دكتۆر تاهیر هەورامی: ئەگەر كەرتی تەندروستی كەموكورتی تێدا نەبوایە دەستمان بە چاكسازی نەدەكرد

دكتۆر تاهیر هەورامی: ئەگەر كەرتی تەندروستی كەموكورتی تێدا نەبوایە دەستمان بە چاكسازی نەدەكرد
نەبوونی چاودێری تەندروستی و كۆنی سیستەمی كارپێكراو و نزمی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی كەرتی تەندروستی لەكوردستاندا، بۆتە جێگەی گلەیی و رەخنەی هاووڵاتییان، بەتایبەتی بەرزی نرخی عەیادەو نەشتەرگەرییەكان كە بەپێی ئاستی داهاتی تاكەكەسی و بژێوی زۆربەی هاووڵاتیانی كوردستان نییە، داتاو زانیارییە ئابوورییەكان ئەو راستییە دەردەخەن كە بێ بوونی سیستەمێكی پێشكەوتووی تەندروستی كە خاوەنی چاودێری تەندروستی بێت و چاودێری و بەدواداچوونی توند بكات لەسەر كەرتی تایبەت مومكین نییە ئومێد بە باشبوونی بارودۆخەكە بخوازرێت .بەر لەكاتی ئامادەكردنی ئەم بابەتە رەخنەو گلەییەكی زۆر بە نووسین و تەلەفون بۆ گۆڤارەكەمان دەهات، بەوەی نرخی عەیادەی پزیشكەكان و تێچوونی نەشتەرگەرییەكان لە نەخۆشخانە تایبەتەكان تێچوونێكی بەرزیان تۆماركردووە، لەپێناو شارەزابوون لەدوا گۆڕانكاری و چاكسازییەكان كە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا دەستی پێكردووەو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی هاوڵاتییان دیدارێكمان لەگەڵ بەڕێز (دكتۆر تاهیر هەورامی) وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان سازدا كە ئەمە دەقەكەیەتی.
* بەڕێزت پێش ماوەیەك لەمەوبەر ئاماژەت بەوە كردبوو كە سیستەمی تەندروستی لەهەرێمی كوردستان پێویستی بەچاكسازی هەیەو سیستەمێكی زۆر كۆنە، هاوكات ئاستی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی بەپێی زیادبوون و فراوانبوونی نەخۆشی و پێداویستییەكان نییە، كە ئێستاكە تا دێت نەخۆش و نەخۆشییەكان روویان لەزیادبوون كردووە، ئایا ئەو بودجەیەی بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخانكراوە ئومێد بەخشە بۆ ئەنجامدانی ئەو چاكسازییە یا گۆڕینی كەرتی تەندروستیدا؟
- ئێمە دەبێت دەست پێبكەین؛ بەڵام سیستەمی تەندروستی پلاكێكی كارەبا نییە وا بەئاسانی بیكوژێنینەوەو دایگیرسێنینەوە، گەرچی لەهەندێك بواردا دەست بەم چاكسازییە كراوە، ئەوەتا هەندێك بنكەی تەندروستی خێزانیمان لەشاری هەولێرو سلێمانی و دهۆك كردۆتەوە، كە وەكو سەرەتای كارەكە سەرپەرشتی تەندروستی هەندێك خێزان دەكەن، لە هەمان كاتدا لەگەڵ گرووپێكی فەرەنسی كار دەكەین و داوامان لەگروپێكی دانیماركیش كردووە یارمەتیمان بدەن تا بزانین چۆن هەڵسین بە دەسكاریكردن و بەرەو پێشەوەچوونی سیستەمی تەندروستی، لە لایەكی ترەوە لەسەرەتای مانگی دووی ئەمساڵ لەگەڵ بەشی تەندروستی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەڵدەستین بەخۆئامادەكردن بۆ بەستنی كۆنگرەیەك كە بەیارمەتی حكومەتی ناوەندی عێراق و لایەنە پێوەندیدارەكانی وڵاتانی دەوروبەرو بیانی و پسپۆرانی كورد كە لەوڵاتە بیانییەكان نیشتەجێن تاوەكو لەو كۆنگرەیەدا بزانین چی بكەین بۆ ئەوەی سیستەمەكە باش بكەین. بۆ ئەم مەبەستەش بۆ ئامادەكاری و بەستنی كۆنگرەكە لە مانگی 2ی ساڵی 2011لیژنەكان دانراون.
* ئایا بەو بودجەیەی بۆ كەرتی تەندروستی تەرخانكراوە دەتوانرێت هەموو پێداویستییەكانی كەرتەكە دابین بكرێت؟
- مەرج نییە بەو بودجەیە هەموو پێداویستییەكان دابین بكرێت، چونكە گەربێتوو هەموو پارەكەشمان بۆ دابین بكرێت ناتوانرێت هەمووی خەرج بكەیت، بۆنموونە گەر بینایەی نەخۆشخانەیەك كە ئەمساڵ دەستی پێ دەكەین تا كۆتایی ساڵ تەنیا لە30%ی تەواو دەبێت، ئێمە ئەو بەشەمان بۆ ئەمساڵ دەوێت..
* بەڕێز جەنابی وەزیر گلەیی و رەخنەیەكی زۆری هاووڵاتییان هەیە سەبارەت بە نرخی عەیادەكان و ئاستی نزمی خزمەتگوزاری و پابەندنەبوونیان بەرێنماییەكان، تەنانەت نرخی پزیشكە بیانییەكانیش كە زۆربەی جار بە 100 دۆلارە بارقورساییەك لەسەر ئاستی گوزەرانی نەخۆش دروست دەكات، پێت وانییە ئەم نرخانە زۆرن و پێویستی بەپێداچوونەوەو چاودێری و لێپرسینەوە هەیە؟
- پزیشكی بیانی لە وڵاتەكانی خۆیاندا بە 400 دۆلار كەمتر نەخۆش نابینێت، كاتێك پزیشكی بیانی دێتە كوردستان بەو پارەیەی دیاریكراوە نەخۆش دەپشكنێت، ئەسڵەن ئەو پارەیە هیچ نییە بۆ پزیشكێكی بیانی كە نەخۆشێك ببینێ، ئێمە ڕێگا كورت دەكەینەوە بۆ نەخۆش تاوەكو بۆ نموونە باوكێك منداڵەكەی نەباتە ئێران یا توركیا كە زۆر زیاتر خەرج دەكات تاوەكو نەخۆشەكەی بگەیەنێتە ئەو پزیشكە و چەندین خەرجی گواستنەوەو مانەوەو خەرجی و تێچوونی تر لەوێ بدات، لە لایەكی ترەوە باوەڕناكەم كەس لەو پارەیە كەمتر بێتە كوردستان، هیچ پزیشكێكی بیانی ئامادە نییە بێتە كوردستان لە 100 دۆلار كەمتر نرخی پشكنینەكەی بێت.
سەبارەت بەپزیشكە خۆماڵییەكان ئێمە وتوومانە لە 10-15- 20 هەزار دینار زیاتر نابێت نرخی عەیادەكەیان بێت، ئەمە ئەگەر بێتوو بەراوردی بكەین ئێمە لەهەولێر 850 سەنتەری پزیشكی و عەیادەمان هەیە لەدهۆك ناگاتە 300 پزیشك لەدهۆك خۆی هەر نرخی عەیادە بە 10-15-20 هەزار دینار بووە، لە سلێمانی تەنیا 70 پزیشك شموولی دەكات كە گۆڕانكاری لەنرخەكەی دەكرێت بە 15- 20 هەزار دینار ئەویش بەپێی پسپۆرییەكەی. ئەمە یەكخستنەوەی نرخەكەیە لەهەولێر لەو 850 پزیشكەی كە عەیادەیان هەبوو كەمترینیان 20 هەزار بووە ئێمە نرخەكەمان پێ كەم كردوونەتەوە، واتە نرخی 850 عەیادەمان كەمكردۆتەوەو 70 پزیشك نرخی عەیادەكانیان زیاد بووە.
لەلایەكی ترەوە پێویستە نرخەكانمان بەراورد بكەین بە نرخی عەیادەو پشكنینەكانی وڵاتانی دەوروبەری وەك ئێران و توركیا و بەغدا و پارێزگاكانی تری باشوور لەو شوێنانە نرخی عەیادە بە 10-15- 20 هەزار دینار زیاترە، بۆیە دەبێت هانی پسپۆرایەتییە پێویستەكان بدەین لەشوێنەكانی ترەوە بێنە هەرێمی كوردستان.
* باشە بۆ كەرتی گشتی تەندروستی پێش ناخرێت تاوەكو هەر هاووڵاتییەك ئیمكاناتی بژێوی ژیان و داهاتی لاوازو كەم بێت روو بكاتە ئەو كەرتەی كە حكومەت پاڵپشتی دەكات؟
- كەرتی گشتی تەندروستی لەكوردستاندا فراوانە. لەهەرێمی كوردستان 4 بەدیلی عەیادەمان هەیە، مەرج نییە هەموو خەڵكی بۆ عەیادە بڕوات، با بۆنموونە سلێمانی باس بكەم لەو شارەدا 250 عەیادەی پزیشكمان هەیە كە لەو ژمارەیە وەكو وتمان 70 پزیشكیان شموولی زیادبوونەكە دەكات، بەڵام ئێمە 170 پزیشكی پسپۆرمان هەیە كە لەعەیادەی ئیستشاری كار دەكات بە 3 هەزار دینار پشكنینی نەخۆش دەكەن، هاوكات ژمارەیەك پزیشكمان هەیە كە لە عەیادەی میللی كار دەكات بە تەنیا 1 هەزار دینار نەخۆش دەبینێت، لەلایەكی ترەوە لەهەموو شاروشارۆچكەكانی كوردستان بنكەی تەندروستی 24 كاتژمێریمان هەیە كە هەر بە بەلاش خەڵكی دەبینێت، ئەمە جگە لەوەی هەموو نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان كە 60 نەخۆشخانەیە بەبەردەوامی ئێشكگری تێدایەو نەخۆش دەبینن، كەواتە لەهەرێمی كوردستان بەدیلێكی زۆری عەیادە هەیە .
من ناڵێم كەرتی تەندروستی لەهەرێمی كوردستان كەموكورتی تێدا نییە، لەلایەكی ترەوە هەڵەكە لەوەدایە مرۆڤ پێویستە پارەیەك دابنێت بۆ تەندروستی، گەر بێتوو چاوەڕوانی ئەوە بكەین كاتێك نەخۆش دەكەوین ئەو كات پارە لەتەندروستی خۆماندا خەرج بكەین ئەوا بارگرانییەكی قورس لەسەر نەخۆش دروست دەكات، بۆنموونە هەموو كارمەندێك 5% یان 3%ی مووچەكەی تەرخانبكرێت بۆ تەندروستی وەكو كۆمپانیایەكی دڵنیابوونی تەندروستی هەر كاتێك نەخۆشكەوتی ئەو كۆمپانیایە هەموو تێچوونی چارەسەركردنی نەخۆشییەكەت بۆ دەدات، بۆیە لەسەرەتای مانگی دووی ساڵی 2011 كۆنگرەیەك لەمبوارەدا سازدەدەین.
* پێت وانییە نەشتەرگەرییەكان كە لەكەرتی تایبەت ئەنجام دەدرێن زۆر بەرزەو بەپێی ئاستی بژێوی تاكی كوردستانی نییە؟ بەتایبەت هەندێك نەشتەرگەری وەكو نەشتەرگەرییەكانی ئێسك و گورچیلەو دڵ و جوانكاری. نرحێكی بەرزیان تۆماركردووە؟
- كەرتی تایبەت تەنیا لە 5%ی خزمەتگوزاری پێشكەش دەكات ئەمە نیشانەی دواكەوتووییە، پێویستە كەرتی تایبەتی تەندروستی زیاتر لە 50% ی خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بكات، ئێمە پاڵپشتی و هاوكاری ئەو كەرتەمان نەكردووە، بۆنموونە كاتێك بچیت بۆ ئوتێلێكی پێنج ئەستێرەیی دەبێت پارەیەكی زۆر بدەیت، ئەو نرخە لەئوتێلێكی میللی دواكەوتوو كەمتر دەبێتەوە، گەر بمانەوێت لەكەرتی تایبەت ئاستی خزمەتگوزاری باش بێت، دەبێت پارەكەشی باش بێت، من پێم وانییە نرخەكان گران بێت بەتایبەت ئەگەر بەراوردی بكرێت بە ئاستی خزمەتگوزاری ئەوانەی لەوڵاتانی ئوردون و ئێران و توركیا پێشكەش دەكرێت، كەلەوێش لە 1%ی ئاستی خزمەتگوزاری هەموو وڵاتانی ئەوروپییە كە لەو وڵاتانە دە ئەوەندە نرخەكان زیاترە.
* سەبارەت بە دەرمان و پێداویستی پزیشكی پێت وانییە كوالێتی دەرمان لەهەرێمی كوردستان بەپێی پێویست نییە؟
- تەنانەت بەدەیان جۆری خراپ لەدەرمان هاتۆتە ناو بازاڕەكانی كوردستانەوە، ئایا بیر لەوە نەكراوەتەوە كۆنترۆڵی ئەم دیاردە ترسناكە بكرێت كە هەركەسەو بەئارەزووی خۆی قاچاخچێتی بەدەرمان و كوالێتی جۆرەكانییەوە بكات؟
ئەو دەرمانەی كە لەهەرێمی كوردستاندا هەیە 4 سەرچاوەی هەیە، یەكەم: ئەو دەرمانەی لەبەغداوە دێت بۆ وەزارەتی تەندروستی و باشترین كوالێتی هەیە، دووەم: ئەو دەرمانەی ئێمە لەبازاڕدا لەكۆمپانیا كوردییەكان دەیكڕین بەكوالێتی كۆنترۆڵ تێپەڕ دەبێت و دەرمانێكی باشە، بەڵام ئەو دوو جۆرەی تری دەرمان كە یەكێكیان بەقاچاخی دێت و لە ناوچە سنوورییەكان دێتە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەئێرانەوە دێت، كە تەنیا لەڕێگای سەرچاوەی خۆمانەوە كۆنترۆڵكراوە، لەلایەكی ترەوە دەرمانی خراپ لەبەغداو ناوچەكانی تری عێراقەوە دێت، گەرچی بەداخەوە عەلی بابان لێدوانێكی داو تێیدا ئاماژەی بەوەكرد كە دەرمانی خراپ لەكوردستانەوە دێتە عێراق كە بەپێچەوانەوەیە لەبەغداو پارێزگاكانی دەوروبەری بەغدا ئەو دەرمانە خراپە بەقاچاخی دەگاتە هەرێمی كوردستان، لیژنە لەلایەن سەندیكای دەرمانسازانی كوردستانەوە دانراوە كە هەڵدەستێت بە كاری پشكنین و بەدواداچوون بەسەر كۆگاكانی دەرمان و دەرمانخانەكان بۆ دەستنیشانكردن و دەستبەسەراگرتنی دەرمانی خراپ و قاچاخ، ئێستاش میكانیزمێكمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان داناوە بۆ دانانی نوێنەرانی خۆمان لەبازگەكان تاوەكو نەهێڵن هیچ دەرمانێك بێ مۆڵەت و بێ كوالێتی كۆنترۆڵ نەهێنرێتە هەرێمی كوردستانەوە.
* ئایا وەزارەتی تەندروستی چی بۆ رووبەرووبوونەوەی زیادبوونی نەخۆشییە قورسەكانی وەك شێرپەنجە كردووە، بەتایبەتی وەك دەزانرێت ئەمجۆرە نەخۆشییانە خەرجی و تێچوونێكی زۆری دەوێت تا نەخۆش چاك دەبێتەوە؟ لەلایەكی ترەوە تاكو ئێستا لەپایتەختی هەرێمی كوردستان نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەشێرپەنجە نییە؟
- نەخێر؛ نەخۆشخانەی تایبەت بەشێرپەنجە هەیە، ئەوەتا نەخۆشخانەی نانەكەلی و نەخۆشخانەی رزگاری كە سەنتەری تایبەتی لێیە بەتیشك هەمووی تایبەتە بەنەخۆشی شێرپەنجە، لە سلێمانی بەهەمانشێوە نەخۆشخانەی هیواو تیشك هەیە و هەموو دكتۆرەكانیان پسپۆرایەتیان لەمبوارەدا هەیە، ئێستاش لە پلانی ئەوەداین پرۆژەی زووتر دەستنشانكردنی حاڵەتەكان و هۆشیاری تەندروستی خەڵكی زیاد بكەین.
* پێت وانییە هۆشیاری تەندروستی و بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری تەندروستی هاووڵاتییان پێویستی بەهەڵمەت و بەرنامەی بەردوام و زیاتر هەیە؟
- بەڵێ لەبەرنامەی وەزارەتدایە ئەو هەڵمەت و هۆشیارییە فراوانتر بكەین، وەزارەتەكەشمان بەبەردەوام لەزۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندن بەرنامەمان هەیەو گۆڤاری تایبەتیشمان بە تەندروستی هەیە، بەشی تەندوستی پەروەردەش توانیوێتی رۆڵی بەرچاو بگێڕێت لە هۆشیاركردنەوەی تەندروستی لەناو قوتابخانەكان.
* تاچەند كەرتی تەندروستی لەژێر چاودێری و لێپرسینەوەی یاسادا دەبێت گەر بێتوو كەمتەرخەمی و سەرپێچی ئەنجامبدات؟
- هەر پزیشكێك بەدیكۆمێنت گەیشتبێت بەدەستمان كە بەپێی رێنمایی و یاسایی كاری نەكردووە بەپێی یاساو یاسای پزیشكی و یاساو رێنمایی ئینزیباتی فەرمانبەرانی دەوڵەت سزا دراون و كەس لەسەروو یاساوە نییە..
* مەسەلەی كەمی پزیشكی پێویست بەتایبەتی پزیشكی بەنج یا نەشتەرگەریی و پسپۆرایەتییەكانی تر ئایا وەزارەتی تەندروستی كاری بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە كردووە؟
- هەنگاو بۆ ئەوە نراوە بەڵام تاكو ئێستا هیچ دەوڵەتێك رازی نییە كە پزیشكمان بداتێ كە بێنە هەرێمی كوردستان و مووچەیان بدەینێ و لەكەرتی گشتی تەندروستی واتە حكومی كار بكات، بۆ بەرهەم پزیشك لە كوردستان زۆرە ساڵانە 200 تا 300 پزیشك بڕوانامە بەدەست دەهێنێت، بەڵام بەلایەنی كەمەوە 10 ساڵی دەوێت تاوەكو دەبێت بەپزیشكێكی پسپۆرو شارەزا.
* نەخۆشخانە تایبەتەكان لەهەرێمی كوردستان بەپێی مەرج و رێنماییەكانی تەندروستی دەكرێنەوەو بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەسەر ئەم نەخۆشخانانە هەیە بەتایبەت بابەندبوونیان بەرێنمایی و مەرجە تەندروستییەكانەوە؟
- بەڵێ هەموو یاساو رێسا هەیە بۆ مواسەفاتی ئەو نەخۆشخانانەی كەرتی تایبەت كە لە هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە.
* ئاستی پێوەندییەكانتان لەگەڵ سەندیكای پزیشكان چۆنە؟
- زۆر باشە؛ لە زۆربەی لیژنەكانی (راوێژكاری وەزارەتی تەندروستی) نوێنەریان هەبووە.
* نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیی لە سلێمانی بۆ تا ئێستا تەواو نەبووەو كارێك ناكەن تاوەكو خۆتان سەرپەرشتی تەواوبوونی ئەو نەخۆشخانەیە بكەن؟
- ئەو كۆمپانیا كۆرییەی كاری دروستكردنی پرۆژەی بینای نەخۆشخانەكەی لەئەستۆ گرتووە ماوەیەكی زۆرە پرۆژەكەی جێی هێشتووە، ئێستا لیژنەی بۆ پێكهێنراوە سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكەین شكاتمان لەو كۆمپانیایە كردووەو رێگای یاسایی گیراوەتە بەرئەو ئیجرائاتانە تەواوبوو كارەكە دەدرێت بە كۆمپانیایەكی تر.
* دەنگۆی ئەوەهەیە نەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی مەترسیدار زیادیكردووە، ئایا ئەو هەواڵانە راستە؟
- نەخۆشی شێرپەنجە بەو شێوە ترسناكە لەهەرێمەكەدا زیادی نەكردووەو بەپێی زیادبوونە جیهانییەكانە كە لەهەموو جیهاندا ئەم نەخۆشییە زیادیكردووە، هاوكات بەشی لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون لە وەزارەت كار لەسەر هەموو دیاردەیەك دەكات گەر مەترسیدار بێت..
* ئەی سەبارەت بەخۆشی ئایدز و مەترسی بڵاوبوونەوەی لەهەرێمی كوردستان؟
- سەبارەت بەنەخۆشی ئایدز لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا 76 حاڵەت هەیە كەنزیكەی 60 كەس بیانیی بوون و چوونەتەوە وڵاتەكانی خۆیان.
* دوا پرسیارمان سەبارەت بەبەرنامەو پلانی ئەمساڵە كە وەزارەتی تەندروستی چی بەرنامەیەكی لەبەردەستدایە تاوەكو جێبەجێی بكات؟
- بەرنامەو پلانی ئەمساڵمان چاككردنی فریاگوزاری تەندروستی و بەستنی كۆنگرەیەكی فراوانی تەندروستییە بۆ پێداچوونەوەی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان.، بەرنامەشمان نییە فشارو پاڵەپەستۆ بخەینە سەر كەرتی تایبەت بۆ كەمكردنەوەی نرخی عەیادەكان، وەكو ئاماژەم پێدا 4 بەدیلی تر لەكەرتی تەندروستی گشتی هەیە ئێمە هەوڵی پێشخستنی ئەم لایەنە دەدەین، هەموو نەشتەرگەرییەكیش بۆ نەخۆشەكان لەنەخۆشخانە حكومییەكان ئەنجام دەدەین بە بەلاش.
Top