فەلسەفەی ئاكار 1-3

فەلسەفەی ئاكار 1-3

نووسه‌ر :ئەبو شەمسەدین عەلی

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

(ئەبوو شەمسەدین عەلی بن سەعیدی مەكیی ئەسكەندەری، نووسەرێكی میسرییە. لەم وتارەدا گەشتێك بە نێو فەلسەفەی ئاكاردا دەكات.)
هەندێ فەیلەسووف وا پێناسەی مرۆڤ دەكەن، كە گیاندارێكی ئاكاردارە (بە ئاكارە، بە ئەخلاقە: لە كوردیدا ئاكار و ئەخلاق یەك واتایان هەیە). مرۆڤ خەسڵەتەكانی گیانداران (ئاژەڵ)ی هەیە، چونكە ئەویش وەك ئەوان هەوڵی تێر كردنی ئارەزووەكانی جەستەی و رەمەكی خۆی دەدات. ئەو بەردەوام لە گەڕاندایە بە دوای خۆراك و لانە و هاوڕێ و خێزانەوە، بۆ ئەوەی ژیانی بەردەوام بێت و توخمی خۆشی بپارێزێ.
لە رەفتاریدا شتی ئاسایی وەك ئەڤین و قین بەدی دەكرێت، بەڵام مرۆڤ بە خەسڵەتی رامانی عەقڵی (بیركردنەوەی قووڵ) لە گیاندارانی دی جیا دەكرێتەوە. ئەو دەتوانێ حەز و ئارەزوو، لە خۆی داماڵێ و بیر بكاتەوە و بە راماندا بچێت، خاوەن هۆشە و دەتوانێ بڕیار بدات، دەشتوانێ مەیل و ئارەزووەكانی كۆنترۆڵ بكات و بڕیار ئاراستە بكات.
ئیدی بەم جۆرە مرۆڤ دەبێتە تەنیا گیانداری ئاكاردار (بە ئەخلاق)، كە خاوەن بەهای ئاكارە، ئەمیش شكۆ بە مرۆڤ دەدات و وای لێ دەكات، خۆی لە سەرووی هەموو خواستێكی ماددی و سروشتییەوە ببینێت. خۆ لە راستیدا مرۆڤ ناتوانێ دەست لە واقیعی سروشتی و ماددیانەی خۆی هەڵبگرێت، چونكە ئەو واقیعە بەشێكە لەو. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ دەتوانێ ئەو سروشتە وا ئاراستە بكات، كە بەهای بەرز بەدی بهێنێت، هەروەها مرۆڤ ئازادە، بەڵام ئاژەڵ ملكەچی حەز و ئارەزووی خۆیەتی، هەروەها ئاژەڵ ناتوانێ سەرپشك بێت و رێڕەوی ژیانی خۆی بگۆڕێت. جا كە مرۆڤ لە پێگەی گیانداری ئاكاردارە، كە دەتوانێ ژیان و رەفتاری خۆی، بە پێی بەها و بنەماكانی ئاكار ئاراستە بكات، ئیدی دەچێتە سەرووی ئاژەڵەوە، دەبێتە مرۆڤ.
لە زمانی كوردیدا (ئاكار) وشەیەكی رەسەنە، لە زمانی عەرەبیشەوە وشەی (ئەخلاق) هاتووەتە نێو زمانی كوردییەوە. لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی مۆراڵ (Moral) هەیە، كە لە پەیڤی (Mores)ی لاتینییەوە وەرگیراوە، هەروەها پەیڤی ئیتیك (Ethics)یش هەیە، بە واتای ئاكار، كە لە پەیڤی (Ethos)ی یۆنانییەوە وەرگیراوە.
ئاكارناسی (ئەخلاقناسی: واتە زانستی ئاكار)، وەك گەلێ زانستی دیكەی مرۆیی، وەك زاراوە چەندین پێناسەی هەیە. هەندێ وا پێناسەی دەكەن، كە نەریتناسییە، واتە زانستی نەریتە (هەڵبەت ئەو پێناسەیە كەوتووەتە بن كاریگەریی بنەچەی زمانەوە، لە راستیدا پێناسەیەكی ورد نییە، چونكە نەریت شێوەیەكە لە رەفتار، بە هۆی زۆر دووبارە بوونەوەی ئیدی چەسپیوە، ئەم پێناسەیە رۆڵی سەرپشك بوون دەسڕێتەوە). هەندێكیش وا پێناسەی ئاكارناسی دەكەن، كە زانستی چاكە و خراپەیە، لە سەر بنەمای ئەوەی كە فەلسەفەی ئاكار، بەهاكان روون دەكاتەوە و چاكە و خراپەش دەخاتە روو. پێناسەیەكی سێیەمیش دەڵێ: ئاكارناسی ئەو پێوەرانەیە، كە رەفتاری مرۆڤ پوختە دەكەن و وای لێ دەكەن، لە رووی رۆحییەوە بەرز و باڵا بێت. ئەم پێناسەیە دەڵێ، ئاكارناسی كۆمەڵێك گەڵاڵە نامەیە، كە دەبێ مرۆڤ پەیڕەویان بكات (سەرنج بدە، ئەو باسی واقیع ناكات، بەڵكوو باسی گریمانە دەكات).
ئاكارناسی زانستێكی ساغ تیۆرییە، كاتێك فەیلەسووف توێژینەوە دەكات، چاوەڕوانی كردار و پیادە كردن ناكات، ئەو تەنیا لە پێناو گەڕان بە دوای راستی لە نێو رەفتاری مرۆییدا، لێكۆڵینەوە دەكات. بۆیە جیاوازییەك لە نێوان رەفتار و ئاكارناسیدا هەیە. مرۆڤ دەتوانێ رەفتاری باش بكات و لە رووی رۆحییەوە هەڵكشێ، بە بێ ئەوەی سەری لە ئاكارناسی دەربچێت.
لە فەیلەسووفانی نوێ كە باسی ئەم رایەیان كرد بێت، ئارتەر شۆپنهاوەر (Arthur Schopenhauer)ـە. ئەو گوتوویەتی، ئاكار بوارێكی تیۆرییە، هیچ مۆركێكی كردارەكی یان پیادەكارانەی نییە، دروست وەك لۆژیك یان میتافیزیك وایە. ئاكار فەرمانمان بە سەردا ناكات، هیچ شتێكیشمان بە سەردا ناسەپێنێ. ژیانی مرۆڤ بەڕێوە دەچێت بە بێ ئەوەی تێیدا بایەخ بە ئاكار بدرێت، كە ئەو شتەی دەبێ، ئەو پێمانی نادات.
لەگەڵ ئەوەشدا، گەلێ فەیلەسووف ئەم رایەیان رەت كردەوە، چونكە ئێمە ئەگەر بڵێین ئاكار بایەخ بە ئاشكرا كردنی هەقیقەتی پێوەرەكان لە رەفتای مرۆیی دەدات، ئەمەش رێی ئەوەمان لێ ناگرێت كە رەخنە لە پێوەرە ئاكاری هاتوو بگرین، دواجار ئاكار دەبێ كردارەكی بێ. كەواتە پرسەكە لە نێوان دوو گرووپدا ناتەبایی لە سەرە. یەكیان دەڵێ ئاكار تیۆرییە، ئەوی دیكەشیان دەڵێ كردارەكییە. ئەمەش پاڵی بە هەندێكەوە نا، كە جیاوازی لە نێوان ئاكاری تیۆری و كردارەكیدا بكەن. ئیدی گوتیان ئاكاری تیۆری لێكۆڵینەوە لە ویژدان و چاكە و خراپە و بەها و هاندەر و بەهای باڵا و ویست و سەرپشكی دەكات. ئاكاری كردارەكیش لێكۆڵینەوە لە ئەركی جۆربەجۆری مرۆڤ دەكات، وەك ئەركی بەرانبەر بە خۆی و بەرانبەر بە خودای خۆی و بەرانبەر بە خێزان و برادەران و نیشتیمانەكەی.
ئایا ئاكار رێژەییە یان رەها؟ هەندێ دەڵێن چاخی ئێمە چاخی نەرمی و رزگار بوونە لە بەهاكانی ئاكار. دەشڵێن، ئەگەر دیاردەی ئاكار بە چەرخی گۆڕانی كۆمەڵایەتییەوە گرێ بدەین، ئەوكات ئاكار بە شتێكی رێژەیی دادەنێین. جا گرووپێك پەیدا بوون دەڵێن، ئاكار رێژەییە، دژ بە بەهای رەهای ئاكاریشن، لە سەر ئەو بنەمایەی كە خەسڵەتی مرۆڤ لە هەموو كات و شوێنێك هەر یەكە، ئیدی دەتوانین یاسا بۆ تێكڕای مرۆڤایەتی دابڕێژین، لەمەشدا پشت بە هەندێك توێژینەوەی ئەتنۆناسی (ئەتنۆلۆژیا) دەبەستن، كە دەیسەلمێنێ گەلانی سەرەتایی (بەرایی) شێوازی جیاوازی بیركردنەوە و هەست و كار و رەفتاریان هەبووە، لە چاو گەلانی هاوچەرخ، بە چەشنێك كە دەتوانین بڵێین، هەموو چاخ و جڤاكێك چەمكی خۆی لە بارەی مرۆڤەوە هەیە. هەوادارانی ئەم رێبازە دووپاتی دەكەنەوە، بڕیارەكانی ئاكار لە جەوهەردا ویژدانە بڕیارن، پشت بە سۆز دەبەستن و جەخت دەكەنە سەر ورووژانەكانیش.
هەڵبەت ئاكار لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دی، لە زەمانێكەوە بۆ زەمانێكی دی، لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دی، جیاوازە. ئەمانە كەوتنە هەڵەی جیاوازی نەكردنەوە، ئەوان بنەمای ئاكار و رواڵەتە رەفتاریان لە یەكدی جیا نەكردەوە. ئاشكرایە كە رێساكانی رەفتار بە پێی شوێن و كات دەگۆڕێن، بەڵام بنەما (پرەنسیپ)ی ئاكار نەگۆڕ و چەسپاوە. بۆ نموونە لە سەردەمانی پێشوودا زۆرانبازی لە سەر شەرەف باو بوو، بەڵام ئێستا بێ ئەرزشە (رەفتار رواڵەت)، بەڵام ئێستا داكۆكی دەكەین و ناڕازییش نابین لە داكۆكی كردن لە شەرەف (بنەمای ئاكار)، رێساكانی رەفتار رەنگە بگۆڕێن، بەڵام بنەماكانی ئاكار بە رەهایی نەگۆڕن.
ئایا فەلسەفەی ئاكار هیچ سوودێكی هەیە. سوكرات، فەیلەسووفی گریك گوتوویەتی: پیاوەتی زانستە و پووچایەتی نەزانییە. واتە مرۆڤ كاتێك پەی بە پیاوەتی دەبات، ئیدی بەدەستی دەهێنێت، مەحاڵە مرۆڤ پەی بە پیاوەتی ببات و پیادەشی نەكات.
لێرەدا سوكرات داوامان لێ دەكات روو لە زانین بكەین، جا ئەگەر ئێمە لە ئاكارناسی بكۆڵینەوە، ئەوا روو لە مەردایەتی و پیاوەتی دەكەین و پشت لە پووچ و چرووكی دەكەین، بەڵام بە دیوێكی دیكەدا، هەندێ فەیلەسووف دەبینین ئەو گوتەیە رەت دەكەنەوە، وەك (هیربێرت سپنسەر)، كە گاڵتەی بە سەرگەرمیی فەیلەسووفانی ئاكار دێت، بەوەی هەوڵ دەدەن بەهاكانی ئاكار بڵاو بكەنەوە. ئەم فەیلەسووفانە دەڵێن: زۆر جار دەبینین زانای زانیار هەن، بەڵام لە رووی ئاكارەوە بەدكارن، بە زمان شتێك دەڵێن و شتێكی دی لە نێو دڵیاندایە. زۆر جاریش عەوامێكی نەزان دەبینین، لە رووی ئاكارەوە سەرڕاستن.
ئاكار ناگوترێتەوە و نابێتە زانستیش، هەڵبەت لە راستیدا ئاكارناسی ناتوانێ كرداری خەڵك بگۆڕێ و چۆن دەیەوێ وای لێ بكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ كاریگەریی هەر هەیە بۆ سەر هەندێ لە خەڵك، دەشتوانێ راستەڕێیان پیشان بدات.
بۆ نموونە، فەیلەسووفی ئاكار وەك پزیشك وایە، نەخۆش رێنمایی دەكات كە ئەم جۆرە شرووبە نەخوات، بەڵام خۆ ناتوانێ ناچاری بكات ئەو كارە نەكات. ئاكارناسی باش كردنی ئاكاری پێ مسۆگەر ناكرێت، خۆ كەسێك كە نەزان بێت، ئەم نەزانییە رێگر نییە لەوەی خاوەن رەوشتێكی بەرز بێت. كۆبەكۆی كارەكە، لێكۆڵینەوە لە ئاكار ئەزموون و وردی بە خاوەنەكەی دەبەخشێت، لە رووی دیاری كردنی رەفتاری بەرز ئاكار و بڕیاردان لە بارەیەوە. ئێ خۆ دیارە جیاوازی هەیە لە نێوان بڕیارێك، كە پشتی بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوە بەستووە و بڕیارێك كە دەگەڕێتەوە سەر داب و نەریت.
Top