رێی دژوار بەرەو شادی (2-2)

رێی دژوار بەرەو شادی (2-2)

نووسه‌ر :ئەلحوسێن ئەلمعتاوی

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

ئەلحوسێن ئەلمعتاوی نووسەر و مامۆستای فەلسەفە لە زانكۆكانی مەغریب، لەم وتارەدا هەوڵ دەدات رۆشنایی بخاتە سەر گۆشە و كەنارەكانی چەمكی شادی، كە مێژووی هزری مرۆڤایەتیی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە..
شادی و ژیانی لەزەت
گفتوگۆ دەربارەی شادی و لەزەت، گفتوگۆیەكی فرە كۆنە. یۆنانی دێرین (گریك) بە درێژی قسەیان لەم بارەیەوە كردووە، كەچی (ئەفلاتوون) لە بارەی مەترسیی لەزەتەوە، هۆشداریی دا، (ئەرستۆ)ش بەرز و بڵند لە ژیانی پڕ لە دانایی هەمبەر بە لەزەتی هەستەكیی روانی، هاوكات داڵانیزم (رەواقی) داكۆكیی لە ئاكار (ئەخلاق) كرد. هەچەندە ئەبیكۆریزم ژیانی پڕ لە كامەرانیی، بە رادەی نقوم بوونمان لە نێو باخچەی كەیف و خۆشی پێوانە كرد، لە هەمان كاتدا داواشی كرد، كە لەوەشدا زێدەڕۆیی نەكەین، عەقڵ پەیڕەو بكەین، تا لەزەت نەبێتە ئازار، كەیف و خۆشییش نەبێتە كڵۆڵی.
ئەم دەنگە پڕ لە داناییانە، ئەمڕۆ دەنگ و سەدایەكیان نییە. جارێكی دی لەزەت دڕی بە دانایی (حیكمەت) داوە، پاش ئەوەی داروینیزم خەسڵەت و رەسەنایەتیی خۆی لە ئێمەدا نواند.
(فرۆید) روونی كردەوە، كە لەزەت بزوێنەری كردارەكیانەی رەفتار و كردارمانە، ئیدی مرۆڤی ئەمڕۆ بە لەزەت دەوەرە دراوە، شادیی ئەویش وابەستەی قەبارە و رادەی ئەو لەزەتانەیە، كە لێیان خاترجەم دەبێت: خواردن، خواردنەوە، نووستن، سێكس، گەشت، مەی و شەراب و شتی دیكە.

جا لە كاتێكدا خەفە كردنی تەوژمی لەزەت بە رەفتارێكی پووچ دادەندرێ، یانەی كەیف و خۆشی بڵاو بوونەوە، ئەوانە بوون بە هێمای شادی و خەسڵەتی سەردەمەكە. ئەوانە دەكرێ پێیان بڵێین یانەی شادی و لەزەت و چێژ و خۆشین، بەڵام بە چەندین تیشكە ساڵ لە شادی وەك هەستێكی هەمیشەیی كە نابڕێتەوە، دوورن، چونكە بە ئەندازەی ئەوەی ئێمە بەكار دەبەن، خۆشیان كەنەفت و شڕ و شەكەت دەبن. هەر لەزەتێكی تێر كراو جێی خۆی بۆ لەزەتێكی دیكەی تێر نەكراو چۆڵ دەكات، وەك (شۆپنهاوەر) روونی دەكاتەوە، كە بە نەمانی (لەزەتەكە) ئازارێكی سەخت دەنێتەوە، ئیدی ژیانیش دەبێتە ژیانێكی تەژی لە ئالوودەیی و خەمۆكی و گۆشەگیری و خۆكوشتن و نەخۆشیی سێكسی، لە ئاهەنگێكی گەورەی پڕ لە دیمەنی سێكس.
ئەم شتەیە كە پزیشك توێژەری ئەمریكی (میریام گروسمان) هۆشداریی لە بارەوە دەدات، لە كتێبێكدا بە ناونیشانی (بەرەڵڵایی چارەسەر نییە، نەوەكان لە مەترسیدان)، ئەو ئاماژەی كرد كە ژیانی سێكس ئیدی ئایدیۆلۆژیایەكی تەواوكارانەی بۆ خۆی گەڵاڵە كردووە، بە تەواوی لە زانستەوە دوورە، پیادە كردنی سێكس لە لایەن گەنجانی ئەمریكاوە تاو دەدات، كە وای لێ هاتووە پتر تووشی گرفتی مەترسیداری دەروونی دەبن، بە هۆی نقوم بوونیان لە نێو سەربەخۆییخوازیدا، هەروەها بە هۆی زاڵ بوونی ناسنامەی سێكسیانە و پەیوەندی و هاوڕێیەتیی نێو ماڵ (گێرفرێند و بۆیفرێند)، دوور لە هەستێكی رەوشیتانە كە بەرهەڵستیی ئەمە بكات. ئەم دیاردەیە تەنیا بە لاوانی ئەمریكاوە پەیوەست نییە، بەڵكوو ئەمڕۆ بووە بە دیاردەیەكی گشتی.

شادی و ئامێزی جڤاك
بە لای گەلێ چاوگی فەلسەفییەوە، شادی وابەستەیە بە پەیوەندیی مرۆڤ بە ئەوانی دیكەوە، هەروەها توانای مرۆڤ لە وەرگرتن و بەخشین، لەم پرۆسەیەدا مرۆڤ سۆز و میهربانی بەدەست دەهێنێت، لە سایەی پەیوەندیی گەرم و گوڕی جڤاكیشدا دەژی. لێرەشدا دەكرێ بگەڕێینەوە سەر باوەڕی بوودیزم، كە بە لای ئەوانەوە شادی بەدی نایەت، تەنیا لە نێو (گرووپ: جڤاك)ی (سانگا)دا نەبێت.
شادیی تاكە كەسانە لە واقیعدا نییە، بەڵام بەرانبەر بەوەش، رامانی ئازاراویش دێتە پێش چاوم، كە فەیلەسووفی فەرەنسی (گاستون بیرژی)، لە كتێبی (نزیك بە وێك چوو)دا، باسی دەكات، كاتێك ئەوەی زەق كردەوە، كە چارەنووسی ئادەمیزاد ئەوەیە تەنیا بێت، تەنیا بژی و بە تەنیا رابمێنێ، بۆی نووسراوە كە هەرگیز ناتوانێ خواستی پێكەوەڕیی بەدی بهێنێت.
چارەنووسمان ئەوەیە پتر وەك گۆشەگیر بژین نەك وەك تەنیا بژین. سەرەنجام، گۆشەگیرییەكەمان بەردەوام دەبێت، هەرچەندی كە تێكەڵ بە جڤاكیش بین، چونكە هەر پێكەوەڕۆییەكی نێوانمان كورت دەهێنێ، ئەگەر بە گوتەی (بیرژی) نەڵێین هەردەم و هیچ كات نییە. ئەوە نییە (دەلای لاما) لە دوایین كتێبی خۆی (هونەری شادی)دا، كە بەم دواییە دەرچووە، دەڵێ: ئێمە ئەگەر بمانەوێ شاد بین، با لە هاوسەری و پەیدا كردنی منداڵ دوور بكەینەوە، چونكە زێدە وابەستە بوونمان بەوانەوە، وا دەكات كاتێك یەكێكیان لەدەست دەدەین، زۆر لە شادییەوە دوور بین. هەر ژیانی گۆشەگیرییە كە دەكرێ شادمان بكات. ئیدی بەم جۆرە دەكرێ ئامێزی جڤاك رێیەك بێت بەرەو شادی، بارتەقای ئەوەی كە دەبێتە رێیەك بەرەو دۆزەخ.

شادی لە روانگەی پزیشكییەوە
بواری پزیشكیش لە لای خۆیەوە، ئەویش هاتە نێو پێشبڕكێی گەرمە غاری بەرەو شادی. ئەم زانستە لە قووڵایی هۆشیاریی مرۆڤدا بە دوای ئەو دەمار دەزوولانەدا گەڕا، كە شادی كۆنترۆڵ دەكەن، ویستی كیمیای شادی بدۆزێتەوە، وەك چۆن باپیرانمان بە دوای زێڕین راچێتەی كیمیای زێڕدا گەڕان، بەڵام هیچ شتێكیان نەدۆزییەوە. ئاخۆ پزیشكایەتی لە بارەی شادییەوە، چی پێشكەش دەكات؟
پزیشكایەتیی مێشك دەڵێ، گەردیلە لە نێو مێشكدا هەیە، كە رۆڵی گرنگی لە راگرتنی هاوسەنگیی كەسایەتیماندا هەیە. ئەو گەردیلانە بە هۆی بەدخۆراكی و تەوژمی سۆزەوە، هەروەها بە هۆی كەم خەوتنەوە تووشی شێوان دێت، بەوەی (دۆبامین)، كە ماددەیەكی كیمیاوییە، یارمەتیدەری بێداری و وەبیر هاتنەوە دەدات.
كەچی ماددەی دیكەی وەك (سیرۆتۆنین)، دەبێتە مایەی ئیسراحەت و ئارامی و داهێنان و خۆشی. هەڵبەت هەموو ئەو كیمیایانە وەك تیخی دوو دەم وان. ئەوان لە حاڵەتی هاوسەنگیدا رۆڵی ئەرێنیی خۆیان دەگێڕن، بەڵام لەبەر هەر هۆیەك بێت، ئەگەر ئەو هاوسەنگییە شێوا، ئەوا ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت، رواڵەتی تووڕەیی و كەمیی متمانە دەردەكەون، سەرباری نەخۆشیی تۆقین و دڵتەنگی و خەمۆكی.
ئەمەش واتای ئەوەیە، كە ئەم سیستەمە هەردەم بە رەفتار و خۆراك و رێكار و شێوازی ژیانی ئێمەوە بەندە. پاشان، پزیشكی، هەرچەندە رێڕەوی شادیی لە نێو مێشكدا روون كردەوە، بەڵام شاڕێی شادیمان پیشان نادات.
هەرچی دەروون پزیشكییە، كە ئیدی مەشق و راهێنانی زۆر گرنگ لە بارەی بەدەست هێنانی ئارامی و هێوری پێشكەش دەكات، ئەنجامی فرە باشیش لەم رووەوە بە دەستەوە دەدات، بەڵام بەوەی جەخت دەكاتە سەر خود، سەركەوتوو نابێت لەوەی ئەو شادییەمان پێ ببەخشێت كە چاوەڕوانی دەكەین، چونكە ئەو خودە لە نێو رێڕەوێكی جڤاكی و سیاسیدا دەژی، هەر دەبێ بە شێوەیەك لە شێوەكان كار لە شادیمان بكات.
هەر دەبێ كووچە و كۆڵانی پڕ لە پێچ و پەنای شادی، توانای هەبێت كە گومان و دوودڵی لە نێو دەروونمان بچێنێ. ئیدی ئایا شادی بە كردەوە هەیە، یان هەر تەنیا وەهم و خەیاڵە؟ ئایا پێویستە ئیدی دەستبەرداری داوا كردنی بین؟ بە دڵنیاییەوە بابەتی شادی جێی بایەخە، چونكە بە تەك كەینوونەی مرۆڤەوەیە.
هەرچەندە ئەم بابەتە پتر لە میتافیزیكەوە نزیكە، وێڕای ئەوە، ئەو هەردەم وابەستەی واقیعە. رەنگە شادی بۆ ئێمە دوورە دەست بێت، كە دەستمان پێی راناگات، بەڵام هەست و گەشبینیی ئێمە بەوەی لە نزیكمانە، هەر ئەمەیە كە ئەو حەزەی ناخمان دنە دەدات، بەوەی ئەو خۆشییە مەزنە بەدەست بهێنین.
Top