كوردی زمانی فەلسەفەیە (1-2)

كوردی زمانی فەلسەفەیە  (1-2)

نووسه‌ر :تاریق كارێزی

(1-2)

هەندێ نووسەر و ئەكادیمسیت، دوور لە بەڵگە و بەهای زانستی، گومان دەخەنە سەر توانای زمانی كوردی لە رووی نووسین و وەرگێرانی دەقی فەلسەفییەوە. ئەوان پێیان وایە كوردی بە هانای نووسەرەوە نایەت، ئەگەر بیەوێ بابەتی فەلسەفی بنووسێت. من پێم وایە ئەم رایە بە تەواوەتی نازانستییە و لە جێی خۆیدا نییە. ئەم وتارەش هەوڵێكە بۆ روون كردنەوەی ئەم پرس و باسە، هەروەها بۆ وڵام دانەوەی ئەم جۆرە گومانە:

زۆر جار رۆژنامەنووس و میدیاكاران، لە چاپەمەنی و كەناڵەیلی تەلەفزیۆن پرسیار دەكەن: ئاخۆ زمانی كوردی توانای لەخۆ گرتنی دەق و نووسینی فەلسەفیی هەیە؟ زمانی كوردی لە باریدا هەیە دەقی فەلسەفیانەی پێ بنووسرێت؟ رۆژنامەنووس و میدیاكاران بە مكوڕ بوونەوە پرسیار دەكەن. پرسیاری ئەوان بە دەوری گومانێكەوە دەسووڕێتەوە، كە دەخوازێ راستییەك ساغ بكاتەوە. ئەو راستییەش لە كرۆكی پرسیارەكەدا خۆ دەنوێنێ.
ئەوەندەی من سەرنجم داوە، زۆر جار ئەو كەسانەی پرسیاریان لێ دەكرێت، نووسەر یان وەرگێڕی دیارن، ئەكادیمیست و مامۆستای زانكۆن. هێندەی كە گوێم داوەتێ، وڵامەكانیان نەرێنییە. وڵامەكانیان گومانی ئەوە دەخاتە روو، كە زمانی كوردی لە باریدا نییە ببێتە زمانی فەلسەفە، یان هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو پلە و پێگەیەی فەلسەفەی پێ بنووسرێتەوە. ئەم نووسینەی منیش هەوڵێكە بۆ ساغ كردنەوەی ئەم پرسە هەستیارە. هەنگاوێكە بە ئاراستەی وڵام دانەوەی ئەم جۆرە پرسیارە.
گومان كردن بەوەی زمانی كوردی ناتوانێ دەقی فەلسەفی بگرێتە خۆ، یان زمانێكە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو پێگەیەی كە دەقی فەلسەفیانەی پێ بنووسرێت، پێم وایە گومان كردنە لە سەرلەبەری عەقڵی كورد و كۆژییری و كۆبیر و كۆهۆشیاریی نەتەوەیەك. ئەو گومانەش، بە بڕوای من، لە تەم و مژی نائاگایی و هەستی خۆ بەكەم زانینەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوانەی بە نەرێنی لە پێگەی زمانی كوردی دەڕوانن، هاوشێوەی كەسانی نەیار بە نەتەوەی كورد، بە چاوی سووك لە كولتووری كوردیش دەڕوانن، تەنانەت هەوڵ دەدەن بە هەزار بەند و باوی نادروست، تەم و تارمایی گومان و دوودڵی بخەنە سەر هەبوونی كورد، تاریكایی گومان بخەنە سەر ناسنامەكەشی.
پێم وا نییە، هەرگیز ئەو را و بۆچوونە نەرێنییەی لەم بارەیەوە دەرهەق بە زمانی كوردی دەگوترێت، هیچ بەها و ئەرزشێكی زانستیانەی هەبێت، چونكە گومان كردن لە توانا و پێگەی زمانی كوردی لە رووی شیانی بۆ لە ئامێز گرتنی زانین و فەلسەفە، گومان كردنە لە تەواوی عەقڵ و هۆشی كورد. ئەم جۆرە گومانەش بە راستی پووچ و بێ بنەمایە، چونكە مرۆڤی كورد (هەڵبەت عەوام و بە تایبەتی دەستەبژێرەكەی وەك دەستەبژێری گەل و نەتەوەكانی دی)، هیچ كاتێك لە ئاستی نەتەوەكانی دەوروبەر و هەر نەتەوەیەكی دیكەی خاوەن كولتوور و شارستانیەت، لە رووی هۆش و بیر و كولتوورەوە وەپاش نەكەوتووە. ئیدی ئەگەر نەتەوەكانی دی (عەرەب، فارس، تورك، ئەرمەن.. هتد) زمانی خۆیان بە كەم نەزانن لە ئاستی فەلسەفەدا، كە بە راستی بە كەمیشی نازانن، باشە بۆ دەبێ ئەو هەستی بە كەم زانینی زمانەكەمان لە لای دەستەبژێری ئێمەدا قوت ببێتەوە؟
بۆ ساغ كردنەوەی كرۆكی مەبەست، جێی خۆیەتی لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، كە ئاخۆ زمانی فەلسەفە چییە؟ جیاوازیی ئەو زمانە لەگەڵ زمانی ئاسایی چییە؟
پسپۆرانی زمان، تەنانەت تا رادەیەك خەڵكی ئاساییش ئەو راستییە دەزانن، كە هەر بوارێكی ژیان، هەر جۆرە زانست و هونەر و زانینێك، زمانی تا رادەیەك تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەو زمانە تایبەتمەندەش لەو زاراوانەدا خۆی دەنوێنێ، كە تێگە و واتاكانی ئەو زانست و هونەر و زانینە لەخۆ دەگرن. فەلسەفەش وەك هەر زانستێكی دی، یان (بە گوێرەی پێناسەی كلاسیكیانەی فەلسەفە) باوك و چاوگی زانستەكان، هەر دەبێ لە رووی واتا و ناوەرۆكەوە، وابەستە بە چەمك و زاراوە بێت. تێگە و بیرۆكە و ئایدیا و ئەپستیمەكانی زانین، دەبنە بارگە و لە نێو زاراوەدا لەنگەر دەگرن. ئیدی كاتێك قسە دێتە سەر زمانی فەلسەفە، لە كرۆكدا قسە كردنە لە بارەی زاراوەی فەلسەفەوە. هەر زمانێك بتوانێ زاراوەی فەلسەفە بە دەستەوە بدات، تێگەی فەلسەفیانە بهێنێتە بەرهەم، ئەو زمانە لە پێگەی زمانی فەلسەفە و دەقی فەلسەفیدایە.
لێرەوە دەكرێ پرسیارێكی سادە بكەین: ئایا زمانی كوردی زاراوەی فەلسەفی دروست دەكات؟ ئەم زمانە تێگەی فەلسەفیانەی تێدا لەدایك دەبێت؟ لەم رووەوە زمانی كوردی لە چ پێگەیەكدایە؟
زمانی كوردی لە ریشەدا سەر بە ناودارترین و دەوڵەمەندترین كۆمەڵە زمانی جیهانە. كوردی یەكێكە لە زمانە هەرە دێرین و دەوڵەمەندەكانی كۆمەڵە زمانی هیندۆ ئەوروپی. ئەمڕۆ زمانانی ئەم كۆمەڵەیە پێشەنگ و سەرمەشقی زمانانی هەموو جیهانن. كوردی دەستەخوشكی زمانی ئینگلیزی، سپانی، فەرەنسی، ئەڵمانی، رووسی و ئیتالی و چەندین زمانی دیكەیە، كە سەردەستەی زمانەكانی جیهانن، بەشی هەرە زۆری زانست و زانینی مرۆڤایەتی بەم زمانانە بڵاو دەبنەوە.
لە باری مێژووییەوە، كوردی یەكێكە لە زمانە هەرە دێرینەكانی كۆمەڵە زمانی هیندۆ ئەوروپی، ئەگەرچی دەقی فرە كۆنی كوردی تا ئێستا لەبەر دەستدا نییە، بەڵام لە نێو زمانی كوردیدا وشەی تەمەن 3 تا 4 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەدۆزرێتەوە. بە گشتی ئەو توێژەر و زانایانەی لە بواری زمانناسیدا لێكۆڵینەوەی زانستییان كردووە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە زمانی دێرینی كوردی، یان باپیرەی ئەم كوردییەی ئێستامان، هاوشانی زمانی سانسكریتییە، ئەمیش كۆنترین زمانی ئاری (هیندۆ ئەوروپی)یە، كە تا ئێستا دەقی بە دەستمان گەیشتووە.
ئەگەر قسە لە باری دیرۆك و رەگ و ریشەوە بەرەو ئێستا بگوازینەوە، دەبینین زمانی كوردی رەنگە تەنیا زمانی ناوچەكە بێت، كە نەك هەر دوور لە سایە و دەسەڵاتی دەوڵەت گەشەی كردووە، بەڵكوو لە لایەن دەسەڵاتی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستانەوە دژوارترین شەڕی لە دژ كراوە، كەمترین دەرفەتی كار و مانۆری نێو مەیدانی زانین و زانست و هونەریشی لە بەردەمدا بووە، وێڕای ئەوە، ئەو زمانە بە ئەژنۆدا نەكەوت، بەڵكوو لە سایەی زۆریی ژمارەی قسەكەرانی، هەروەها ریشەی بەتینی وێژەی زارەكیی ئەو زمانە، كوردی توانیی لە تەنگەبەری سەدەی بیستەم دەبچێت، ئەگەرچی دەرهەق بە نیوەی خاك و خەڵكی كوردستان، تەنانەت وشەی كورد و كوردستانیش قەدەغە كرا بوون.
بۆ ئەوەی وردتر قسە بكەم، لە باری تیۆرییەوە دێمە سەر ئەزموونی خۆم لە بواری كار كردن لە فەلسەفەدا. تا كاتی نووسینی ئەم وتارە، چوار كتێبی چاپ كراوم لە بواری فەلسەفەدا هەیە. ئەو چوار كتێبە، چ وەك كتێب و چ وەك وتار، لە زمانی عەرەبییەوە كردوومن بە كوردی.جگە لەوان، بایی سێ كتێبی دیكە بابەتم كردووەتە كوردی، لە ماڵپەڕی (گوڵان میدیا)دا بڵاو بوونەتەوە. وتار و كتێبەكانی من دەیانكەمە كوردی، لە بارەی فەلسەفەی كۆنی و نوێوەن. واتە هەر لە فەلسەفەی گریك (یۆنانی كۆن)ـەوە بیگرە تا دەگاتە دوایین رەوت و بزاوتەكانی ئەم سەردەمەی فەلسەفە، باس دەكەن.
ئەوەندەی من شارەزا بم، دەقی نوێی فەلسەفە بۆ تێگەیشتن، ئنجا بۆ وەرگێڕانیش زۆر لە دەقی كۆن زەحمەتترە. ئەمەش لە پای ئەوەی هزری مرۆڤایەتی پەل و پۆی بۆ بوارەیلی هەمەجۆر هاویشتووە، رووبەری زانست و زانیاری و كێش و قەبارەكەی لەم سەردەمەدا، هێندە بەرین و ئەستوور و بەربڵاوە، كە لەگەڵ سەردەمانی پێشوو قابیلی بەراورد كردن نییە. جا بەو پێیەی فەلسەفە لە نێو زەریای زانین (مەعریفە)دا مەلە دەكات، بە دوای وڵام دانەوەی پرسیاری قورسەوەیە، ئاساییە كە زمانی ئەم سەردەمەی فەلسەفە گەلێ قووڵتر و ئاڵۆزتر بێت لە زمانی جارانی فەلسەفە، بۆ نموونە لە زمانی سەد ساڵ بەر لە ئێستای فەلسەفە. ئەمەش وا دەكات بیرۆكە بێ ژمار و چەمك و تێگە یەكجار زۆر بن. سەرباری ئەوەی هەر فەیلەسووف و بیرمەندەی كە دێتە نێو گۆڕەپانی پان و بەرینی فەلسەفە، لە خۆی رادەپەرمێ و ئەو مافەش بە خۆی دەدات، كە زمان و زاراوەی تایبەت بە خۆی و مانۆری تایبەت بە خۆی لە دنیا فەلسەفەدا هەبێت. پاساویش ئەوەیە، فەلسەفە بۆ خۆی دۆزینەوە و راڤە و شرۆڤەی قووڵ و هەمەلایەن دەخاتە روو، وڵامی شاپرسیار دەداتەوە، ئەمەش پێویستی بە كردنەوەی دەرگای نوێ لە دنیای زانین و هزردا هەیە. كلیلی ئەو دنیا نوێیەش بیرۆكە و دانە ئەپستیمە، كە دەبنە بارگەی سەر شانی زاراوە.
بە سەرنج دان لەو دەرهاویشتانەی ئاماژەم پێ كردن، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە هەبوونی زاراوە شادەماری نووسین و وەرگێڕان و گەڵاڵە كردنی دەقی فەلسەفەیە. پرسیاری هەستەوەر لێرەدا ئەوەیە: زمانی كوردی تا چەند بەرهەڵە بۆ دروست كردنی زاراوە؟ من لە پەرێزی ئەزموونی بچووك و سادەی خۆمەوە، رۆشنایی دەخەمە سەر بەیاری بەرینی ئەو پرسیارە، تا ئەندازەیەك رێ بۆ وڵامێكی دروست خۆش دەكەم.
Top