شاعیری تێکدانی ئاسایشی گشتی

شاعیری تێکدانی ئاسایشی گشتی

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

(زۆر سوپاس بۆ خودای دلۆڤانکە نە قین،نە ترسی پێ داوم،بۆیە مننە قینم لە کەسە،نە لە کەس ترساوم.)ئەحمەد فوئاد نەجم١٩٢٩ _ ٣/١٢/٢٠١٣
لە ساتیرەشیعری (ئەحمەد فوئاد نەجم)دا، خەمێکی قووڵ هەیە، لە کاتێکدا ڕاستەوخۆ ڕووی دەمی لە خەڵکە، هێندە بە عیشقەوە دەدوێت، هەر دەڵێیت سۆفییەکە و لەگەڵ خوای خۆیدا دەپەیڤێت. شیعری ئەو چەند گاڵتەجاڕانەیە، هێندەیش خەمگینە، چەند سادەیە، هێندەیش سرکە و هەر لە کیژە گوندییەکی ساکار بەڵام عەیار، دەچێت. ئەو کە بە شیعر، لە میسر بە دەسەڵاتی ستەمکار پێدەکەنێت، قاقای دەگاتە هەموو گۆشەیەکی وڵاتانی عەرەب. ئەو کە باسی خەمی ڕۆژانەی خەڵکی چەوساوەی دەکرد، ئەو کە بە هەق گوتەبێژی ڕاستگۆی واقیعی میسر بوو، هەر دەبوو بەو زاراوە میللییە میسرییە بنووسێت.

ئەحمەد فوئاد نەجم خەمەکانی میسری دەلاواندەوە، هۆشیاریی چەوساوەکانی دەبووژاندەوە و دەیهێنانە پێکەنین، دەیدواندن و دەیگریاندن، تا ئاستی بریندارکردن دەیورووژاندن، ئەو کەسێکی سەیر بوو، لە کەسی دیکە نەدەچوو، لەو شۆڕشگێرانەبوو کە ئەوەی لێی نەدەترسا، مەرگ بوو، بە سنگی ڕووتی، بێباک بەرەو شمشێری ستەم هەنگاوی دەنا. خەباتی ئەو لە پێناوی مافی ئینساندابوو، یان دروستتر لە پێناوی بەرزڕاگرتنی شکۆی ئینساندابوو، ئەو پێی وابوو، ئینسان ئەگەر شکۆی پارێزراو نەبێت، هەست بە ئینسانبوونی خۆی ناکات. ئەو وەک مارکس نەیدەگوت، ئینسان بەنرخترین سەرمایەیە، دەیگوت: ئینسان لەسەروو هەموو بەهایەکەوەیە.

باڵای بڵند و قەدی باریکی ئەحمەد فوئاد نەجم هەر لە ڕمێک دەچوو، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم، هەمیشە ئامادە. شیعری ئەو هەر چەکی دەستی ستەملێکراوان نەبوو، ورەی بە خۆیشی دەبەخشی و هانی دەدا، بەردەوام بە گژ دەسەڵاتی ستەمکار و واقیعی سەخت و تاڵدا بچێتەوە و خەون بە دونیایەکی ئینسانییانەتر و دادپەروانەترەوە ببینێت. هەرچەندە لەمێژبوو شیعری دەنووسی، بەڵام تا شێخ ئیمامی نەناسی، نەناسرا. دەیگوت: شێخ ئیمام مەلێک بوو، وشەکانی منی برد و بە دونیادا بڵاوی کردنەوە. خەڵکی دیکە لە پێشدا شاعیرن، دوایی شیعریان دەکرێت بە گۆرانی، ئەو کە شیعری کرا بە گۆرانی، ئەوسا وەک شاعیر ناسرا. کە میسر ڕاپەڕی بە حەسرەتەوە گوتی: هەڵەی شێخ ئیمام ئەوەبوو، زوو کۆچی دوایی کرد و شۆڕشی خەڵکی میسری نەبینی. لای ئەو شۆڕشی ٢٥ی یەنایەری ٢٠١١ بووکێک بوو، ئیخوان ئەتکیان کردبوو، ئەو لەوە دڵنیابوو، (بە درێژایی دیرۆک، دەسەڵاتدارانی ستەمکار، میللەتێکیان تێک نەشکاندووە، هەر میللەتان، دەسەڵاتدارانی زاڵمیان تێکشکاندووە.) لای ئەو میسرییەکان، ئەو گەلەبوون، لە دوو ساڵدا دوو شۆڕشیان کرد و دوو سەرۆکی دیکتاتۆریان لە زیندان توند کرد.

ئەحمەد فوئاد نەجم بێ ئەوەی پۆستێکی هەبێت، بێ ئەوەی مووچەیەکی هەبێت، بێ ئەوەی لە دەسەڵاتەوە نزیک بێت، ناوی خۆی لەسەر پەڕەی دڵی خەڵک تۆمار کرد. ئەو هەمیشە جیاوازبوو، لە هیچ شتێکدا لە کەسی دیکە نەدەچوو، ڕێسا باوەکانی ڕەچاو نەدەکرد، تەنانەت ڕێسای زمانیشی تێکشکاند و هات بە دیالێکتی میسری شیعری نووسی، پێی وابوو، شێوەزاری میسری، لە زمانی ستاندارد باڵاترە، بۆیشی چووە سەر. ئەو هەر شیعری ساتیری خەمناکی نەدەنووسی، لە نووسینی شیعری ڕۆمانتیکیشدا موعەلیم بوو. خۆی و شێخ ئیمام ڕۆڵێکی گرنگیان لە سەرهەڵدانی ڕابوونی خوێندکاران و هەژارانی ١٩ی یەنایەری ١٩٧٩دا هەبوو، ئەو ڕاپەڕینەی سادات ناوی لێ نا، ڕابوونی دزان کە ڕاستییەکەی ڕابوونی هەژاران بوو.

ئەحمەد فوئاد نەجم هاواری ویژدانی خەڵکی میسر بوو، دەیان ساڵ بوو بە گژ ستەمدا دەچووەوە، سیمبۆڵی خەباتی خەڵکی چەوساوە بوو، کولتووری شۆڕشگێڕانەی میسری دەوڵەمەند کرد. ئەو شیعری بۆ شۆڕش دەگوت، بە شیعر لاوانی بۆ شۆڕش هان دەدا، لاوانیش بە دەم گوتنەوەی شیعرەکانییەوە بە گژ دەسەڵاتداری دیکتاتۆردا دەچوونەوە. ئەو لە ڕابوونەکەی ١٩ی یەنایەری ١٩٧٧ دا و هەر دوو شۆڕشی ٢٥ی یەنایەری ٢٠١١ و ٣٠ی یۆنیۆی ٢٠١٣دا، لەگەڵ ڕاپەڕیواندا دەبێت. ئەوە ئەو بوو وای کرد، شیعر بچێتە ناو خەڵکەوە و ببێتە ویردی سەر زاری ئەوانەی لە پێناوی دادپەروەی و ئازادیدا خەبات دەکەن. یەکەمین کتێب کە کاری تێ کردبوو، رۆمانی (دایک)ی ماکسیم گۆرکی بوو، شیعری بۆ گیڤارا دەگوت. ئاراگۆن لە بارەیەوە گوتوویەتی: (خاوەنی هێزێکە، شوورەکان دەڕووخێنێت،) بەڵام لە ڕوانگەی ساداتەوە، شاعیرێکی زمانپیس بوو، ئاخر وێڕای ئەوەی دوای ڕێکەوتننامەی کامپ دیڤید کە ١٧/٩/١٩٧٨ دا لە نێوان سادات و مەناحیم بیگندا واژۆ کرابوو، گوتبووی: (سینامان گەڕاندەوە، بەڵام میسرمان دۆڕاند،) چەندان جاریش ساتیرەشیعری زبری لە دژی ئەو سەرۆکە نووسیبوو.

(ئاگات لە گۆڕەپانی ئازادی بێت!) ئەوە دوا داخوازی ئەحمەد فوئاد نەجم بوو، لە (نەووارە)ی کچی، ئاخر ئەو شاعیرە ترابادۆرە، لەگەڵ یەکەمین پزیسکی ئاگری هەموو شۆڕش و ڕابوونەکاندا، بە خۆی و شیعرەکانییەوە، لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕشگێراندا بوو. دەیان ساڵ بوو، دەسەڵات لە هەوڵی بێدەنگکردنیدا بوو، بەڵام ئەو ملی نەدا و نەدا، ئەو وشەکانی سەرەتا لە خوێنی خۆی هەڵدەکێشا، ئینجا دەیخستنە ڕستەی شیعرییەوە، بۆیە بێ زێدەگۆیی، دەتوانین بڵێین: بە بزربوونی نەجم، ئەستێرەی ڕاستگۆترین و بوێرترین وشەی عەرەبی ئاوابوو.

ئەحمەد فوئاد نەجم بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی و میللییانەتر، درێژەپێدەری ئەو فۆرمە بوو لە شیعر کە بەیرەم تونسی، فوئاد حەدداد و سەلاح چاهین پێڕەویان دەکرد. بە زمانێک دەینووسی، نە هی نووسین بوو، نە هی پەیڤین، لە نێوان هەردووکیاندا لە هاتوچۆدا بوو، زمانێک بوو، هەم عەوام لێی حاڵی دەبوو، هەم جێی بایەخی بژاردەیش بوو. شیعری ئەو هێندە خۆشبوو لەسەر زار، هەر زوو خەڵک لە یادگەیاندا تۆماریان دەکرد. قەت نەچوو بە بیانووی تازەگەری و ڕەچاوکردنی ستاتیکەوە، لە لێدانی دڵی شەقام دوور بکەوێتەوە. شیعری هیچ شاعیرێکی میسر، هێندەی شیعری وی، لەسەر زاری خەڵک نەبوو، ئێستا کە خۆی لە ژیاندا نەماوە، شیعری بە نەمریی ماوەتەوە، نەمرییش ئەو ئامانجەیە، هەموو شاعیرێک خەونی پێوە دەبینێت.

ئەحمەد فوئاد نەجم هەر لە سەرەتای ژیانییەوە لایەنگری دادپەروەری بوو، بە زمانێکی زبر، توندترین ڕەخنەی دەگرت، بەڵام لە ڕێی شیعرەوە، شیعرێک هەمووان ددانیان بە جوانییەکەیدا دەنا. وەک چۆن مەحموود دەرویش گۆرانیی بۆ فەلەستین دەچڕی، ئەمیش تا دڵی لە لێدان کەوت، هەر گۆرانیی بۆ میسر و بۆ هەژارانی میسر دەگوت. لایەنێکی گەشی شیعری ئەوەبوو، وەها کاری لە خەڵک دەکرد، نەک هەر دەیجووڵاندن، بەڵکوو دەیهەژاندن. یەکێک لە نهێنییەکانی شیعری ئەوەبوو، هەرچەندە چی ویستبا، ڕاستگۆیانە، ڕاستەوخۆ دەیگوت، کەچی شیعری بەرگەی زەمانی دەگرت و مەشخەڵێک بوو هەر بە هەمان گڕوكڵپەی یەکەمین داگیرسانییەوە دەمایەوە، کەچی پۆلەمەلی شیعری ئاسمانی میسری جێ دەهێشت و لەگەڵ دونیای عەرەب و هەموو مرۆڤایەتیدا دەدوا.

لە میسر، لە شەست ساڵی ڕابردوودا، هەمیشە کەسانێک هەبوون بە ناوی دەسەڵاتەوە قسەیان کردبێت، تاقە کەسێک کە بە فەرمی بە ناوی خەڵکەوە قسەی کردبێت، ئەحمەد فوئاد نەجم بوو. ئەو وەک تەرمۆمێتری شەقام وابوو، ئاوات و ئازار و خەون و مۆتەکەی خەڵکی پیشان دەدا. کە ئیخوان شۆڕشی ٢٥ی یەنایەری ٢٠١١ یان دزی، شمشێری وشەی بە ڕوویاندا هەڵکێشا و لە دژیان چی لە دەست هات، درێغیی نەکرد. ئەو یەکێک بوو لەوانەی کە نیشتمان دەکەوتە مەترسییەوە، هەر زوو بە هانایەوە دەچوو، هەر زوو دەنگی ناڕەزایی و بەرەنگاربوونەوەی هەڵدەبڕی.

ئەحمەد فوئاد نەجم بە (فاجومی) ناسرابوو، فاجومی کەسێکە قسەی ڕاستی خۆی دەکات، بێ گوێدانە ئەوەی، کاردانەوەی ئەوانەی بەو قسە ڕاستانە زیانیان پێ دەگات، چی دەبێت، ڕاستییەکان دەبێژێت، بێ ئەوەی بیر لە ئەنجامەکەی بکاتەوە. ئەو پێی وابوو، شاعیر هیچی داوا لێ ناکرێت، ئەوە نەبێت، بە شێوازی تایبەت بە خۆی، هەست و بیر و بۆچوونی خۆی دەرببڕێت. شاعیرێکی یەکڕووی قسەلەڕووبوو، خۆی گوتەنی، ماستاوی بۆ باوکیشی سارد نەدەکردەوە، کە شێخی ئەزهەر گوتبووی: بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات حەرامە، ئەو لێی پرسیبوو: ئەدی دزینی داهاتی نیشتمان حەڵاڵە؟ (ویستم نوێژ بکەم، سیسرکێکم لێ پەیدابوو،) ئیخوان لەسەر ئەو شیعرەی غەزەبیان لێ گرت و ناتۆرەی (شاعیری حەشیشەکێش)یان وەدووی خست.

ئەحمەد فوئاد نەجم قەت بە دەستی بەتاڵ دانەدەنیشت، یان بە گژ دەسەڵاتدا دەچووەوە و خۆی لەودیو دەروازە ئاسنینەکانەوە دەبینییەوە، یان ژنی دەهێنا و دەچووە قەفەزی زێڕینەوە، ئاخر حەوت جار دەگیرێت و پێنج ژنیش دەهێنێت. چونکە بەبێ وەی نەدەحەوایەوە و سازشی نەدەکرد، سەلاح عیسا ناوی نابوو: شاعیری تێکدانی ئاسایشی گشتی، ئاخر شاعیرێکی سەرچڵ و شکۆمەند بوو، وا دەژیا، وەک خۆی حەزی لێ بوو، وای دەنووسی، وەک خۆی دەیویست. ئەو هەر شاعیرێکی میسری نەبوو، دیاردەیەکی میسرییش بوو، ئاخر شیعری وەک ئاگر لە پووش بەرببێت، بە میسردا بڵاو دەبووەوە. ئەو هەر شاعیرێکی گەورەی میسر نەبوو، عاشقێکی گەورەی میسریش بوو، شیعری بە زمانێکی ئاسان و پاراو بۆ خەڵکە پەراوێزخراوەکەی میسر دەنووسی، شیعرێک داکۆکی لە ئازادی و شکۆمەندیی ئینسانی چەوساوە دەکرد، شیعرێکی دەنووسی خۆڕسک و ساکار، تەواو وەک سرووشتی خەڵکی هەژار.

ئەحمەد فوئاد نەجم هەر شاعیر نەبوو، خەباتگێڕێکی گەورەیش بوو، ویژدانی زیندووی میللەتێک و شایەتحاڵێکی ئەکتیڤی سەردەمێکیش بوو، زمانحاڵی زەحمەتکێشانیش بوو، بەڵام نە یەکێک بوو لەو شاعیرانەی خاوەنی دونیابینیی تایبەت بە خۆیانن، نە ڕۆشنبیرێکی مەزنیش بوو، بۆیە هەندێک جار دەچوو لە ڕێی جوێن و جۆکەوە، هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە دیاردە دزێو و سەرۆکە ستەمکارەکان دەردەبڕی. (موزەففەر نەواب)یش ساڵانێک لەو جۆرە شیعرەی دەگوت. ئەم شیعری جوێن و جۆکە کە زیاتر بۆ ئەوە لەبارە، گوێی بۆ ڕادێرین، نەک بیخوێنینەوە، لای (هەژاری موکریانی)یش هەبوو، ناوبەناو لە (پەشێو)یش دەبیسترێت.
٦/١٢/٢٠١٣
(١) أسکندر حبش، کم کان شاعرا، ألسفیر ٥/١٢/٢٠١٣ بیروت.
(٢) جمال القصاص، رحیل الفاجومی، ألشرق ألأوسط ٤ دیسمبر ٢٠١٣ لندن.
(٣) طوني فرنسیس، الثوري حتی اللحظة ألأخیرة، ألحیاة ٤ دیسمبر ٢٠١٣ بیروت.
(٤) سعید یاسین، شاعر الغلابة و ألأجیال، الحیاة ٤ دیسمبر ٢٠١٣ بیروت.
(٥) إیهاب ألملاح، عاشق بهیة المحروسة، ألإتحاد ألثقافي ٥ دیسمبر ٢٠١٣ دبي.
(*) المحرر ألثقافي، مصر تشیع أحمد فؤاد نجم، ألقدس ألعربي ٣ دیسمبر ٢٠٢٣ لندن.
(٧) محمد علي شمس الدین، الحنجرة و الفراغ، السفیر ٤/١٢/٢٠١٣ بیروت.
Top