ژان ژاك رۆسۆ-(4) موڵكایەتی و یەكسانی

ژان ژاك رۆسۆ-(4) موڵكایەتی و یەكسانی

نووسه‌ر :زوقان قەرقووت (كردوویە بە عەرەبی)

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

بەشی هەشتەم: لە بارەی حاڵەتی مەدەنی
ئەم گواستنەوەیە لە حاڵەتی سروشتەوە بۆ حاڵەتی مەدەنی، گۆڕانێكی زۆر گەورە لە مرۆڤدا دروست دەكات، بەوەی لە رەفتاریدا رەمەك بە داد دەگۆڕێ، ئەم شتەش دەخاتە سەر كرداری رەوشتیانەی، كە پێشتر نەی بووە. مرۆڤ، كە تا ئەو كاتە هەر تەنیا خۆی رەچاو دەكرد، ئیدی لە پاش ئەوە (دەنگی ئەرك) جێی (مەیلی جەستەیی)ی گرتەوە، (هەق)یش جێی (چاوبرسێتی)ی گرتەوە، مرۆڤ ناچارە كار بە پرەنسیپی دی بكات، هەر لەبەر رۆشنایی عەقڵی بڕوات، نەك بكەوێتە دوای حەزەكانی..
ئەوەی مرۆڤ لە گرێبەستی كۆمەڵایەتیدا لە دەستی دەدات، ئازادیی سروشتیانەی خۆی و مافێكی بێ سنووری ئەوە، لە هەر شتێكی چاوی تێبڕێ یان دەتوانێ پێی بگات. ئەوەشی كە لە سایەی ئەو گرێبەستەدا دەستی دەكەوێت، ئەوا ئازادیی مەدەنی و موڵكایەتیی هەر شتێكە، كە خۆی پەیدای كردووە.
بۆ ئەوەی لەم ئاڵوگۆڕ و قەرەبووەدا بە هەڵەدا نەچین، دەبێ ئازادیی سروشتی و ئازادیی مەدەنی لە یەكدی جیا بكەینەوە، سروشتییەكە بێ لە تین و تاقەتی مرۆڤ هیچ سنوورێكی نییە، هەرچی مەدەنییەكەیە ئەوا وابەستەی ویستی گشتییە، هەروەها خاوەنداری و موڵكایەتیش لە یەكدی جیا بكەینەوە، یەكەمیان زادەی هێزە یان مافی یەكەمین كەسە، كە دەستی بە سەردا گرتووە، بەڵام موڵكایەتی بە بەڵگەیەكی ئەرێنی نەبێ، گەڵاڵە نابێ و ناچەسپێ.
دەكرێ ئەوەش بخەینە سەر قسەكانی پێشوومان، كە دەسكەوتی حاڵەتی مەدەنی، ئازادیی واتایی تەنیا شتێكە، كە مرۆڤ بە راستی ببێتە سەرداری خۆی، هەڵبەت سامانی تەنیا حەز و خواست، كۆیلایەتییە، گوێڕایەڵ بوون بۆ ئەو یاسایەی بڕیاری دەدەین، ئازادییە.

بەشی نۆیەم: لە بارەی موڵكایەتیی واقیعییەوە
هەر ئەندامێكی كۆمەڵ، هەر لەگەڵ دروست بوونیدا، خۆی پێشكەش بە كۆمەڵ دەكات، ئەویش بەو حاڵەتەی لەو كات و ساتەدا هەیە، واتە مرۆڤ بە خۆی و هەموو هێزێكییەوە، ئەو سامان و داراییەی كە هەیەتی بەشێكە لەو هێزە. نابێ بە پێی ئەو رەفتارە خەسڵەتی خاوەنداری بگۆڕێ، ئەویش بە گوێرەی خاوەنەكان و ببنە بەشێك لە سامانی خاوەن شكۆ. هەڵبەت مادام كە هێزی مەدەنیەتی سیاسی بە چەشنێكە، كە لە رووی مەزنایەتییەوە لەگەڵ هێزی تاكدا بەراورد ناكرێ، هەڵبەت خاوەنداریی گشتییش لە واقیعدا هەر وایە، بەهێزتر و دامەزراوترە، بە بێ ئەوەی شەرعیتر بێت، سەبارەت بە كەسانی بیانییش، هیچ. بە گوێرەی گرێبەستی كۆمەڵایەتی، دەوڵەت هەمبەر بە ئەندامانی، خاوەنی هەموو سامانی ئەوانە، گرێبەستەكەش لە بنەڕەتدا بۆ هەموو مافێك بەكار دێت، بەڵام هەمبەر بە دەوڵەتانی دی، وا نییە، تەنیا بە گوێرەی یەكەمین ئەگەرە ماف نەبێت، كە تاك بۆی دەگەڕێتەوە.
مافی یەكەمین دەست بە سەردا گرتن، هەرچەندە زادەی مافی بەهێزتر واقیعیانەترە، نابێتە مافێكی راستەقینە تا مافی موڵكایەتی بڕیار نەدرێت. هەموو مرۆڤێك بە شێوەیەكی سروشتی (ئاسایی) مافی هەیە هەموو شتێكی پێویستی هەبێت، بەڵام گرێبەستی ئەرێنی وای لێ دەكات، كە خاوەن شتێك بێت، كە لە هەموو ئەوانی دی دووری دەخاتەوە. كەواتە مادام بەشی خۆی دیاری كردووە، ئیدی دەبێ پێی رازی بێت و هیچ مافێكی بە سەر ئەوەی لای كۆمەڵەوە نابێ. ئەمەش هۆی ئەوەیە كە مافی دەست بە سەردا گرتنی بەرایی، وێڕای زێدە لاوازیی خۆی لە حاڵەتی سروشتیانەی خۆیدا، ببێتە مایەی رێزی هەموو مرۆڤێكی سڤیل. بە گوێرەی ئەم مافە، مرۆڤ رێزی كەمتر لە بەشی ئەوانی دی دەگرێت لە چاوی رێز گرتنی لە بەشی خۆی.
بە گشتی، بۆ ئەوەی مافی لە پێشینەت هەبێت لە رووی دەست گرتن بە سەر پارچەیەك زەویدا، دەبێ ئەم مەرجانە هەبن:
یەكەم: دەبێ ئەو زەوییە كەسێكی دی نەبووبێتە خاوەنی.
دووەم: ئەوەی دەیكاتە موڵكی خۆی هەر هێندەی لێ ببات، كە بۆ ژیانی خۆی پێویستی پێیەتی.
سێیەم: لە بۆش و بەتاڵیش نەبێتە موڵكی ئەو، بەڵكوو بە كار و ئاوەدان كردنەوە و كشتوكاڵ ببێتە موڵكی ئەو.
ئەمانە تەنیا مەرجی موڵكایەتین، كە دەبێ ئەوانی دی رێزی لێ بگرن، لە بری تاپۆ و بەڵگەنامەی یاسایی.
ئایا دەتوانین سنوورێك بۆ مافی پێشینە لە دەست بە سەردا گرتنی كار و پێداویست دابنێین؟ لە كاتێكدا ئێمە تا ئەو پەڕەكەی ئەو مافەمان برەو پێ داوە. ئایا دەتوانین سنوورێك بۆ ئەو مافە دابنێین؟ ئایا دەگونجێ مرۆڤ هەر كە پێی خستە نێو پارچە زەوییەك و یەكسەر بڵێ ئەوە هی منە؟ ئایا ئەوەندە بەسە كە هێزی دوور خستنەوەی ئەوانی دیكەی تا ماوەیەك هەبێت، كە ئەو مافەیان لێ بستێنێ و ئیدی ئەوان هەرگیز نەگەڕێنەوە سەری؟ مرۆڤێك یان گەلێك چۆن دەتوانێ دەست بە سەر رووبەرێكی فراوانی زەویدا بگرێت، هەموو بەرەی مرۆڤایەتیشی لێ بێ بەش بكات؟ ئەگەر بە زەوت كردنی شایانی سزادان نەبێت؟ جا لەبەر ئەوەی ئەو زەوت كردنە هەموو مرۆڤ لە ماڵ و خۆركی، كە سروشت بە هاوبەشی بە هەمووانی بەخشیوە، بێ بەش دەكات؟ ئایا كاتێ (نونیز بالباو) دەستی بە سەر كەناردا گرت، بە ناوی (تەختی قشتالە)شەوە موڵكایەتیی خۆی بە سەر دەریای باشوور و بە سەر ئەمریكای باشووردا راگەیاند، بەسە بۆ ئەوەی موڵكایەتییەكە لە هەموو دانیشتووان زەوت بكات، هەموو میرانی سەر زەویش دوور بخاتەوە؟
ئێمە دەتوانین وێنای ئەوە بكەین، كە چۆن زەویی تاك بە تاكی كەسان خرانە پاڵ یەك، ئیدی بە تەنیشت یەكەوە بوونە دراوسێ و هەرێمێكی گشتییان پێكەوە نا، هەروەها چۆن مافی سەروەری لە خەڵكەوە چووە سەر ئەو خاكەی لە سەری دەژین، لە یەك كاتدا بوو بە مافێكی عەینی و كەسی. ئەمەش وا دەكات موڵكداران بخاتە حاڵەتی ملكەچییەكی زیاترەوە، لە هەمان هێزی ئەوانەوە گەرەنیی دڵسۆزییان دەستەبەر دەبێت. ئەمەش خەسڵەتێكە لەوە ناچێ، كۆنە پاشاكان بیریان بە لایدا چوو بێت، ئەوان كە خۆیان وەك پاشای فارس و سكیتی و مەكەدۆنی ناساند، پتر وەك سەركردەی خەڵك لە خۆیان دەڕوانی نەك ئەوەی سەرداری وڵات بن. كەچی پاشاكانی ئەمرۆ خۆیان وەك پاشای فەرەنسا و سپانیا و ئینگلتەرا ..هتد، دەناسێنن، بەم جۆرە بەوەی خاوەنی خاكن، پتر دڵنیا دەبن لە كۆنترۆڵ كردنی دانیشتووان.
شتی سەیر لەم دەست لێ هەڵگرتنە ئەوەیە كە كۆمەڵ، لە بری ئەوەی سامانی تاك قبووڵ بكات، لەو سامانە بێ بەشی دەكات، كۆڵ نادات تا شەرعیەت نەبەخشێتە سامانەكەیان، ئەو (واتە كۆمەڵ) زەوت كردن بە مافێكی راستەقینە دەگۆڕێتەوە، سوودیش بە موڵك. ئیدی بە رەچاو كردن، خاوەن سامان و موڵكەكان دەبنە ئەمینداری سامانی گشتی. لەبەر ئەوەی لە لایەن هەموو كارمەندانی دەوڵەتەوە، رێز لە مافیان دەگیرێ و لە لایەن هەموو هێزی دەوڵەتیشەوە دژ بە بێگانە دەپارێزرێن، جا بە دەست هەڵگرتنێكی سوودبەخشانە بۆ گەل، بەڵكوو لەوەش پتر بۆ خۆشیان، ئیدی هەموو ئەوەی بەخشیویانە بەدەستی دەهێننەوە.
رەنگە خەڵك بەر لەوەی هیچ شتێكیان هەبێت، ئەوان یەك بگرن، ئیدی پاشان كە دەست بە سەر زەوییەكدا دەگرن، كە بەشی هەموویان دەكات، بە هاوبەشی سوودی لێ وەردەگرن یان لە نێو خۆیاندا دابەشی دەكەن، جا بە یەكسانی بێت یان بە گوێرەی رێژەیەك كە دەسەڵاتدار دیاریی دەكات، جا ئەو موڵكایەتییە بە هەر شێوەیەك بێت، ئیدی مافی هەر كەسە بە سەر ئەو كانییەوە دەبێت، كە هی خۆیەتی، ئەو مافەش هەمیشە وابەستە دەبێت، بەوەی كۆمەڵ بە سەر هەموو زەوییەكەوە هەیەتی. بە بێ ئەم شتە رایەڵی كۆمەڵایەتی بەو جۆرە جێگیر و چەسپاو نابێت، هێزێكی واقیعیش نابێت كە سەروەری بنوێنێ.
تێبینییەك دەخەمە روو، كە دەبێ لە بنەڕەتدا بۆ سەراپای سیستەمی كۆمەڵایەتی بە سوود بێت، بەوەی پەیمانی بنەڕەت، لە بری رووخاندنی یەكسانیی سروشتی، لە جێی ئەودا، بە پێچەوانەوە، یەكسانییەكی واتایی رۆ دەنێت، مرۆڤ دەكرێ لە هێز یان لە بلیمەتیدا نایەكسان نەبن، ئەوا بە گرێبەست و بە ماف یەكسان دەبن.
Top