وه‌زیری كاره‌باى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: تا كوَتایی 2011 كار ده‌كه‌ین بوَ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بوَ 2250 مێگاوات

وه‌زیری كاره‌باى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: تا كوَتایی 2011 كار ده‌كه‌ین بوَ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بوَ 2250 مێگاوات
ئه‌ندازیار ( یاسین شێخ ئه‌بوبه‌كر ماوه‌تی ) وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی(گوَڤاری گولاَن) دا ، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ بارودوَخی كاره‌بای هه‌رێم رووی له‌باشی كردووه‌، پلان و كاری وه‌زاره‌تیش له‌داهاتوودا ئه‌وه‌یه‌ 24 كاتژمێر كاره‌با بوَ هاوولاَتییان دابین بكات..هاوكات ئاماژه‌ی بوَ ئه‌وه‌ش كرد به‌رنامه‌یه‌كی باشی كاره‌با بوَ مانگی پیروَزی ره‌مه‌زان ئاماده‌كراوه‌ بوَ ئه‌وه‌ی ماوه‌كانی كاره‌بای نیشتمانی بگه‌یه‌ننه‌ 18 كاتژمێر، له‌پلانی وه‌زاره‌تیشدایه‌ به‌سوود وه‌رگرتن له‌كه‌رتی تایبه‌ت سێكته‌ری دابه‌شكردنی وزه‌ و فروَشتنی بوَ پێشه‌وه‌ ببرێت..


گولاَن- بوَ مانگی ره‌مه‌زان وه‌زاره‌تی كاره‌با چه‌ند كاتژمێر كاره‌بای نیشتمانی به‌هاوولاَتییان ده‌دات؟

- وه‌زیری كاره‌با: وه‌زاره‌تى كاره‌با له‌رِێگای ( زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با ، دانانی به‌رنامه‌ی باشترو ئیشپێكردنی سیسته‌م به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌تر، به‌ستنه‌وه‌ی توَرِی كاره‌بای دهوَك به‌توَرِی كاره‌بای نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ ، گوَرِانكاری و چاكسازییه‌كانی بواری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن..)و ده‌یان هه‌نگاوی تر وه‌زاره‌تمان توانی ژێرخانی كاره‌بای هه‌رێم چاكتر بكات و بارودوَخی كاره‌بای كوردستان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رێت، به‌تایبه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوژانه‌وه‌ی گشتی و چاره‌سه‌ركردنی خێرای ئه‌و گرفته‌ ته‌كنیكییانه‌ی له‌وێستگه‌ی هایدروَپاوه‌ری دوكان و وێستگه‌ی غازی هه‌ولێر كه‌وتبونه‌وه‌، ئه‌و داتایانه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌بارودوَخه‌كه‌ رووى له‌باشی كردووه‌ ، به‌لاَم به‌مه‌ش راناوه‌ستین پلان و كاری وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌داهاتوودا ئه‌وه‌یه‌ 24 كاتژمێر كاره‌با بوَ هاوولاَتییان دابین بكات.
- گه‌ربێتوو ماوه‌كانی پێدانی كاره‌بای ئه‌مساڵ له‌ مانگى ته‌مووز به‌راورد بكرێت به‌ ساڵی 2009 كه‌ 14.39 كاتژمێر كاره‌با هه‌بوو به‌لاَم ئه‌مساڵ 17.01 كاتژمێر كاره‌با دراوه‌، خۆشبه‌ختانه‌ هیچ كوژاندنه‌وه‌یه‌كى گشتى رووى نه‌دا له‌ مانگى حوزه‌یران و ته‌موزى ئه‌مساڵ كه‌ جێگیرییه‌ك به‌ خشته‌ى كاره‌باوه‌ هه‌بووه‌ . هاوكات به‌رنامه‌یه‌كی باشی كاره‌باش بوَ مانگی پیروَزی ره‌مه‌زان ئاماده‌كراوه‌ تاوه‌كو له‌و مانگه‌دا هاوولاَتییانی به‌رِێز دووچاری كوژانه‌وه‌ی كاره‌با نه‌بن و ماوه‌كانی پێدانی كاره‌با بگه‌یه‌نینه‌ 18 كاتژمێر.

گولاَن - به‌راوردی برِی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به‌ساڵی رابردوو چوَنه‌؟ به‌رِێزتان ئاماژه‌تان به‌زیادبوونی به‌رهه‌مهێنان داوه‌، له‌چه‌ند ساڵی داهاتوو ئه‌م زیادبوونه‌ چوَنه‌؟

- وه‌زیری كاره‌با: وه‌زاره‌تی كاره‌با به‌رده‌وام هه‌نگاوی ناوه‌ به‌ره‌و زیادكردنی به‌رهه‌مهێنان و چوَنییه‌تی گواستنه‌وه‌ی باشتری وزه‌ی كاره‌با ، كه‌ برِیاره‌ به‌پێی به‌رنامه‌و كاره‌كانی وه‌زاره‌ت له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌هه‌رێمی كوردستان زیاد بكرێت ، ئێستا ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌هه‌رێمی كوردستان 1100 مێگاواته‌و له‌كوَتایی ساڵی 2011 برِی 1150 مێگاواتی كاره‌بای دیكه‌ ده‌چێته‌ ناو توَرِی كاره‌بای نیشتمانی كوردستانه‌وه‌، واته‌ تا كوَتایی 2011 كار بوَ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بوَ 2250 مێگاوات كاره‌با ده‌كه‌ین ، به‌مه‌ش هه‌موو گرێبه‌سته‌كانى كه‌ وه‌زاره‌تى كاره‌با ئیمزاى كردووه‌ ده‌چنه‌ بوارى جێبه‌جێ كردنه‌وه‌. له‌م كاته‌دا لێكۆڵینه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌ ده‌كرێت بۆ دوو ئۆفه‌ر كه‌ بریتیه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانى 1500 مێگاواتى تر له‌لایه‌ن دوو كۆمپانیاوه‌ . به‌ نسبه‌ت به‌راوردى لۆدى دابه‌شكراوى ئه‌مساڵ و پار به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌ : له‌ مانگى ته‌موز 2009 برِى 865 مێگاوات كاره‌با دابه‌شكراوه‌ به‌لاَم له‌هه‌مان مانگی ته‌مووزی ئه‌مساڵ 1100 مێگاوات دابه‌شكراوه‌ . له‌ مانگى ئاب له‌ ساڵى 2009 (849) مێگاوات دابه‌شكراوه‌ به‌لاَم پلانمان هه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنى 1150 مێگاوات بۆ مانگى ئابى ئه‌مساڵ . له‌ كاتێكدا ساڵى پار له‌ تۆرِى نیشتمانیه‌وه‌ برِى 70 مێگاوات وه‌رگیراوه‌، به‌لاَم ئه‌مساڵ ئه‌و برِه‌ نه‌ماوه‌و بۆته‌ سفر به‌مانایه‌كى تر هه‌رێم اعتمادى له‌سه‌ر ناوخۆى خۆیه‌تى .
گولاَن - له‌كاتی سیانه‌و به‌ستنی پێوه‌رو كاروباره‌كانی تری ،بۆ هاوولاََتییان تاچه‌ند روَتین كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، یا له‌به‌رنامه‌دا هه‌یه‌ بۆ بواری پێدانی نرخی كاره‌با و خێراكردن له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان سیسته‌می نوێ دابنێن؟
- وه‌زیری كاره‌با: هه‌نگاومان ناوه‌ به‌ره‌و پیاده‌كردنی به‌رنامه‌یه‌كی باشتری دابه‌شكردنی كاره‌با به‌سه‌ر ته‌واوی شاروشاروَچكه‌كانی كوردستان ، تێیدا مه‌رجی دادپه‌روه‌ری به‌سه‌ر هه‌موویاندا په‌یرِه‌و ده‌كه‌ین و كوَنتروَڵی زیاده‌رِوَیی و فروَشتنی وزه‌ش ده‌كه‌ین ، بوَ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌پلانی وه‌زاره‌ت دایه‌ به‌سوود وه‌رگرتن له‌كه‌رتی تایبه‌ت سێكته‌ری دابه‌شكردنی وزه‌ و فروَشتنی بوَ پێشه‌وه‌ ببه‌ین ، كه‌ تێیدا هاوولاَتی و حكومه‌تیش سوودمه‌ند ده‌بن . له‌و به‌رنامه‌دا ئه‌و رۆتینه‌ى بۆ كردنه‌وه‌ى هاوبه‌شى نوىَ نامێنێت ، هاوولاَتى له‌ گه‌رِه‌كى خۆى پێویستیه‌كان پێشكه‌ش ده‌كات و فه‌رمانگه‌كانى كاره‌با به‌ته‌واوى كاره‌كان هه‌ڵده‌ستن و خوێندنه‌وه‌ى پێوه‌ر به‌و جۆره‌ى كه‌هه‌یه‌ ژمێركارى كاره‌با ده‌چنه‌ ماڵ و شوێنه‌كان نامێنىَ و له‌ دووره‌وه‌ له‌ رێگه‌ى كۆمپیوته‌ر كاره‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێن و پاره‌ وه‌رگرتنیش هه‌ر له‌ نزیكى شوێنى خۆى ده‌بێت و ئه‌و شوێنانه‌ش ژماره‌یان زۆر ده‌بێت و پابه‌ند نین به‌ ده‌وامى فه‌رمیه‌وه‌ واتا زیاتر ده‌وام ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها كار بۆ به‌هێزكردنى فه‌رمانگه‌ى سكالاَو داواكارى هاوولاَتیان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ته‌له‌فۆن كێشه‌كانیان بگه‌یه‌نن كه‌ پێویست به‌سه‌ردانى كرنى فه‌رمانگه‌كانى چاككردنه‌وه‌ نه‌كات .

ئایا چوَنیه‌تی دابه‌شكردنی كاره‌با بوَ بیره‌ ئاوه‌كان به‌تایبه‌تی له‌شاری هه‌ولێر كه‌ كێشه‌ی كاره‌بایان هه‌یه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو كردووه‌ له‌زوَر گه‌رِه‌گ چوَن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟
وه‌زاره‌تی كاره‌با به‌به‌رده‌وام له‌چه‌ند ساڵی رابردوو هاوكارییه‌كی باشی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری كردووه‌ ، له‌پێناو راكێشان و گه‌یاندنی توَرِی كاره‌با بوَ بیره‌ ئاوه‌كان تاوه‌كو هاوولاَتییانی خوَشه‌ویست بێ ئاو نه‌بن ، له‌م پێناوه‌شدا له‌رابردوودا سه‌رجه‌م ئه‌و بیره‌ ئاوانه‌ی كه‌ به‌رِێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئاو داوایانكردووه‌ كاره‌بایان بوَ دابین بكرێت له‌ رێگه‌ى فیده‌ره‌ به‌رده‌وامه‌كانه‌وه‌ كاره‌بایان بوَ دابین كراوه‌ ، ئه‌و بیره‌ ئاوانه‌ی به‌م دواییه‌ لێدراون و به‌هه‌مانشێوه‌ به‌رِێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئاو داوای دابینكردنی كاره‌باى كردووه‌ ، كه‌شفیان بوَ كراوه‌و نێردراون بوَ پارێزگای هه‌ولێر له‌ رێگه‌ى به‌رِێوه‌به‌رێتى گشتى كاره‌باى هه‌ولێره‌وه‌ ، تاوه‌كو له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگا بودجه‌یان بۆ دابین بكرێت . به‌لاَم گرفتێك هه‌یه‌ كه‌ له‌ شه‌ودا له‌به‌ر هاوولاَتیان فیده‌ره‌ به‌رده‌وامه‌كان ده‌كوژێنرێنه‌وه‌ تا زۆرترین كاره‌با بۆ هاوولاَتیان بێت به‌مه‌ش بیره‌كان كاره‌بایان نامێنێت ، هه‌وڵمان داوه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌زیادكردنى برِى كاره‌با بۆ پارێزگاى هه‌ولێر گرفتی بیره‌ ئاوه‌كان نه‌هێڵین. فیده‌ره‌ به‌رده‌وامه‌كانمان ته‌نیا بیره‌كانى له‌سه‌ر نییه‌ بۆیه‌ وا مامه‌ڵیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت .

له‌كوَتایی دا وه‌زیری كاره‌با وتی : به‌رنامه‌و كاره‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌پێناو خزمه‌تكردنی هاوولاَتییاندا دارِێژراوه‌، به‌پێی توانا و بودجه‌ی ته‌رخانكراو درێغی له‌خزمه‌تكردنی هاوولاَتییانی خوَمان ناكه‌ین و ، كار بوَ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ته‌واوی گرفت و كه‌موكورتییه‌كانی كاره‌با له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌و ده‌ڤه‌رو شاروَچكه‌و گونده‌كانی كوردستان روو له‌چاره‌سه‌ركردن بكات، له‌مه‌ش دا هاوكاری و یارمه‌تی هاوولاَتیانیشمان پێویسته‌ ، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ده‌یان قوربانی و برینداری له‌پێناو رووناككردنه‌وه‌ی ماڵه‌كانیان به‌خشیوه‌ ، هه‌روه‌كو چوَن هاولاَتییان مافی سروشتی خوَیانه‌ كاره‌بای به‌رده‌وامیان بوَ دابین بكه‌ین هه‌رواش پێویستیمان به‌هاوكاریكردنیانه‌ به‌به‌كارنه‌هێنانی كاره‌بای زیاده‌ و پێدانی پاره‌ى كاره‌با.
Top