ژنێک لە وشەی جوان و بوێر

ژنێک لە وشەی جوان و بوێر

وه‌رگێڕ : حەمەسەعید حەسەن

ئیسابێل ئالەندێ کە لە دووی ئابی ١٩٤٢دا، لە (لیما)ی پایتەختی (پێرو) لە دایک بووە، یەکێکە لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسە هەرە ناودارەکانی (شیلی) و ڕەنگە بەناوبانگترین خاتوونەنووسەری لاتین ئەمریکایش بێت. باوکی کە دیپلۆمات بوو، ئامۆزای سیلڤادۆر ئەلێندێ بوو، ئەوی لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تا ١٩٧٣دا سەرۆکی شیلی بوو. لە گەلێک زانکۆی ئەمریکا، دەرسی ئەدەبی گوتووەتەوە و ساڵانێکە لە کالیفونیا دەژی. (ماڵی خێوەکان) کە ١٩٨٢ بڵاو بووەوە و کودەتا خوێناوییەکەی ١٩٧٣ی شیلی بەسەر دەکاتەوە، بە باشترین ڕۆمانی ئەو ناوی دەرچووە و (شاری جانه‌وه‌ران)یش یەکێکی دیکەیە لە ڕۆمانە ناودارەکانی کە بۆ مێردمنداڵانی نووسیوە و ٢٠٠٢ بڵاو کراوەتەوە. ١٩٩٤ خەڵاتی گابریللا میستراڵ کە تا ئێستا تاقە ژنە لە هەموو لاتین ئەمریکادا خەڵاتی نۆبێڵی پێ بەخشرابێت، وەردەگرێت.

ئیسابێل ئالەندێ بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆی دەنووسێت، واقیع و ئەفسانە، شەڕ و خۆشەویستی تێکەڵ بە یەک دەکات، ژن لە کنی هەمیشە لە سەنتەردایە و سەروەختی نووسین، بوێرییەک شک دەبات، ڕەنگە ئازاترین پیاو، ئیرەیی پێ ببات. کە باس لە ئەدەبی ڕیالیزمی ئەفسووناوی دەکرێت، ناوی ئەمیش لەگەڵ ناوی گابریل گارسیا مارکیزدا دێت. هەر بە منداڵی هەزار و یەک شەوەی خوێندووەتەوە و ڕۆمانەکانی پڕن لە سەفەرنامەی خەیاڵی و لە شاری ئەفسووناوی. سێ ڕۆمانی بە فیلم کراون، یەکێکیان (پاوڵا)ی ناوە و بەسەرهاتی مەرگی پاوڵای کچی، کە بە بیست و هەشت ساڵی گیانی لە دەست داوە، دەگێڕێتەوە.

شاژنی (کاستیلیا) ئەوەی عەرەب پێی دەڵێن قەشتالە که‌ مێرده‌که‌ی ده‌مرێت، هێنده‌ی خۆش ده‌وێت، دڵی نایه‌ت به‌ خاكی بسپێرێت، دوو ساڵ شاره‌ و شار ده‌یگێڕێت و ناوبه‌ناو سه‌ری تابووته‌که‌ی هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و به‌و ئومێده‌ی زیندوو ببێته‌وه‌، لێوه‌کانی ماچ ده‌کات. ئەمە وەک ڕووداوێکی ڕاستەقینە دەیگێڕنەوە نەک ئەفسانە. خاتوو (ئینێس سوارێز)یش (١٥٠٧ _ ١٥٧٠) کە کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی ڕۆمانی (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم)ی (ئیسابێل ئالەندێ)یه‌ و بیرەوەریی خۆی دەگێرێتەوە، کەسێکی ڕاستەقینە بووە، نەک زادەی خەیاڵ، مێردەکەی لە پێناوی زێردا، بەرەوە لاتین ئەمریکا بە ڕێ کەوتووە، ئەمیش لە پێناوی دۆزینەوەی ئەودا، هەمان ڕێی گرتووەتە بەر. ئینێس مێردەکەی نابینێتەوە، ئاخر پێش ئەوەی ئەم بگاتە ئەوێ، ئەو گیانی لە دەست داوە. ئینێس لەوێ دەکەوێتە داوی ئەوینی (پێدرۆ)وە کە گەورەئەفسەرێکی ئیسپانیایی بووە و دە ساڵی تەواو لەو دەڤەرەی دواتر بە (شیلی) ناوی ڕۆییشتووە، لەگەڵیدا ژیاوە.

ئیسابێل ئالەندێ نە ژنێکی ئاسایییە، نە قسەی ئاسایی دەکات، هێندە بوێرانە دەپەیڤێت، بابسالاران ناهەقیان نییە، ئەگەر لێی بتۆقن، ئاخر بە هەق مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەریان. ژنانی فێمینیست زۆرن، وەلێ ڕەنگە کەس هێندەی وی، هونەرمەندانە داکۆکی لە فێمینیزم نەکردبێت. (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم)ی ئیسابێل ئالەندێ، ڕۆمانێکە ژن نووسیویەتی، گێڕەرەوە تێیدا ژنە و قارەمانەکەیشی هەر ژنە، ڕۆمانێکە هێنده‌ هونەرییانە نووسراوە، خوێنه‌ری ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ جۆرێک شه‌یدای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووە دێرینه‌ ده‌بێت که‌ نووسه‌ر ده‌یگێڕێته‌وه‌، هه‌ر ده‌ڵێیت سیحری لێ کراوه‌.

ئینێس سوارێزی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی(ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم،) ژنێکە پڕ بە مانای وشە، ئازا و ئازاد، لە ڕێی بەدیهێنانی خەونەکانی خۆیدا، سڵ لە هیچ مەترسییەک ناکاتەوە و کام ڕێ سەخت و ترسناکە دەیگرێتە بەر. کە بە پیاوێک سەرسام دەبێت، هێندە دڵسۆزانە و وەفادارانە خۆشی دەوێت، هەمیشە ئامادەیە گیانی خۆی بە قوربانی بکات و هەرگیز ناپاکیی لێ ناکات. ئینێس ژنێکە لە سەدەی شازدەیەمدا، وەک ژنێکی مۆدێرنی ئەم سەروەختە هەڵسوکەوت دەکات، هەڵسوکەوتێکی هێندە خۆڕسک کە هەمیشە جێی بڕوای خوێنەرە. ئەو هاوزەمان کابان، پەرستار، جەنگاوەرێکی بەجەرگیشە و لە گەشتێکدایە، هەر لە سەفەرێک دەچێت بە ناو دۆزەخدا. ئینێس له‌و ژنه‌ جوانانه‌یە که‌ تا به‌ ساڵدا بچن، جوانتر ده‌بن، له‌و ژنه‌ سه‌رچڵانەیە که‌ له‌ ڕوانگه‌ی که‌نیسه‌وه‌، شیاوی ئەوەیە له‌ یه‌کێک له‌ مه‌نجه‌ڵه‌کانی دۆزه‌خدا بکوڵێنرێت.‌

ئیسابێل ئالەندێ، هەرچەندە بۆ بەسەرکردنەوەی مێژوو پشتی بە دۆکومێنت بەستووە، بەڵام دیرۆک ئاوێتەی چیرۆک دەکات و کە واقیع دەگێڕێتەوە، هەر دەڵێیت شیعر دەخوێنێتەوە. هه‌رچه‌نده‌ نووسەر بۆ نووسینی ڕۆمانەکەی سوودی له‌ چه‌ندان کتێبی مێژوویی بینیوه‌، بەڵام بە هیچ پەرەگرافێکی ڕۆمانی (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم)ەوە، ئەوە دیار نییە کە ئێمە خەریکی خوێندنەوەی مێژووین. نووسەر کە له‌م به‌رهه‌مه‌یدا، باس لەو هەڵمەتە دەکات که‌ ئیسپانیا لە سەدەی شازدەیەمدا کردییە سەر شیلی، پێش ئەوەی ڕستەیەک لە ڕۆمانەکەی بنووسێت، چوار ساڵی ڕەبەق، سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبی دیرۆکی و ئه‌ده‌بی و دۆکومێنت بووە لەو بارەیەوە.

کە (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم) دەخوێنینەوە، هەست بەو داوە ناکەین کە دەبێت وەک سنوورێک واقیع لە خەون و خەیاڵ جیا بکاتەوە، ئەوە بۆیە ئیسابێل ئالەندێ ئەم ڕۆمانەیشی، وەک (ماڵی خێوەکان)ی، دەکەوێتە خانەی ئەدەبی ڕیالیزمی سیحرییەوە. ئایا ئەوە لووتکەی هونەرنواندن نییە، ئەم خاتوونە نووسەرە، بە هۆی گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژیانی خێزانێکەوە، مێژووی وڵاتێک دەگێڕێتەوە؟ نووسەر هاوزەمان ناخی، یان دروستتر گیانی ژنێک دەداتە بەر ڕووناکی و بەسەرهاتی داگیرکردنی نیشتمانێکش دەنووسێتەوە. نووسەر لەو کورتەپێشەکییەدا کە بۆ ڕۆمانەکەی نووسیوە، دەڵێت: (کە شتی هاوبەش لە نێوان کەسان و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە و کەسان و ڕووداوەکانی دیرۆکدا هەیە، ئەوە ڕێکەوت نییە، بە مەبەستەوە و بە کۆمەكی فانتاسی، ئەو کارەم کردووە.)

داگیرکارانی ئیسپانیایی که‌ ده‌گه‌نه‌ شیلی و ده‌ست به‌ ڕۆنانی شاری سانتیاگۆ دەکەن، سه‌ره‌تا جێیه‌‌ک بۆ دره‌ختی دادپه‌روه‌ری که‌ له‌ واقیعدا سه‌کۆی سێداره‌یه‌ و جێیه‌کی دیکه‌ بۆ که‌نیسه‌ ده‌ستنیشان ده‌که‌ن. وه‌ک چۆن که‌ عه‌ره‌ب ئیسپانیا(٧١١_ ١٤٩٢) داگیر ده‌کات، ئیسپانیایییه‌کان عه‌ره‌بی داگیرکار قه‌بووڵ ناکه‌ن و وه‌ده‌ریان ده‌نێن، که‌ ئیسپانیایش لاتین ئه‌مریکا (سه‌ده‌ی شازده‌ تا سه‌ده‌ی نۆزده‌) داگیر ده‌کات، خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌که‌ی ئه‌وێ، ئیسپانیایییه‌کان قه‌بووڵ ناکه‌ن وه‌ده‌ریان ده‌نێن. چونکە نزیکەی هەشت سەدە، ئیسپانیا لەژێر هەژموونی ئیسلامدا بووە، ئەوە ئاسایییە کولتووری ئیسپانیایی، کەوتبێتە ژێر کاریگەرییەتیی کولتووری عەرەب و ئیسلامەوە. یەکێک لە لایەنە گەشەکانی ڕۆمان ئەوەیە، بە کولتووری گەلانی دیکە ئاشنامان دەکات و زەوینە بۆ دیالۆگی نێوان کولتوورە جیاوازەکان دەڕەخسێنێت.

لە سەدەی شازدەیەمدا، ئیسپانیایییەکان، هەرچەندە لەژێر دەستی ئیسلامدا نەمابوون، وەلێ ئەوانیش وەک عەرەب پێیان وابوو، ته‌نیا خوێن په‌ڵه‌ی شه‌ره‌ف ده‌شواته‌وه‌. پێیان وابوو ژن مافی ئه‌وه‌ی نییە، به‌ ته‌نیا سه‌فه‌ر بکات، ئیللا مەگەر که‌سێکی سه‌ر به‌ خانه‌واده‌که‌ی له‌گه‌ڵدا بێت. پێیان وابوو، ئەوە گیانێکی به‌ده‌ له‌ کونیکی جه‌سته‌وه‌ ده‌چێته‌ هه‌ناوی ئینسانه‌وه‌ و تووشی نه‌خۆشیی ده‌کات. تەواو وەک لای عەرەب، سزادان به‌ لێدانی سه‌د جه‌ڵده‌، لە ئیسپانیایش هەبوو، لەوێش وەک لە عەرەبستان، ده‌ستی دزیان دەبڕییەوە، وه‌لێ دز ئه‌گه‌ر سه‌رباز بووایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی توانای شه‌ڕکردنی بمێنێت، لووتیان ده‌شکاند، یان گوێیان ده‌بڕی. ئه‌وانه‌ی به‌ مۆڵه‌تی پاشای ئیسپانیا بۆ لاتین ئه‌مریکا ده‌چوون و (پێنجیه‌ک)ی ده‌ستکه‌وتیان بۆ ده‌نارد، به‌ ڕزگارکه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دران، ئه‌گه‌رنا به‌ چه‌ته‌ی چه‌کدار هه‌ژمار ده‌کران. پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام، سه‌رۆک چواریه‌کی تاڵانیی ده‌که‌وت، بۆیە ڕه‌نگه‌ ئیسپانییه‌کان، ئه‌م پێنجیەکەیش له‌ ئیسلامه‌وه‌ فێر بووبن.

پیاو وه‌ک چۆن چی بوێت له‌به‌ر چاوی ئه‌سپه‌که‌ی یان سه‌گه‌که‌ی ده‌یکات و ده‌یڵێت، له‌به‌ر چاوی ژنیش هه‌ر وا ڕه‌وتار ده‌کات، ئاخر پێی وایه‌، ژن له‌ هیچ تێناگات. له‌ ڕوانگه‌ی پیاوه‌وه‌، (ژن توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ بیر له‌ ئیشی گه‌وره‌ بکاته‌وه‌، نه‌ هیچ له‌ مێژوو ده‌زانێت، نه‌ توانای پێشبینیکردنی داهاتووی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی به‌ لایه‌وه‌ گرنگه‌، کاروباری ناوماڵه‌.) قه‌شه‌ که‌ ژنان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چوونه‌ کنی، ددان به‌ گوناهه‌کانیاندا بنێن، به‌ڵکوو خودا لێیان خۆش ببێت، ئه‌گه‌ر خۆیان بۆ شل نه‌کردبا، نزای بۆ نه‌دەکردن! زه‌ریاوان بڕوای وابوو‌، هه‌بوونی ژن له‌گه‌ڵیدا، تووشی زریانی ده‌کات و دادوه‌ریش هه‌میشه‌ گومانی له‌ ژن هەبوو‌. ئەفسەرێکی ئیسپانیایی کە پەلاماری گوندێکی (شیلی)ی دەدا، نێرینه‌کانی له‌ منداڵه‌وه‌ تا پیر، له‌ ژووری له‌ دار و ته‌خته‌ دروستکراوادا، کۆ ده‌کردنه‌وه‌ و به‌ زیندوویی ئاگری تێ به‌ر ده‌دان. که‌ خۆی ئه‌م کاره‌ساته‌ی ده‌گێڕایه‌وه‌، به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ ده‌یشی گوت: به‌ڵام دوایی هه‌ر چی بێوه‌ژنه‌، دووگیانم ده‌کردن، تا سه‌رله‌نوێ وڵات ئاوه‌دان بکه‌نه‌وه‌. که‌ پێوه‌ندیی نهێنیی نێوان ژن و پیاوێک ئاشکرا ده‌بوو، با ژنه‌‌ مێردیشی نه‌بووایە و پیاوه‌‌ دوو سێ ژنیشی هه‌بووایە، کۆمه‌ڵ هه‌ر ژنه‌ی‌ ڕیسوا ده‌کرد. ئەوانە هەموویان نیشانەگەلێکن بۆ بابسالاری. بابسالاری ئەوەیشە، پیاو چه‌ندان ژنی هه‌یە و وه‌ک ئاژه‌ڵ سه‌رنجیان ده‌دات، ژنیش بۆ ئه‌وه‌ی دووگیان نه‌بێت، هانا بۆ پارچه‌ ئیسفه‌نجی له‌ سرکه‌ هه‌ڵکێشراو دەبات! سووکسەرنجدانی ژن، بەشێکە لە کولتووری بابسالاران، بە چاوپۆشین لەوەی بابسالار سەر بە کام نەتەوەیە، یان بڕوای بە کام ئایینە.

زەبروزەنگ هەمیشە زەبروزەنگ بەرهەم دەهێنێت. که‌ خەڵکی شیلی سه‌رله‌شکری داگیرکه‌ر به‌ دیل ده‌گرن، ده‌یبه‌ستنه‌وه‌، به‌ زیندوویی پارچه‌ گۆشتی لێ ده‌که‌نه‌وه‌، ده‌یبرژێنن و به‌به‌ر چاوییه‌وه‌ ده‌یخۆن. سه‌رله‌شکری داگیرکه‌ر که‌ له پێناوی زێڕدا وڵاته‌که‌ی داگیر کردبوون، زێر ده‌توێننه‌وه‌ و ده‌یکه‌ن به‌ گه‌روویدا. که‌ ده‌یکوژن، له‌ ئێسکی شمشاڵ و له‌ کاسه‌ی سه‌ری کاسی شه‌راب چێ ده‌که‌ن. (ماپوچێ) که‌ خراپه‌یان له‌گه‌ڵ کرا، هه‌رگیز له‌ بیریان ناچێته‌وه‌، ئەوە پاساوی خۆیانە، بۆ هانابردن بۆ زەبروزەنگ. ئیسپانیایییەکان کە بەرەو لاتین ئەمریکا بە ڕێ کەوتن، کۆیلە ڕەشپیستیشیان لەگەڵ خۆیان بردبوو. کۆیله‌ ڕه‌شپێسته‌کان زۆر له‌وه‌ ده‌ترسان، به‌ زیندوویی ده‌ست (هیندییه‌ سووره‌کان) بکه‌ون، ئاخر که‌وڵیان ده‌کردن، تا بزانن هه‌ر به‌ خۆڕسک و سروشتی پێستیان ڕه‌شه، یان پێستیان ڕه‌نگ کردووه‌؟

لای ماپوچێ کە خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌که‌ی شیلی بوون، (زاوا) به‌ کۆمه‌کی هاوڕێیه‌کانی، شه‌و ده‌یدا به‌سه‌ر ماڵی (بووک)دا، ده‌یڕفاند و دواتر به‌ چه‌ند ئاژه‌ڵێکی ماڵیی له‌گه‌ڵ ماڵی (خه‌زوور)یدا ڕێک ده‌که‌وت. پیاو مافی فره‌ژنیی هه‌بوو، به‌ مه‌رجێک به‌ یه‌کسانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کردبان. ماپۆچێ سەروەختی پەلامار، پێی شەرمێکی گەورەبوو، دەست لە ژن، با بەشداریی شەڕیشی کردبێت، بوەشێنێت. ماپوچێ به‌ زمانی ماپودونگوو ده‌په‌یڤین، خێڵه‌کان ساڵی جارێک له‌ جه‌ژنی (نگولاتون)دا کۆ ده‌بوونه‌وه‌ و له‌ سه‌روه‌ری خه‌ڵک، (یەزدان) کە ناوی (نگێنیچێن) بوو، ده‌پاڕانه‌وه‌، تا له‌ فه‌ڕ و پیت بێبه‌شیان نه‌کات. نوێژی ماپوچێ ساڵی جارێک بوو، نه‌ک وه‌ک کریستیان که‌ هه‌موو یه‌کشه‌ممه‌یه‌ک خودا بەسەر دەکەنەوە، یان وه‌ک موسڵمان ڕۆژی پێنج که‌ڕه‌ت لێی ده‌پاڕێنه‌وه‌. ماپوچێیەکان دەیانگوت: داگیرکاران هه‌ر به‌ تاڵانکردنی سامانی وڵاته‌که‌مان لێمان خۆش نابن، ده‌یانەوێت دوو پارچه‌ ته‌خته‌یش که‌ خاچێکیان لێ دروست کردبوو، بپه‌رستین.

به‌ گوێره‌ی ئه‌فسانه‌ی گریک، هارپیا، گیاندارێکه‌، سه‌ری ژنه‌ و له‌شی مەلێکی گۆشتخۆرە لە چەشنی باز، یه‌که‌م جار که‌ خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی لاتین ئه‌مریکا، ئه‌سپسواری ئیسپانیایی ده‌بینن، وای بۆ ده‌چن، زینده‌وه‌رێکی ئه‌فسانه‌یییه‌، نیوه‌ی ئینسانه‌ و نیوه‌که‌ی تری ئاژه‌ڵ، ئاخر پێشتر ئەسپیان نەدیتبوو. جەنگاوەری ماپوچێ به‌رگه‌ی دژوارترین ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌گرت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نا، هه‌ستی به‌ ئازار نه‌دەکرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازابوو. ژنێکی ماپوچێ که‌ ده‌بینێت، مێرده‌ له‌ شه‌ڕدا به‌ دیل گیراوه‌که‌ی، به‌ ده‌ستی به‌ستراوه‌وه‌، به‌ره‌و سه‌کۆی له‌ سێداره‌دان ده‌برێت، منداڵه‌ ساواکه‌ی فڕێ ده‌داته‌ به‌رده‌می و پێی ده‌ڵێت: نامه‌وێ به‌ شیری خۆم، وه‌چه‌ی پیاوێکی ترسنۆک گۆش بکه‌م. دایک لێ ده‌گه‌ڕا پێش ئه‌وه‌ی هۆگری ببێت، منداڵه‌که‌ی له‌ برساندا بمرێت، نەک دواتر داگیرکاران بیبەن و‌ بیکه‌نه‌ کۆیله‌ی خۆیان.

له‌ جه‌نگدا پەتا و برسییه‌تی بڵاو ده‌بنه‌وه‌. برسیه‌تی وا دەکات‌، ئینسان وه‌ک چۆن به‌ تاسووقه‌وه‌ گۆشتی مه‌ڕ ده‌خوات، ئاوایش گۆشتی ئینسان بخوات. (برسییه‌تی وزه‌ له‌ به‌ین ده‌بات و کارێک ده‌کات خاووخلیچک و خه‌مناک بین، به‌ڵام زه‌ینمان ڕوون ده‌کات و ئاره‌زوومان بۆ سێکس داده‌گیرسێنێت، ئه‌وه‌ بۆیه‌ پیاو کاتێک که‌‌ هه‌ر له‌ په‌یکه‌ری ئێسکیش ده‌چێت، ده‌ست له‌ ڕاوه‌ژن هه‌ڵناگرێت.) ئیسابێلا ئالەندێ لە ڕۆمانی (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم)دا، چەند باسی شەڕ و داگیرکاری دەکات، هێندەیش بایەخ بە خۆشەویستی دەدات: (که‌ ئه‌وی خۆشمان ویستووه‌، ناپاکیمان لێ ده‌کات، ئیدی چه‌ندمان خۆش ویستووه‌، هێنده‌مان ڕق لێی ده‌بێت، ئیدی له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ک جاران بیپارێزین، هه‌وڵ ده‌ده‌ین برینداری بکه‌ین، ئیدی خه‌وشی گه‌وره‌ی، بچووک نابینین، بچووکترین خه‌وشی له‌به‌ر چاومان گه‌وره‌ ده‌بێت، ئیدی با پێمان وایش بووبێت، به‌خشنده‌ و دلۆڤان بووه‌‌، دوای نائومێدبوونمان لێی، به‌ به‌رچاوته‌نگ و دڵڕه‌قی ده‌زانین. دڵ وه‌کوو ده‌فرێک وایه‌، که‌ ته‌ژیبوو له‌ شتی پیس، ئیدی جێی شتی پاکی تێدا نابێته‌وه‌.)

گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری، ئاریشه‌ی خۆی هه‌یه‌، ئاخر یادگه‌، هێلانه‌ی لووتبڵندی و شانازی به‌ خۆووه‌ کردنه‌ و زۆر جار ئه‌و داوه‌ی واقیع له‌ خه‌یاڵ جودا ده‌کاته‌وه‌، بزر ده‌بێت. گێڕەرەوە کە سەرقاڵی گێڕانەوەی ژیاننامەی خۆیەتی، دەڵێت: (ده‌مزانی تووشی نسکۆ هاتووم، به‌ڵام شکۆمه‌ندیم لێ نه‌ده‌گه‌ڕا ددانی پێدا بنێم، نه‌مده‌ویست که‌س به‌ زه‌لیلی بمبینێت.) هەر لەم سۆنگەیەوە، بە دەگمەن کەسێکمان دەست دەکەوێت، هێندە بوێر بێت، چی ڕاستییە، با بە زیانی خۆیشی بشکێتەوە، ئەوەمان بۆ بنووسێتەوە. کە گێڕەرەوە هەموو جێیه‌ک له‌ جه‌سته‌ی، په‌ڵه‌ی جێبرینێکی پێوه‌ بوو، نابێت وا خۆی بناسێنێت کە لە ژیانیدا بریندار نەکراوە. کە گێڕەرەوە داگیرکار بوو، واتا لە دز و بکوژ بەولاوە هیچی تر نییە، نابێت خۆی وەک فەریادڕەس پیشان بدات.

بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بژین، نابێت له‌ مردن بترسین.
به‌بێ هه‌بوونی خۆشه‌ویستی، ناتوانین درێژه‌ به‌ ژیان بده‌ین.
مه‌رگ له‌ نزیک مێزه‌که‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر کورسییه‌ک ڕۆ نیشتووه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی بریندار نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شه‌ڕ، ده‌بێت تیر ژه‌هراوی بێت.
ئه‌گه‌ر قه‌رزداری که‌سێکی سته‌مکار بین و توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌که‌یمان نه‌بێت، دەبینە کۆیلەی و چی بخوازێت بۆی جێبه‌جێی بکه‌ین.
جه‌نگاوه‌رێکم خه‌می دونیام به‌ کۆڵه‌وه‌یه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی ڕێ ده‌که‌م.
پیاو زێتر پێویستی به‌ سۆزی ژنه‌ وه‌ک له‌ ڕێز.
له‌و که‌سانه‌ نیم که‌ دوو جار له‌ هه‌مان به‌رد هه‌ڵده‌نووتێن.

لە ڕۆمانی (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم)ی (ئیسابێلا ئالەندێ)دا، تووشی ئەو گوتە جوانانە و چەندان گوتەی جوانی دیکە دەبین.
١/٩/٢٠١٣
ستۆکهۆڵم

(*) Allende، Isabel، Inés min själs älskade - Ett levnadsminne، Översättnig av Lena Anér Melin Norstedts förlag 2007 Stockholm.
Top