كۆنفۆشیۆسی (6- كۆتایی)

كۆنفۆشیۆسی (6- كۆتایی)

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

تاریق کارێزی نووسەر، رۆژنامەنووس، وەرگێڕو رەخنەگری شێوەکارییە لەباشووری کوردستاندا. ٢١ کتێب و نامیلکەی چاپکراوی هەیە لەدەیان رۆژنامەو گۆڤاری کوردی و عەرەبیدا کاری کردووەو بابەتی بڵاوکردۆتەوە.
یەكێ لە رێنماییەكانی بۆ قوتابیانی ئەوە بوو دەیگوت: "هەرگیز لە خەمی ئەوەدا نیم پۆستێكی باڵا بگرمە دەست، بەڵكوو من مەبەستمە خۆم بگەیەنمە ئەو ئاستەی كە شایستەی ئەو پۆستە بم. هەرگیز بە لاشمەوە گرنگ نییە كە خەڵك نامناسن، بەڵام تێدەكۆشم لەو ئاستەدا بم كە شایستەی ئەوە بم خەڵك بمناسێ."
یەكێ لە قوتابیانی (هانگ هی)، كە یەكێك بوو لە وەزیرانی میر (لو)، كۆنفۆشیۆس لە رێی ئەوەوە گەیشتە دەرباری شا (جو) لە شاری (لوو یانگ)دا. ئەو (كۆنفۆشیۆس) تا رادەیەك خۆی لە فەرمانبەرانی دەربار بە دوور گرت، لە بری لەوان نزیك بوونەوە، پێی باش بوو سەردانی (لو دزە)ی دانا بكات كە لە سەرەمەرگدا بوو.
دوای ئەوەی گەڕایەوە دەڤەری (لو) دیتی بە سایەی ململانێ و ناتەباییەوە پەرتەوازە بووە، ئیدی بە یاوەریی دەستەیەك لە قوتابیانی، لەوێوە رووی كردە هەرێمی (چی) كە بە تەنیشتی (لو)ەوە بوو، لەو گەشتەدا ئەوان رێی سەخت و دژوار و چۆڵی شاخاوییان بڕی. زۆریش پێیان سەیر بوو كە لەو چۆلەوانییەدا پیرەژنێك وا بە دیار گۆڕێكەوە دەگری. كۆنفۆشیۆس (تسە لو)ی ناردە لای تا بزانێ هۆی خەم و گریانەكەی چییە. پیرەژن وڵامی دایەوە و گوتی: "ئا لێرەدا خەزوورم پڵینگ خواردی، پاشان مێردەكەشمی خوارد، ئەوەتا كوڕەكەشم بە هەمان دەرد چوو."
مامۆستا لێی دەپرسێت، لەبەر چی ئێوە سوورن لە ژیان و مانەوەتان لەم شوێنە مەترسیدارەدا؟ پیرەژن بەرسڤی دایەوە و گوتی: "لەم شوێنەدا حكوومەتێكی زاڵم نییە." كۆنفۆشیۆس ئاوڕی لە قوتابیانی دایەوە و پێی گوتن: "رۆڵەكانم ئەم قسەیەی لە بیر مەكەن، كە حكوومەتی زاڵم لە پڵینگ دڕندەترە."
كۆنفۆشیۆس دەچێتە لای میر (چی)، كە یەكێك بووە لە میرانی ئەو سەردەمی چین، ئەو میرە بە وڵامی مامۆستا زۆر خۆشحاڵ دەبێت، كاتێك لێی دەپرسێت كە حكوومەتی باش چۆنە؟ كۆنفۆشیۆسیش بەرسڤی دەداتەوە و دەڵێ: "كاتێك میر میر دەبێت، وەزیر وەزیر و باوك باوك دەبێت، رۆڵەش دەبێتە رۆڵە، ئەوكات حكوومەتی باش دێتە ئاراوە." بەرانبەر بەو رێنمایی و هەڵسەنگاندنە، میر (چی) پێی گوت كە باجی شاری (لن شیو)ی بۆ تەرخان دەكات، بەڵام كۆنفۆشیۆس ئەو دیاری و بەراتەی رەت كردەوە و پێی گوت، كە ئەو شتێكی ئەوتۆی نەكردووە شایان بەو پاداشتە بێت.
میر ویستی مامۆستا وەك راوێژكار لە دەرباری خۆیدا دابمەزرێنێ، بەڵام (جان ینگ)ی سەروەزیر لەو ویستەی پەشیمانی كردەوە و پێی گوت: "پیاوانی زانا كەسانی ناكردەنین و كەسیش ناتوانێ بە رێ و رێبازی ئەواندا بڕوات، ئەوان بە بیر و بۆچوونی خۆیانەوە لووت بەرز و بۆغران، دڵیان بەو پۆستە نزمانەی پێیان دەدرێت ئاو ناخواتەوە. ئەم بەڕێز (كۆنگ)ـەش هەزار خەسڵەتی لە ژمارە نەهاتووی هەیە. خۆ ئەگەر بمانەوێ بە هەموو نەریتەكانی هەڵسان و دانیشتنی ئەو ئاشنا بین، ئەوا پێویستمان بە چەندین نەوەی یەك لە دوای یەك دەبێت."
ئەم دیدارەی مامۆستا و میریش هیچ بەرهەمێكی نەبوو، جا سەرەنجام كۆنفۆشیۆس بۆ (لو) گەڕایەوە و تا پازدە ساڵی دی هەر بە فێر كردنی قوتابییەكانییەوە خەریك بوو، بەر لەوەی بۆ وەرگرتنی پۆستێكی گشتی لە دەوڵەتدا بانگ بكرێت. بەم جۆرە لە كۆتایی سەدەی شەشەمی بەر لە زایین دەرفەتی بۆ هاتە پێش و كرا بە گەورەی دادوەران لە شاری (گونگ دوو)دا.
كولتووری چین لە بارەی رەوشی ئەو شارە لە سەردەمی مامۆستادا دەگێڕێتەوە، كە شەپۆلێكی بەتین لە شكۆ و دەست پاكی شارەكەی تەنییەوە، ئەگەر شتێك لە سەر رێ بكەوتبایە، هەر لە شوێنی خۆی دەمایەوە یان بۆ خاوەنەكەیان دەبردەوە. كاتێك میر (دنگ) میری (لو)، كۆنفۆشیۆسی بۆ پۆستی بریكاری وەزارەتی كاری گشتی بەرز كردەوە، كەوتە رووپێو كردنی زەوی و زاری دەوڵەت و لە بواری كشتوكاڵدا گەلێ چاكسازیی كرد.
دەشگوترێ پاش ئەوە كە بۆ پۆستی وەزیری تاوان بەرز كرایەوە، هەر هەبوونی لەو پۆستەدا بەس بوو بۆ نەهێشتنی تاوان. لەم بارەیەوە تۆمارەكانی چین نووسیویانە: "خیانەت و گەندەڵی شەرم دای گرتن و سەریان شۆڕ كرد و بزر بوون، ئیدی ئەمەك و دڵسۆزی بوون بە خەسڵەتی مەردان، هاوكات پاكی و پاكیزەیی و رەوشت بەرزی بوون بە خەسڵەتی ژنان. بە لێشاو خەڵك لە میرنشینەكانی دیكەوە روویان لە (لو) دەكرد، كۆنفۆشیۆسیش بوو بە رووگەی میللەت."
هەڵبەت ئەم زێدەڕۆییە لە پێدا هەڵدان گومان دروست دەكات، ئیدی ئەو شایستەی بێت یان نەبێت، ئەو لەوە ناسكترە كە هێندە درێژە بكێشێت. گومانیش لەوەدا نییە كە تاوانباران گوێڕایەڵی مامۆستای گەورە بوون و تەڵە و داویشیان بۆ دەنایەوە. مێژوونووسێكی چین دەڵێ: "میرنشینانی نزیكی (لو) ئیرەیی تەنگی پێ هەڵچنین و ترسی هێز و تین و راچەنینی (لو)یان لێ نیشت. وەزیرێكی فێڵزانی میرنشینی (چی) پیلانێكی نایەوە بۆ ئەوەی میری "لو" و كۆنفۆشیۆس لە یەكدی بكات. بە میری (چی)ی گوت كە دەستەیەك لە شۆخە "كچانی گۆرانیبێژ" و 120 ئەسپی لە كچەكان جوانتر بۆ (تنگ) رەوانە بكات. ئەو شۆخە گۆرانیبێژ و ئەسپانە دڵی میریان برد و رێنماییەكەی كۆنفۆشیۆسیان لە بیر بردەوە (مامۆستا پێی گوت بوو كە یەكەمین بنەمای دەسەڵاتی باش ئەوەیە پێشەنگەكەی باش بێت)، ئیدی میری بە ژنانی شۆخ و ئەسپی جوانەوە سەرقاڵ بوو، پشتی لە وەزیران كرد و بە شێوەیەكی ناشی كاروباری دەوڵەتی فەرامۆش كرد."
لەم ئان و ساتە نەگریسەدا (دزە لو) بە كۆنفۆشیۆسی گوت: "مامۆستای بەڕێز ئیدی كاتی سەر هەڵگرتن و كۆچی تۆیە." جا كۆنفۆشیۆس نابەدڵ دەستی لە پۆستەكەی بەر دا، هەرێمی (لو)ی بەجێ هێشت، سەردەمی گەڕان و دەربەدەری دەستی پێ كرد كە سێزدە ساڵی خایاند. مامۆستا دواتر گوتی "ئەو هەرگیز كەسێكی نەدیوە كە چاكەی لە جوانی خۆشتر بوێ."
هەڵبەت راستییەكەشی بڵێین، یەكێ لە هەڵەكانی سروشت كە لێبوردنی بۆ نییە، ئەوەیە زۆر جار چاكە و جوانی بە جیا دێن نەك پێكەوە. جا بەم جۆرە، مامۆستا و ژمارەیەكی كەم لە مریدانی دڵسۆزی لە نیشتیمانی خۆیان كەوتنە بەر نەفرەتەوە، هەرێم بە هەرێم سەرگەردان دەگەڕان. لە هەندێ هەرێمدا بە رووی خۆشەوە بەخێر هاتنیان دەكردن، لە هەندێ هەرێمیش تووشی هەمەجۆر ئەشكەنجە و بێ نازی دەبوون. دوو جاریش لە لایەن كەسانی هیچ و پووچەوە هێرشیان كرایە سەر، رۆژێ لە رۆژانیش هەر خەریك بوو لە برسا بمرن. برسێتی تەنگی پێ هەڵچنین تا كار گەیشتە ئەوەی (تزە لو) كەوتە گازاندە و گوتی، ئەو حاڵەی ئەوان شایستە بە "مرۆڤی باڵا" نییە.
پاش ئەو دەردەسەرییە، میری (وی) بە كۆنفۆشیۆسی گوت كە سەرۆكایەتیی حكوومەتەكەی بكات، بەڵام مامۆستا ئەو پێشنیارەی رەت كردەوە، چونكە بۆچوون و بنەماكانی ئەو میرەی بە دڵ نەبوو.
ئەو گرووپە بچووكە (كۆنفۆشیۆس و ژمارەیەكی كەم لە قوتابیانی) كاتێك بە هەرێمی (چی)دا تێپەڕ دەبوون، چاویان بە دوو پیرەمێرد كەوت كە پشتیان لە گەندەڵییەكانی ئەو سەردەمە كرد بوو، هەردووكیان بە هەمان شێوەی (لو دزە) پشتیان لە كاروباری گشتی كرد بوو، روویان لە كاری كشتوكاڵ و دوور لە غەڵبەغەڵبی ژیانی گشتی كرد بوو. یەكێ لە پیرەمێردەكان كۆنفۆشیۆسی ناسی، سەرزەنشتی (تزە لو)ی كرد كە بەگەڵی كەوتووە، گوتیشی: "پەشێوی وەك لافاو وڵاتی تەنیوەتەوە، ئاخۆ كێ دەتوانێ ئەو رەوشە راستەڕێ بكاتەوە؟ بۆ ئێوە باشتر نییە بكەونە دوای ئەوانەی پشتیان لە هەموو دنیا كردووە و گۆشەگیرییان هەڵبژاردووە، لە بری ئەوەی بكەونە شوێنی ئەو كەسەی لە هەرێمێكەوە بۆ هەرێمێكی دی دەچێت؟"
كۆنفۆشیۆس بۆ ماوەیەكی درێژ بیری لەو سەرزەنشت كردنە كردەوە، بەڵام بێ هیوا نەبوو لەوەی یەكێ لە هەرێمەكان دەرفەتی ئەوەی پێ بدات سەركردایەتیی بزووتنەوەی ئاشتی و چاكسازیی تێدا بكات.
كۆنفۆشیۆس و رێبازەكەی كە بە (كۆنفۆشیۆسی: كۆنفۆشیزم) ناسراوە، هێشتا قسەی زیاتر هەڵدەگرێ. ئێمە لێرەدا بابەتەكە دەبڕینەوە بە هیوای ئەوەی دەرفەت هەبێت لە دووتوێی نامیلكەیەكدا درێژتر لە ئێستا ئەو بابەت و باسە بخەینە روو.
Top