئێستاش تازە ناتوانین ئاگربڕ دروست بكەین، ناچار بەشەخسی، خۆم هەڵساوم چەند تیمێكم دامەزراندووەو داوام لەهەموو فەرمانگەیەك كردووە 3 كارمەندم بۆ تەفەروغ پێبكەن لە 1/6 تاوەكو1/ 10 كە خۆبەخشانە ئامادەن لەكاتی كەوتنەوەی ئاگر كاری ئاگركوژانەوە ئەنجام بدەن، بۆ ئەم مەبەستە داوای دابینكردنی پێداویستیم كردووە تەنانەت داوای گونیەو دەبەی ئاوم كردووە بۆ ئاگركوژانەوە، كەچی بۆیان دابین نەكردووم، بۆ تەرخانكردنی بودجەی پێویستی ئاگركوژانەوە قایمقامی سنوورەكە نووسراوی بۆ پارێزگا بەرزكردۆتەوە، وەڵامی پارێزگای سلێمانی ئەوەیە كە تەنیا 30 ملیۆن دینار بۆ هەموو سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ حاڵەتی ئاگركەوتنەوە تەرخانكراوە و دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی تاوەكو ئەوان كەلوپەل و پێداویستییەكان بكڕن.
ئەمساڵ زیاتر لە 30 دۆنم زەوی كشتوكاڵی و دارستان و بێستان لەسنوورەكەو شاخەكان تا بەرەبەیان ئاگری تێبەربووەو زیانی گەورەی بەدرەخت و دارستانەكان گەیاندووەو نەتوانراوە بكوژێنرێنەوە، بۆیە داواكارم لەپارێزگاری سلێمانی و لایەنی پێوەندار، بودجەیەكی باش و پێویست بۆ حاڵەتی ئاگركەوتنەوە تەرخان بكەن چونكە زیانەكانی ئاگركەوتنەوە لە ناوچەكەماندا زۆر گەورەیەو لە هاوینی ئەمساڵیشدا مەترسی ئاگركەوتنەوەی زیاتر هەیە.
نەبوونی دەسەڵاتی دارایی كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر كارو ئیشەكانمان هەیە
سەبارەت بەدەسەڵاتی ئیداریی و دارایی بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە وتی: تا رادەیەكی باش دەسەڵاتی ئیداری دابەزیوەتە خوارەوە، بەڵام كە دەسەڵاتی دارایی و یەكەی ژمێریاری و بودجەم لەبەردەستدا نەبێت سوودی ئەم دەسەڵاتە چییە؟ نەبوونی دەسەڵاتی دارایی و بودجەی بەردەست كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كارو ئیشەكانمان هەیە، دەسەڵاتی ئیداری بە بێ دەسەڵاتی دارایی هیچ سوودێكی نییە و هۆكارێك نییە بۆ باشترو زیاتر كردنی ڕاپەراندنی كارو ئاوەدانكردنەوەی سنوورەكە.
لەپێشینەی خانووبەرەدا
ڕەچاوی پێداویستی و داواكاری هاووڵاتیانی دەڤەرەكە نەكراوە
سەبارەت بە پێشینەی خانووبەرەو دەركردنی رێنمایی تایبەت بەسنووری هەورامان و ناحیەی بیارە نوخشە ناسیح وتی: لەسنووری هەورامان و لەناو سەنتەری بیارەو تەوێڵەو زۆر گوندەكانمان كەسێك بیەوێت خانوو بكات بەزەحمەت دەتوانێت 80 مەتر زەوی دەست بكەوێت، چونكە وەكو باسم كرد هەڵكەوتەی شاخاوی ناوچەكە سروشتێكی سەخت و بەردەڵانی دروست كردووە، خەڵكی ناوچەكە ناچارن بۆ بەدەستهێنانی زەوی، چیاو شاخەكان هەڵكەنن و بیبڕن تا بتوانن ڕووبەرێكی بچووكی زەوییان دەست بكەوێت، بۆیە پێویستە وەزارەتی پلاندانان بۆ هەموو بوارەكان دیراسەی ئەو ناوچەیە بكات، لەلایەكی ترەوە بەزەحمەتی ڕووبەری 80 مەتر زەوی دەست دەكەوێت، بەمەش پێویستە كاتێك مامەڵە بۆ وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە دەكەن، هەمان مەرج و ڕێنمایی كە بۆ هاووڵاتیەكی هەولێرو سلێمانی كراوە بۆ ئێرەش هەمان شت نەكرێت، ئێستاكە لە 15 ملیۆن دینار تەنیا پێشینەی 7 ملیۆن و نیو دینار بە هاووڵاتییەك دەدرێت تا خانووی پێ بونیاد بنێت كە پارەیەكی یەكجار كەمە بەراورد بە واقیعی جوگرافیای خاكەكەو تێچوونی خانوویەك، ئەمە جگە لەدووری گواستنەوەی كەرەستەی بیناسازیی، بۆیە لە پێدانی پێشینەی خانووبەرەدا هیچ رەچاوی تایبەتمەندێتی كەمی ڕووبەری زەوی و خەرجی و گواستنەوەی كەرەستەی بیناسازی و تێچوونی خانوویەك لەهەورامان نەكراوە، پێویستە بەرپرسانی پێوەندار حساب بۆ داواكاری خەڵكەكەو پێداویستیەكانیان بكەن.
بڕیارە شوشمە ببێتە مەرزێكی فەرمی
یەكێك لەتایبەتمەندییەكانی بیارە بوونی چەند مەرزێكی سنوورییە كە تێیدا جموجوڵی بازرگانی تێدا ئەنجام دەدرێت و زۆرجاریش خەڵكی ناوچەكە لەم مەرزانەدا سەرقاڵی كاركردنن، سەبارەت بەمەرزەكانی سنوورەكەیان لەگەڵ ئێران، بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: لەسنووری بیارە مەرزی هانەگرملە هەیە كە مەرزێكی فەرمی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگامان بەخەڵكی ناو بیارە داوە كارو ئیش لەم مەرزە بكەن و هاوكات چاودێرییەكی توندمان داناوە بۆ ئەوەی كەلوپەلی قەدەغەكراوو ئیكسپایەرو خراپ نەهێننە هەرێمەكەوەو لەچوارچێوەیەكی راست و دروست كارو كاسپی خۆیان بكەن هەروەها مەرزی شوشمەمان هەیە كە نیمچە فەرمییە، لەكاتی ئێستادا رۆژانە 120 – 130 ئوتۆمبێل لەو مەرزەدا كار دەكەن و سوودی بۆ خەڵكەكە زۆرە، تەنانەت پڕۆژەیەك بە بڕی ملیارێك و پێنج سەدو چلو سێ ملیۆن دیناری بۆ دەرچووەو پاش چەندین دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بڕیارە ئەم مەرزە وەك مەرزی باشماخ ببێتە مەرزێكی نێودەوڵەتی بەهاوشێوەی مەرزی باشماخ و خەڵكی بەفەرمی و بەپەساپۆرت هاتوچۆ بكەن، تەنیا گرفتێكمان لەمبوارەدا ئەوەیە ئەو رێگایەی بۆ مەرزی شوشمە دەچێت بەناو باغی خەڵكیدا ڕاكێشراوەو هەندێك كەس قەرەبووكرانەوەو ژمارەیەكیشیان تا ئێستا قەرەبوو نەكراونەتەوە، گەر ڕێگاكە بكرێتە دووساید ئەوا پێویستە قەرەبوویەكی باشی خەڵكەكە بكرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی ڕێگاكە بەناو شاخێكی سەختدا تێپەڕ دەبێت و قەرەبووكردنەوەی باغ و بێستانی ئەم دەڤەرە كە دارگوێزی تێدایە تەمەنی 100 ساڵ دەبێت و خەڵكی ناوچەكەش باخەكانیان خۆش دەوێت، ئەمە حەتمەن زەحمەتەو تێچوونی زۆری دەوێت.
سەبارەت بەڕێگاوبانی سنوورەكەش بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: داوامان لە وەزیری ئاوەدانكردنەوە كردووە كە گرنگیەكی زیاتر بە ڕێگاوبانی ناوچەی هەورامان بدرێت، تاوەكو ڕێگاو شەقام بگەیەنرێتە هەموو ناوچە گەشتیارییەكان، هەروەها گرنگی بە ڕێگای نێوان هەورامان و هەڵەبجە بدرێت كە خەڵكێكی زۆر هاتوچۆی لەسەر دەكەن و مەترسی كەوتنەوەی ڕووداوی هاتوچۆی تێدا زۆرە..
فەرمانگەكانمان لەخانووی كرێدان
لە كۆتایی دیدارەكەماندا نوخشە ناسیح وتی ئومێدەوارم بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەسەر ئەنجامدانی پرۆژەكان وەزیرە بەڕێزەكان سەردانی مەیدانییان هەبێت یا لیژنەی تایبەتمەند بنێرن بۆ لێپرسینەوەو بەدواداچوونی كارو پرۆژەكان لەسەرجەم ئەو بوارانەی پێوەندییان پێوەی هەیە، لەكابینەی شەشەمدا تەنیا وەزیری تەندروستی سەردانی كردین، هاوكات بودجەیەك بۆ كوژانەوەی ئاگر تەرخان بكرێت، هەروەها گرفتی نەبوونی ئامێرو بینایەی فەرمانگەكانمان بۆ چارەسەر بكرێت، چونكە لە بیارە لە ساڵی 2009 ەوە داوای كۆمەڵگەیەكی ئیداریم بۆ بیارەو شارەدێی تەوێڵە كردووەو تا ئێستا بۆیان نەكردوین، بەگشتی هەورامان غەدری لێكراوەو بەپێی وێرانكردنە مێژووییەكەو ئەو زوڵم و كاولكارییەی بەسەریدا هاتووە كاری بۆ نەكراوە، ئومێدەوارم وەزیرەكانی شارەوانی و گەشتوگوزارو پەروەردەو كشتوكاڵ و تەندروستی كە لەم بوارانەدا زۆر كێشەو گرفتم هەیە سەردانێكی مەیدانی ناوچەكە بكەن و بەدواداچوونی خۆیان لەسەر ئەو پڕۆژەو كارانە بكەن كە پێویستمانەو تا ئێستا تەواو نەكراون..
Top