لە بارەی وەرگێڕانەوە

لە بارەی وەرگێڕانەوە

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

مۆریس بلانشۆ دەڵێت: (وەرگێڕ نەک هەر نووسەرە، بەڵکوو نووسەرێکی دەگمەنیشە.) کەواتە وەرگێڕانیش تەواو وەک نووسینی شیعر و چیرۆک و شانۆنامە، دەکەوێتە خانەی داهێنانەوە. تۆ بڵێیت ئەوەی کە گوایە تەرجەمە جۆرێکە لە ناپاکی، وای کردبێت، خەڵکی بە چاوی سووکەوە سەرنجی وەرگێڕان بدەن و نووسەریان لە وەرگێڕ پێ هێژاتر بێت؟ گۆتە گوتەیەکی جوانی هەیە: (هەر قەوارەیەک گۆڕانی بە سەردا نەیەت، بەرەو نەمان دەچێت.) کەواتە هەر دەقێک وەرگێڕان، ئاوڕی لێ نەداتەوە و لەگەڵ زمانەکاانی دیکەیشدا خۆی نەگونجێنێت، ناتوانین بە دەقێکی زیندووی هەژمار بکەین. دەقئاوێزانیش هەر جۆرێکە لە گۆڕان، ئاخر ڕەنگە هەوڵێکی زۆریش بدەین، تاقە دەقێک نەبینینەوە، هێندە ڕوون بێت، گەردێک لە کاریگەرییەتیی دەقێکی دیکەی تێکەڵ نەبووبێت. ڕەنگە هەندێک وای بۆ بچن، ئەگەر بکەوینە ژێر کاریگەرییەتیی گەلێک دەقی دیکەوە، ئیدی خۆمان لێ بزر دەبێت. نەخێر شوناس بە کاریگەرییەتیی دەق و کولتوورە جیاوازەکان، زێتر دەگەشێتەوە.

هەڵەیە، ئەگەر پێمان وابێت، وەرگێڕانی سەرکەوتوو ئەوەیە، هەر لە ئۆرگیناڵ بچێت، واتا ئەگەر ئەز دەقێکم لە عەرەبی یان سوێدییەوە کرد بە کوردی و خوێنەر وای هەست کرد، وەرگێڕانەکە هەر لەوە دەچێت بە کوردی نووسرابێت، ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی وەرگێڕێکی دەستپاک نیم، ئاخر پێویستە سروشتی یان تایبەتمەندیی زمانە ئۆرگیناڵەکە، بە دەقە وەرگێڕدراوەکەوە دیار بێت. لووتکەی ناپاکی، یان دەبڵناپاکی، لە وەرگێڕاندا ئەوەیە، لە ڕێی زمانی دووەمەوە دەقێک بکەین بە کوردی، وەک نموونە، بچین نووسینی کامۆ کە ئۆرگیناڵەکەی فەرەنسایییە، لە فارسییەوە، بیکەین بە کوردی.

وەرگێران، کارێکی داهێنەرانەی پاکژە و کەم و زۆر پێوەندیی بە ناپاکییەوە نییە، بەڵکوو سەرلەنوێ نووسینەوەی دەقێکە، لە زەمەنێکی جیاواز لەو زەمەنەی دەقە ئۆرگیناڵەکەی تێدا نووسراوە. وەرگێڕان وەک داهێنان، سەفەرێکە بۆ دونیایەکی نوێ، یان هەڵخزانێکە لە جێی خۆیەوە، بۆ جێیەکی تر. هەر دەقێک ملکەچی هەڵخزان و خوێندنەوەی نوێ نەبێت، تەمەنی درێژ نابێت، هەڵخزان و خوێندنەوەی نوێیش بە هۆی وەرگێڕانەوە، دەستەبەر دەکرێن. دەقی زیندوو، ئەمانەتێکە، نادرێتەوە بە خاوەنەکەی، ئاخر ئەم زمان دەیداتە دەست چەندان زمانی دیکە. دەقی جوان، وەک پەتا وایە، بە هۆی وەرگێڕانەوە، مەرگ نا، چارەسەر و دەرمان و ساڕێژکردن بڵاو دەکاتەوە و بە نەمریی دەگات.

وەرگێڕ ناچارە دووزمان بێت، دووزمان بەو مانایەی بەسەر هەردوو زمانەکەدا زاڵ بێت، نەک تەنیا ئەمیان بزانێت و لەوی دیکەیاندا شارەزایییەکی تەواوی نەبێت، وەرگێڕی وەها، وەرگێڕی (یەکزمان)ی پێ دەگوترێت. ئەوە بە تەنیا بە دەردمان ناخوات، زمانە بێگانەکە بزانین و بەس، ئاخر دەبێت هەست بە ستاتیکا و پۆیەتیکای زمانەکەیش بکەین، ئەگەرنا دەرک بە توانای گوتن و دەربڕینی ناکەین. ئەگەر دەرکمان بە (شیعرییەتی) زمانە بێگانەکە کرد، دەتوانین سەروەختی وەرگێڕان، هەمان گەمە کە نووسەری ئۆرگیناڵ لەگەڵ زمانەکەی خۆیدا کردوویەتی، ئێمەیش بە زمانەکەی خۆمان دووبارەی بکەینەوە.

وەرگێڕان تەنیا گوێزانەوەی دەقێک نییە لە زمانێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، بەڵکوو گوێزانەوەی تێڕوانێکی فیکری و ستاتکییە لە کولتوورێکەوە بۆ یەکێکی دی، تێڕوانینێک کە ئاوسە بە گەلێک بەها و مانا و دەربڕین کە لە کولتوورێکەوە بۆ یەکێکی تر، جیاوازن. وەرگێڕان پردێکی پتەوی

مەعریفییە، بەوی دیکەی جیاوازەوە، دەمانبەستێتەوە و بە ئاشنابوونمان بە ڕەمز و هێما هونەرییەکانی میللەتێکی دیکە، هۆشیاریمان دەوڵەمەند و نوێ دەبێتەوە و شتگەلیک فێر دەبین کە پێشتر نەمانزانیون و بە کۆمەڵگەیەک ئاشنا دەبین کە پێشتر پێی نامۆ بووین.

چونکە وەرگێڕ فیکر و چەمک و تێڕوانینی تازەمان پێ دەناسێنێت، دەرگای نوێ بە ڕووماندا دەکاتەوە و ئاسۆی تێگەییشتمان بەرینتر دەکات، دەتوانین بێ دوودڵی بە نوێکەرەوە و داهێنهری لە قەڵەم بدەین. ئەوە وەرگێڕانە، وا دەکات لەگەڵ شارستانیی نوێدا بکەوینە گوتوبێژەوە و بواری ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێت، ئاستی مەعریفی خۆمان بە بەروارد لەگەڵ تێگەییشتن و لێکدانەوەی (گەل)ێکی تردا، تاقی بکەینەوە و سەفەرێکی ئەفسووناوی بە دونیای دابونەریتێکی نوێدا بکەین.

وەرگێران، ئەو کاتە بایەخێکی ئەوتۆی نابێت، کە نە هیچی تازەی تێدابێت، نە شتێک بخاتە سەر ئەوەی دەیزانین، نە بە ئەوی دیکە ئاشنامان بکات و نە بیرێک، نە تێڕوانینێک، نە سیستەمێکی لێکدانەوەی نوێ، بهێنێتە گۆڕێ. وەرگێڕان لە حاڵەتی وادا، هەم ماندووبوونی بێ بەرهەمی وەرگێڕی لێ دەکەوێتەوە، هەم دەبێتە باریش بەسەر شانی خوێنەرەوە، بۆیە نابێت دەزگاگەلی چاپ و پەخش، گرنگی بەو جۆرە وەرگێڕانانە بدەن.

نابێت بوار بدەین، کتێبخانەی کوردی ببێتە سەبەتەی خاشاکی بابەتە کولتوورییە پشتگوێخراو و ماوەبەسەرچووەکان. نابێت نە لە فیکر و نە لە شیعر و نە لە چیرۆکدا، ئەو بەرهەمانە بکەینە کوردی کە نە پێویستمان پێیانە و نە هیچی نوێمان پێ دەبەخشن. لە وەرگێڕانیشدا گرنگ، زۆر و بۆر نییە، گرنگ، کەم و پوختە، گرنگ، چلۆنایەتییە، نەک چەندایەتی. دەبێت بە وەرگێڕانی ئەو دەقانەوە خەریک بین کە بۆ خوڵقاندن، داهێنان، کرانەوە و خۆ نوێکردنەوە کۆمەکمان دەکەن، نەک ئەو بەرهەمانەی دەبنە کۆسپ لەبەردەم گەشەکردنماندا و بۆ پاشکۆیەتی و چەقبەستن لە پاشکەوتووییدا، بانگمان دەکەن. دەبێت وەرگێڕان لە کاری ئارەزوومەندانەی تاکەکەسییەوە، ببێتە کاری پیشەیی و دەزگایی.

ئەگەر لە بواری وەرگێڕاندا، خاوەنی ستراتیژێکی دیاریکراو نەبین و بێ بیرکردنەوە و بێ پلان، هەر هەڕەمەکییانە ئەم یان ئەو کتێب بکەین بە کوردی، ئەگەری ئەوە زۆرە سیستەمێکی فیکری بەسەر نەوەکانی داهاتووماندا بسەپێنین کە هیچ خزمەتێک بە بەرەو پێشبردنی کولتوورمان نەکات، ئاخر کتێب هەڵگری تێڕوانینە و وەک چۆن دەشێت تێڕوانینێکی گەش بێت، ئەگەری ئەوەیش لە ئارادایە، تێڕوانینێکی ڕەش بێت. دەبێت سەرقاڵی بە کوردیکردنی کتێبگەلی وابین کە وەرگێڕانی هەر یەکێکیان ڕووداوێکی کولتووری بێت. یەکێک لە خەوشەکانی وەشانخانەکانی ئێمە ئەوەیە، کە کتێبێکی وەرگێڕدراو چاپ و بڵاو دەکەنەوە، پێشەکی پیشانی شارەزایەکیان نەداوە کە ئەمە دەکەوێتە خانی ناپاکییەوە.

ئەوە بە تەنیا بەس نییە کە زمانێکی بێگانەمان زانی، ئیدی دەست بە وەرگێڕان لەو زمانەوە بۆ کوردی بکەین، ئاخر دەبێت، وێڕای شارەزایی لە هونەری وەرگێڕاندا، ئاشنای ئەو کولتوورەیش بین، کە نیازی وەرگێڕانمان لە زمانەکەیەوە هەیە. ئاخر ئەگەر، وەک نموونە، شارەزای کولتوورێک نەبین، هیچ لەو قسە نەستەقانە حاڵی نابین کە تایبەتن بەو کولتوورە و بە زمانێکی ڕەمزی و هەڵخزاو خۆیان نمایش دەکەن. یەکێک لە کێشەکانی وەرگێڕان لە کن ئێمە ئەوەیە، کوردی کە زمانی دایکمانە، وەک زمانی نووسین نازانین و ڕووقایمی ئەوە شک دەبین، خەریکی وەرگێڕان بین. وەرگێڕان هەر گۆڕینی وشەی بێگانە نییە بە وشەی خۆماڵی، ئاخر تێکست وەک چۆن، مانایەکی دەرەکی و ڕووکەشی هەیە، دەشێت، مانایەکی قووڵ و ناوەکیشی هەبێت، بۆیە ئەوە وەک کوفر وایە، لە مانای دیوی ناوەوەی تێکستێک تێنەگەین و هەوڵی وەرگێڕانی بدەین.

١٣/٨/٢٠١٣

ستۆکهۆڵم

(*) علي البزاز، في الترجمة لعبدالسلام بن عبدالعالي: الخیانة النافعة ٢٢/٧/٢٠١٣ القدس العربي.

(*) صلاح بوسريف، الترجمة قلب في نظام الأفکار، القدس العربي ٦/٨/٢٠١٣ لندن.
Top