سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادق: ئاگر گرتنی زبڵ و خاشاك دانیشتوانی سەید سادقی بێزار گردووە

سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادق: ئاگر گرتنی زبڵ و خاشاك دانیشتوانی سەید سادقی بێزار گردووە
مێژووی دروست بوونی سەید سادق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1947)، بەڵام لە (23/3/1988)لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە سەرتاپای قەزاكە ڕووخێنرا، خەڵكەكەش بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێیەكان ڕاگوازرانەوە، دوای ڕاپەڕین سەیدسادق سەرلەنوێ ئاوەدانكرایەوە.
قەزای سەید سادق ناحیەی(بەرزنجە و 64گوند) لەخۆدەگرێت، ناوچەیەكی بەرفراوان و دەشتێكی بەپیت و بەرەكەتی كشتوكاڵی هەیە، ژمارەی دانیشتووانی سنوورەكەی (75) هەزار كەس دەبێت و سەنتەری قەزاكە (16) هەزار ماڵی تێدا دەژی، بەڵام لێرەو لەوێ هاووڵاتیانی سەنتەری قەزا و سنوورەكە، گلەیی و گازاندەیەكی زۆریان لەبارەی نەبوونی كاروپڕۆژەكانی خزمەتگوزاری هەیە.
ئێمە وەكو تیمی گوڤاری گوڵان لە سەردانێكی قەزای سەیدسادقدا ژمارەیەك هاووڵاتیمان دواند و ئەوانیش زۆر ڕاشكاوانە پەنجەیان خستەسەر یەكە یەكە لە كێشە و گرفتە خزمەتگوزاریەكانی قەزاكە، بەتایبەتی لەبارەی خراپی شەقام و كۆڵانەكانی ناو سەنتەری قەزاو گەڕەكەكان و خراپی شێوەی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك و لەناوبردنی، چونكە لە ئەنجامی سووتاندنی زبڵ و خاشاكەكە بۆن و دوكەڵێكی زۆر بەسەر شارەكەدا بڵاودەبێتەوە. هەروەها باسیان لە خراپی ڕێگاوبانی گوندەكانی سنووری سەید سادق كرد. بۆ خستنەڕووی گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی تر سەردانی بەڕێز (جەمال ئەحمەد محەمەد) سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادقمان كردوو بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی:
زۆرترین زێدەڕۆیی لە كوردستان
لە سەنتەری قەزای سەید سادقە
سەید سادق ناوەندێكی گرنگی شارەزوورە و سەر سنوورە، بۆیە پێش خاپووركردنیش لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە زۆر كەم كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ كراوە، لەدوای ڕووخاندن و ڕاگواستنەوەی دانیشتوانەكەی بە یەكجارەكی ژێرخانەكەی ڕووخا، سەبارەت بەوەی قەزای سەید سادق و سنوورەكەی چۆن ئاوەدانكراوە، ئایا ئەو كار و پڕۆژانەی كە بۆی ئەنجام دراوە بەپێی پێویستە؟بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە سەرۆكی شارەوانی قەزای سەیدسادق وتی: بێگومان قەزای سەیدسادق لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە تەواوی كاولكرابوو، نەتەنیا پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی نەمابوو، بەڵكو هەندێك لە خۆڵی شارەكەشیان گواستبۆوە، تاوەكو شوێنەواری شارەكە بزر بكەن، بەڵام لەساڵی (1992) لەلایەن دانیشتووان و خەڵكی شارەكە لەسەر حیساب و ئەركی خۆیان ئاوەدانیان كردەوە، گەرچی شێوە و ئەندازەی خانوو و گەڕەكەكان ناڕێك و بێ ئەندازەیە، لەبەر ئەوەی نەخشەی بنەڕەتی نەبووە، هەر بۆیە ئەگەر بتەوێت شەقام یان كۆڵانی گەڕەكێك قیرتاو و كۆنكریت یان پڕۆژەی ئاوەڕۆی بۆ بكەیت، دەبێ هەندێك خانوو یان دیواری ماڵەكان بڕوخێندرێن، چونكە زێدەڕۆیی زۆرە، زۆرترین زێدەڕۆیی لە كوردستان لە سەنتەری قەزای سەیدسادقە، ئەوەش كێشە و گرفتێكی زۆری لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆژەكاندا دروست دەكات.
لە دوای ئازادی عێراق بەشێوەیەكی بەرفراوانتر ئاوەدانكردنەوە لە سەیدسادق دەستی پێكرد، لەلایەن حكومەتی كوردستانەوەش كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجامدرا، بەڵام كار و پڕۆژەكان بەپێی پێویستی ئەو گەشەكردنە فراوان و خێرایە نەبوو كە لە سەیدسادق پەرەی دەسەند، بۆیە گرفت و كەموكوڕییەكانی خزمەتگوزاری زۆر و بەرچاوە، هەر لەبەر ئەوەشە كاتێك سەردانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان دەكەم و لەكاتێكدا ڕۆشنبیران باسی گرفت و كەموكوڕی خزمەتگوزاری كوردستان دەكەن، قەزای سەید سادق بە نموونە دەهێننەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانە تا ئێستاكە لەناو سەنتەری قەزا مەڕ و ماڵات بەخێو دەكرێت، ناتوانرێت ڕێگە لەم كارەش بگرین، لەبەر ئەوەی بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات یەكێكە لە پیشەو كارەكانی هاووڵاتیانی ناوچەكە و سەنتەری قەزا بۆ بژێوی ژیانیان.
گرفتی ئاوی خواردنەوەی سەنتەری قەزای سەید سادق لە (80%)ی چارەسەر كراوە
قەزای سەید سادق لەعێراق و ناوچەكە زۆرترین ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی هەیە، گەرچی لەلایەك حكومەتی عێراقی لەم سنوورەدا گرنگی بەو لایەنە نەدابوو، لەلایەكی تر لەساڵی (1988) لەگەڵ ڕووخانی قەزاكە سەرچاوەكانی ئاو و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی بە تۆڕی دابەشكردنەوەی وێرانكرا، بۆیە یەكێك لەو گرفتانەی لەگەڵ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە ڕووبەڕووی خەڵكەكە بۆوە ئاوی خواردنەوە بوو، لە هەموو لایەكیش ئاشكرایە ژیان و گوزەران بەبێ ئاو زۆر زەحمەتە، سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە و گرفتی ئاوی خواردنەوە، سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادق وتی: لەسەرەتای ئاوەدانكردنەوەی قەزای سەید سادق یەكێك لە گرفتە سەرەكی و بەرچاوەكان گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە بوو، لەگەڵ زیاتر ئاوەدانكردنەوەش ئەو گرفتە پتر زەق دەبۆوە، بۆیە لەلایەن حكومەت و لایەنی پێوەندار لەماوەیەكی كەم و دیاریكراودا پڕۆژەیەكی باش و گونجاو ئەنجامدرا و توانرا گرفتی ئاوی خواردنەوەی سەنتەری قەزاكە لە (80%)ی چارەسەر بكرێت، بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سەنتەری قەزا گەشە دەكات و فراوان دەبێت، بۆیە دەبێ بەردەوام بین لە باشتر كردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە، هەروەها بۆ زۆربەی گوندەكانی سنوورەكە ئاوی خواردنەوە دابینكراوە.
لە گەڕەكی بەختیاری بەهۆی نەبوونی ئاوەڕۆوە نەخۆشی بڵاوبۆوە
یەكێك لە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی ژیان گرنگیدانە بەپڕۆژەی ئاوەڕۆ بۆ هەموو شوێنێك، چونكە نەبوونی یان خراپی پڕۆژەی ئاوەڕۆ وا دەكات خەڵك بێزار بێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی، سەبارەت بە پڕۆژەی ئاوەڕۆ و چارەسەركردنی ئەو گرفتە، سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادق وتی: نەبوونی ئاوەڕۆ كاریگەریەكی زۆر خراپی لەسەر دانیشتووانی قەزاكە هەبووە، تا ڕاددەیەك كار گەیشتۆتە ئەو ڕاددەیەی كە لە گەڕەكی بەختیاری بەهۆی نەبوونی ئاوەڕۆ نەخۆشی بڵاوبۆتەوە، بەڵام قۆناغ بە قۆناغ لەلایەن حكومەتی كوردستان و لایەنی پێوەندارەوە لە چەندین گەڕەكی سەنتەری قەزاوە پڕۆژەی ئاوەڕۆ ئەنجامدرا و ئێستاكە پڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەكی بەختیاری لەژێر جێبەجێكردندایە، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیەش سەنتەری شارەكە لە(80%)ی گرفتی ئاوەڕۆی نامێنێت. هاوكات ئاوی پیسی هەموو گەڕەك و شارەكە دەچووە ناو (چەمی چەقان) بەمەش دانیشتوانی قەزا و ئەوەی سەردانی ئەو شارەی دەكرد لەبەر بۆنی ناخۆشی چەمەكە بێزار دەبوون، چونكە بۆنەكە بەسەر هەموو شاردا بڵاو دەبۆوە، هەربۆیە لەلایەن حكومەت و لایەنی پێوەندار بڕی(11) ملیار دینار تەرخانكرا كە پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیژی لە چەمی چەقان ئەنجام بدەن و ئێستاكە قۆناغی دووەمی ئەو پڕۆژەیە لەژێر جێبەجێكردنە و پڕۆژەی چەمی چەقان بەگشتی بریتییە لە (دوو ئاوەڕۆی سندووقی و دوو شەقام لەملاو لەولای چەمەكە و دیواری پاڵپشت و سێ پردی فراوان و هاوچەرخ) بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە لە گرفت و كێشەیەكی گەورە و مەترسیدار ڕزگارمان دەبێت و دانیشتووان و ڕێبوار و میوانانی شارەكەش تووشی زەحمەتی و بێزاربوون نابن.
قەزای سەید سادق ماستەرپلان
و نەخشەی بنەڕەتی نییە
بێگومان قەزای سەید سادق ماستەرپلان و نەخشەی بنەڕەتی نییە، هەر بۆیە كێشەی زەوی و زاری هەیە، لەكاتی ئاوەدانكردنەوەش بێ سەروبەریەكی زۆر دەركەوتووە و نەخشە و ئەندازەی كۆڵان و گەڕەكەكان بەپێی پێویست نییە، لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری تووشی زەحمەتی و گرفتێكی زۆر دەبین و هەر لەبەر نەبوونی ماستەرپلان لە (16) هەزار ماڵ (9300) خانوو و زێدەڕۆیە، لەلایەكی تر لەسەرەتای ئاوەدانكردنەوەی سنوورەكە تا پێش ساڵی(2008) بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان ئەگەر جووتیار(100) دۆنم زەویشی بەر سنووری شارەوانی بكەوتایە، تەنیا بە پارچە زەوییەكی(200) مەتر دووجا قەرەبوو دەكرایەوە، بۆیە جووتیارەكان بەخۆیان زەوییەكانیان پارچە پارچە دەكرد و بە نرخێكی هەرزان دەیانفرۆشت، ئەمەش كاریگەری لەسەر بێ سەروبەری و زێدەڕۆكانی قەزای سەید سادق هەیە، بەڵام لە ساڵی(2008)ـەوە، جووتیاران بە (3%) قەرەبوو دەكرێنەوە.
هەروەها لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیارە لەم ماوەیەدا ماستەرپلانی سەید سادق ئەنجام بدرێت.
دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی تەواومان نییە، بەڵكو دەسەڵاتەكان دیاری كراوە
دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی دوو پێویستی گرنگن بۆ بەرەوپێشەوە چوون و گەشەكردنی هەموو شار و شارۆچكەیەك و پتر خزمەكردنی هاووڵاتییان، لە وڵاتانی پێشكەوتوو شارەوانی دەسەڵاتێكی بەرفراوانی هەیە بۆ ئەوەی پتر كاروپڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام بدات. سەبارەت بەوەی ئایا دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی بەتەواوی یان تا ڕاددەیەك بۆیان دابەزیووە؟ سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادق وتی: لە شار و وڵاتانی دنیادا بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا و پێشكەوتوو سەرۆكی شارەوانی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە، هەر بۆ نموونە سەرۆكی شارەوانی دەتوانێ بڕیاربدات خەڵك لە شارەكە ماڵی باربكات یان بێتە شارەكە، چونكە سەرۆكی شارەوانی زانیاری ورد و تەواوی لەسەر شارەكە هەیە، بەڵام ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەو دەسەڵاتانەمان نییە، بەڵكو دەسەڵاتەكانمان دیاریكراوە، هەر بۆ نموونە من دەتوانم تەنیا(100) هەزار دینار سەرف بكەم، ئەگەر یەك دینار زیاتر سەرف بكەم دەبێ دەرخستەی بۆ بكرێت، ئێستا دەسەڵاتی دارایی من مانگانە(30) ملیۆن دینارە لەمە زیاتر سەرف بكەم دەبێ ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان وەربگرم، ئەمەش كاریگەری لەسەر ڕاپەڕاندنی ئیش و كار و پڕۆژەكان دەبێت، بەڵام زیاتر بوونی دەسەڵاتی كارگێڕیی و دارایی وا دەكات كار و پڕۆژەكان باشتر و خێراتر بەڕێوەبچن.
لە سنووری سەید سادق گرنگی
بەبواری گەشتیاری و شوێنەوار نەدراوە
سنووری قەزای سەید سادق وەكو هەموو ناوچە و شوێنەكانی تری كوردستان چەندین شوێنی گەشتیاری و شوێنەواری مێژوویی لێیە، بە ئەنجامدانی كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە دەتوانرێ لەلایەك هەلی كار و لەلایەكی تر، بنەمایەكی داهات بۆ ناوچەكە دەستبەربكرێت، سەبارەت بەوەی ئایا لە ناوچە گەشتیارەكان كار و پڕۆژە ئەنجامدراوە و تا چ ئاستێك شوێنەوارەكان پارێزراون، سەرۆكی شارەوانی سەید سادق وتی: لە سنووری سەید سادق شوێنی گەشتوگوزاری زۆرە، بەڵام (كانی پانكە) و(سەراوی سوبحان ئاغا) دوو شوێنی گەشتوگوزاری زۆر جوان و گونجاون، بەتایبەتی(سەراوی سوبحان ئاغا) دوو سەرچاوەی ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و دار و درەختێكی زۆر و جوانی لێیە، گەرچی تا ئێستا هیچ جۆرە كار و پڕۆژەیەكی گەشتیاریان تێدا ئەنجام نەدراوە، هەروەها لە سنووری قەزای سەید سادق چەندین شوێن و گردی مێژوویی هەیە وەكو گردی(حاجی عەبدولڵا و بەگم و كەریم بەگ و هەیاس و.. تا) لە دوای ڕاپەڕین بەتایبەتی لە گرانییەكەدا خەڵك گۆزە و كەلوپەلی مێژووییان دەدۆزیوەوە و بە قاچاخ دەیانفرۆشت، یەكێك لەم كەلوپەلانە پەیكەرێكی ئاڵتوونی زۆر بەنرخ بوو، تا ئێستاش لەلایەنی پێوەندار هیچ كارێك بۆ ئەم شوێن و گردانە نەكراوە بۆ ئەوەی پارێزگاریان لێ بكرێت.
لەسنووری قەزای سەید سادق كەمترین گرفتی پەروەردە و خوێندن هەیە
لە كاتی ئاوەدانكردنەوەی هەر شوێن و ناوچە و شارۆچكە و گوندێكدا، هەوڵدراوە گرنگی بە پەروەردە و خوێندن بدرێت بۆ ئەو مەبەستەش بینای قوتابخانە دروستكراوە، سەبارەت بە بواری پەروەردە و خوێندن لە سنووری سەید سادق و سەنتەری شاردا، سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادق وتی: ڕەوشی پەروەردە و خوێندن لە سەنتەری قەزا و سنوورەكە زۆر باشە و كەمترین گرفتمان هەیە، بەتایبەتی لە ڕووی بینایەوە لە ناو سەنتەری قەزا و گەڕەكەكان(17) قوتابخانەی گەورە و بچووك هەیە، هاوكات لە زۆربەی گوندەكان قوتابخانە هەیە، كێشە و گرفتی قوتابخانە و خوێندن لە سنوورەكە تەنیا میلاكاتە لەمەش كەمی مامۆستای پسپۆرایەتی وانەكانە.
لە سەنتەری قەزا بنكەیەكی تەندروستی و نەخۆشخانەیەكی (50) قەرەوێڵەیی هەیە
لەتەوەرەیەكی دیكەدا سەبارەت بە بواری تەندروستی، سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادق وتی: لە سەنتەری قەزا بنكەیەكی تەندروستی و نەخۆشخانەیەكی(50) قەرەوێڵەیی هەیە و لە گوندەكان بەهەر (5-6) گوندی نزیك یەكتر بنكەیەكی تەندروستی دروستكراوە، بەڵام لەم بوارەدا گرفتی پزیشك و پسپۆر و شارەزا لە سنوورەكە هەیە، لەبەر ئەوەی بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەك و نەشتەرگەریەك پزیشكی تایبەتمەند و پسپۆری نییە.
بێگومان گرفتی سەرەكی قەزای سەید سادق زبڵ و خاشاك كۆكردنەوەیە
كۆكردنەوە و خۆ ڕزگاكردن لە زبڵ و خاشاك لە زۆربەی قەزا و ناحییەكان تەنانەت لە شارە گەورەكانیش گرفتێكی گەورە و بەرچاوە، چونكە خراپی سیستەمی پاككردنەوە و كەمی و نەبوونی ئامێری هاوچەرخ وایكردووە ئەم كارە بە باشی بەڕێوەنەچێت، لەمبارەوە سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادق وتی: بێگومان گرفتی سەرەكی قەزای سەید سادق زبڵ و خاشاك كۆكردنەوەیە، بۆ ئەو مەبەستە شوێنێك دیاریكراوە كە زبڵ و خاشاكەكەی لێ كۆدەكرێتەوە و لە پاشان ژێر خۆڵ دەخرێت و هەندێك جار زبڵ و خاشاكەكە خۆی ئاگر دەگرێت، بەمەش چڕە دوكەڵێك سەر شار و ناوچەكە دادەپۆشێت و دانیشتوان و خەڵكەكەی بێزار دەكات، لەلایەكی تر هۆكارێكی بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشییە، قەزای سەید سادق بە(16) هەزار ماڵەوە تەنیا شەش ئۆتۆمبێلی كەپسی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی هەیە و كەپسەكانیش كۆنن و بەردەوام لە كار دەكەن و بڕیارە سەید سادق وەكو زۆنێك بۆ ناوچەكە كارگەی ڕیسایكلینی بۆ دابنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش زەوی دابین كراوە، هاوكات ناوچەكە ئامێری كەمە تەنیا(سێ گەڵابە و دوو شۆفڵ و یەك گرێدەری) هەیە، هەموو ئەو ئامێرانەش كۆنن و تاكە یەك سەلەی كارەبامان نییە، تاوەكو لە كاتی گرفتی كارەبا و پچڕانی تۆڕ و هێڵێكی ناوخۆ، بۆ چارەسەركردن بەكاری بێنین.
سەنتەری قەزا و گەڕەكەكانی سەید سادق بە گشتی شەقام و كۆڵانەكانیان قیرتاو و كۆنكرێت نەكراوە
ڕێگاوبان و شەقام و كۆنكرێت كردن بۆ گەڕەك و شار و گوندەكان زۆر پێویست و گرنگە و كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەكردن و پێشكەوتنی كۆمەڵگە و وڵات دەبێت، لەمبارەوە بۆ ئەوەی بزانین لە سنووری قەزای سەید سادق چ كار و پڕۆژەیەكی ڕێگاوبان كراوە و كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان لەم لایەنەوە چییە، سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادق وتی: بەشێوەیەكی گشتی شەقام و كۆڵان و ڕێگاوبانەكانی سەنتەری قەزا و گوند و سنوورەكە بەپێی پێویست نییە، سەنتەری قەزا و گەڕەكەكان بە گشتی شەقام و كۆڵانەكانیان قیرتاو و كۆنكریت نەكراوە، بەڵام ماوەیەكە پڕۆژەی دوو سایدی(سەرا و- سەید سادق) كە لە دەروازەی شارەوە دێت و بە ناوەڕاستی قەزادا دەڕوات، لەژێر جێیەجێكردن دایە. ئەم دوو سایدەش زۆر بە زحمەتی كاری لەسەر دەكرێت، لەبەر ئەوەی هاتوچۆ و قەرەباڵغیەكی زۆری لەسەرە و ڕێگای بەدیلیش نە لەسەر و نە لە خوارووی قەزاكە نییە، ئەم ڕێگایەش هاتوچۆی هەڵەبجەی شەهید و پێنجوین و هەورامان و مەرزەكانی باشماغ و تەوێڵەی لەسەرە، هەروەها قیرتاوكردنی گەڕەكی شەهیدان لەژێر ئەنجامدانە، هاوكات ڕێگای گوندەكان هەندێكیان قیرتاوە و هەندێكیش چەوڕێژ كراون، بەڵام بە گشتی ڕێگاوبانی گوندەكان بەپێی پێویست نییە.
سەید سادق خاوەن سەرچاوەیەكی ئاوی ژێر زەوی زۆرە كە بەشی هەموو عێراق دەكات
سەبارەت بە بواری كشتوكاڵ و گرفتەكانی، سەرۆكی شارەوانی سەید سادق وتی: بێگومان شارەزوور بە كشتوكاڵ بەناوبانگە، چونكە زەوییەكی بەرفراوانی بەپیت و بەرەكەتی باشی هەیە، بەپێی چەند ڕاپۆرتێك دووەم شوێنە پاش ئەمریكا و خاوەن سەرچاوەیەكی ئاوی ژێر زەوی زۆرە كە بەشی هەموو عێراق دەكات، بەڵام لەبەر خراپی ڕێگاوبانی گوندەكان و هاوكاری و پاڵپشتی نەكردنی جووتیارانی سنوورەكە بۆیە تا ئێستا بەو جۆرەی پێویستە برەو بەكەرتی كشتوكاڵ نەدراوە، هاوكات نەبوونی كۆگا و ساردكەرەوە و سایلۆیەك بۆ هەڵگرتن و وەرگرتنی بەروبوومی میوە و دانەوێڵە لە جووتیاران كاریگەرییەكی ترە لەسەر كەرتی كشتوكاڵی ناوچەكە، هەر چەندە هەندێ كەلوپەل و پێداویستی بەسەر جووتیاران دابەشكراوە، بەڵام زۆر لە پێداویستیان كەمترە.
ئەگەر سەید سادق بخرێتە سەر ئیدارەی هەڵەبجە ئەوكات دەبێ گرفت و مەینەتییەكانمان چەند زیاتر بێت
سەبارەت بەو بڕیارەی كە هەڵەبجەكراوە بە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادق وتی: بێگومان زۆر پێمانخۆشە و پیرۆزباییان لێدەكەین، بەڵام ئێمە كە سەر بە پارێزگای سلێمانین بەم شێوە كار و پڕۆژەمان بۆ كراوە و خاوەنی ئەو هەموو گرفت و مەینەتیانەین، ئەگەر بخرێینە سەر ئیدارەی هەڵەبجە ئەوكات چیمان بۆ دەكرێت و گرفت و مەینەتییەكانمان چەند زیاتر دەبێ، بۆیە بڕیارە لەمبارەشەوە(دە)هەزار ئیمزای هاووڵاتیانی قەزای سەید سادق كۆبكرێنەوە و بیدەین بە پەرلەمانی كوردستان، چونكە ئێمە زۆن و ناوەندی ناوچەكەین و هەقی خۆمانە گرنگی زیاتر بە سنوورەكەمان بدرێت.
لە قەزای سەید سادق بە بڕی(13) ملیۆن دۆلار چەندین پرۆژە ئەنجام دەدرێت
لە كۆتاییدا سەرۆكی شارەوانی قەزای سەید سادق وتی: ئێستاكە لە قەزای سەید سادق بە بڕی(13) ملیۆن دۆلار پڕۆژەی جۆراوجۆر لەژێر جێبەجێكردنە و بەم پڕۆژانەش تا ڕاددەیەكی باش هەندێ گرفتی خزمەتگوزاری قەزای سەید سادق چارەسەر دەكرێت، هاوكات چەند پارك و باخچەیەكی جوان و مۆدێرن لە سەنتەری قەزا دروستكراوە و لەكاتی هەڵمەتی نەمام چاندن بە ئومێدین پتر لە دوو هەزار نەمام و دارودرەخت لە ناو سەنتەر و گەڕەكەكان بۆ پاراستنی ژینگە و جوانكاری شارەكەمان بچێنین، لەلایەكی تر لەكاتی خۆی(5) هەزار ئیمزا كۆكرایەوە بۆكردنەوەی كۆلێژ و پەیمانگا لە سنووری قەزای سەید سادق كە بڕیاربوو كۆلێژی ئاداب بەشی (مێژوو و جوگرافیا) بكرێتەوە، گەرچی تا ئێستا نەكراوەتەوە و ئەمەش داواكاری خەڵك و ڕۆشنبیران و قوتابیانی سنوورەكەیە، پێویستە حكومەت و لایەنی پێوەندار خەمێكی جددی لەم بابەتە بخۆن.
Top