فەلسەفەی شیتەڵكاری(لۆدڤیچ ڤیتگینشتاین)

فەلسەفەی شیتەڵكاری(لۆدڤیچ ڤیتگینشتاین)

نووسه‌ر :محەمەد زەكەریا تۆفیق

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

لێرەدا مەبەست لە شیتەڵ، واتە لە یەكدی جیا كردنەوەی بەشەكانی شتێك، تا پەی بەو بەراییە بەشانە ببەین كە لە پێكهاتەكەیدا بەشدارن. فەلسەفەی شیتەڵكاری یان فەلسەفەی شرۆڤە (Analytic Philosophy)، تێگەیشتنمان لە شتان روون دەكاتەوە، ئەویش لە رێی شرۆڤە یان لێك جیا كردنەوەی رستە یان گوتە یان چەمكەوە.
هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، فەلسەفەی شیتەڵكاری جێ بایەخی ناوەندەكانی ئەكادیمیی دەوڵەتانی ئینگلیزی زمان بوو. لە پاش (كانت)ی فەیلەسووفەوە، فەلسەفەی رۆژاوا بوو بە دوو بەشەوە: یەكەم، كیشوەرە فەلسەفە (Continental Philosophy)، كە لە زۆربەی ناوچەكانی كیشوەری ئەوروپادا لە كاردایە. دووەم، رێچكەی فەلسەفەی ئایدیالیست كە ئاراستەی فەلسەفەی هیگل دەگرێتە بەر، پاشان لەگەڵ (نیچە و هیدگەر و سارتەر)دا بە لای بوونیزمدا با دەداتەوە، بۆ ئەوەی بگاتە فەلسەفەی پاشە نوێخوازی یان پاشە بونیادگەری (Post-structuralism).
كۆمەڵگا پیشەساز سەرمایەدارەكانی ئەوروپا لە سەدەی نۆزدەمدا، زۆر بە خێرایی رووەوە گۆڕان و پەرەسەندن چوون. بیرۆكەی جڤاكی و فەلسەفی لەو خێراتر و ئاڵۆزتریش هاوشانی رۆیشت. ماركس كۆتایی هاتنی فەلسەفە رادەگەیەنێت، نیچە و بیرگسۆن، وێرانی دەكەن تا سەر لەنوێ دروستی بكەنەوە. بۆیە زۆر پێویست بوو كە كەسێك پەیدا بێت تا لەو كاتەدا جڵەوی هزری رۆژاوا بگرێتە دەست، بۆ ئەوەی لەو قەیرانەی دەرباز بكات و بیگەیەنێتە كەناری ئارام. یەكەم كەسیش كە لەو كارە مەزنەدا بەشدار بوو، بیركاریناس و لۆژیكناس گوتلوب فریگ (1848- 1925) بوو، كە خاوەن رەگەزنامەی ئەڵمان بوو، مەزنترین فەیلەسووفیش بوو كە لە پاش (كانت) لە جیهانی رۆژاوادا پەیدا بوو.
گرنگیی (فریگ) لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە بیركاریناسیی لە سەر بنەمای نوێ و تۆكمەتر دانا. لە خڵت و خاش پاكی كردەوە، زۆر بە وردی پێناسەی ژمارەكانی كرد. روونیشی كردەوە كە پرسگەلی تێك هەڵكێشی لۆژیكیانەی (كانت)، (هێشتا) دروست نەبوون. پاشان كەوتە دانانی بنەماكانی لۆژیكێكی سەنگین كە دەكرێ وەك بناغەیەك بۆ فەلسەفە دابندرێت.
بەشدارییەكەی (فریگ) لە بواری فەلسەفەی بیركاری و لۆژیك و زماندا بەشدارییەكی مەزن بوو. ئەو پێی وا بوو، بنەماكانی بیركاریناسی دەكرێ لە لۆژیكناسییەوە بەدەست بهێندرێن. هەروەها رستەی زمانیش، دەكرێ شرۆڤە بكرێت و بخرێتە بن باری لۆژیكەوە، تا بكرێ راست و درۆی یەكلایی بكرێتەوە.
بیركاری كاری رۆحانی نییە، بەڵكوو ئەو رێكاری ئێمەیە لە بیركردنەوەی روون و دروستدا. بیركاری، زۆر بە سادەیی لقێكە لە لۆژیك. هەرچی زمانە، فریگ دەڵێ واتای رستە دەبێ لە بەشەكانییەوە گەڵاڵە بكرێت، تەنیا ئەوان و بەس. واتای (پەیڤ)یش، دەبێ لە نێو رێڕەوی رستەدا لێی حاڵی بین.
دوای ئەو بیرتراند راسڵ دێت، بۆ ئەوەی شێواز و لۆژیكی (فریگ) تێكەڵ بە بیرۆكە و فەلسەفەی ئەزموونكارانەی (هیوم) بكات. (راسڵ) پێی وا بوو كە جیهان لە راستیگەلی بچووك و سەربەخۆ، كە لە پارچە بوون نایەن، پێك هاتووە، ئەو راستیگەلەشی ناو نا ئەتۆمە هەقیقەت (Atomic facts). پەیڤی ئەتۆم لە زمانی یۆنانی واتە ئەو شتەی ناكرێ تۆ بۆ شتی لە خۆی سادەتر، ورد و خاشی بكەیت.
توێژینەوەكانی (راسڵ) لە بواری لۆژیكدا، وایان لێ كرد بە بایەخەوە بە دوای شێوازی بەكار هێنانی زمان لە لایەن ئێمەوە بچێت. راسڵ پێی وا بوو، ئەو رێزمانەی لە ژیانی گشتیماندا بەكار دێت لۆژیكی نییە، رەنگە بشبێتە مایەی تێنەگەیشتن و چەواشەیی.
رستە لە زمانی ئێمەدا، بۆ ئەوەی رەوان بێت، دەبێ واتای هەبێت، دەبێ لەگەڵ ئەو هەقیقەتە بنەچەییانەدا چون یەك یان سازاو بێت، هەقیقەتی بنچینەییش، مەبەست ئەتۆمە هەقیقەتە. ئەركی فەلسەفە شرۆڤە كردنی ئەم رستە یان ئەو وتانەیە، تا لەبەریەك هەڵوەشێندرێنەوە بۆ رستەی سادەی جووت لەگەڵ هەقیقەتی سادەدا. هەقیقەتی سادەش یان راست یان درۆیە.
بۆ نموونە، رستەی: "ژن بە تێكڕایی 2،6 منداڵی دەبێت"، رستەیەكی تێك هەڵكێشە نەك سادە. هەروەها چەمكی وەك "دەوڵەت" و "رای گشتی"، چەمكی تێك هەڵكێشن نەك سادە. هەڵەین ئەگەر وایان دابنێین كە شتانی هەقیقی و هەن.
پاشان فەیلەسووفی نەمسایی لۆدفیج ڤیتگینشتاین (1889- 1951). لە ڤیەننا لەدایك بووە. دەستی لەو میراتە زۆر و زەوەندەی كە لە باوكییەوە بۆی مابووەوە، هەڵگرت. وازی لە خوێندنی ئەندازەی فڕۆكەوانی هێنا بۆ ئەوەی بچێتە زانكۆی كامبریدج و لەگەڵ بیرتراند راسڵدا پێكەوە بیركاری و فەلسەفە بخوێنن. لە كاتی یەكەمین جیهانە جەنگدا گەڕایەوە ڤیەننا تا خۆبەخشانە بچێتە ریزی سوپاوە.
كاتێك دەچووە سەنگەری پێشەوە، قەڵەم و كاغەزی دەخستە گیرفانی. لە كۆتایی جەنگدا بە دیل كەوتە دەستی هێزەكانی ئیتالیاوە. لە كاتی دیلیدا، ڤیتگینشتاین گرنگترین ئەو بەرهەمانەی نووسی كە لە دیلیدا نووسراون. كتێبی "نامەیەكی لۆژیكیی فەلسەفی (Tractatus Logico-Philosophicus)".
نامەكە لە ساڵی 1921دا بڵاو كرایەوە، لە 85 لاپەڕە پێك دێت، گفتوگۆ لەبارەی حەوت پرسی لۆژیكییەوە دەكات. هەر پرسێك لەو پرسانە تێبینی، هەروەها تێبینی لە سەر تێبینییان بەدوادا دێت. نامەكە زۆر بە چڕی نووسراوەتە، بە چەشنێك، لەوە زیاتر ناكرێ پوخت بكرێتەوە یان كورتتر بكرێتەوە. ڤیتگینشتاین دەڵێ كە هەموو كێشەكانی فەلسەفە چارەسەر دەكات.
ڤیتگینشتاین لە نامەكەدا دەڵێ، ئێمە دەتوانین بڵێین، شتانی نێو ئەم جیهانە راستن. بۆیە، پێكهاتەی زمانمان پێویستە بە شێوەك لە شێوەكان پێكهاتەی ئەم جیهانە پیشان بدات. ئەمە بوو مەبەستی لەو قەسەیەی كە دەڵێ "جیهان بریتییە لە كۆمەڵێك راستی، نەك شتان". ئەوەی دەكرێ بیری لێ بكەینەوە، دەكرێ بیڵێین. ئایا دەكرێ بڵێی ئەمڕۆ زۆر ساردە و تۆ مەبەستت ئەوەیە كە زۆر گەرمە؟ ئەوكات ئەو قسەیە دەكەیت، كە تەنیا مەبەستت تەفرەدانی خەڵك بێت.
ئێستا، ئەو راستیانە چین كە ئەم جیهانەیان لێ پێك دێت؟ ئەوان بریتین لەو ئەتۆم راستیانەی بیرتراند راسڵ قسەی لەبارەوە كردوون. ئەو هەقیقەتە سادانەن كە بە ئەزموون و بینین ناكرێ دووپات، یان رەت بكرێنەوە. هەقیقەتی تێك هەڵكێش یان ئاڵۆز، دەكرێ شرۆڤە بكرێت بۆ هەقیقەتی سادە و ساكار.
هەروەها ڤیتگینشتاین لە نامەكەیدا دەشڵێ، پرسیاری میتافیزیكی راست و هەڵەی ناسەلمێندرێت. پاشان، خۆ ئەوە قسەی پووچە. ئەو لە بنەڕەتدا ژاوەژاو و پرسێكی پووچەڵە. هەر بۆیە، وەڵامی نییە و نابێ كات لە گفتوگۆ كردنی ئەودا بە فیڕۆ بدرێت. بەڵكوو دەبێ بە جۆرێك لە پڕ و پووچی دابندرێت.
شێوازی دروست بۆ چارەسەر كردنی پرسگەلی فەلسەفی ئەوەیە، یان توانای هەق بێژیمان هەیە، یان بێ دەنگ بین. ئەمەیە كە زمانی زانست دەیڵێ. ئەو توانای هەق بێژیمان روون دەكاتەوە. هەرچی پرسی رەوشت (ئیتیك) و میتافیزیكە، ئەوا شكست خواردنمان لە گوتەی بێ دوودڵی دەسەلمێنێت، بۆیە وا چاكتر بوو لە ئاستیدا بی دەنگ بین.
نامەكەی ڤیتگینشتاین دەكرێ بەم جۆرە پوختی بكەینەوە: "ئەوەی دەكرێ بە رەهایی بیڵێین، ئەوا دەكرێ بە روونی بیدركێنین. ئەوەشی ناكرێ بگوترێ یان قسەی لەبارەوە بكرێت، ئەوا دەبێ لە ئاستیدا قڕ و قەپی لێ بكەین". ئیدی پێویستە میتافیزیكان بدۆڕێن و دەمی خۆشیان داخەن.
ڤیتگینشتاین دەڵێ، هەر كەسێك دەتوانێ لەو پرسانەی نێو نامەكەی ئەو بگات، ئەوا بۆی ئاشكرا دەبێت كە قسەی پووچە، ئەگەر هەمان رێسامان بە سەردا پیادە كرد. بەڵام ئەو قسە پووچە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵزنان و سەركەوتن بەرەو ئاسۆی بڵندتر. ئەوكات، پێویستە پەیژەكە لە كۆڵ خۆت بكەیتەوە، بەوەی كە ئەو قۆناغە تێپەڕێنیت، تا بتوانی جیهانی راستەقینە ببینیت. لێرەدا ڤیتگینشتاین پتر بە سۆفییەك دەچێت نەك فەیلەسووف.
كاتێك ناتوانین وەڵامەكە بە روونی بنووسین، ئەمە واتای ئەوەیە كە پرسیارەكەش روون نییە. ئەگەر بتوانین لە پرسیارەكە بگەین و بە روونی بینووسین، ئەوا دەشتوانین وەڵامی بدەینەوە.
دوای بڵاو كردنەوەی نامەكە، ڤیتگینشتاین بە تەواوی وازی لە فەلسەفە هێنا، چوو بۆ چیای ئەلپ لە نەمسادا، كە لەوێدا سروشت ئەفسوونی لێ دەبارێت، بۆ ئەوەی ببێتە مامۆستای سەرەتایی. بەڵام بەو كارەی دڵخۆش نەبوو، خەیاڵی ئاسوودە نەبوو.
راسڵی فەیلەسووف توانیی ڤیتگینشتاین رازی بكات كە بگەڕێتەوە كامبریدج و لەوێدا وانەی فەلسەفە بڵێتەوە. تێزەكەی لەبارەی لۆژیكەوە بۆ بەدەست هێنانی دكتۆرا، پێشكەش كرا. لەگەڵ خانەنشین بوونی (مۆر)، ڤیتگینشتاین جێی ئەوی گرتەوە.
دوای ئەوەی ڤیتگینشتاین بە نەخۆشیی شێرپەنجەی پرۆستات لە ساڵی 1951دا كۆچی دوایی كرد، توێژینەوە و لێكۆلێنەوە نوێیەكانی بە ناونیشانی "چەند توێژینەوەیەكی فەلسەفی (Philosophical Investigations) بڵاو كردەوە، واش روون دەبێتەوە كە هزر و بیری لە چاو پێشتر زۆر گۆڕاوە. بەڵام خاڵێكی هاوبەشیش لە نێوان هزر و بیری پێشووی و دواتریدا هەبوو، ئەو هێشتا بایەخ بە زمان و پەیڤ و واتاكەی دەدات. سنووری زمان سنووری ئەو جیهانەیە كە تێیدا دەژین، ئەگەر ئەو تەنگ بێت، ئەمیش تەنگ دەبێت، ئەگەر فراوانیش بێت، ئەویش فراوان دەبێت. ئەم رایە لە هەردوو كتێبی من (نامە) و (توێژینەوە)دا هاتووە.
دەبا ئێستا گفتوگۆیەك لەبارەی ئەوەی لە كتێبی (توێژینەوەگەلی فەلسەفی)ی (ڤیتگینشتاین)دا هاتووە بكەین، وێڕای جەخت كردنە سەر زمان و گرفتی واتا. بە درێژایی مێژووی دوور و درێژی فەلسەفە، هەر لە ئەفلاتوونەوە تا دەگاتە ڤیتگینشتاین، واتا هەر وابەستەی ئەو ناوانە بووە كە بە شتانمان گوتووە. سەبارەت بە ڤیتگینشتاین، وابەستە بوونی واتا بە ناوەوە، بووە هۆی ئەوەی هەڵە وێنەی میتافیزیكی و خەیاڵیی لێ بكەێتەوە، كە سەراپای هزری رۆژاوای گرتەوە.
بۆ نموونە، ئەفلاتوون پێی وا بوو، پەیڤ بریتییە لە ناوی شتانێك لە عەقڵدا هەن و ناگۆڕێن، وەك سێگۆشە و مرۆڤایەتی.. هتد. لەبەر ئەوەی ئەم شتانە لە نێو جیهانی هەست پێ كراوی خۆماندا نین، چونكە جیهانێكی هەمیشە گۆڕاوە، ئەفلاتوون بیرۆكەی (جیهانەكەی دیكە)ی داهێنا، جیهانی بەها و نموونەكان كە شتان تێیدا ناگۆڕێن، ئەو پێی وا بوو لەم جیهانەدا، پەیڤ دەبێتە ناو بۆ شتی چەسپاو، لە نموونەی ماددە.
ئەزموونخوازان پێیان وایە پەیڤ دەبێتە داتاگەلێك كە هەست دركیان پێ دەكات. پراگماتیزمانیش لایان وایە، پەیڤ ناو لە كردار دەنێت. بیرتراند راسڵ و ڤیتگینشتاین لە سەرەتای ژیانی فەلسەفەیانەی خۆیاندا، هەدرووكیان پێیان وا بوو كە پەیڤ ناو لە ئەتۆمە هەقیقەت یان هەقیقەتی بەراییانەی سادە دەنێت. بەڵام دواتر ڤیتگینشتاین تێگەیشتنی لە چەمكی پەیڤ گۆڕا، دەیگوت واتای پەنهانی پەیڤ لە شێوەی بەكار هێنانی لە رێڕەوی زماندایە. پەیڤ بە لای ئەوەوە تەنیا بوو بە ئامراز، بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو خواست و مەبەستەی لێی چاوەڕوان دەكرێت. كاتێك دەڵێین خۆر ئاوا بوو، ئایا ئەوە مانای وایە بە راستی خۆر ئاوا بووە؟ خۆر ئاوا نابێت، بەڵام ئەوە زەوییە بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە. هەڵبەت رستەی یەكەم واتاكەی گواستەوە و ئەركی خۆشی بەجێ گەیاند. ئەویش ئەوەیە كە ئیدی خۆر بزر بوو، چووە ئەودیوی ئاسۆوە.
چی دی واتای پەیڤ وابەستەی هەقیقەتی سادە و سەرەتایی نییە، واتە ئەتۆمە هەقیقەت. واتای پەیڤ وابەستەی شێوازی بەكار هێنانیەتی. ئێمە یەك پەیڤ بە شێوازی جۆربەجۆر بەكار دەهێنین. هەروەها زمانیش بە مەبەستی جیاجیا بەكار دەهێنین، زمانی زانست، زمانی ئایین و زمانی هونەر... (هتد)ـمان هەیە.
بەڵام ڤیتگینشتاین لەگەڵ لۆژیكناسانی رەوشخواز (وەزعی) جودایە، پێشی وا نییە، تەنیا زمانێك كە واتای هەبێت هەر زمانی زانستە. سەبارەت بە ڤیتگینشتاین زمانی زانست یەكێكە لە شێوازەكانی ئاخاوتن و پەسن دانی ئەم جیهانەی تێیدا دەژین.
زمان وەك گەمەی كات بەسەر بردن یان وەرزشە گەمە وایە. هەر گەمەیەك رێسا و بنەمای خۆی هەیە. پەیڤیش لە شێوازی بەكار هێنانی لە نێو زماندا، واتای خۆی گەڵاڵە دەكات. ڤیتگینشتاین پێی وایە، گرفت لە هەوڵی تێگەیشتنی پەیڤەوە، بەدەر لە شێوازی بەكار هێنانی لە نێو زماندا، سەرچاوە دەگرێت.
ئەگەر هەوڵ بدەین واتای جوانی یان هەق پێناسە بكەین، بە بێ ئەوەی سەرنج بدەینە شێوازی بەكار هێنانی ئەو پەیڤانە لە زماندا، ئەوا شتەكەمان لێ تێكەڵ دەبێت. ئەركی فەیلەسووف چارەسەر كردنی پرسیارە، وەك چۆن نەخۆش چارەسەری بۆ دەكرێت. ئەو نەخۆشیانەی بە هۆی بە هەڵە بەكار هێنانی زمانەكەمانەوە تووشی دەبین.
لە سەردەمی (دیكات)ـەوە، فەلسەفە دەیگوت، زانین پشت بە ئەزموونی تایبەتی خۆمان دەبەستێت. لە واقیعدا دیكارت بە پێی ئەزموونی تایبەتی خۆی، عەقڵ و ماددەی لە یەكدی جیا كردەوە. "من بیر دەكەمەو، كەواتە من هەم". فەیلەسووفی ئەزموونكاری بەریتانیا، هیوم، لە ئەزموون و دیتنەوە، فەلسەفەكەی خۆی دەست پێ كرد. ئەوانیش ئەزموونی تایبەتن. هەرچی ڤیتگینشتاینە، پێی وایە زمان چالاكیی كۆمەڵ كۆنترۆڵ دەكات. پاشان، تاكە كەس ناتوانێت زمانێكی تایبەت بە خۆی دابنێت. چونكە نازانێت كە ئاخۆ بەكار هێنانی یەپڤ و دەستەواژەكانی راستن یان هەڵە. كەسێكی دی نییە كە شێوازی بەكار هێنانی پەیڤ یان دەستەواژەی بۆ راست بكاتەوە.
ئەگەر زمانی تایبەت نامومكین بێت، واتە ناكرێ وا لە فەلسەفە حاڵی بین كە حاڵەتێكی تایبەتی تاكە كەسە، بەڵكوو وەك حاڵەتێكی گشتیی جڤاكییە. پاشان، ئەو فەلسەفەیە پشت بە ئەزموونی تایبەت دەبەستێت، وەك فەلسەفەی عەقڵانیان و ئەزموونكاران، ئەوانە فەلسەفەیەكن هەڵەیان تێدایە، ناكرێ متمانەیان پێ بكرێت.
Top