سەعاتێک سێزدە ساڵ دوا دەکەوێت

سەعاتێک سێزدە ساڵ دوا دەکەوێت

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

نیشانەیەک بۆ ئەوەی کە ئەحمەد میرە بە جیهانی نووسین نامۆیە، ئەوەیە لەو بوارەدا، دەست بۆ هەر چی ببات، دەیشکێنێت. لە ژمارە ٢٤١ی (لڤین)دا کە ١٠/٨/٢٠١٣ کەوتە سەر جادە، ئەمە لای خۆی ستایشی گەورەشاعیری کۆچکردوو، شێرکۆ بێکەس دەکات، دەنووسێت: (سوڵتانی شیعری کوردی مرد.) ئەوەتا چونکە نەک هەر بە دونیای ئەدەب نامۆیە، بەڵکوو تەنانەت هیچ لە ئادابی ئاخاوتنیش نازانێت، بۆیە بێ ئەوەی بخوازێت، یان پێ بزانێت، سووکایەتی بەو شاعیرە مەزنە دەکات، ئاخر ئەگەرنا لەبری (مرد) کە وشەیەکە زێتر لە پەلامارەوە نزیکە وەک لە ستایش، دەینووسی: کۆچی دوایی کرد، دڵی گەورەی لە لێدان کەوت، یان ماڵئاوایی لە ژیان کرد، کە هەر یەکێک لەم دەربڕینانە، ڕێز و خۆشەویستییان پێوە دیارە و نیشانەیشن بۆ هەبوونی ئاشنایەتی بە ئەدەب و بە ئادابی ئاخاوتنەوە. ئەو قسە نەستەقە بۆ کاتێکی وا دەست دەدات کە گوتوویانە، دوژمنی زانا، لە دۆستی نەزان، (بێوەیترە.)

ئەحمەد میرە چونکە هیچ لە زمانی نووسین نازانێت، نەک هەر ناونیشانی باسەکەی هەڵەیە، تەنانەت یەکەم ڕستەی نووسینەکەیشی هەڵەیە، ئەوەتا دەڵێت: (کەم جار هەیە، کوڕەکان دەچنەوە سەر باوکیان.) کە دەبوو بڵێت: (بچنەوە سەر باوکیان.) بۆچی لەوێدا، بچنەوە، دروستە و دەچنەوە، هەڵەیە، ئەوە لەوە (قورس)ترە، کەسێک زانیارییەکی (سووک)ی دەربارەی زمان هەبێت، دەرکی پێ بکات، یان کەسێک بە هەڵە ڕێی کەوتبێتە دونیای نووسینەوە، تێی بگات.

لە پەرەگرافی دووەمی نووسینەکەیدا، میرە دەڵێت: (لەژیانی شیعری شێرکۆ بێکەسدا هەڵکشان‌و داکشانی زۆر هەیە، بەشێکیان لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە دەکرێت ڕەخنەیان لێبگیرێت ‌و وەک تانە لەسەر ئەم شاعیرە حساب بکرێت.) لێرەدا چوار هەڵە هەیە، دووانیان قوتابیی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی، دەتوانێت ڕاستیان بکاتەوە. هەیە هەڵەیە، هەن، دروستە. بکرێت، هەڵەیە، بکرێن، دروستە، ئەم دوو هەڵە زەقە، کە زادەی ئەوەن، نەیزانیوە، ئەگەر بکەر کۆ بوو، دەبێت کرداریش کۆ بێت، ئەو دوو هەڵەیەن کە قوتابیی شەشی بنەڕەتی نایانکات. هەڵەی سێیەم: لێبگیرێت، هەڵەیە، لێ بگیرێت، دروستە، ئاخر ئەوە ڕێسایە، (لێ) بە (کار)ەکەی پێش خۆیەوە نالکێندرێ.

(تانە)یش لەوێدا هەڵەیەکی هێندە زەقە، خوێنەری دلۆڤان بەزەیی بە فەقیرحاڵیی خەیاڵی نووسەرەکەیدا دێتەوە، چونکە ئەوی خوێندنەوە بۆ شیعر بکات، تانە لە شاعیرەکەی نادات، زانیاری لەسەر شیعرەکە پێشکەش دەکات، واتا ئەنالیزەی شیعرەکە دەکات و دیوە نادیارەکانی وەبەر ڕووناکی دەدات. یەکێک لە ڕێبازە ڕەخنەیییەکان، کە بە (کۆمەڵایەتی) ناسراوە، بایەخ بە فیکری دەقی ئەدەبی دەدات، بەڵام کەم و زۆر تانە و تەشەر یان لۆمە و سەرزنشت ئاڕاستەی شاعیر یان نووسەر ناکات.

ئەحمەد میرە درێژە بە قسە فڕێدان دەدات و دەڵێت: (لەدوای نالی‌ و مەحوی، بۆ یەکەم جارە کورد شاعیرێکی گەورە لەدەست دەدات.) مەحوی هەڵەیە، دەبوو بنووسێت: مەحوییەوە، واتا لە دوای نالی و مەحوییەوە، دروستە. ئەمەیشیان کە (ەوە) کەنگێ بەکار دەهێنێرێت و کە (ەوە) چووە سەر وشەیەک کۆتایی بە بزوێن هاتبوو، حەرفی (ی)یش پەیدا دەبێت، واتا دەبێتە: (یەوە،) ڕەنگە کەسانێک کە لە بواری بە کوردی نووسیندا، هەر ڕووقایمی شک ببن، هەرگیز فێری نەبن. لە دەست دەدات، هەڵەیە، لە دەست بدات، ڕاستە.

کەواتە دەبوو بنووسێت: (لەدوای نالی و مەحوییەوە، بۆ یەکەم جارە کورد شاعیرێکی گەورە لە دەست بدات.) کێشەی میرە هەر ئەوە نییە، لە بواری بە کوردی نووسیندا، خێر، سەدەقە، دەرۆزە، سەرفیترە و زەکاتی پێ دەشێت، ئەوەیشە هیچ ئاشنایەتییەکی لەگەڵ ئەدەبی کوردیدا نییە، ئاخر لە نێوان وەفاتی حەزرەتی مەحوی و کۆچی دوایی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەسدا، کورد گەلێک شاعیری مەزنی لە دەست داوە، وەک دڵدار، پیرەمێرد، گۆران، کامەران موکری، ع. ح. ب، دیلان، هێمن، هەردی و هی تریش. ئایا گۆران شاعیرێک نەبوو، لە ئاستی جەزیری و خانیدا؟ لە ئاستی مەولەوی و مەحویدا؟ لە ئاستی نالی و کوردی و سالمدا؟ ئایا کەسێک سووکە ئاشنایەتییەکی لەگەڵ شیعری کوردیدا هەبێت، ناوی (گۆران)ی نوێکەرەوەی شیعری کوردیی لە بیر دەچێت؟ ئەوە گۆران بوو، مێژووی شیعری کوردیی کرد بە دوو بەشەوە، قۆناغی پێش گۆران و قۆناغی دوای گۆران، ئایا فەرامۆشکردنی مەزنە شاعیرێکی وەها، زادەی نەزانی نییە؟

ئەحمەد میرە دەنووسێت: (شێرکۆ بێکەس لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دەیووت دەبێت هەموومان گیڤارا بین، لە دەیەی یەکەمی هەزارەی دووەمیشدا دەیووت، دەبێت هەموومان سۆران ‌و سەردەشت بین.) کارەسات لێرەوە دەست پێ دەکات. یەک: دەیەی یەکەم بۆ سۆران دروستە، بەڵام بۆ سەردەشت، دەیەی دووەم، ڕاستە. دوو: ئەوی لە ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوودا شیعری بۆ گیڤارا دەنووسی، کامەران موکری بوو، نەک شێرکۆ بێکەس. سێ: لە هەزارەی دووەمیشدا، هەڵەیە، هەزارەی سێیەم ڕاستە. کەواتە سەعاتەکەی میرە ڕیکۆردی تۆمار کردووە، چونکە سێزدە ساڵ دواکەوتووە، ئاخر سێزدە ساڵە لە هەزارەی سێیەمدا دەژین!

سڵاو لە گیانی پاکژی شێرکۆ بێکەس کە چل ساڵ بێ ڕیڤاڵ، لەسەر عەرشی شیعری کوردی ڕۆ نیشت.

١٢/٨/٢٠١٣
ستۆکهۆڵم

(*) باسەکەی میرە ١١/٨/٢٠١٣ لە سایتی لڤین پرێس و ئاوێنەیشدا بڵاو کراوەتەوە.
(**) ڕیڤاڵ: ڕکابەر، مونافیس. چل ساڵ: (١٩٧٣ تا ٢٠١٣)
Top