ئەزموونی كۆریای باشوور (2)

ئەزموونی كۆریای باشوور (2)

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

قۆناغەكانی گەشەی ئابووری و ئاستەنگەكانی
كۆریای باشوور لە رێی گەشەی ئابووریدا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەوە، پوختەكەیان ئەمانەن: خاكی بچووكە (70%شی شاخ و چیایە)، چاوگی وزە و دەرامەتی سروشتی كەمە، جەنگی بەردەوام. ئەمانە ئاستەنگی گەورەن لە رێی گەشە و پێشكەوتنی ئابووری.
ئەم وڵاتە بۆ زاڵ بوون بە سەر كۆسپ و تەگەرەی بەردەم گەشەی ئابووری، چوار رەگەزی سەرەكیی لە بەر دەستە:
یەكەم: هێزی كار و شارەزایی بەرز (ژمارەی ئەندازیاران لە كۆریای باشوور لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا لە هی بەریتانیا و ئەڵمانیا و سوید زیاتر بوو).
دووەم: سیاسەتی ئابووریانەی حكوومەت (هانی پرۆژەی گەورەی پیشەسازیی دەدا. سیاسەتی وەبەرهێنان لە ساڵانی شەست و حەفتای سەدەی رابردوودا، رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە گەشەی ئابووری، سیاسەتی هەناردە كردنی كاڵاش مایەی گەشەی ئابووری بوو، بە تایبەتی بەرهەمی ئەو وڵاتە كاڵای باش و نرخیشی هەزارن بوو).
سێیەم: رێژەی بەرزی پاشەكەوت (كۆریای باشوور خاوەنی بەرزترین رێژەی پاشەكەوتە. ئەو پاشەكەوتە لە وەبەرهێناندا بەكار هێندرا و گەشەی بە ئابووریی وڵاتەكە دا).
چوارەم: هێزی كار (هێزی كار لە كۆریای باشوور بە دروشمی "بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی بەرژەوەندیی تایبەتە" هەفتانە بۆ ماوەی 50 كاژێر كاری دەكرد، ئەمەش رێی بۆ پەیدا بوونی پیشەسازیی قورس خۆش كرد).
قۆناغەكانی گەشە كردنی پیشەسازی
دوای كۆتایی هاتنی جەنگی كۆریا، كۆریای باشوور بە پشت بەستن بە قەرزی دەرەكی، دەستی بە بنیات نانەوەی وڵات كرد. بۆ پڕ كردنەوەی پێداویستی ناوخۆ لە رووی كاڵاوە، لە بری كردنەوەی دەرگای هاوردە كردن، هەوڵی خۆی لە بواری پیشەسازیی سووكی ناوخۆ چڕ كردەوە، كە نە دارایی زۆر و نە شارەزایی بەرزی دەوێت. نموونەش پیشەسازیی خۆراك و رستن و چنین بوون.
لە سالی 1962دا پلانێكی پێنج ساڵەی دەست پێ كرد بۆ گەشە پێدانی ئابووری و هەناردە كردنی بەرهەمی سووكە پیشەسازی، وەك رستن و چنین و دار و پێستە. بەمەش بە گوڕ و تینەوە جێی خۆی لە بازاڕدا كردەوە، چونكە نرخی هەرزان بوو. لە دووەمین ساڵی پلانەكەدا، كۆریای باشوور وەبەرهێنەرانی ئەمریكا و ژاپۆنی بە لای خۆیدا راكێشا، بەم جۆرە ئابووریی كۆریا ساڵانە بە رێژەی 10% گەشەی كرد.
دوای سەركەوتنی هەناردە كردنی كاڵا و بەرهەمی سووكە پیشەسازی، ئەو وڵاتە قۆناغێكی دیكەی گەشەی ئابووریی دەست پێ كرد. لەم قۆناغەدا تۆڕێكی فراوانی رێوبانی بۆ پێكەوە گرێدانی شارەكان بەجێ گەیاند. وڵات زۆر بە چڕی رووی لە گەشەی پیشەسازی و بەرز كردنەوەی ئاستی هەناردە كرد، كە لە ساڵی 1977دا تێكڕا هەناردەی هەرێمەكانی كۆریا بایی 10 ملیار دۆلار بوو.
لە قۆناغێكی نوێدا، كۆریای باشوور پیشەسازیی قورسی دەست پێ كرد (پیشەسازیی پترۆكیمیاوی، پۆڵا، دروست كردنی كەشتی و ئوتومبیل و ئامێری ئەلیكترۆنی). ئەو بەرهەمانەشی هەناردەی دەرەوە دەكرد. لەم بوارەدا ساڵ بە ساڵ پێگەی كۆریا لە نێو بازاڕی جیهاندا بەرەو ژوور دەچوو.
بۆ نموونە لە ساڵی 2004دا كۆریای باكوور لە پیشەسازیی ئوتومبیل لە ئاستی جیهاندا بە رێژەی نزیكەی 6%ی تێكڕای بەرهەمی جیهان لە پلەی شەشەم بوو، لە دروست كردنی كەشتی بە رێژەی پتر 33% لە پلەی یەكەم بوو، كەرەستە و ئامێری ناوماڵ بە رێژەی نزیكەی 6% لە پلەی چوارەمدا، لە ئامرازەكانی گواستنەوەدا بە رێژە 11% لە پلەی سێیەمدا، لە ئاسن و شیش بە رێژەی نزیكەی 5% لە پلەی پێنجەمدا، لە رستن و چنین و لە پترۆكیمیاوی لە پلەی پێنجەم، هەڵبەت لە ئاستی جیهاندا.
ئەم ئاستە بەرزەی بەرهەم هێنانی پیشەسازی و رێژە و پێگەیەی لە ئاستی تێكڕای بەرهەمی پیشەسازی لە جیهاندا، كۆریای باشووری كردووەتە هێزێكی گەورە و كاریگەری ئابووری. هاوكات داهاتی ساڵانەی تاكی بەرز كردووەتەوە، ژیانێكی خۆش و كامەران، دەرفەتی زۆری كار و داهێنانی بۆ خەڵكی ئەو وڵاتە و بژێویی ژیانیان دەستەبەر كردووە.
ئابووریی كۆریای باشوور، وەك ئابووریی هەر وڵاتێكی دیكەی جیهان، روو لە هەڵبەز و دابەز دەكات. واتە لە گەشەوە بەرەو قەیران و داكشان دەچێت، پاشان بە پێچەوانەوە. لە كۆتایی ساڵانی حەفتای سەدەی بیستەمدا گەشەی ئابووری لەو وڵاتەدا قەیرانی تێكەوت. ئەو قەیرانەش لە پای ئەو بێ بازاڕی و دانانی لەمپەر لە بەردەم بازرگانیی نێوان وڵاتانی پێشكەوتوو، هەروەها بەرز بوونەوە كرێ و هەقە كاری ناوخۆ، دروست بوو. دوای ئەو قەیران و داكشانە، ئابووریی كۆریای باشوور لە پاش بەڕێوە چوونی خولی ئۆلۆمپیادی ساڵی 1988 لە سیئۆل پایتەختی وڵاتەكە، ئابووریی ئەو وڵاتە سەر لەنوێ رووی لە گەشە كردەوە.
لە رووی وەبەرهێنانیشەوە، كۆریای باشوور بازنەكەی فراوانتر كرد، كە نەك تەنیا ژاپۆن و ئەمریكا بگرێتەوە، بەڵكوو هەل و دەرگای وەبەرهێنانی بۆ وەبەرهێنەرانی چین، ئەوروپا، ئاسیا و باكوور و ناوەڕاستی ئەمریكاش كردەوە. لە ساڵی 1996دا كۆریای باشوور بوو بە ئەندام لە (رێكخراوی هاوكاری و گەشەی ئابووری)دا، بەوەی لە رووی قەبارەی ئابوورییەوە بوو بە یازدەمین دەوڵەتی جیهان.
كۆریای باشوور لەو پێگە بەهێزەی ئابووریی خۆیدا، لە ساڵی 1997دا رووبەڕووی ئەو قەیرانە داراییە بووەوە كە وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیای گرتەوە (تایلەند، مالیزیا، ئەندەنووسیا)، زریانی قەیرانەكە گەیشتە كۆریای باشووریش. وڵات لە بن باری قەرزی دەرەكیدا دەیناڵاند، هەروەها دابەزینی یەدەگە دراوی بێگانەی و دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەكەش، قەیرانەكەی قووڵتر كردەوە. قەرزی دەرەكیی ئەو وڵاتە لە 89 ملیار دۆلارەوە لە ساڵی 1994، بۆ پتر لە 154 ملیار دۆلار لە ساڵی 1997دا، هەڵكشا. هاوكات رێژەی بێكاری لە نزیكەی 3%وە بۆ نزیكەی 9% بەرز بووەوە.
لەم قەیرانە داراییەی كۆریای باشووری گرتەوە، بەهای دراوەكەی (وون) بە رێژەیەكی زۆر دابەزی و بەهای كاڵای هاوردەش بەرز بووەوە، داوای ناوخۆش لە سەر كاڵا كز بوو. ئەم رەوشە بووە مایەی مایە پووچ بوونی چەندین كۆمپانیا و داتەپینی نرخی پشك.
بۆ بەهاناوە چوونی ئەم رەوشە دژوارەی ئابووری، كۆریای باشوور ناچار بوو 57 ملیار دۆلار وەك كۆمەكی ئابووری لە (سندووقی نێودەوڵەتیی دراو) وەربگرێت. ئابووریی وڵاتەكەش خرایە ژێر چاودێری و كۆت و بەندی سندووقی دراوەوە، كە داوای لە گەورە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە كرد، بەرانبەر بەو كۆمەكە داراییەی سندووق پێیان دەدات، هەندێ چاكسازی بكەن.
چاكسازییەكانیش بریتی بوون لە:
-لەگەڵ داهاتنی ساڵی 1999دا، كەم كردنەوەی كۆمپانیاكان لە رێی كڕینەوە یان تێكەڵ كردنیان. بۆ نموونەی كۆمپانیای (هیوندای) لە 68 كۆمپانیاوە هاتە سەر 30 كۆمپانیا.
-جەخت بكرێتە سەر بوارەیلی سەرەكی (بۆ نموونە گرووپی كۆمپانیاكانی (دایۆ) تایبەت بێت بە پیشەسازیی ئوتومبیل).
-كەم كردنەوەی قەرزی سەرمایە بۆ كەمتر لە نیوە.
-نەهێشتنی ئاڵوگۆڕی دارایی لە نێوان كۆمپانیاكان و فراوان كردنی سەربەخۆیی دارایی.
-جیا كردنەوەی موڵكایەتیی كۆمپانیاكان لە ئیدارە و كارگێڕییان.
سیاسەتی پاش قەیرانەكە
بۆ چارەسەر كردنی قەیرانی دارایی، حكوومەتی كۆریای باشوور كۆمەڵێك رێكاری گرتە بەر بۆ پاراستنی بەهای دراوەكەی و رێی لە دەرچوونی دراو و دارایی گرت، ئیدی رێژەی سوو رووی لە هەڵكشان كرد.
چاكسازییەكی ریشەیی لە سیستەمی داراییدا كرا و گەندەڵی بنبڕ كرا.
هەموو كەرتەكانی دارایی خرانە بەر چاكسازی، دەزگاكانی سست و لاوازی دارایی تێكەڵ بە دەزگای ناوخۆ یان نێودەوڵەتی كران.
گەلێك لە دامەزراوەكانی حكوومەت و دامەزراوەی گشتی، تایبەتێندران (درانە كەرتی تایبەت).
هاووڵاتیانی كۆریای باشوور بۆ دەرچوون لەو قەیرانە، خۆبەخشانە هاوكاری حكوومەت بوون، ئەوان زێڕ و خشڵی خۆیان بە حكوومەت بەخشی، بە ئامانجی دانەوەی قەرزەكانی حكوومەت. بەم جۆرە یەدەگی زێڕی وڵاتەكە بەرز بووەوە.
دوای تێپەڕ بوونی ساڵێك بە سەر ئەو رێكارە توندانە و بەشداری كردنی هاووڵاتیانی كۆریای باشوور، ئیدی بەهای دراوەكەیان (وون) وردە وردە رووی لە هەڵكشان كرد، ئابووریی وڵاتەكەش جارێكی دی رووی لە گەشانەوە كرد. وڵات لە بواری بەرهەم و وەبەرهێنان، هەروەها هەناردە و هاوردە كردن و توانای كڕینی ناوخۆوە، بووژانەوەی بە خۆوە بینی. رێژەی بێكارییش رووی لە دابەزین كرد.
ئەم هەڵسانەوەی ئابووریی وڵاتەكە، وای كرد حكوومەتی كۆریای باشوور تووشی نیگەرانی بێت، بە تایبەتی كە لە ساڵی 1999دا پتر لە 30 هەزار كۆمپانیای نوێ دامەزران. لە ساڵی 2000یشدا حكوومەتی كۆریای باشوور بە تەواوی قەیرانەكەی تێپەڕاند.
وردەكاریی زۆر لە رووی گەشە كردنی ئابووریی ئەو وڵاتەدا هەیە، ئێمە هێندە بە دوایدا ناچین، تەنیا ئەوە دەخەینە روو، كە بۆرسەی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2006دا ژمارەیەكی پێوانەیی بەدەست هێنا، ئیدی بوو بە جغزی وەبەرهێنان و وەبەرهێنەران لە سەرانسەری جیهانەوە.
هەناردە رووی لە هەڵكشانێكی زۆر كرد و ئابووری بە تەواوی گەشایەوە، زیدەی بازرگانی لەو وڵاتەدا لە ساڵی 2003دا گەیشتە نزیكەی 15 ملیار دۆلار، لە ساڵی 2004دا گەیشتە نزیكەی 30 ملیار دۆلار، لە ساڵی 2005یشدا گەیشتە نزیكەی 24 ملیار دۆلار.
بەم جۆرە داتای ئابووری وا پیشان دەدا، كە كۆریای باشوور بە سەر قەیرانە داراییەكەیدا زاڵ بووە، قەڵەمبازێكی ئابووریی داوە، ئیدی وەك دەوڵەتێكی مەزن و كاریگەر لە بازرگانی و ئابووریی جیهاندا هاتە پێش.
Top